فۆبیای پارتی گردبونەوەی خەڵک و ڕەخنەگرتن لە ماڵباتە
وتار/
19/05/2020
595 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
فۆبیای پارتی
گردبونەوەی خەڵک و ڕەخنەگرتن لە ماڵباتە
عەلی قەڵادزەیی
یەکێک لە خەسڵەتە هاوبەشەکانی دەسەڵاتە گەندەڵ و دیکتاتۆرەکانی دونیا بریتیە لە ترسانیان تاکو ڕادەی (فۆبیا) لە گردبونەوە و هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ناڕازی لە وڵاتەکانیان ، چونکە ئەم دەسەڵاتانە ویستویانە بە زۆر باوەڕ بەدەرونی خۆیان و دۆست و نەیارە دەرەکیەکانیان بکەن کە بەڵێ سەرجەم کۆمەڵگە لێیان ڕازییە و وەکو مێگەل دوایان کەوتووە ، ئەی ئەوە نیە لەهەڵبژاردنەکاندا سەرۆک ٩٩.٩٩٪
ی دەنگی خەڵک بۆ خۆی مسۆگەر دەکات و ساڵ دوای ساڵیش ئەم کێرڤی لەگەڵبونەی خەڵک بۆ خۆیی و حزبەکە بەرزتر دەبێتەوە ، بەڵام بەپێچەوانەوە کاتێک خەڵکانێک لەبەرامبەر ئەوان گردبونەوە دەکەن و دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای نان و ئازادی و چاکسازی بە ئاشکرا و بەدەنگی بەرز دەکەن ، ئەوکات سەر لەبەری دونیای ڕەفاهیەتی ئەم حوکمڕانانە دەبێتە لەرزو تاو فۆبیا
، چونکە هەر چرکەیەکی گردبونەوەکان بەدرۆخەرەوەی ئەو جیهانبینیە ساختەیە کە بە زۆر لە هزریان کێشاویانە و دەرونیشیان پێ ئەرامکردۆتەوە کەگوایە سەرۆکیان سەرۆکی قائید و حزبیان حزبی قائیدی بێ ڕکابەرە ، وە هەر هەنگاوێکی چونە ناو گردبونەکان بەلای ئەمانەوە بریتیە لە پڕۆژەیەک بۆ ڕاستەوخۆ لێدان لەم وێنایەی کەئەم جۆرە دەسەڵاتدارانە لە هەڵبژاردنەکاندا بە ترس و تۆقاندن و تەزویرچێتی بۆ دەنگەکانی سەرۆک و کورسیەکانی پەڕلەمانی خۆیان کێشاویانە .
پارتی دیموکڕات یەکێکە لەو حزبە قائیدانەی کەزۆر کەیفی بەگەمەی دیکتاتۆرەکان دێت و ساڵانێکیشە لەسایەی حوکمی ئەم حزبەدا لێشاوێک لە دزی و تاڵانی و پیسخۆری کوردستانی داپۆشیوە ، ئەم حزبە لە مێژوی حوکمڕانێتی خۆیدا سەلماندویەتی کە چارەی (ڕەخنەگرتن لە ماڵبات و گردبونەوە و خۆپیشاندانی) خەڵکی ناڕازی ناوێت لە تخوبی قەڵەمڕەوی خۆیدا ، حەز دەکات گردبونەوە هەر نەبێ بەڵام لە حاڵێکدا کە دەشبێت شەیدای ئەوەیە کە گردبونەوەی ناڕەزایەتی نەبێت بەڵکو گردبونەوەی هۆڕنلێدان و پیاهەڵدان بێت بەشان و باڵی خۆیاندا .
لای پارتی پرسی ڕەخنە گرتن لە ماڵبات ساڵانێکە پرسێکی تابۆکراوە و ئەوەیان تەواو بڕاوەتەوە ، وە هەر کەسێک جورئەتی ئەوەی کردبێ ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەم تابۆیە بشکێنێت ئەوە ڕوبەڕوی ترس و تۆقاندن و هەندێ جار تیرۆرکردنیش بۆتەوە ، (سەردەشت عوسمان و سۆران عومەر) دوو قوربانی ئەم مەیدانەن و بە هۆی شکاندنی ئەو تابۆیەوە سەردەشت ڕوبەڕوی تیرۆرکردن و سۆرانیش ڕوبەڕوی لە پەڕلەمان وەدەرنان و لێسەندنەوەی حەصانەی پەڕلەمانی بۆوە .
پارتی تاکو ڕادەی فۆبیای سیاسی لە گردبونەوەی خەڵک لە ناو ماڵی خۆیدا دەترسێت ، بۆ ئەوەی ئەم فۆبیایە نەبێت هەمیشە هەوڵی داوە کە قەیدێک لەبەردەمی گردبونەوەکان دابنێ بە پێنەدانی مۆڵەتی یاسایی بە بیانویەکەوە ، وە لە چرکەساتەکانی ئەنجامدانیشی مامۆستایان و توێژەکان زۆر بە توندی ڕوبەڕوی ڕفاندن و گرتن و شەق لێوەشاندن بونەتەوە ، بەڵام لە کۆتایدا فۆبیای پارتی لە گربونەوەکان ڕەوشێکی تەندروستی وەهای دروستکردوە بەجۆرێک کە ئەگەر هەر نەیتوانی ڕێگە لە خەڵکی برسی و گیرفان بەتاڵ بگرێت کە نەڕژێنە سەر شەقام و ناو پاڕکەکان ، سەرئەنجام ئەم فۆبیایە دەبێتە دەلاقەیەکی ئەرێو مڕومۆنی و بێمنەتیەکەی پارتی لە ناڕەزایەتیەکان دەشکێنێت ، هەموان بیرمانە لە ڕۆژگاری نیوەموچەدا کاتێک مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین دوو ساڵ بایکۆتی دەوامیان کردو و چونە سەر شەقام و هوتافکێشانیان وەکو ژەمێکی نانخواردن لێکردبو ، کەچی لەبەرامبەردا پارتی لۆکەی خستبوە گوێکانیەوە و هیچی نەدەبیست چونکە (ئاگرە سورە لە خۆم دورە بوو) ، بەڵام ئەو ڕۆژەی ئاگرەکە نزیک کەوتەوە و مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ماوەی (٣) ڕۆژ لەسەر یەک گردبونەوە لە شاری هەولێر ، سەرئەنجام ڕاستەوخۆ حکومەت گوێکانی کردەوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سیستمی نیوەموچەیدا ، ئەمجارەش لە ڕۆژی شەممە تەنیا گردبونەوەیەکی چەند کاتژمێری مامۆستایانی دهۆک توانی ببێ بە شۆڕشێکی گەورە و بەهۆیەوە دوای دوو مانگ حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بڕیاری پێشخستن و دابەشکردنی موچەی مامۆستایانی دا.
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021