کەڕەنتینەی دووەم لەبەردەم قاسەی تاڵانکراوی حکومەت و گیرفانی بەتاڵکراوی خەڵک

وتار/ 09/06/2020 854 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

کەڕەنتینەی دووەم لەبەردەم قاسەی تاڵانکراوی حکومەت و گیرفانی بەتاڵکراوی خەڵک

عەلی قەڵادزەیی
جیاوازی  شەپۆلی  یەکەمی  ڤایرۆس  کۆرۆنا  لەگەڵ  شەپۆلی  دووەمی  لە کوردستان  لەو  خاڵەدا  خۆی  نمایش  دەکات  کە  لەشەپۆلی  یەکەمدا  خەڵک  بەبێ  دەنگی  بازارو دوکانەکانیان  داخست  و  شەقامەکانیان  چۆڵکردو  بۆ  کەرەنتینە  گەڕانەوە  بۆ  ماڵەوە ، بەڵام  لە  شەپۆلی  دووەمی  لە  چەند  ڕۆژی  ڕابردوودا  کاتێک  وەزارەتی  ناوخۆ  بۆ  ماوەی  (٦) ڕۆژ  پرسی  کەرەنتینەی  گشتی  ڕاگەیاند  هەر  ئەم  خەڵکە  بوو  کە بەپێچەوانەی  جاری  پێشوو  هەنگاویان  ناو  ئەمجارە  گۆمی  بێدەنگیان  شڵەقاندو  لە  جێگەی  بەبێدەنگی  چونەوە  بۆ  ماڵەوە  بە  کۆمەڵ  ڕژانە  سەر  شەقامەکان  و  دروشمی  (نا)  بۆ  داخستنی  بازار  و  دوکانەکانیان  بەرزکردەوە .
جیاوازی  نێوان  ئەم  دوو  جیهانە  جیاوازەی  کەرەنتینەکردن  خۆی  لەوەدا  نمایش  دەکات  کە  ئەم  خەڵکە  لە  شەپۆلی  یەکەمدا  ئەزمونێکیان  بینی  کە  پێشتر  هیچ  کاتێک  تاقییاننەکردبۆوە  و  دەرهاویشتە  ئەرێ  و  نەرێکانیان  بەیەکەوە  لەئەرزی  واقیعدا  لەسەر  ژیان  و  گوزەرانیان  نەدەزانی ، بەڵام  ئەمرۆ  و  پاش  زیاتر  لە  مانگێک  لە  ئەزمونکردنی  کەرەنتینەی  گشتی  و  بینینی  هەردوو  دەرهاویشتەکانی  هەر  ئەو  خەڵکەیە  دەڵێت : مردن  هەر  مردنە  مرۆڤ  بە  کۆرۆنا  بمرێت  یا  لەبرسان  و  یان  بێزاربون  لە  نەبونی  کرێی  خانوەکەی  ناوی ، ئەم  دیدە  ڕەشبینەی  خەڵکیش  بەپلەیەک  لە  فەشەلهێنانی  ئەم  حکومەتە  کوردیەوە  سەرچاوەی  گرتووە  لەڕێگەی  نەبونی  عەقڵێکی  بەڕێوەبردنی  سەرکەوتو  بۆ  ئیدارەدانی  قەیرانەکان  و  لەگەڵ  حکومدارییەکی  مەعقولی  وەها  کە  تەنیا  مرۆڤ  و  خزمەتکردنی  لای  سەنتەر  بێت .
ئەم  هەڵسەنگاندنە  بۆ  دەسەڵاتی  کوردی  لەو  سۆنگەوە  سەرچاوەی  گرتووە  کە  حکومەت  لەکوردستان  لە  ڕۆژگارەکانی  بڵاوبونەوەی  شەپۆلی  یەکەمی  کۆڤید  (١٩) دا  زۆر  پەلەی  کرد  لە  پرسی  ڕاگەیاندنی  کەرەنتینەی  گشتی  خەڵک ، چونکە  گەر  سەیرێکی  وڵاتانی  مۆدێرن  بکەین  لەوێ  خیاری  کەرەنتینەی  گشتی  کۆتا  ئەجێندە  بوو  بۆیە  کەوتە  کۆتا  خیارەوە  لە  کاتێکدا  ئەوان  عەقڵی  بەڕێوەبردن  و  تەندروستیان  زۆر  ئێمەی  جێهێشتووە ، خۆ  ڕاستە  پەلەکردن  لە  کەرەنتینەکردنی  گشتی  خەڵک  ئەوکات  دەرهاویشتەی  ئەرێنی  هەبوو  کە  نەیهێشت  کۆڤید  (١٩)  لە  کوردستان  هاوشێوەی  وڵاتانی  دونیا  تەشەنە  بکات  و  قوربانی  گیانی  زۆرتر  بخاتەوە ، بەڵام  ئەم  هەنگاوە  پەلەکاریە  بەدوریش  نەبوو  لە  دەرهاویشتەی  نەرێنی  بەجۆرێک  ئەوەتا  دەرهاویشتەیەکی  بەرجەستە  بریتیە  لەوەی  کە  ئەمڕۆ  لەگەڵ  دەرکەوتنی  شەپۆلی  دووەمی  کۆرۆنادا  خەڵک  بە  بەرزکردنەوەی  (نا)  بۆ  داخستنی  دوکان  و  مارکێتەکان  ڕوبەڕوی  بڕیارەکەی  وەزارەتی  ناوخۆ  بونەوە ، چونکە  پرسی  کەرەنتینەکرنی  خەڵک  تەنیا  بۆ  یەکجار  مەعقولە  بکرێت  کەکرا  مومکین  نیە  جارێکی  تر  دوبارە  ببێتەوە  بەتایبەت  لە  وڵاتانێک  کە  حکومەت  لە  لێواری  گیانکێشاندا  بێت  بەهۆی  ئەوەی  ژمارەیەک  لە  سەرانی  حزب  و  بنەماڵە  بەتەواوی  قاسەی  حکومەتیان  خاڵی  کردبێت  و  ئەندام  مەکتەب  سیاسی  هەبێت  (١٠٠) ملیۆن  دۆلاری  موفتی  هەبێت .
حکومەتەکانی  دونیا  کاتێک  مرۆڤەکان  کەرەنتینە  دەکەن  و  بازاڕ  و  کۆمپانیا  و  شەقامەکان  چۆڵدەکەن  لەخەڵک  لەبەرامبەردا  خۆراک  دابەشدەکەن  و  قەرەبووی  زیانلێکەوتوان  بە  پارە  دەکەنەوە ، بەڵام  لە  کوردستان  حکومەت  خەڵک  کەرەنتینە  دەکات  و  بازاڕەکان  دادەخات  کەچی  لەبەرامبەر  ڕونەدانی  پرسی  برسینەبوون  و  بژاردنەوەی  زیانە  ماددیەکانی  خەڵک  ئەم  حکومەتە  سەر  نەوی  دەکات  و  تەنیا  یەک  وشەی  نیە  بۆ  گوتن ، لە  کاتێکدا  بە  هۆی  سیاسەتی  ناعەقڵانی  نوخبەی  دەسەڵاتدار  و  بەهۆی  خەیاڵی  پیسخۆریانەوە  بۆ  بردنی  داهاتەکانی  ناوخۆی  هەرێم  و  تاڵانکردنی  (٪١٧) ی  بودجەی  ڕەوانەکراوی  بەغداوە  بە  (٪٤٨) بۆ  زۆنی  سەوز  و  بە  (٪٥٢) ش  بۆ  زۆنی  زەرد  و  لەگەڵ  دروستبونی  مافیا  بەسەر  داهاتی  نەوتەوە ، هەموو  ئەمانە  وایکردوە  کەوا  خەریکە  کوردستان  هێدی  هێدی  بەرەو  ئەوە  بچێت  کە  چینی  ناوەڕاستی  نەمێنێت  و  لەجیگەیدا  هەردوو  چینی  زۆرینەیەکی  زۆری  هەژارو  کەمینەیەکی  زۆرکەمی  ئەڕستۆکڕاتی  سیاسەتکار  دروست  ببێت ، ئەم  زۆرینە  هەژارەش  کاری  ڕۆژانەیان  و  بژێوی  ژیانیان  تەنیا  بریتیە  لە  شوتی  فرۆشتن  و  لەفەفرۆشتن  و  عارەبانە  گێڕی  و  کاسبکاری  و  دوکانداری ،  بۆیە  گەر  ئەم  مرۆڤانە  بۆیەک  ڕۆژ  کار  نەکەن  ئەو  ڕۆژە  دەستمایەیان  نابێت  و  لەبەرامبەردا  پێویستە  خۆیان  و  خێزانەکانیان  باجەکەی  بدەن  و  سیاسەتی  سکهه ڵگوشین  و  خۆبرسیکردن  مومارەسە  بکەن .
پرسێکی  فیتڕی  خواکردە  و  لەهەمان  کاتیشدا  بۆتە  هاوکێشەیەکی  جێگیری  ژیان  بەچەشنێک  کە  مرۆڤەکان  عەقڵیان  بکەوێتە  ناو   باوەشی  مەعیدەیانەوە ، بەواتا  هەر  کاتێک  مەعیدە  تێر  بوو  عەقڵ  کارا  دەبێت  و  هەر  کاتێکیش  مەعیدە  هەژار  و  خاڵی  بوو  مێشک  کارناکات  و  ئارەزوەکانیش  ناکارا  دەبن ،  لەسایەی  هەموو  ئەم  ناچالاکبونانەشدا  ئەوکات  شتێک  نامێنێ  بەناوی  خۆشی  و  لەزەت  و  ڕەفاهیەتی  ژیان  و  ئەم  حاڵەتەش  لە  دونیای  دەرەوەی  مرۆڤەکان  پێی  دەگوترێت  دۆخی  متبوون  و  نەمانی  چالاکیەکانی  ژیان ، کە  بێگومان  ئەم  جۆرەی  ژیانیش  بریتیە  لە  برای  نزیکی  مردن  لەجێگەی  ئەوەی  برای  نزیکی  ژیان  بێت .
ئەوانەی  ئەمڕۆ  لەگەل  پرسی  کەرەنتینەی  گشتی  دانین  و  دژی  داخستنی  بازارو  مارکێتەکانیانن  لە  ڕاستیدا  مەرج  نیە  ئەم  دیدەیان  لە  باوەڕنەبوون  بە  مەترسیەکانی  کۆڤید  (١٩) لە  کوردستان  سەرچاوەی  گرتبێت ، بەڵکو  بەپێچەوانەوە  زۆرێک  لەوانە  ڕاستە  دەستگێڕن  و  کاسبکارن  بەڵام  لەولاوە  خاوەن  بڕوانامەی  زانکۆین  و  مرۆڤانێکی  هۆشیارن  و  باش  دەرکی  مەترسیەکانی  ناو  بازارو  قەڕەباڵغی  ناو  خەڵک  وەک  هۆکارێک  بۆ  بڵاوبونەوەی  ئەم  ڤایرۆسە  دەکەن ، بەڵام  ترس  لە  بەتاڵبونی  مەعیدەو  خاڵی  بونی  گیرفانیان  و  بۆڵەبۆڵی  خاوەن  مۆلیدەی  ئەهلی  و  خاوەن  خانوەکەیان  وای  کردوە  ئەم  مرۆڤانە  ئەمرۆ  ئامادە  بن  پێیان  بخەنە  سەر  جەرگیان  لەناو  بازاڕو  شوێنە  گشتیەکان  و  کار  بکەن  و  گیانیان  ڕوبەڕوی  مەترسیەکانی  کۆڤید  (١٩)  بکەنەوە ، بێگومان  لەکۆتایدا  ئۆباڵی  هەر  ڕوداوێک  و  هەر  گیانێک  لەدەستدانێک  بەهۆی  کۆڤید  ڤایرۆسەوە  گەر  ڕوبدات  ئەوا  بەپلەیەک  دەکەوێتە  گەردنی  ئەم  حکومەتە  حزبیەوە ، چونکە  حکومەتێکە  تەنیا  ئەندازیاری  بۆ  هەژارکردنی  خەڵک  و  دەوڵەمەندکردنی  کۆمپانیاکانی  جوت  بنەماڵە  نەبێت  هیچی  تری  لە  هەگبەدا  نابینرێت ، بەڵام  لەگەڵ  هەموو  ئەم  نیگەرانیەشدا  ئەمڕۆ  نابێت  لەبەرچاو  گرتنی  ڕێنماییە  تەندروستەکانمان  بیر  بچێت .

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌