لاقەکردنی کچان لە نێوان بازرگانانی کوردایەتی و حەشدی شەعبی
وتار/
18/06/2020
839 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
لاقەکردنی کچان لە
نێوان بازرگانانی کوردایەتی و حەشدی شەعبی
عەلی قەڵادزەیی
دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ڕەگەزی مێینە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نوێباوەکاندا بریتیە لە پڕۆسەیەکی تابۆکراو لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی ، لەخانەی جیهانبینی ئاینەکان بە جۆرێک تەحریمکراوە کە شوناسی زیناکردنی پێدراوە ، لەخانەی یاساو ڕێسا فیمینیزمە نوێباوەکانیش سێکسی بەزۆر بریتیە لە لاقەکردن و لاقەکەرانیش بریتین لە مرۆڤانێکی یاساشکێن ، شکاندنی یاساش ڕۆشنە کە بکەرەکەی سزادانی توندە ، جا ئەم لاقەچیانە مرۆڤانێکی نۆڕماڵ بن یا خواپێدراوێکی حزبی یا پیاوانێکی کەشیش و ئەهلی دین بن وەک لە کەنیسەکانی خۆرئاوایی ساڵانە لاقەکردن بەدەستی ئەمانە لە دژی ڕەگەزی مێینە باوە .
لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتیەکاندا بە کوردستانیشەوە بەو پێیەی تڕادسیۆنی ئاینی تیایاندا تەواو زاڵە بۆیە بەهەموو پێودانگەکان پرسی لاقەکردن دۆسێیەکی بڤەکراوە ، هەمدیسان لە کوردستانی دوای ڕاپەڕینیش بەهۆی لەدایک بوونی ژمارەیەک لە ڕێکخراوە فیمینیزمەکان وەک دیاردەیەکی مۆدێرنە ، کە ئەم ڕێکخراوانە ساڵانێکە لە خەباتی (سیاسی و ئایدیۆلۆژی) بەردەوامدان بۆ دەستەبەری مافە سیاسی و یاسایی و ئابوریەکانی ژنان و دژی توندوتیژی و لاقەکردنی ژنانن ، بەرئەنجام ئەم خەباتەیان فاکتەری لەدایکبونی ژمارەیەک یاسای ئاسنینی دژ بە توندوتیژی و لاقەکردنی ڕەگەزی مێینە بوو لە هەرێم ، بەڵام دەکرێت بپرسین کێن ئەوانەی ئەم یاسا ئاسنینانە ژێرپێدەخەن و ڕێزیش لە تڕادسیۆنی ڕەسەنی کوردەواری ناگرن و ناوە ناوە لێرەو لەوێ گوێبیستی لاقەکردنی ئاشکرای ڕەگەزی مێینە دەبین ؟
لەکۆمەڵگە خۆرهەڵاتیەکان بە گشتی زۆرینەی لاقەکارانی ڕەگەزی مێینە بەبەرخۆرەوە ئەو کەسانە نین کەمرۆڤانێکی نۆرمال بن ، بەڵکو بکەرەکان مرۆڤگەلێکی نائاساین کە خۆیان حەسانەیەکی شۆڕشگێرێتی سەرو دادگا و یاسا و لێپرسینەوەیان بە خۆیان و ڕەعیەتەکانیان بەخشیوە کە ئەمانەش مرۆڤە شۆڕشگێرەکانی دوێنێ و کاراکتەرە حزبیەکانی ئەمڕۆ و هەندێ جار مورید و پاسەوان و سێبەرەکانیانن .
لە کۆمەڵگەی عێڕاقی کۆندا ئەو کەسە هەمیشە لەسەر خوانەکەی (صدام) بوو کە شەیدای لاقەکردنی کچان بوو لە زانکۆکانی (موستەنسریە و بەغداد) بەدوای خوێندکارە کچەکاندا دەگەڕاو غەریزە ئەهریمەنیەکەی خۆی لێتێر دەکردن ، لە دەوڵەتی لیبیای (موعەممەڕ قەزافیش) چیڕۆکی ئەو خوێندکارە هەرزەکارەمان بیستوە کە لەسەردانەکەی سەرۆکدا بۆ خوێندنگەکەی لەتەڕابلوس هەر بەبینینی دڵە نەخۆشەکەی سەرۆک ئەوینداری دەبێت و چێرۆکەکەش بە چەند جارێک لاقەکردنی کۆتایی پێدێت ، ئەم ڕێگە بەخۆدانەی سیاسیەکان بە شکاندنی تابۆکان لەو دیدە شۆڕشگێریەوە سەرچاوەی گرتووە کە لایان وایە دەوڵەتی نوێ بەرهەمی سەنگەرلێدان و قوربانیدانی جەستەیی و فیکری موریدو شۆڕشەکەی ئەوانە ، هەر بۆیە ئەوان بەجۆرێک پیرۆزن هەرچی هەیە لەکۆمەڵگەدا خاوەندارێتی بۆ ئەوان دروستە (لە کچان و نەوت و داهاتە ناوخۆکان و هەتا بەوڕاسی کردنی کورسی حکومڕانێتیش) بۆیان یاساغ نیە و ڕێگەپێدراوە .
کۆتاکانی ساڵی ڕابردوو بوو کاتێک ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی لە شارەدێی پردێ لاقەی کچە کوردێکی کەم ئەندامیان کرد ، ئەوکات بازرگانەکانی کوردایەتی لەناو حزب و مافیاکانی نەوت لە ناو حکومەتی هەرێم دوو بەیاننامەی توندیان دەرکرد بەمەبەستی دروستکردنی کاریگەری لەسەر هەست و سۆزی تاکی کورد و خۆ بەپاڵەوانکردنیان ، کە پڕبوو لە هەڕەشەکردن و چاوسورکردنەوە پەنجە ڕاوەشاندن لە حەشدی شەعبی هاوشێوەی زەمەنی ڕیفراندۆمەکەیان کە خۆیان گوتەنی حەشد بریتیەلە هێزێکی (بەربەری و کوردکوژو مەزهەبگەرای سونەتی) ، بێگومان ئەوکات هەموان ئەوەندە سادە بوین زۆر دڵمان بەم پەنجە ڕاوەشاندنە کرایەوە و ئاهێکمان بەبەردا هاتەوە و گوتمان کورد لە بێکەسی ڕزگاری بوو ئەوجار فڵانە سیاسیە هەموو کەسی کوردە ، بەڵام زەمەن چرکەکانی زۆر وەرنەچەرخاند کە لاقەکردنی کچێکی پەپولەئاسای تەنیا (٧) ساڵانمان لە پایتەختەوە بیست ، لاقەکردنێک بەدەستی حەشدی عەرەبچی و بەربەری و داگیرکەر نا ، بەڵکو ئەمجارەیان لاقەکردنەکە لەسەر دەستی ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی پلەباڵایەکی حزبی لە پارتێکی دیموکڕاتخواز و بیناکەری خەونی دەوڵەتی کوردی و پارتێک کە هەڵگری ئایدیای نەتەوەیی بوون بوو ، بەڵام سەمەرەکە لێرەدایە ئەو سیاسەتکارەی لە زەمەنی لاقەکردنەکەی پردێدا قامکی توند ڕادەوەشاند کەچی ئەمجارە لە دۆسێی لاقەی کچەهەژارە (٧) ساڵیەکە خیاری دوالیزمئاسای بانێکەو دوو هەوای هەڵبژارد ، بۆیە نەمانبیست هیچ قسەیەک بکات لە ئاست تاوانەکە .
لە کۆتایدا حەشدی شەعبی بەربەری و داگیرکەر لاقەکارانی دۆسێی کچە کوردە کەمئەندامەکەی پردێی دەستگیرکردن و ڕەوانەی بەردەم دادگای کردن بۆ وەرگرتنی سزاکانیان ، بەڵام بەتەنیشت ئەم هەنگاوەی حەشدی دژە کوردەوە لای نەتەوەچیە کوردەکان لە شاری هەولێر شانۆکە تەواو پێچەوانەترە ، لێرە لە جێگەی سزادانی جەلادەکان و جێبەجێکردنی یاسا فیمینزمیەکان بەسەریاندا کەچی لەپڕ کەلەپچەیەک کرایە دەستی باوکی کچە قوربانیەکە (لوقمان ئیسماعیل) و بە تۆمەتی ناوهێنان و ناساندنی جەلادەکان بەڕای گشتی کوردستانی کە ئەم کارەش بەلای ئەوانەوە تەشهیرکردنی جەلادەکان و ئاغاکانیانە ، کەلە واقعدا ئامانجی کەلاپچەکردنەکەی قوربانیەکە بۆ ترساندن و ناچارکردنیەتی بۆ ئەوەی هاوشێوەی کۆمەڵگە بەربەریەکانی بەر لە یاسا و شارستانیەتە کۆنەکانی دونیا ئەمانیش لە جێگەی دادگا و یاسا دۆسێی کچەکە بە پارەی دزراوی خەڵک و لەڕێگەی سوڵحی عەشایەریەوە وەک زۆرێک لە دۆسێکانی تر ئەویش دیزەبەدەرخۆنە بکەن .
خۆش دیموکڕاسیەت و خۆش ئایدیای دەوڵەتی کوردی و خۆش یاسا و دادگای مۆدێرن لە مەملەکەتێک بەبەرخۆرەوە کچ لاقە بکرێت و یاسا ئەتک بکرێت ، بەڵام تەنیا لەبەر گوتنی (نا بۆ لاقەکردنی کچە ٧ ساڵانەکەم ) قوربانیەکە کەلەپچە بکرێت و جەلادەکانیش لەسەر شەقامەکان پیاسە بکەن و بەدوای نێچیری چەورتردا بگەڕێن ، هەزار ڕەحمەت لە بیری هاوڕێیەکم کە لەسەر ئەم پرسە گوتی : کوردستان وا خەریکە بە ئاقارێکدا دەبرێت کە بازرگانەکانی کوردایەتی سەرباری دزین و تاڵانکردنی ڕۆژانەی داهاتی خەڵک و برسیکردنمان کەچی لەولاوە کاتێک ئارەزویان دەبزوێت و لاقەمان دەکەن نابێ هیچ بڵێین یاخود بڵێین دەستان خۆش بێ ، چونکە دەستەواژەی (نا) چەمکێکی بڤەیە و ئەوکات مافی خۆیانە کەلەپچەیەک بکەنە دەستمان ، دەزانن بۆچی ؟ چونکە کێ دەڵێ لاقەکردنیش هاوشێوەی پرسی برسیکردن و پیسخۆریان و تاڵانکردنی داهاتی خەڵکی کوردستان پشکێک نیە لە پڕۆژە دیموکڕاسی و نەتەوەییەکەیان .
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021