لە نێوان سێ خەتەکەدا گەل دەبێت خەتی یەکەم بێت

وتار/ 18/06/2020 473 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

لە نێوان سێ خەتەکەدا گەل دەبێت خەتی یەکەم بێت

ئەمیری مام والی
ئێمەی کورد جگە لە خۆمان دۆستێکی ڕاستەقینەمان نیە، لەهەمان کاتدا جگە لە خۆمان دووژمنێکی ڕاستەقینەشمان نیە.
بارودۆخی ئێستای کورد ئێگجار خراپ و مەترسیدارە، لە لایەک تورکیا دەستی بە هێرش و داگیرکاری کردوە.لەلایەکی دیکەیشەوە ئێران دەستی بە تۆپباران و وێرانکاری کردوە. هەر یەکێک لەو دوو وڵاتە بەدرێژایی مێژوو دژی کورد و سەربەخۆی کوردان بوون، هەرکامێکیان بە دەیان ڕێگەی جیاواز هەوڵی داگیرکاری و شکاندنی شکۆی کوردیان داوە و ویستویانە مەسەلەی سەربەخۆی کورد لە ناخی تاکی کورددا بسڕنەوە و خاکەکەشی بۆ ویستی خۆیان بەکار بهێنن. مێژوو پێمان دەڵێت هەرکاتێک گەلی کورد یەک و یەکگرتوو بووبن ئەستەمە دووژمن زەفەری پێبردبێت و شکاندبێتی، لەو قۆناغانەی کە گەلی کورد یەکگرتوو بوون دووژمن سەرشۆڕ بوەو شکاوە.

لە ئێستادا سێ خەت بۆ سیاسەتکردن هەیە:
خەتی یەکەم/ هێڵی بەرگری و پاراستنی کوردستانە
خەتی دووهەم/ هێڵی بێلایەنیە.
خەتی سێهەم/ هێڵی خیانەت و هاریکاری دووژمنانە.
لە دۆخێکی ئاوادا بەشێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان لەسەر خەتی یەکەم کاردەکەن و زۆرینەی زۆری گەلیان لەگەڵدایە، خەتی یەکەم بریتیە لە داکۆکیکردن و بەرگری و بەرخۆدان بۆ پاراستنی شکۆی کورد وەک تاک و کوردستان وەک خاک. بەشێکی دیکەی حیزبەکان نەک خەتی دووهەم و بێ لایەنیان هەڵنەبژاردوە بەڵکو لەسەر خەتی سێهەمن کە بریتیە لە هێڵی خیانەت و یارمەتیدانی دووژمنانی کورد و کوردستان، ئەوانەی لەسەر ئەم هێڵە سیاسەت ئەکەن هیچ بایەخێک بە شکۆی کوردستان و گەلەکەی نادەن، ئەشێت پەیڕەوانی هێڵی سێهەم ناو بنێین حیزبە مەکیاڤێلیستەکان، وەک چۆن مەکیاڤێلی دەڵێت: لە پێناو سەرکەوتندا هەموو شتێک ئاساییە، پەیڕەوانی خەتی سێهەم لە پێناو بەهێزکردنی حیزبەکانی خۆیان و سەرکەوتنی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندییە تاکیەکانیان ئامادەن ببن بە داشێک بە دەستی نەیارانی گەلەوە.
خەتی دووهەم کە بریتیە لە هێڵی بێلایەنی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەچێتەوە سەر خەتی سێهەم و لەخزمەت پەیڕەوانی خەتی سێهەمدا دەبێت. لەکاتێکدا دووژمن هێرش بکاتە سەر خاکەکەت و بیەوێت گەلەکەت سەرکوت بکات بێدەنگی هاوشێوەی هاریکاری دووژمنە و ڕاستەوخۆ دڵی دووژمنی پێ شاد ئەبێت.

لەدۆخی ئێستاماندا خەتی یەکەم خەتە ڕاستەکەیە کە دەیەوێت کوردستان بپارێزێت و دووژمنان ناچار بە گەڕانەوە بۆ دواوە بکات، لە دۆخێکی سەخت و دژواری وەک ئێستادا دەبێت گەل بەگیان و بە ئەقڵ خزمەت بە پەیڕەوانی خەتی یەکەم بکات کە خەتی حیزبە ڕاستەقینەکانی گەل خۆیەتی. لەمڕۆدا میدیا کاریگەریەکی باشی هەیە بۆ پاڵپشتی و فراوانکرنی خەتی یەکەم، پێویستە دڵسۆزانی گەل لە ڕێگەی میدیا و ڕێکخراوە جیاوازەکانەوە کار لەسەر بەدیهێنانی یەکڕیزیەکی بتەو بکەن لە پێناو پاراستنی گەلی کورددا، ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە، کە گەلی کورد گەلێکی بەهێزە و بەستەم و داگیرکاری نەیارانمان هەرگیز نە شکاوین و ناش بەزین.

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌