كورد لە كوێی ڕووداوەكانی ناوچەكە و دونیاشدایە؟
وتار/
04/04/2020
550 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
كورد لە كوێی
ڕووداوەكانی ناوچەكە و دونیاشدایە؟
نەوزادی موهەندیس
• ئاشكرایە
هەڵكەوتەی كوردستان لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان ئاسیای نزیك لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە
كە بۆخۆی ناوچەیەكی گرنگی جیۆپۆلەتیكیە (( بەواتای كاریگەری جوگرافیا بەسەر
سیاسەتەوە لە ڕووی بوونی وشكانی و دەریا و بەرزایی و ژێر زەوی و سامانە سروشتی و
پێگەكەیەوە)) بلەبەرامبەریشدا چۆن سیاسەت
سوود لەو هەڵكەوتە و پێكهاتانە وەردەگرێت بۆ ئایندە و بەپێی زۆرێك لە گریمانە و پێشهاتەكان و بیردۆزە و بیرمەندەكانی
ئەو بوارە ئەم ناوچەیە دەكەوێتەی ناوچەی(( دڵی زەوی HEART LAND )) نەك ((كەناری زەوی REAM LAND))
كە بۆخۆی بەپێی بیروبۆچونە جیۆپۆلەتیكیەكان هەمیشە ناوچەی دڵی زەوی گرنگ و
كاریگەرە و دەتوانێت كۆنتڕۆڵی ناوچە كەناریەكان بكات و هەشە بە پێچەوانەوە دەڵێت
هەركات كەنارەكان كۆنتڕۆڵكران ئەوا بە ئاسانی دەتوانرێت دڵەكەش كۆنتڕۆڵ بكرێت. جا
ئەم بیروبۆچونە لەلای هەر وڵاتێك دەگۆڕێت لەقۆناغ وسەردەم و
دەسەڵاتەكانیاندا،لەسەردەمی كۆندا ناوچەی
دڵی زەوی لە پێشدا لە میسۆپۆتامیا لە سۆمەر و دواتر لە میسری فیرعەونیەكان و دواتر بۆ ئیغریقو یۆنان و دواتر بۆلای فارس و
ئینجا بەغدادی عەباسیەكان و دواتر قاهیرەی فاتمیەكان و دواتریش ئاستانبوڵی
عوسمانیەكان و دواتریش ئەوروپا ولەلای هیتلەریش ئەڵمانیای بەدڵی زەوی ناودەبرد و
لە ئێستاشدا ئەمریكا خۆی بەدڵی زەوی ناودەبات و ڕەنگە لەداهاتووشدا چین ببێتە
ناوچەی دڵی زەوی و ئیتر ئاوها گۆڕانكاریەكان بەردەوام دەبن بەپێی كات و هێز و
دەسەڵاتەكان و هۆكارەكان ،لەكۆندا هۆكارە كەشوهەواییەكان و دواتر كوتلە گەورە
دانیشتوانەكان لە وشكانی و دواتریش ئابوری و لە ئێستاشدا تەكنەلۆجیا و زانیاریەكان
بونەتە بنەما بۆ بەهێزی پێگە و نفوز.بەڵام ئەوەی هەموان لەسەری كۆكن بریتیە لەوەی
كە ناوچەی ئۆڕاسیا ((ئاسیا و ئەوروپا)) زۆر گەنگە و دەوترێت ((ئەو هێزەی ئۆراسیا
كۆنتڕۆڵ بكات وەكو ئەوە وایە هەموو دونیای كۆنتڕۆڵ كردبێت)).
• كە گەر
بازنەی ناوچەی ((ئۆراسیا)) فراوانتر لێیبڕوانرێت ئەوا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
یان نزیكیش دەگرێتەوە كە كوردستان بەهەر چوار بەشەكەیەوە دەكەوێتە چەقی ئەو
ناوچەیە و هەر ئەمەش وایكردوە كە هەر لەكۆنەوە تاكو ئێستا لەلایەن زلهێزە
باڵادەستەكانی دونیاوە لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە لێیبڕوانرێت و لە هەموو گەمە
سیاسی و بەرژەوەندیە ئابوریەكان و مەترسی و گرنگیە ئەمنی و سەربازیەكاندا جێگە و
ڕۆڵی پێبدەن و حسابی ووردیشی لەسەر بكەن،لە ڕووی هێزی مرۆیی 50 ملیۆن كەسی و توانا
گەورە ئابوریەكەی لە نەوت و گازی سروشتی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ..هتد و هێزە
گەورە و بوێر و ئازاو چاونەترسە سەربازیەكەی و هەڵكەوتە جیۆسیاسی و ئابوری و
ئەمنیەكشی لەچەقی دڵی زەویدا كە بەهەموو پێوانەكان هەم مەترسیە بۆسەر هەموان و
هەمیش گەر بویسترێت دەبێتە فاكتەری سەقامگیری ناوچەیی و دونیایی و دەتوانرێت هەموان
سوودی لێببینن.
• بەم
شێوەیە كوردستان و كورد هەر لە سەرەتای مێژووە ڕۆڵ و پنتێكی كاریگەری هەبوە لە ناو
كۆڕو كۆبونەوە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی دونیادا،بەڵام بەداخەوە لەلایەن
دەسەڵاتدارانی كورد خۆیانەوە نەیانتوانیوە بە باشی زەمان و زەمینەی گونجاو
هەڵببژێرن بۆ خەبات و چۆنێتی كاركردن و بەشداریكردن لە گەمە نێودەوڵەتیەكاندا و
چۆنێتی خۆ گونجاندن و تێكەڵاوبونیان بە نەخشە و پلانەكانی زلهێزە ناوچەیی و
دونیاییەكان،جا هۆكارەكان چەندی دەرەكی بووبن وەكو ئەوەی كە كورد بە ئێستاشەوە
نەبۆتە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆی و لە كاراكتەرێكی هەرێمی نافەرمیەوە نەبۆتە
هێزێكی فەرمی كە متمانە و پشتی پێببەسرێت و وەك هێزێكی كاریگەر حساباتی لەسەر
بكرێت،ئەوەندەش هۆكارە ناوخۆییەكان ڕۆڵیان هەبوە لە كەمكردن و بچوكردنەوەی كورد و
ڕۆڵ و پێگەكەی لە ناوچەكە و دونیاداـ بەپلەی یەكەمیش گەندەڵی و ململانێ
ناوخۆییەكان و خۆخۆری و هەڵكەوتەی كەسانی وەكو مەلای ئیدریسی بەتلیسی و مەلای خەتێ
وحەسەن خەیری و دەیان و سەدان نمونەی قێزەونی هەڵخەڵەتاو و فریودراوەكان بە درۆ و فیشاڵ و دەسكەوتە
مادیە كەمەكانی دوژمنان كە لەئێستاشدا بونیان هەیە و كەمیش نین لەناوخۆدا.
• بۆیە
كورد بۆخۆی لەیەك كاتدا هۆكاری سەرەكیە بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن و بەهێزبونیشی و
بەهەمان شێوەش هۆكاری شكست و نەهامەتی و دواكەوتنی خۆشێتی،جا بەمەبەست و پلان و
بەفیتی دوژمنان بوبێت یان سیاسەتە نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیە ئابوریەكانی زلهێزە
ناوچەیی و دونیاییەكان ڕێگەیان لێگرتبێت.بۆیە كورد ئەركێتی لە ئێستاوە و بۆ
ئایندەش كە كاری جدی بكات لەسەر توندتۆڵكردنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و
ئەمنیەكانی خۆی لەسەر ئاستی دوو بازنەی گرنگ:
• بازنەی
یەكەم ،بازنەی ناوچەییە و دەكرێت لەدەرەوەی وڵاتانی سەردەستی كوردستان بێت لە
ئێران و عێراق و توركیا و سوریا،بەڵكو كورد دەبێت هەوڵبدات كە لەدەرەوەی ئەم 4
وڵاتە پەیوەندیەكانی بەهێز و تۆكمەتر بكات بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەوڵەمەند بەنەوت و گازی سروشتی لەلایەك
و لەلایەكی تریشەوە هاوپەیمانی هەمیشەیی ئەمریكان و بەنهێنیش دۆستی
ئیسڕائیلن.هەروەها لەگەڵ وڵاتانی وەكو میسر و..هتد و هەموو هێزە كاریگەر و دیموكراسیخوازەكانی ئەو
وڵاتانەدا.
• بازنەی
دووەمیش،بازنەی نێودەوڵەتییە، گرنكە كە كورد بۆ نیوسەدەی تریش هاوپەیمانی و دۆستایەتی ئەمریكا بەتایبەتی لەدەست
نەدات و ئەوروپیەكانیش لەخۆی نزیك بكاتەوە و نابێت ڕوسیاش لە بیر بكات.بەڵام بۆ نیوسەدەی تریش ماوەیەكی باشە بۆ ئەوەی
زیاتر لە هەردوو زلهێزی دونیای ئایندە نزیك بێتەوە كەئەوانیش هندستان و چینن و
بەتایبەتیش چین كە لە ئێستاوە سەرەتاتكێ دەكات بۆ جێگرتنەوەی پێگەی ژمارەی یەك و
سەركردایەتی هەموو دونیاو جێگەی بە ئەمریكای زلهێزی دونیا لەقكردوە و مەترسی
ڕاستەقینەی لەسەر بەرژەوەندیەكانی دروست كردوە.
• لێرەدا
مەبەستمان لە كورد،بریتیە لەسەركردایەتیەكی حوكمڕانی كورد و هەموو دۆستایەتی و
پەیوەندیەكان لەسەر بنەمای حوكمڕانی و
دەسەڵاتی كوردی بێت نەك پەیوەندیە نهێنی و بچوك و بەرژەوەندخوازیەكانی حیزبی،بۆیە
كورد گەرەكی بێت یان نا، بەشێكی دانەبڕاوە لەسیاسەتی ناوچەیی و دونیایی ئەم
سەردەمە لەلایەك بەهۆی هەڵكەوتە جیۆپۆلەتیكیەكەوە و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی
دەوڵەمەنیەوەی بە نەوت و گازی سروشتیەوە كە دوو سەرچاوەی گرنگی وزەی دونیان و
بەگەڕخەر و بزوێنەی ماكاینەی پیشەسازی زلهێزەكانیشن..بەهیوای ئەوەی كورد لە
ئێستاوە بەباشی و زیرەكانەتر لە ڕابووردوو هاوكێشە و گۆڕانكاریەكان لە هێز و نفوزی
زلهێزەكاندا بخوێنێتەوە و پلانی زانستی و واقعیشی هەبێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵیاندا
،بەڵكو ئومێد و هیوا و خەونەكانی كورد لەم
سەدەیەدا سەدەی بیست و یەكەم بێنە دی لە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی كەخەونی سەدان ساڵەی هەموو
كوردێكە.كە بە ملیۆنان كوردیش لە پێناو وەدیهێنانی ئەو خەونەدا جەنگاون ،بەڵام بە
نائومێدی سەریان ناوەتەوە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021