سەرمایەدارانی دونیا ئەستێرەکانن و سەرمایەدارانی کوردیش سیاسیەکان

وتار/ 02/08/2020 490 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

دوو دونیای زۆر جیاوازی بون بەسەرمایەدار: سەرمایەدارانی دونیا ئەستێرەکانن و سەرمایەدارانی کوردیش سیاسیەکان

عەلی قەڵادزەیی
لەدونیای  مۆدێرنی  ئەوانی  خۆرئاوایی (ئەوروپا و ئەمریکا) واباوە  کەهەمیشە  ئەوانەی  لەپڕ  هەڵدەتۆقن و دەبنە  سەرمایەدارو  خاوەن  سەرمایەیەکی  کاش  لەبانکەکاندا  بەپلەیەک  بریتین  لەئەستێرە  بەناوبانگەکان، ئەستێرەکانی  ناو  دونیای  وەرزشی  تۆپی  پێ و  ئەستێرەکانی  دونیای  هونەرو  مۆسیک و مرۆڤە  خاوەن  عەقڵە  بلیمەتە  داهێنەرەکان.
(مادۆنا) بریتیە  لەو  خاتونە  گۆرانیبێژەی  کەلەدوای  شەستەکانی  سەدەی  بیستەمەوە  توانی  لای  ئەوان  ئەستێرەی  بەختی  بدرەوشێتەوەو  چانسی  بوون  بەسەرمایەدارێک  بۆ  خۆی  فەراهەمبکات  لەماوەی  چەند  ساڵێک  لەڕێگەی  سازدانی  چەند  کۆنسێرتێکی  پڕحەشامەتی  گۆرانی و مۆسیکەوە، ئەستێرە  وەرزشیە  بەناوبانگەکانی  وەک  (زێدانی  فەڕەنسی و میسی  ئەرجەنتینی و ڕۆناڵدۆی  پورتوگالی و ڕۆماریۆ و نەیماری  بەرازیلی)، هەموو  ئەم  کاراکتەرە  وەرزشیە  بەناوبانگانەی  جیهان  لەڕێگەی  واژۆکردنی  بۆندە  زەبەلاحەکانیانەوە  لەگەڵ  یانە  بەناوبانگەکانی  تۆپی پێی  دونیا  ساڵانە  دەتوانن  سەرمایەیەکی  زەبەلاح  بۆخۆیان  کۆبکەنەوە و  بەهۆی  توانستی  شەقدان  لەتۆپ و مەهاڕاتی  گۆڵکردن  چانسی  سەرمایەداربوون  بەدەستبهێنن و ژیانێکی  هایلاڤ  ئاسا  بۆخۆیان  ماڵباتەکانیان  فەراهەم  بکەن، وەهەندێ  جار  بینیومانە  ئەم  ئەستێرانە  بەهۆی  ناوبانگ و  سەرمایەکانیانەوە  توانیویانە  بچنە  کێبەرکێی  هەڵبژاردنی  سەرۆکایەتی، وەک  ئەوەی  لەهەڵبژاردنی  سەرۆکایەتی  خولی  ڕابردوی  وڵاتی  ئەرجەنتین  ڕویدا  کە  لەئەنجامدا  سەرمایەدارێکی  وەرزشی  ئەم  وڵاتە  بەسەرمایەیەکی  زۆرەوە  توانی  بچێتە  سەر  کورسی  سەرۆکایەتی  وڵات.
 لەدونیای  کوردی  دوای  ڕاپەڕین  ئەمڕۆشی  لەگەڵدابێ  هیچ  ئەستێرەیەکی  ناودونیای  ئاوازو  مۆسیکی  کوردی  نابینرێت  کەلەڕێگەی  کلیپ و کۆنسێرتە  جەماوەریەکانی و  واژۆی  سەر  شمەکە  تایبەتیەکانی  جەماوەرەکەیەوە  ئەستێرەی  بەختی  درەوشابێتەوەو  لەپڕێکا  شوناسی  بوون  بەسەرمایەداربوون  یاخود  نیمچە  سەرمایەداربوونی  بۆخۆی  بەدەستهێنابێت، بەداخەوە  لەکوردستان  زۆرجار  ئەوەی  بینیومانە  بریتیە  لەو  واقعە  تاڵەی  کەلەسایەیدا  مرۆڤە  گۆرانیبێژەکان  لەپەنای  هەژاریان  بەمەجبوری  بۆ  تێچوی  سازکردنی  کۆنسێرتێکی  مۆسیک و چەند  کلیپێکی  ئاوازو  گۆرانی  کوردی  پەنا  بۆ  سپۆنسەرێتی  کۆمپانیایەک  یاخود  گیرفانی  سەرمایەدارێک  دەبەن، هەرچی  ئاقاری  وەرزشیە  لەدوای  پڕۆسەی  برسیکردنی  شەقامی  کوردی  لەلایەن  بازرگانانی  کوردایەتیەوە  بارودۆخی  دونیای  وەرزشی  لەکوردستان  بەجۆرێک  هەژار  کەوتووە  کەئەمڕۆ  هیچ  کەسێک  ئاواتی  پێناخوازێت، بەجۆرێک  وەرزشوانە  دەوڵەمەندەکانیش  لەسایەی  ئەم  دۆخەدا  لەنەبونی و کەمی  بودجەی  یانەکانیان   هێدی  هێدی  بەرەو  ئاقاری  هەژارکەوتن  هەنگاو  دەنێن، هەربۆیە  هەندێک  لەیانەکان  دەرگاکایان  قفڵ  داوە و یاریزانەکانیش  بەمەجبوری  چونەتەوە  ماڵەوە، کەواتە  لەسایەی  ئەم  سیاسەتەدا  هیچ‌  کاتێک  لەکوردستان  نابینین  ئەستێرەیەکی  وەرزشی  بەختی  بەجۆرێک  بدرەوشێتەوە  کەلەڕێگەی  مەهاڕەت و بۆندە  وەرزشیەکانەوە  ببێ  بەنیمچە  سەرمایەرێک  نەک  سەرمایەداری  تەواو.
ئەوەی  بەپێچەوانەی  دونیایە  ساڵانێکە  لەکوردستان  ئەوەی  پاروی  چەورە و  چانسی  بوون  بەسەرمایەداربوونی  هەیە و دەتوانێت  ژیانێکی  هایلاڤ  ئاسا  بژیت، ئەوەی  ئەمڕۆ  خاوەنی  کۆمپانیای  گەورەی  دەرمان و مەشروب و جگەرەو نەخۆشخانەی  ئەهلی  موعتەریف و  خاوەنی  زانکۆی  گەورەی  هەزاران  دۆنمی  ئەهلی و خاوەن  شاری  زەبەلاحی  یاریەکان و  مۆڵە  گەورەکانن، بێگومان  بریتی  نین  لەئەستێرەکانی  دونیای  وەرزشی و هونەری و خاوەن  عەقڵە  داهێنەرەکان، بەڵکو  ئەوە  سیاسیە  بازرگانەکان و سەرانی  هەردوو  حزبن  کە  زۆرجار  ئەوانە  بەگیرفانی  بەتاڵ و بەپێڵاوی  تورکی و بە  سەیارەیەکی  جێبی  مۆدێل  حەفتاوە  دەچنە  ناو  کایەی  سیاسەتکردن  و  دەبنە  پیاوی  حکومەتداری، کەچی  لەولاوە  بەگیرفانی  پڕو  ژیانێکی  سوڵتانئاساوە  لێی  دەردەچنەوە، بیرمە  چەند  مانگێک  لەمەوپێش  ئەندامێکی  سەرکردایەتی  یەکێک  لەم  دوو  حزبە  دەسەڵاتخوازە  زۆر  ڕاستگۆیانە  لەمبارەیەوە  گوتی: ئەندامی  مەکتەب  سیاسیمان  هەیە  هیچی  نەبووە  کەچی  هێشتا  خاوەنی  (١٠٠) ملیۆن  دۆلاری  کاش و حزبەکەشمان  زۆر  لەو  دەوڵەمەندترە.
دەزانن  ئەو  فاکتەرەی  وای  کردوە  کەئەستێرەکانی  وەرزشی  و  هونەری  ئەوان  ببنە  سەرمایەدارو  هەروەها  سیاسیەکی  وەکو  (ترەمپ)یش بە گیرفانی  بەتاڵەوە  (نا)  بەڵکو  بەسەرمایەیەکی  زۆرەوە  بچێتە  سەر  کورسی  سەرۆکایەتی  ئەمریکا، لای  ئێمەش  ئەستێرەکانی  وەرزشی  و  هونەرمەندە  بەناوبانگەکانمان  لەبەر  بێپشت و  پەنایی  کۆچی  هەندەران  بکەن،  یاخود  هونەرمەند  بۆ  سازکردنی  کلیپێک  لە  دەرگای  سەدان  کۆمپانیاو  ئەم و ئەوی  خواپێدراو  بدات، هەروەها  ئەوەی  وای  کردوە  کە  سیاسی  کورد  بەگیرفانی  بەتاڵ  بچێتە  ناو  دونیای  سیاسەت و بەگیرفانی  پڕەوە  لێی  دەرچێتەوە  بەپێچەوانەی  ترەمپەوە، بێگومان  لاوازی  عەقڵی  هۆشیاری  ئێمەی  شەقامی  کوردیە  بەجۆرێک  کە  تاکو  ئەم  چرکەساتەش  نەمانزانیوەو  ناشزانین  کە  چاکەکان  لەخراپەکان  و  سیاسیە  ڕاستگۆکان  لەمرۆڤە  درۆزنەکان  و  سیاسیە  خۆپەرست  و ئەنانی  و بێبەڵێنەکان  جیابکەینەوە، هەر  بۆیە  لەبەرامبەردا  ئەوانیش  ئەم  دۆخە  ناهۆشیاریەیان  عاقڵانە  قۆستۆتەوەو  لەجێگەی  خزمەت  زیرەکانە  یاری  خود  دەوڵەمەندکردن و  هەژارخستنی  شەقامی  کوردیمان  لەگەڵدا  دەکەن.

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌