بەڵێنە درۆینەکانیان پێمان دەڵێت نەکەن چیتر بە درۆی سیاسیەکان شایی بکەن
وتار/
11/06/2020
538 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
بەڵێنە درۆینەکانیان
پێمان دەڵێت نەکەن چیتر بە درۆی سیاسیەکان شایی بکەن
عەلی قەڵادزەیی
١-
دوا بە دوای ئیعلانکردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان یەکێتی و پارتی لە دوای ساڵانێك لە شەڕی کورد کوژی نێوانیان لە نێوان ساڵەکانی (١٩٩٤- ١٩٩٨) لە سەردەستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خاتوو (مادلین ئۆلبڕایت)، سەرۆکی پارتی (مەسعود بەرزانی) ئەوکات لە لێدوانێکدا ویستی وێنای خۆی لەناو پەڕاوەکانی مێژوو سپیبکاتەوە ، بۆیە لەمەقولەیەکدا ئۆباڵی پڕۆسەی کورد کوژی نێوانیانی لەگەردنی خۆیی و مام کردەوە و ویستی بیخاتە گەردنی هەندێک لە موریدە سیاسیەکانیانەوە ، بۆیە پێچەوانەی حەقیقەتەکان گوتی : ئەگەر دادگایەکی عادیلانە لە کوردستان دابنرێت ئەوا من و مام جەلال بێ گوناهـ دەردەچین !
لە کاتێکدا بەرزانی باوک دوو بڕیاری ڕۆژگارەکانی شەڕی ناوخۆی بیرچوبۆوە کە وەک مێژوو شاهیدن بەسەریانەوە ، یەکەمیان
: کاتێک بەرزانی باوک لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا بڕیاریدا ئەو پەنجەیە ببڕێت کە ڕێکەوتننامەی ئاشتەوایی لەگەڵ یەکێتی بۆ کۆتایی شەڕ واژۆ دەکات ، دووەمیان : کاتێک مام جەلال لە گەرمەی شەڕدا (نەفیرعامی) بۆ قاودانی زیاتری پڕیشکەکانی شەڕی ناوخۆ و هەروەها بەمەبەستی پارتی ڕاونان ڕاگەیاند !
٢-
نێچیرڤان بەرزانی جێگری سەرۆکی پارتی کە ئەم پیاوە سودمەندترین پیاوە لە داهاتی نەوت لەکوردستاندا لەمیانەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٣) ی پەرلەمانی کوردستان و لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەیدا بەڵێنێکی پادشایانەی بەخەڵکی کوردستاندا کاتێک گوتی : سیاسەتی پارتی ئەوەیە کە پڕۆژە یاسایەک بباتە پەڕلەمان لەخولی داهاتوودا بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی کوردستان ڕاستەوخۆ بەشداربکات لە وەرگرتنی قازانجی فرۆشتنی نەوتی کوردستان .
بێگومان بەجێبەجێکرانی ئەم بەڵێنەی بەرزانی کوردستان دەبووە بەهەشتێک و باروبارگەی هەژاری و دەرۆزەکردن بوونی دەپێچرایەوە ، بەڵام لە کۆتایدا بەرهەمی ئەم بەڵێنە چی بوو ؟ بەرهەمەکەی تەنیا (٤) ساڵ لە بێموچەیی فەرمانبەران و کردنی کوردستان بەژێر قەرزێکی دەیان ملیار دۆلاریەوە بوو کە پێویستە دەیان ساڵی تریش نەک هەر خۆمان بەڵکو نەوەکانیشمان باجی سیاسەتە هەڵەکانی ئەم پیاوە لە حکومڕانێتیدا بدەنەوە .
٣-
قوباد تاڵەبانی ئەو کاتەی سەرۆکی لیستی یەکێتی بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هاوکات جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمیش بوو، لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی (١٠٥) ی حزبەکەیدا لەوتارێکدا بەڵێنی ئەوەی بەخەڵکی کوردستاندا کە (٥٠ هەزار هەلی کارو ٢ هەزار کارگەش لە کوردستان دابمەزرێنێت)! ، بەڵام ئەم پیاوە تەنیا دوای (١٠) ڕۆژ لەم بەڵێنەی تەڕاجوعی کرد لە ژمارەکاندا کاتێک لە وتاری دوووەمیدا گوتی : (٢ هەزار کارگە و ٤٠ هەزار هەلی کار دەستەبەر دەکەین ) .
بەڵام دەکرێت بپرسین دەرئەنجامی ئەم بەڵێنەی مامی بچوک چی بوو ؟ تەنیا ئەوە نەبێت لەسایەی حکومڕانێتی هەڵەی ئەم پیاوەدا وەک جێگری سەرۆک وەزیران لەجێگەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەتا ئەمڕۆ سەبەتەی خۆراکی هەژارانە بەهۆی سیاسەتی هەژارخستنی خەڵکەوە بە خەڵک دەدرێت .
٤-
هەموو دونیا تکاو ڕەجای لەبەرکردن پیاوی چاکبن ڕیفراندۆم مەکەن ئەمڕۆ کاتی نیە
، بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر ئەوەی کە ڕیفراندۆم بکەن و ببنە دراوسێیەکی باش بۆ عێڕاقی عەرەبی شۆڤێنی و بەڵێنیاندا کە دوای ڕیفراندۆم سەربەخۆیی ئیعلاندەکەن ، کەچی کارتی ریفراندۆمیان سوتاند و بە هۆی ڕیفراندۆمەوە پشتگیری نێودەوڵەتیان بۆ دۆزی کورد لاواز کرد بە جۆرێک کە ئەم لاوازیە چانسی ئەوەی دا بە عەبادی لە (١٦) ئۆکتۆبەردا نیوەی خاکی کوردستان جیابکاتەوە ، دوای ئەم باجە گەورەیە و دوای ئەو هەموو هەڕەشە و خۆسورکردنەوەکانی سەرانی ڕیفراندۆم و پاش ڕۆژانێک لە هەڵپەڕاندنی خەڵک بۆ دەوڵەت و دوای ئەوەی لەخۆشی دەوڵەتی سەربەخۆ هەندێک لەموریدەکانیان لە بەرنامەی ڕاستەوخۆی تیڤیدا پاسپۆرتە عێڕاقیە عەرەبیەکەیان سوتاند ، کەچی چی ڕویدا ؟ تەنیا یەک رۆژ دوای ڕیفراندۆمەکە
ئەوەی ڕویدا ئەوە بوو کە ڕیفراندۆمچیەکان بایاندایەوە و لە پڕێکدا گوتیان خۆ ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی نەبوو تەنیا وەک کارتێکی فشار بوو لەبەرامبەر سیاسەتی هەڵاواردنی بەغدا کردمان ، لە (٣) هەمین ساڵوەگەڕیشیدا دوێنێ وەزیرە دەرەوە کوردەکەی عێڕاقی عەرەبی (فوئاد حوسێن) سوێندی دەستبەکاربونی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئەو عێراقە شۆڤێنیە خوارد کە سەردەمێک خۆی و پارتەکەی تەڵاقیان بوو .
٥- لە کۆتایی مانگی شوباتدا کاتێک وەزارەتی تەندروستی هەرێم گوتی : دۆخی هەرێم زۆر خراپە بە هۆی کۆڕۆنا ڤایرۆسەوە ئەوکات بەبڕیارێک خەڵک مانگێک زیاتر کەرەنتینە کرا ، بەڵام بیرمان نەچێ پارتی کە حکومەت بەماڵی خۆی دەزانێ لە شاری دهۆک وەک پاڵەوانێک بەتەقەکردن و بریندارکردنی خەڵک لە درەنگانێکدا پڕۆسەی سەرکەوتنی بەسەر کۆڤید (١٩) دا ڕاگەیاند ، لەکاتێکدا هێشتاشی لەگەڵدا بێت هیچ وڵاتێک جورئەتی ئەوەی نەکردوە کە هاوشێوەی هەرێم سەرکەوتنی خۆی بەسەر کۆرۆنا ڕابگەیەنێت و مەرگی ئەم ڤایرۆسە ئیعلانبکات، کەچی وائەمڕۆ بەبەردەوامی ئەم ڤایرۆسە خەڵک لە کوردستان لە ڕۆژانی پێش ڕاگەیاندنی پاڵەوانێتیەکە زیاتر دەکاتە قوربانی ، نیازیان بوو (٦) ڕۆژیش کەرەنتینە ئیعلانبکەنەوە بەڵام ئیرادەی خەڵک رێگربوو .
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021