سۆرانەکان نابێ ماندوو بن

وتار/ 16/07/2020 1152 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

سۆرانەکان نابێ ماندوو بن
عەلی قەڵادزەیی

ئیراسمۆس (١٤٦٩ – ١٥٣٦) بریتی  بوو  لە  ڕابەر  و  بەرجەستەکاری  بەهاکانی ڕێنسانس  و  ڕێبازی  هیومانیزم  (مرۆگەریی)  ئەوروپی، ئەم  فەیلەسوفە  خاوەن  هزرێکی  ڕەخنەیی  بوو  لە  پێناو  ڕوخاند  نا  بەڵکو  لەپێناو  چاکسازی  لە  دامەزراوەکانی  کەنیسە  و  بەعەقڵانیکردنی  جیهانبینی  فەندەمێنتالیزمی  مەسیحی  سەدەکانی  ناوەڕاستی  ئەوروپا، بەڵام  هەمیشە  دامەزراوەی  پاپ  بەدیدگایەکی  نەرێنیەوە  سەیری  ڕەخنەکانی  ئەم  پیاوەی  دەکرد  و  وەڵامی  ڕەخنەکانی  بەچەند  هەنگاوێک  خراپ  دەدایەوە  وەک  ئیعلانکردنی  جەنگێکی  دەرونی  لەبەرامبەری  بە  ئامانجی  بێتاقەتکردنی  و  وازهێنانی :

١- ئیراسمۆس  ڕەخنەی  لە  هەر  سیاسەت  و  پڕۆژەیەک  بگرتایە  و  کەم  و  کورتی  دەربخستایە  بە  مەبەستی  چاککردنەوە،  بەڵام  لەولاوە  دامەزراوەی  کەنیسە  زووبەزوو  لە  ڕقی  ئیراسمۆس  و  بێتاقەتکردنی  دەچونەوە  سەری  و  زیاتر  تۆخیان  دەکردەوە .

٢- بەکارهێنانی  دادگاکان  لە  لایەن  دامەزراوەی  کەنیسەوە  لە  دژی  گوتارو  نوسینەکانی  ئیراسمۆس،  لەساڵی  (١٥٠٢) دا  بەدەسیسەی  کەنیسە  دادگای  باڵای  ئیسپانیا  بە  تۆمەتی  دروستکردنی  گومان  لەدڵی  هاوڵاتیاندا  فەرمانی  هەڵواسینی  بۆ  ئیراسمۆس  و  کۆکردنەوە  و  سوتاندنی  سەرجەم  کتێبەکانی  دەرکرد،  بەڵام  خۆشبەختانە  هەڵهات  و  دەستگیرنەکرا،  بەڵام  هەموو  ئەم  ڕێگریانە  ئەم  چاکسازیخوازەیان  ماندونەکرد،  بۆیە  لە  کۆتایدا  توانی  ڕەخنە  عەقڵانیەکانی  ببن  بە  سەرەتایەک  بۆ  دروستبونی  قەیرانی  هۆشیاری  تاکی  ئەوروپی،  ئەم  قەیرانی  هۆشیاریەش  دەرگای  لەبەردەم  هاتنی  (لۆتەر) دا  واڵاکردەوە  کە  دوای  ئەو  بێت  و  ڕیفۆرمە  ئاینیەکەی  ئەنجامبدات .
                
بەداخەوە  ئەوەی  ساڵانێکە  لە  کوردستان  دەگوزەرێت  لەبەرامبەر  ژمارەیەک  لە  ڕوناکبیران  و  دەنگە  ڕەخنەیی  و  ئازا  و  ئازادەکاندا  ڕێک  بریتیە  لە  دوبارەبونەوەی  ئەزمونی  ناشیرینی  دامەزراوەی  پاپ  لەبەرامبەر  ئیراسمۆس  و  هاوەڵانیدا،  چونکە  گەر  دەسەڵاتی  کوردی  ڕۆژانێک  لە  پێناو  کوشتنی  وشەی  ئازاد  ئامادە  بووبێت  گیانی  مرۆڤێکی  ئازا  بکوژێت، ئەوا  ئەمڕۆ  لە  پێناو  بێدەنگکردن  و  بەڕەحیەتکردنی  ئەم  مرۆڤە  ئازادانە  و  وەک  خەڵکانی  تر  لێکردنیان  بۆ  چاندنی  کلتوری  ناشیرینی  چەپڵەلێدان  لەناخیاندا،  زۆر  بەداخەوە  ئەم  دەسەڵاتە  سیاسەتی  بەکارهێنانی  دادگاکان  بۆ  بەدێوکردن  و  دەستگیرکردنی  (سۆران  عومەر  و  مامۆستا  بەدەل  بەرواری)  ئەنجام  دەدات .

جەنگی  چەند  ساڵەی  نێوان  ئیراسمۆس  و  دامەزراوەی  کەنیسە  دەبێ  لەکۆتایدا  ئەو  حەقیقەتەی  فێرکردبین  کە  لەکوردستانیش  ڕێگەی  چاکسازی  و  بنبڕکردنی  پیسخۆری  سیاسیەکان  لە  پارەی  نەوت  و  دەستپیسی  لە  داهاتەکانی  ناوخۆ  بە  گوڵ  نەگیراوە،  بەڵکو  پڕۆسەیەکە  بەناو  گیرفانی  پڕو  ژیانی  شاهانەی  سیاسیە  بازرگان  و  پیسخۆرەکان  تێدەپەڕێت،  بۆیە  گەر  مرۆڤێک  بیەوێت  پشکی  هەبێت  لە  گۆڕینی  ئەم  دۆخەدا  ئەوا  دەبێت  چاوەڕوانی  کاردانەوەی  توندی  سیاسە  بازرگانەکانیش  بکات  لە  پێناو  پاراستنی  گیرفانی  پڕی  خۆیان  و  کەناڵە  تیڤی  و  سەعاتە  ئاڵتونیەکانی  کوڕەکانیان، چونکە  گەر  ئەم  چاوەڕوانیەمان  نەبێت  ڕەنگە  بریارێکی  دەستگیرکردن  دادگا  و  بچوکبونەوەی  هەرێم  لە  بەردەممان  لەچوار  پارێزگاوە  بۆ  هەردو  پارێزگای  (سلیمانی  و  هەڵەبجە) توشی  شۆکمانبکات  و  چۆکمان  پێدابدات  و  پارتی  گوتەنی  بمانکات  بە  مرۆڤێکی  بێدەنگی  عاقڵ  وەک  ژمارەیەک  لە  مرۆڤەکانی  پێش  خۆمان،  کە  بێگومان  ئەم  دۆخەش  لە  ماندوبون  بریتیە  لە  بەردەوامیدان  بە  دۆخی  پیسخۆری  لە  کوردستان  و  لاوازبونی  ئاقاری  خێری  گۆڕانکاری  و  چاکسازی  لەم  هەرێمەدا،  بۆیە  سۆرانەکان  دەبێ  وازبهێنن  لە  دامەزراوەیەکی  لاوازی  وەک  پەرلەمان،  بەڵام  هەرگیز  نابێ  ماندوبن  و  پارتی  گوتەنی  عاقڵ  بن.

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌