ئەرێ برایانی پۆلیس و پێشمەرگە و مامۆستا خۆکوشتنتان چارەسەرە ؟
وتار/
06/07/2020
586 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
ئەرێ برایانی پۆلیس و پێشمەرگە و مامۆستا خۆکوشتنتان
چارەسەرە ؟
عەلی قەڵادزەیی
پرسی خۆسوتاندنی ژنان لە دوای (٢٠٠٠)ەکانەوە وەکو دیاردەیەکی مۆدێرێن لەکوردستان سەریهەڵداو ڕێکخراوە فیمینیزمەکان ئۆباڵی جەستەسوتاندنی ژنانیان بەپلەیەک خستە ئەستۆی سیستمی پیاوسالاری و باوکسالاری لە کۆمەڵگەی کوردی ، بەڵام بەداخەوە لە دوای (٢٠١٤)و ڕێک لەدوای کەڵکەڵەی ئابوری سەربەخۆ ئەم دیاردەیە سنورەکانی ماڵی ژنانی تێپەڕاندو باوەشی کرد بەناوماڵی پیاواندا ، لەم ماڵە نوێیەشدا کردەکە بەتەنیا لەسنوری خۆکوشتنی پیاوێک وەک تاک نەمایەوە بەڵکو زۆرجار گوزەریکردوە بۆ تڕاژیدیایەک کەپیاوێک لەگەڵ خۆیدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەشی بکوژێ .
ئەمڕۆ بۆتە دیاردەیەک و ڕۆژ نیە هەواڵێکی تڕاژیدی خۆکوشتن و قڕکردنی خێزانێک نەبێتە مانشێتی هەواڵەکان ، بەجۆرێک خۆکوشتنی پێشمەرگەیەک کە ساڵانێک بازرگانانی کوردایەتی لەشەڕەکاندا بە پاڵەوان وەسفیان دەکرد ، بەڵام هەر هەمان پێشمەرگەیە ئەمڕۆ بەهۆی نەبونی نانی نیوەڕۆ و ئێوارەی مناڵەکانی وەک وەسیلەیەکی ناچاری شەو پەنا بۆ خۆکوشتنی دەبات ، پۆلیسێک دوای ساڵانێک لەماندوبون بەجێبەجێکردنی سیاسەتی دەسەڵات بەڕاوەدونانی عارەبانچی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆپیشاندەری گیرفان بەتاڵی سەر شەقامەکان ، کەچی ئەم پۆلیسە ئەمڕۆ بەهۆی ئابڵوقەی دارایی دەسەڵاتەوە تەواو گیرۆدە بووەو خاوەن خانوەکەی کەلوپەلی ماڵەکەی بۆ فڕێداوەتە سەر شەقامەکان
، بۆیە بەناچاری لەسایەی هەستکردن بە بێهودەیی ژیان شەو پەنا بۆ خودکوشتن و قڕکردنی ئەندامانی خێزانەکەی دەبات ، فڵان گەنجیش کە تازەچۆتە ناو کەژاوەی زەواجەوەو خاوەنی هەزارو یەک خەونی ئەرخەوانیە بۆ دواڕۆژی خۆی ، کەچی بە هۆی بێڕەحمی قەرزداریەوە بەناچاری مانگی هەنگوینی خۆی بەدور لەهاوژینەکەی لەناو گۆڕدا تەواو دەکات ، هەموو ئەم نەزیفی خۆکوشتنە یەک خاڵ لەگۆمێکی مەنگدا کۆیاندەکاتەوە کە بریتیەلە هەژاری و برسیبونی مرۆڤەکان .
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کەئاخۆ دەبێ پەنابردن بۆ خیاری خۆکوشتن تاچەند دەوای دەردی هەژاری و سکهەڵگوشین بکات ؟ بێگومان خۆکوشتن لەنائومێدی ژیاندا چارەسەرێک نیە بۆ ڕزگاربونی خێزانێک لە ژیانی کولەمەرگی ، چونکە ڕاستە کاتێک پێشمەرگەیەک خیاری خۆکوشتن تاقیدەکاتەوە خۆی ڕزگار دەکات لە ژاوەژاوی هەژاری ، بەڵام بەڕۆیشتنی ئەو لەژیاندا باری سەرشانی ژن و مناڵەکانی زۆرتر قورس دەکات
، لەوسۆنگەوەی گەردەسەڵات سەردەمانێک بەدوو مانگ لەتە موچەیەکی پێدابێت ئەوا دوا نەمانی ئەو ئەم لەتە موچەش بونی نامێنێت ، وەگەر بشمانەوێت بە خۆکوشتن لەدەرگای ویژدانی سیاسیە بازرگانەکانی کورد بدەین و جەستەی خود بکەین بەقوربانی و سیاسەتی برسیکردنی دەسەڵاتی پێلەخاچ بدەین ، بێگومان لەم جیهانبینیەشدا بەهەڵەدا چووین ، دەزانن بۆچی ؟ چونکە دەسەڵاتێک خاوەنی ئەو ویژدانە بەنجکراوە بێت کە ئامادە بێت موچەی فەرمانبەران کە بەغدای عڕوبەو دوژمن بەکورد ناردویەتی بدزێت و نەوتەکەشمان شیندرو بکات و ڕاگەیاندکار تیرۆری سیاسی بکرێت کەچی دۆسێی بەراز لێدان لەشاخی بۆ بکاتەوە ، بێگومان هەڵە دەکەین گەر پێمانوابێت ئەم مۆدێلە لەدەسەڵاتدارێتی بە خۆکوشتنی پێشمەرگە و پۆلیس و گەنج و مامۆستا ویژدانی دەجوڵێت و دوبارە بەهۆشخۆی دێتەوە .
خۆکوشتن بەمانای هەناسەبڕکێ و زووماندوبون
و بێئومێدی لەژیان ، ئەنجامەکەی بریتیەلە هەڵهاتن و نەمانی ئیرادەی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەکان و جێهێڵانی برسێتی بۆ خێزان و کۆمەڵگە ، باسود لەئەزمونی گەلەبرسیکراوەکانی پێشخۆمان وەربگرین و ئەوسا لەجێگەی خۆکوشتن ئیرادەی شۆڕشکردن دژی سیاسەتی برسیکردن هەڵبژێرین لەڕێگەی تێکشکاندنی ئەو گەمارۆ داراییەی کەدەسەڵات ساڵانێکە لەسەر تاکی کوردی تاقیدەکاتەوە ، ئەم کایەش لەڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی قسەکەرو تەرجەمەکردنی قسەو ناڕەزایەتیەکان بۆ کردار .
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021