لە نێوان ڕەخنەی فکری و شەڕی کۆڵانەکاندا!

وتار/ 22/05/2020 1123 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

لە نێوان ڕەخنەی فکری و شەڕی کۆڵانەکاندا!

پێشینانمان وتویانە: شکۆمەندی بۆ ئەو کەسەی ناتەواوی تێدا نیە کە ئەویش خودایە.

ئەو دۆخەی کە ئێستا لە نێو شەقامی کوردی و ڕەخنەگر و نوسەرەکانیدا دەبینرێت بەهیچ جۆرێک ناچێتە قاڵبی ڕەخنە گرتنی فکریەوە، ئەوەی ئەبیندرێت لە شەڕی دوو کۆڵان ئەچێت کە هموو بنەماکانی تیادا پێشێل دەکرێت. ڕەخنە کاتێک بێ بەها دەبێت کەتێکەڵ بە ڕق و کینە بکرێت، ئەوەی ئێستا دەیبینین لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەشێت ناوی بنێین خۆ بەخودا بینینی کەسەکان و بە عەبد دیتنی بەرامبەرەکانیان، مرۆڤ هەرچی بێت هەڵە دەکات، تا کاتێک دەتوانین بەیەکێک بڵێین مرۆڤ کە هەڵەی هەبێت، کەسانێک کە هەڵە ناکەن هەر ئەوانەن کە لەدایک نەبون و ئاشنای ژیانی سەر زەوی نین.

ڕەخنە چیە؟
ڕەخنە جۆرێکە لەهەڵسەنگاندن و بەراوردکاری و نرخاندن
ئەمەش بەمەبەستی نیشاندانی لایەنێک یان چەند لایەنێکی باش یان خراپی کەسێک یان شتێک.

دەکرێت ڕەخنە بکەین بە دوو بەشەوە:
۱ڕەخنەی بەجێ
۲ ڕەخنەی نابەجێ

۱-ڕەخنەی بەجێ بریتیە لە ورد بونەوەو بەراورد وجیاکاری لە سیفات و گوفتاری کەسێک بەکەسێکی دیکەو لێکدانی لایەنە باش و خراپەکانی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا کە لەو بواردە کاری کردوە.

٢-ڕەخنەی نابەجێ بریتیە لە پێدا هەڵگژان و تەخوینکردنی کەسێک یان لایەنێک و ناوزڕاندنی بەبێ بەڵگەو بنەمای ئەخلاقی و ئەقڵانی. دەتوانین ڕەخنەی نابەجێ لە ڕق و بوغزی شەخسیدا کورت و پوخت بکەینەوە بڵێین بریتیە لە دەربڕینێکی دوژمناکارانە بەرامبەر کەسانێکی دیاری کراو کە مەبەست لێی شکاندنی لایەنی بەرامبەرە بەو پەڕی بێ ویژدانیەوە.


دکتۆر عەلی وەردی لە کتێبی واعیزەکانی سوڵتاندا ئەڵێت:
وەعز وا لەخەڵک دەکات زۆر توندو تیژبن لە ڕەخنەگرتن لە خەڵکی تر چونکە ئەو پێوەرە ڕەوشتیانەی لە واعیزەکانەوە دەیبیستن زۆر بەرزن. لەبەر ئەوە ناتوانن ئەو پێوەرانە لەسەر خۆیان جێ بەجێ بکەن، بەناچاری پەنا دەبەنە بەر پراکتیزەکردنی پێوەرەکان بەسەر خەڵکانی تردا، بەو شێوەیە ڕەخنەکانیان زۆر توند دەبێت.
ئەوان ناتەواوییەکانی خۆیان نابینین، دەشتوانن لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە وەعزیەکاندا پاسا و بیانو بۆ کارو ڕەفتارەکانی خۆیان بێننەوە. بەڵام خەڵکێ غەیری خۆیان بێت، پاساوی بۆ نیە. هەر لەبەر ئەمەش دەبینین هەندێکیان هەندێکی تریان کافردەکەن و هەندێکی تریان یەکتری دەچەوسێننەوە. ئەم مەسەلەیە لە کۆمەڵگە ئاینیەکاندا زۆر توندوتیژ خۆی دەنوێنێت. لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا وەعزو ئامۆژگاری لەوپەڕی توندو تیژیدایە، بەو پێیەش ڕەخنە له یەکترگرتن و گەڕان بە دووی ناتەواویەکانی خەڵکدا زۆرترە. تێبینی دەکرێت خودی واعیزەکان، دەست ڕەنگینن لە ڕەخنەگرتندا له غەیری خۆیان. واعیزەکان ژمارەیەکی زۆر پێوەری وردی ڕەوشتیان لەبەر کردووە و شەوو ڕۆژ دەیدەنەوە بەگوێی خەڵکیدا. بە ڕادەیەک ئەو پێوەرانە وەک چەکێک لە دژی ئەو کەسانە بەکاردێنن کە ڕقیان لێیان دەبێتەوە. هەر گوتارێک یان کردارێک لە کەسێکەوە ببینن کە پێچەوانەی وەعزو ئامۆژگاریەکانیان بێت، دەست بەجێ بە لۆمە ونەفرەت لێکردن دادەبارن بە سەریدا. ئیدی ئەوە بابوەستێت کە لەوانەیە جیهاد لەدژی ڕابگەیەنن!

گرنگە بۆ ئێمە وەک تاک کە ڕەخنە و جوێن و سوکایەتی لێک جوێ بکەینەوە، کاتێک ڕەخنە ئەبێتە سوکایەتی و بریندارکردنی شعوری ئینسان، ئیدی هیچ گۆشەیەک بۆ گفتووگۆ نامێنێتەوە، کاتێک ڕەخنە لە سنوری خۆی دەردەچێت، ڕەخنەگر دەکەوێتە ژێر دەیان پرسیار و گومانەوە. بۆ ئەوەی ڕەخنەی نابەجێ بێ کاریگەرو بێ سود بکەین باشترە لەبری وەڵامدانەوە زیاتر سور بین لەسەر کارەکانمان. دەبێت بە سور بون لەسەر کارەکانمان ئەوە بسەلمێنین کە گرنگی بە قسەی کەسانی مایەپوچ و قسە نابەجێیەکانیان نادەین لەو بارەشدا قسەکەر بێزار دەبێت لە وەلانان و ئیهمالکردنی بۆیە بەناچاری یان واز لەڕەخنەی نابەجێ دێنێت، یانیش توشی نەخۆشی دەرونی ئەبێت و ژیانی دونیای دەکات بەدۆزەخ. باشترین کارئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ وتە بەناوبانگەکەی بەڕێز شواب کە ڕو لەو کەسانە دەکات ڕوبەڕوی ڕەخنەی نابەجێ دەبنەوە و پێیان دەڵێت:
 تەنیا پێ بکەنە!

دەکرێت کەسانی پلە باڵا لەهەر بوارێکدا بێت هونەری بێت، یان سیاسی بێت، یانیش کۆمەڵایەتی و هتد.....
ئامۆژگاریە بەناو بانگەکەی ئەبراهام لینکۆڵن بکەن بە بنەما بۆ خۆیان. کاتێک لینکۆڵنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە ڕوبەڕوی تانەو تەشەرێکی زۆر بوەوە و ڕەخنە نابەجێ و توندو تیژەکانیش لەگەڵ ڕەخنە بەجێیەکاندا تێکەڵ بوبون، یاسایەکی بۆ خۆی دانا کە دواتر بو بەدروشمێکی جیهانی و کەسانی سیاسی زۆرتر و زیاتر بەکاریان دەهێنا، بەجۆرێک ( وینستۆن چەرچڵ )ی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەسەر لەوحەیەک لەنوسینگەکەیدا هەڵی واسی بو، کە تیایدا نوسراوە ( ئەوپەڕی هەوڵ و کۆششم بەکار دەهێنم، جا ئەگەر ئەنجامەکەی باش کەوتەوە، ئیدی گوێ نادەم بەوەی لەدژم دەگوترێت. ئەگەر ئەنجامەکانیش هەڵەبوون، ئەوا ئەگەر فریشتەکانیش سوێند بخۆن کە کارێکی ڕاستم کردبوو، هەر هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێت ).
ئەمیر مام والی

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌