حکومەتێکی سواڵکەر !
وتار/
29/05/2020
490 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
حکومەتێکی سواڵکەر
!
عەلی قەڵادزەیی
ئایا گرفتی بنەڕەتی جیهانی عەرەبی چی یە ؟ تەنانەت گرفتی سەرەکی دونیای ئیسلامی چی یە ؟ گرفتەکانی هەردوولا خۆی لەلاوازی هزری ڕەخنەیی و فەلسەفیدا دەبینێتەوە ، لە فەراغی ئەم هزرەدا لەم دوو جیهانە ڕۆژ دوای ڕۆژ قەیرانەکان بەدوای یەکتردا کەڵەکە دەبن و ڕەوتە ناعەقڵانی و حزبە تەقلیدی و خێڵەکی و بنەماڵەییەکان و بزاڤە ئوسوڵیەکانی هاوشێوەی داعش و القاعیدە و جند الإسلام و گروپە توندڕەوەکانی تر بەردەوام لەگەشەی خۆیاندان ، ئەوەش تەواو پێچەوانەی دونیای هاوچەرخە ، چونکە لەوێ فاکتی باڵادەستی هزری ڕەخنەیی بۆتە فاکتەرێکی ئەرێ بۆ گەشەی هزری دینامیکی و بەبەردەوامی پرسەکانی پێداچونەوە بە کەم و کورتیەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و کلتوری گوێگرتن لە دەنگە دڵسۆزەکان لای دەسەڵاتی سیاسی بەرهەمهێناوە ، ئەم هۆکارەش وایکردوە لەوێ کاتێک دەوڵەت و کۆمەڵگە توشی تەنگژەیەک دەبن لەماوەیەکی کەمدا بە هاوکاری دەنگەدڵسۆزەکان تێی بپەڕێنن بەبێ ئەوەی ڕێگە بدەن قەیرانەکان بەسەر یەکتردا کەڵەکە ببن بۆ ساڵانێکی درێژتر .
بە هۆی نەبونی هزری ڕەخنەیی و بونەبەدیلی هزری ستایشکاری هەر لە ساڵی (١٩٩١) ەوە و لەسەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمەوە کوردستان لەفەراغی گوێنەگرتن لە ئامۆژگاری و دەنگی دەنگە ڕەخنەییە دڵسۆزەکان بۆتە هۆی پەڕاوێزخستنی ڕاستکردنەوە و پێداچونەوە بە قەیرانەکان ، بۆیە بەدوور لە چارەسەر هەمیشە قەیرانێک بە قەیرانێکی نوێتر سپێدراوەو تاکو بارودۆخ بەم بارە قەیراناویەی هێشتای گەیشت ، لەکاتێکدا گەر ئەم حکومڕانیە کوردیە لەسەرەتاوە خاوەنی هزرێکی ڕەخنەیی بوایە نوخبەی حکومڕان فێری ئەوە دەبون کە مرۆڤن و قابیلی هەڵەن و ڕەخنەکان دڵخۆشیان دەکردن لە جێگەی بەحەماسی توڕەبون و دادگایکردنی ڕەخنەگرانی هێشتایان ، ئەوکات بە جیدی گوێیان لەو دەنگانە دەگرت کە ساڵانێک هاواریان بوو کە پێویست ناکات ئەم حکومەتە حزبیە لەشکرێک لە دەنگدەرەکانی خۆی لەسەر سکی حکومەت تێربکات و بیانکات بە موچەخۆر
و بار بەسەر بودجەوە بە ئامانجی بەبارمتەگرتنیان بۆ ڕۆژگارەکانی دەنگدان و کاتە پێویستەکانی تر ، ئەم ئەجێندە ناعەقڵانیەی دەسەڵاتی کوردی وایکرد ئەمڕۆ لەکۆی (٥) موچە خۆر لە کوردستان (٢) یان بندیوار و موچەخۆری حزب بن بارمتەکرابن بۆ کاتی پێویست ، ئەم مۆدێلی موچەخۆری بەبارمتەگرتنەی حزب ئەمڕۆ بۆتە هۆی ئەوەی هەرێم چاوو ڕوی نەبن کە لیستی موچەخۆرانی کوردستان بۆ بەغدا بنێرێت بەمەبەستی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە بۆ کوردستان .
گەر دەسەڵاتی کوردی ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێی شلبکردایە بۆ خەمخۆرانی ئەم نیشتمانە کە بەردەوام هاوار و ناڵەیان بوو لە بەرامبەر پڕۆژەیەک بەناوی ئابوری سەربەخۆ و کردەی فرۆشی نەوت بەسەربەخۆیی و ماڵجیایی دارایی لەبەغدا ئەمڕۆ دۆخی دارایمان بەم بەستەڵەکە نەدەگەیشت کە پێی گەیشتوە
، چونکە لەسایەی ئەم سیاسەتە بوو کە بەتەنیشت (مافیایی و پیسخۆریەوە) دەسەڵاتی کوردی کرد بە حکومەتێکی موفلیس و سواڵکەر رۆژێک لەبەردەم دەرگای حکومەتی بەغداد و جارێکیش لەبەردەم قاپی سەرمایەدارانی هەرێم بۆ پێدانی قەرزێکی (٤٠٠) ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆران ، لەکاتێکدا دەکرا ئەم بارە هەر ڕووی نەدابوایە گەر حکومەت گوێی بۆ ژمارەیەک دەنگی ناشاز و هەلپەرست و مافیای نەوت نەگرتایە و بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی ئابوری سەربەخۆ و ئەوەی بەشانازیەوە ناویاننابوو پڕۆژەی (تەڵاقدانی بەغدا) ، کەچی هەموو ئەو کاراکتەرانەی ئەدای ئەم پڕۆژەیان کرد لە کۆتایدا و لەڕۆژەکانی سەرهەڵدانی تەنگژەی دارایی لەگەڵ بەغداد هەر زوو جانتاکەیان کردە شانیان و گەڕانەوە بۆ ئەو مەملەکەتەی لێوەی هاتبوون (لەندەن و پاریس
و بەرلین) ، هێشتا ئەوانە لەو پایتەختانەوە لە دۆخی خراپی سواڵکەری حکومەت و پڕۆسەی هەژار کەوتنی خەڵکی کوردستان دەڕوانن و جارجاریش بە خراپی حاڵمان پێدەکەنن .
لەدونیادا نیە حکومەتێک هاوشێوەی ئەم حکومەتی هەرێمە لە فۆڕمی حکومڕانێتیدا تەواو غەرقی بێبەرنامەیی لە بەڕێوەبردنیشدا غەرقی بێمەعریفەیی بێت ، چونکە هەمیشە حکومەتە ڕەشیدەکانی دونیا خاوەنی هەردوو پەیپەری سەوز و پەیپەری سپین لە ڕوبوڕوبونەوەی قەیرانەکان و پێشکەشکردنی سیستمی حکومەتداریان ، بەقاسەیەکی بەتآڵەوە ئەم حکومەتە ڕۆژێک بە کڕوزانەوە دەچێتە بەرقاپی حکومەتی ناوەند و جارێکی تریش بە
دەستپانکردنەوە لە دەرگای سەرمایەدارانی کوردستان دەدات ، لەولاشەوە لە غیابی بێمەعریفەیی لە بەڕێوەبردندا تاکە هیوا کەپڕۆژەکانی ئایندەی لەسەر هەڵچنیوە بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەکان تەنها بریتیە لە چاوەڕوانی دوبارە بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهاندا ، لەکاتێکدا بەپێی شیکاری پسپۆڕانی بواری نەوت مومکین نیە لەماوەیەکی قیاسی کورتدا دوبارە نرخی ناوت بەرز بێتەوە بۆ ئاستی جارانی بەهۆی جێکەوتە نەرێکانی کۆڕۆنا ڤایرۆس لەسەر ئابوری جیهان بۆ ماوەیەکی درێژ .
هەرچی پەیوەستە بەخەونی ڕێککەوتنی ئەم حکومەتە لەگەڵ بەغدا دەکرێ بڵێم نزیکە لە نامومکینی گەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەماوەیەکی نزیکدا ئەنجام بدرێت ، چونکە لاموایە (کازمی) هیچ کات وا بەسانایی ئامادە نیە بچێتە ژێر باری ڕێکەوتنێکەوە لەگەڵ کورد کە ئەوسەرەکەی تەواو لێدیارە و لای ڕۆشنە لەبەرئەنجامدا بە لێدان لە نفوزی جەماوەرێتی لە شەقامی توڕەی تائیفەی شیعی تەواو دەبێ ، بۆیە ئەم پیاوە هیچ کات لەم دۆخەدا وەها سەرکێشیەک ناکات و کوڕی خۆی ناکات بەقوربانی کچی خەڵک
، کە دەرئەنجامی ئەم حاڵەش بریتی دەبێ لە بەردەوامی کردەی پاڕانەوەی هەرێم لە بەغدای موفلیس و پرسی سواڵکردنیش لە سەرمایەدارانی کوردستان هاوشێوەی فیلمێکی کارەساتاوی بۆ بینەرەکانی درێژەی دەبێ .
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021