سۆران عومەر لە بەردەم سەلماندنی ڕاستی قسەکانی و فەراغی سەروەری یاسا
وتار/
10/05/2020
829 جار بینراوە
عەلی قەڵادزەیی
سۆران عومەر لە بەردەم سەلماندنی ڕاستی قسەکانی و فەراغی سەروەری یاسا
عەلی قەڵادزەیی
ڕۆژانێکە لە ژمارەیەک میدیا و ڕاگەیاندنەوە ئاشنای بیروبۆچونی ژمارەیەک پەرلەمانتار و ڕاگەیاندنکاری حزبی دەبین کە قسەکانی هەموانیان لە یەک دەستەواژەدا دەخولێتەوە و دەڵێن : ( گەر سۆران عومەر بەڵگەی سەلمێنەری لایە بۆ ڕاستی قسەکانی لە دادگادا لەسەر تۆمارکردنی سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەت ئەم پەلە قاژەی لە پای چی ؟ ).
بەڵگە نەویستە کە پەنا بردن بۆ یاسا و تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگاکاندا بەمەبەستی یەکلایی کردنەوەی دۆسێکان و دیاریکردنی ڕاستی و ناڕاستی لە یەکتری بەهەموو پێودانگەکان پڕۆسەیەکی مەدەنی و دیموکڕاتیزەکراوە و لە هەموو خیارەکانی تر ئەهوەنترە لە دونیای ئەمڕۆمان ، بەڵام بێگومان ئەم هەنگاوەش بە گوڵ نەچێنراوە و گرفتی خۆی هەیە ، ئەوکات گرفتەکە نامێنێ کە مەرجی یاسا سەروەرێتی لەم وڵاتە بوونی هەبێت و هەژمونی حزب و حکومەت بەسەر دامەزراوە یاسایی و دادوەریەکانەوە بەتەواوی وشک بوبێت ، واتا بە مەرجی جێبەجێکردنی ئەو تێزەی (مۆنتیسکیۆ) کە مەرجی دیموکراتی بونی وڵاتێکیشە و ناواخنی بریتیە لە جەختکردنەوە لەسەر لەیەک جیاکردنەوە و سەربەخۆیی هەرسێ دەسەڵاتەکە ( یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ) لە بەرامبەر یەکتری .
بەیاننامەکەی کۆمەڵی ئیسلامی و پەلە قاژەکەی سۆران عومەر (وەک پارتیەکان دەڵێن ) پەلە قاژەیەک نیە لەسەر مەبنای نەبونی بەڵگەو ناڕاستی قسەکانی سەرچاوەی گرتبێ ، سۆران عومەر بەو پێیەی لە دەلاقەی جیهانی ڕۆشنبیریەوە داخڵی ناو دونیای سیاسەت و کاری پەرلەمانتاری بووە ، هەر بۆیە ئەم پیاوە باش لە ئەلیف و بێی یاساکانی نوسین و قسەکردن و سنورەکانی تەشهیرکردن دەزانێت و کاری پەرلەمانتاریش ئەزمونێکی زۆرتری پێدا ، بەحوکمی ئەوەی ئەم پیاوە هەمیشە پیاوێکی ئازا و ئازاد بووە و دەستی خستۆتە سەر برینەکان لە ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەماندا هەر بۆیە بەشێکی موی سەری لە هاتن و چونی بەردەم دادگاندا سپی کردوە بە هۆی سکاڵاکانی نوخبەی دەسەڵاتدارەوە ، بۆیە ئەم پیاوە کاتێک قسە دەکات و ڕەخنە دەگرێت خۆی باش دەزانێت چی دەڵێت و باشیش ئەو حەقیقەتە فێربوە کە نوخبەی فەرمانڕەوا لەم مەملەکەتەدا بە جۆرێک گرێی دەرونیان بەرامبەری بۆ دروست بووە کە چاودێری ئەو کۆکەیەش لەوانەیە بکەن کە لە دەمیەوە دەردەچێت ، بە بیانوی ئەوەی نەوەک ئاوێتەی کۆرۆنا ڤایرۆس بوبێت .
هەمیشە باوەڕم بەو ڕاستیە هەیە کە سۆران عومەر پیاوێکی بوێر و حەق بێژە و ترسی نیە بەرامبەر ستەمکاران و پیسخۆر و مافیاکانی نەوت ، بۆیە پەلە قاژەی ئەو گەر ئەم قسەیە ڕاست بێت ئەوا پەلە قاژە نیە لە ترس لە ناڕاستی قسەکانی ، بەڵکو پەلە قاژەی ئەو گەر هەبێت ئەوا پەلە قاژەیە لە دەست دۆخی خراپی یاسا و دادگاکان لەمڕۆ کوردستان ، چونکە حزبی کوردی بە جۆرێک ئاوێتەی کۆمەڵگە بووە کە بۆتە خوێ و چۆتە ناو چێشتی هەموو ماڵێکەوە ، ئەم واقعە خوێینەش وایکردوە هەر دۆسیەیەک خاوەنی جانبێکی سیاسی بێت و لە لایەن یەکێک لە نوخبە سیاسیەکانی حزبی باڵادەستەوە لێرە و لەوێ لەسە یەکێک تۆمار کرابێت ، ئەوا دەرەنجامەکەی دیارە و هیچ کەسێک ناتوانێ ئەوکات حەقیقەتی قسەکانی بسەلمێنێ ، بۆیە سۆران عومەر لەم سۆنگەوەیە کە نایەوێت بچێتە جەنگێکەوە کە وەک جارەکانی تر ئەوسەری لێوە دیارە .
نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی
-
عەلی قەڵادزەیی
17/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
05/09/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
29/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
22/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
16/08/2021
-
عەلی قەڵادزەیی
07/08/2021