سیاسەت لە نێوان ئامراز و ئامانجدا، هەرێمی کوردستان بە نموونە

وتار/ 29/05/2020 976 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

سیاسەت لە نێوان ئامراز و ئامانجدا، هەرێمی کوردستان بە نموونە

ئەمیر مام والی
سیاسەت بە مانا گشتییەکەی بریتیە لە پرۆسەیەک یا شیوازێکی وەرگرتنی بڕیارە بۆ گروپەکان. ھەرچەند باوە کە سیاسەت بە حکومەتەوە وابەستە بێ، بەڵام سیاسەت لە ھەموو چاڵاکییەکانی مرۆڤدا و لە دامەزراوە ئەکادیمیایی و ئایینی و بازرگانیەکاندا بەدی دەکرێ

کاتێک سیاسەت لە ئامرازێکەوە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا دەبێتە ئامانجێک بۆ بەدەستهێنانی پارەو پۆست، ئیدی کۆمەڵگا بەرەو داڕمانێکی گەورە دەڕوات. لەهەر وڵاتێکدا بەرژەوەندی تاکێک یان گروپێکی دیاریکراو زاڵبوو بە سەر بەرژەوەندی گشتیداو سیاسەت بۆ مەبەستی تایبەتی بەکار هێنرا وڵاتەکە ڕووبەڕووی هەرەسێکی گەورە دەبێتەوە. لە هەر حیزبێکیشدا سیاسەتکردن لەبری ئامانجێک بۆ خزمەتکردن بوو بە ئامرازێک بۆ زیادکردنی سەرمایەی گروپێکی دیاریکراو بێشک ئەو حیزبەش ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە.

لە هەرێمی کوردستاندا، نامۆترین شت ‌ئەوەیە کە سیاسیەکی گەورە سیاسەتکردنی کردبێتە ئامرازێک بۆ خزمەتی کۆمەڵگا وەک لەبری خۆی، دەگمەنن ‌ئەو سیاسی و حیزبانەی کە مەبەستیان لە سیاسەت خزمەتکردن بێت. زۆرینەیان لە ژێر ناوی سیاسەت و کوردایەتیدا بوون بە بازرگان و تاکە شت گرنگی پێنادەن بەرژەوەندی گشتیە. سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک سیاسەتیان بێ بەها و ناشیرین کردوە، کاتێک کە سیاسیەکی بەهێزو  ڕاستەقینەش پەیدا ئەبێت کە ئامانجی خزمەتکردنی کۆمەڵگا بێت بە ئەستەم بڕوای پێدەکرێت لە لایەن خەڵکەوە.

گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە درێژایی ۳۰ ساڵی ڕابردوو سیاسەتیان بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان کردوە، کەمینەیەکی نادیار هەن لە هەرێمدا کە بیانەوێت خزمەت بکەن، ئەوانیش بە چەندین شێوەی جیاجیا ڕێگرییان لێدەکرێت و بەر بەستیان بۆ دروست دەکرێت. لە زۆربونی  ڕێژەیی ئەو سیاسیانەدا کە کۆمەڵگایان کردوە بە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەرێم توشی داڕمانێکی گەورەی ئابوری و کۆمەڵایەتی بوەتەوە، ڕۆژانە دەیان کەس خۆیان دەکوژن، ڕۆژانە شعوری هەزاران کەس بریندار دەکرێت، ڕۆژانە چەندین گەنجی هەرێم ڕێگای دەرەوە ئەگرنە بەرو لەو ڕێگا سەختانەدا گیان لەدەست دەدەن...هتد
کەچی تاکە شتێک کە بۆ حیزبەکان و سیاسیەکان گرنگ نەبێت خواست و داواکارییەکانی هاوڵاتیانە، بەرپرسانی هەرێم لەتاو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان بەرژەوەندی خەڵکیان بیرچۆتەوە. سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردستان نەوە لە دوای نەوە سیاسی نەزان و فاشیل به جێ دەهێڵن کە سیاسەتیان کردوە بە ئامانجێک بۆ پاراستنی سامانی پێشینەکانیان. بۆ ڕزگار بونمان لە دەسەڵاتی ئەم سیاسیانە دەبێت هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێکەوە، ئەم بەناو سیاسی و بازرگانانە ڕەت کەنەوەو لە هیچ کات و ساتێکدا لە ژێر هەر پاساوێکی جیاوازدا بەیعەتیان پێنەدەن، چونکە لای ئەمان سیاسەت لە ئامرازەوە بۆ خزمەت گۆڕاوە بۆ ئامانجێک بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر، ئیدی باکیان نە بەخەڵک هەیە و نە بەخاک.

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌