جیهان لەدوای پەتای كۆرۆنا بەرەو كوێ‌ ؟

وتار/ 17/04/2020 533 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

جیهان لەدوای پەتای كۆرۆنا بەرەو كوێ‌ ؟

نەوزادی موهەندیس
•     پەتای كۆرۆنا مێژووی جیهانی كردە دوو قۆناغی زۆر لێك جیاواز لە سەدەی بیست و یەكدا و بوە هۆكار بۆ ئەوەی ئیدی هەموان سەیری جیهان بكەن لە پێش كۆرۆنا و لەدوای كۆرۆناوە وەك خاڵێك و وێسگەیەكی جیاكەرەوە. زۆرێكیش لەسەر ئەو ڕاستیە كۆكن كە نابێت جیهانی پێش كۆرۆنا هەروەكو خۆی بمێنێتەوە و بەهەمان دید و تێڕوانین و پلان و پێوانە و تێگەیشتن بۆ ڕووداوەكان و ململانێكان و چارەسەریەكان و كارەسات و هەڕەشەكان و قەیرانەكان بڕوانن.چونكە كۆرۆنا هەندێك ڕاستی تاڵی وەبیر تەواوی مرۆڤایەتی هێنایەوە لە زلهێزەكانەوە تا هەژار و كەمدەرامەتەكان لە كەسایەتی و حكومەكەان و كۆمپانیاكان و ..هتد. كە تەنها ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و قەیرانەكان ئەركی سەرەكی هەر وڵاتێك یان تەنها سەركردەیەك نیە،بەڵكو ئەركی هەموانە و هەموو جیهان پێكەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە و هەربۆیەش دەبێت هەموانیش پێكەوە بەرگری بكەن و هەوڵی زاڵبون بەسەریدا بدەن،ئەمە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە تەنها ڕاگرتن و كۆنتڕۆڵكردنی ئەم پەتایە بەس نیە،بەڵكو دەبێت بەهەمان هێز و توانا و پێكەوەییەوە كار بكەن بۆ بنەبڕكردنی ئاسەوارە خراپەكانی و ڕێگەگرتن لە زیاتر قوڵبونەوە و شۆڕبونەوەی بۆ ناو تەواوی ئۆرگان و جومگەكان ژیانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و تەندروستی و ..هتد.
•     كۆڕۆنا بۆ خۆشی بریتیە لە ڕووداوێك لەو زنجیرە دوورودرێژەی ڕووداوەكان كە بەسەر مرۆڤایەتیدا دێن و نەیەكەم ڕووداو دەبێت و نە دواهەمیش دەبێت،بەڵكو ڕەنگە لەدوای كۆرۆناش جۆرەها ڕووداو و پەتا و ناخۆشی و نەخۆشی و قەیرانی تر بێنە پێشەوە كە لەئێستادا لە خەیاڵدانی هیچ كەسێكماندا نەبێت.كە پێویستە مرۆڤایەتی بۆ هەموو ئەگەرەكان خۆی ئامادە بكات و پلانی زانستی و واقعی هەبێت،نەك وەك كۆرۆنا كە هیچ وڵاتێك لە زلهێزەكانەوە تا هەژارەكان هیچیان نەپلان و نە خۆئامادەكردنیان هەبوو  هەربۆیە زۆرترین ژمارە توشبون و كەرتی تەندروستی و ئابوری و كۆمەڵایەتی هەندێك وڵات هێندە كاریگەربوە كە شڵەشاژنی تەواوی پێوە دیارە و حكومەتەكان دەستەوستان ماونەتەوە.
•     هۆكاری زاڵنەبوون بەسەر كۆرۆنادا وەكو پەتاكانی تر ،بریتیە لە توندبونەوەی ململانێ نێودەوڵەتیەكان لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە نەبونی هەمئاهەنگی و كاری پێكەوەیی لە نێوان وڵاتاندا  ئەمەش بریتیە لە ڕەنگدانەوەی بێ‌ سەركردایەتیەكی بەهێزی خاوەن بڕیار لە جیهاندا, كە هەرچەندە ئەمریكا تاكە زلهێزی دونیایە بەڵام لەهەموان دەستەوستان تر دەركەوت لەم قەیرانەدا.هەربۆیە ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كاری پێكەوەیی گەرەكە و هیچ وڵاتێك بەتەنها ناتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات چونكە ئەم پەتایە نە سنورەكان و نە نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان ناناسێت و هەموانی تێپەڕكردوە و ئاشتی تەواوی جیهانی خستۆتە بەر مەترسیەوە.چونكە بەداخەوە هەر وڵاتە و بەتەنها لەخەمی خۆیدایە و دەڵێت ((من)) و ناڵێت ((ئێمە))كە ئەمە بنەچەی كارەساتەكەیە.بۆیە دەبێت هەموان هەوڵ بۆ پاراستنی تاك بەتاكی مرۆڤایەتی بدەن لەهەر جێگەیەك بێت چونكە پاراستنی تاكێك پاراستنی هەموو جیهانە.جاكاتێك زلهێزێكی وەك ئەمریكا یان چین یان ئەوانی تر تووشی ئەم پەتایە دەبن نابێت ئەوانی تر لەدوورەوە سەیر بكەن و بەجێیبێڵن بۆ چارەنوسی خۆی،چونكە شكستهێنانی زلهێزەكان شكستهێنانی ئەوانی تریشە.ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە لەم قۆناغەدا سیستەمێكی جیهانی باوەڕپێكراو نیە،ئەوەتا تائێستا نەتەوە یەكگرتوەكان كۆنەبۆتەوە بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی ئەم پەتایە كە ئەركی سەرەكی بریتیە لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی و جیهان.
•     كۆڕۆنا لەگەلێك بواردا كاریگەری خراپی بەجێهێشتوە ،هەر لە بواری ئابوری و كۆمەڵایەتی و تەندروستی و و سیاسی و..هد.لەبواری ئابوریدا بۆنمونە تەنها لە ئەمریكادا 25 ملیۆن كەس بێكار بوون و بودجەی ساڵانەی ئەمریكا توشی كورتهێنان هاتوە بەبڕی 1 تریلیۆن دۆلار و ئابوری لێكهەڵوەشاندوە و بۆتە هۆی زیادبوونی قەرزی دەرەكی و زیادبونی كورتهێنانی بودجە و دەیان گرفتی تر. جائەمە بەسەر ئەمریكادا هاتبێت ئەوا بۆ ئەوانیتر زۆر خراپتر بوە كە لە بنەچەدا ئابوریەكانیان لاوازە یان تاك سەرچاوەیە.لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە بە ملیۆنان منداڵانی بێ‌ بەخێوكەر هێشتۆتەوە كە ئەمانە بۆ ئایندە دەبنە بارگرانیەكی زۆر بەسەر حكومەتەكانیانەوە. لەڕووی تەندروستیشەوە ئەوەتا تا ئێستا زیاد لە 2ملیۆن كەس توشبوە و زیاتر لە 100هەزار كەسیش مردوون.لەڕووی سیاسیەوە،ڕەنگە جیهان وەكو خۆی نەمێنێتەوە و جیهانی سەرمایەداری مایەپووچ و تووشی شكست و داڕمان ببێتەوە و بەرەو كۆتایی تەمەن و دەسەڵات و هەژموونی بچێت،بەهۆی زیادبون و گەورەبوونی هەژموونی چینی سۆسیالیستی كە بەڕاستی بۆتە مۆتەكە و مەترسی بۆ سەر دونیای سەرمایەداری كەئەمەش ڕێگە خۆش دەكات بۆ هێنانە ئارای سیستەمێكی نوێی جیهانی دوور لە تاك جەمسەری ئەمریكا و ڕەنگە چەندین جەمسەری بەهێزی تر سەرهەڵبدەن و ئەمەش وادەكات دونیای دوای كۆرۆنا زۆر جیاواز بێت لە پێش كۆرۆنا.بەدووریش نازانرێت ئەم پەتایەش جۆرە جەنگێكی بایۆلۆژیش بێت لەنێوان ئەمریكا و چیندا لەچوارچێوەی ململانێ‌ سیاسی و ئابوری و تەكنەلۆیەكانیاندا بۆ دەستبەسەراگرتنی ڕابەرایەتیكردنی جیهان.
•     بۆیە جیهانی دوای كۆرۆنا ڕووبەڕووی گەلێك كێشەی تر دەبێتەوە لەوانە:
•     برسێتی و هەژاری  ئەو خێزان و منداڵانەی كە بەخێوكەریان نەماوە.
•     ڕاوەستان و گەشەنەكردنی ئابوری جیهانی  كە ڕەنگە لە وەستانی ئابوریی گەورەی ساڵی 1992 خراپتر بێت.
•     گرانبوونی نرخی كەلوپەل و كاڵاكان.
•     هەڵئاوسان و مایەپووچبوونی گەلێك لە كۆمپانیا و كارتێلە ئابوریەكان.
•     ناجێگری لە دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی جیهاندا دروست دەكات.
•     سەرهەڵدانی جەنگە جیاوازەكان بەهۆی بێكاری و برسێتی و گەشەنەكردنی ئابوریەوە.
•     بۆیە دەكرێت لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایەدا  بپرسرێت كە : كێ‌ بەرپرسە لە بڵاوبونەوەی ئەم پەتایە؟ كێ‌ ڕێگر بوو لە دژایەتیكردنیشی ؟ كێ‌ بەرپرسە لە مردنی ئەو ژمارە زۆرەی توشبوان و مردوان ؟
•     بۆیە بەهەق دەبێت هەموو هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی گیانی مرۆڤەكان بێت كە بەنرخترین بونەوەرە لەسەر ڕووی زەوی چونكە دەركەوت نە سەروەت و نە سامان و نە دەسەڵات نەیانتوانی ڕووبەڕووی ئەم پەتا نەگریس و كوشندەیە ببنەوە، ئەركی هەموانە كە لە ئێستاوە لەخەمی چارەسەركردنی كاریگەرییە خراپەكانی كۆرۆنادا بن.لەهەمووشی گرنگتر دەرخستنی ڕاستەیكان و نەشاردنەوەیەتی چونكە تەنها بە دەرخستن و ئاشكراكردنی ڕاستەیەكان زووتر دەگەنە چارەسەرەكان،بەشاردنەوەشی كارەسات و ماڵوێرانی زیاتر بۆ مرۆڤایەتی دێننە كایەوە.زۆر دوور نیە ئەو كەسانەی كە بەم پەتایە مردوون حاڵیان باشتر بێت لەو كەسانەی كە دوا كۆرۆنا ماونەتەوە لەبەر هەموو كێشە و گرفتانەی كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەدوای قۆناغی كۆرۆناوە.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌