عێراقێکی بەهێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
وتار/
02/07/2020
547 جار بینراوە
ئەمیر مام والی
عێراقێکی بەهێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی
ئەمریکا
ئەمیر مام والی
لەسەرەتای دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە لە ساڵی
( ۱۹۲۱)، بە سەرپەرشتی بەریتانیەکان پاڵپشتیەکی لەرادەبەدەر
لە عێراق و مەلیک فەیسەڵ کرا. ئەوەش بە مەبەستی بونیادنانی عێراقێکی بەهێز و تۆکمە
کە تیایدا بتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیانی تیادا بپارێزن، هەمیش وەک قەڵایەک دژ بە
بلۆکی کۆمۆنیستی بەکاری بهێنن.
بەریتانیەکان لە پرسی لکاندنی ویلایەتی موسڵ
بە عێراقەوە بەهیچ جۆرێک سازشیان بۆ تورکیا و مستەفا کەمال نەدەکرد، کە پێیان
وابوو ویلایەتی موسڵ بەشێکە لە تورکیا و نابێت بخرێتە سەرخاکی عێراق.
لەکۆتایدا بەریتانیەکان مەبەستی خۆیان بەدی
هێنا و توانیان ویلایەتی موسڵ بەڕەسمی بە
خاکی عێراقەوە بلکێنن. بەریتانیەکان نەیان دەویست کێشە و ئاڵۆزی بۆ مەلیک فەیسەڵ
دروست ببێت، ئامانجیشیان لە لکاندنی ویلایەتی موسڵ بەعێراقەوە بەهێزکردنی شوراکە
بوو بۆ بەرەنگاری هەژموونی کۆمۆنیستەکان.
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە کە ئەمریکا ڕۆڵی
سەرەکی هەبوو تیایدا، ڕۆژ بە ڕۆژ عێراق لاواز بوە.
قوڵی ململانێکانی شیعە و سونەش بەشێکی سەرەکی
لاوازبونی عێراقە. دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکی ساڵی ۲۰۱٨ لەعێراق، پێگەی
شیعەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکرد و بونیەتی ئەمریکا لە عێراق کەوتۆتە مەترسییەوە.
بەتایبەت دوای بڕیارەکەی پەرلەمان کە تیایدا بەدەنگی زۆرینە داوای دەرکردنی هێزەکانی
ئەمریکا کرا لە عێراق. دوا بەدوای ڕاسپاردنی چەند کاندیدێک بۆ پێکهێنانی کابینەی
نوێی حکومەتی عێراق، دواجار بازەکە لەسەرشانی مستەفا کازمی نیشتەوە.
پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا ئەمریکا ئەیەوێت لە
ڕێگەی کازمییەوە عێراقێک بەهێز بکاتەوە؟
دوا بەدوای دەستبەکاربونی کازمی ئەمریکیەکان
پاڵپشتیەکی زۆری عێراق دەکەن، لەماوەی ئایندەشدا کازمی سەردانی کۆشکی سپی دەکات و ڕێککەوتنێکی
نوێ لە نێوان ئەمریکا وعێراقدا ئیمزا دەکرێت. بڕیارەکانی ئەم دواییەی کازمی، بەتایبەت
لە دوای بڕینی بودجەی میلیشیا شیعەکان و لابردنی وێنەی سەرکردە شیعەکان و بڕیاردان
بە گەڕانەوە بۆ سنورەکانی کوردستان کە لەکۆندا بەویلایەتی موسڵ ناوی براوە، وە پێدانی
لیستیک لەلایەن ئەمریکیەکانەوە بە کازمی کە تیایدا سامانی هەندێک بەرپرسی عێراقی
باسکراوە کە بە گەندەڵی دەستیان کەوتوە. پێمان دەڵێن کە ئەمریکا ئەیەوێت عێراق بەهێز
بکاتەوە و ڕۆڵی شیعەکانی تیادا سنوردار بکات.
چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئەمریکا بڕیاریدا هێزێکی
کەم لە عێراق بهێڵێتەوە و لەدەرەوە عێراقەوە، عێراق بەڕێوە بەرێت، بۆ ئەو مەبەستەش
بڕیاریاندا کێشە لە نێو عێراقدا دروست بکەن. هەرسێ لایەنی شیعە و سونە و کورد کە کێشەیەکیان
ئەبوو ڕاستەوخۆ دەچونە لای ئەمریکا بۆ شکاتکردن، ئەمریکاش هەر سێکیانی بەکار ئەهێنا
بۆ زیادکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی.
بەڵام بارودۆخی ئێستای عێراق گۆڕاوە و لەکاتی
ململانێ سیاسیەکانی عێراقدا، ئێرانیەکان ڕۆڵی ناوبژیوان ئەگێرن.
پێ ئەچێت ئەمریکا سیاسەتەکانی لە لاوازکردنی
عێراقەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بگۆڕێت بۆ بەهێزکردنی عێراق بۆ زیاد کردن و
پاراستنی بەرژەوەندییەکانی. ئەمریکا ئەیەوێت دەسەڵاتی مستەفا کازمی هاوشێوەی دەسەڵاتەکانی
مەلیک فەیسەڵ زیاد بکات، بۆئەوەی بەتەواوی عێراق بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی سیاسەتەکانی خۆیەوە
و مەترسیەکانی شیعە و تورکیا لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی کەم بکاتەوەو نەیهێڵێت.
نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی
-
ئەمیر مام والی
21/08/2021
-
ئەمیر مام والی
20/06/2021
-
ئەمیر مام والی
24/05/2021
-
ئەمیر مام والی
05/12/2020
-
ئەمیر مام والی
11/11/2020
-
ئەمیر مام والی
17/10/2020