كۆرۆنا چی فێركردین ؟

وتار/ 01/04/2020 570 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

كۆرۆنا چی فێركردین ؟

نەوزادی موهەندیس
•     كۆڕۆنا سەرەڕای مەترسی و زیان و كوشندەییەكەی كە سەرتاسەری جیهانی گرتۆتەوە و تاڕادەیەكیش مرۆڤایەتی خستۆتە بەردەم مەترسیەكی گەورە و هەموانیش  ترس و دڵەڕاوكێ دایگرتوون و ماوەی 3 مانگە نەتوانراوە بەو هەموو پێشكەوتن و داهێنان و زانست و بیرمەند و زانا و لێكۆڵەرەوانەی دونیاوە بتوانن دژە ڤاكسینێك بدۆزنەوە و هەمووان ڕزگاربكەن لە مۆتەكەیەكی ڕەزا گرانی تۆقێنەر.بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ترس و تۆقاندنەشدا كرۆناش وەكو زۆرێك لە دیاردە زیانبەخشەكانی تریش گەلێك سوود و قازانجی هەبوە و كۆمەڵگەلێك وانە و پەندی فێری هەموو مرۆڤایەتی كرد بە دەسەڵات و بێدەسەڵاتەكانەوە بە دەوڵەمەند و هەژارەكانەوە بە دیكتاتۆر و دیموكراسیخوازەكانەوە بە ئەوپەری چەپ و ڕادیكاڵ و عیلمانی و نەتەوەییەوە بۆ ئەوپەڕی ڕاستەڕەو و دەمارگیر و كۆنەپارێزەكان بەتێپەڕ بوون بە میانڕەو و ئیسلامی و لیبڕاڵ و ژینگە دۆست و سەوزەكانی دونیاوە،كە بریتین لە:
•     فێریكردین، دەبێت هەموو مرۆڤایەتی یەك و یەكگرتوو بن لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەكیەكانی دەرەوەی گۆی زەوی و  بەرامبەر هەر پەتایەكی جیهانگیری وەكو كۆرۆنا و وەكو دیاردەی تیرۆری جیهانی و وەكو دەمارگیری و توندڕەوی بزوتنەوە شەڕانگێزە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكان لەهەر كوێی دونیادا بن.
•     فێریكردین ،كە چارەنوسی مرۆڤایەتی هەموو پێكەوە كۆتوبەندە و لەبەرامبەر هەڕەشەیەكی وەكو كۆرۆنادا هەمووان یەك چارەنوسیان هەیە،یان ئەوەتا هەركەسە و لەدۆڵێكدا و بێ یارمەتی ئەویتر خۆی بپارێزێت كە ناتوانێت لەم سەردەمەی بەجیهانیبونەدا ،یانیش دەبێت هەموان پێكەوە و لەیەك سەنگەردا ڕووبەڕووی ببنەوە.
•     كۆڕنا  ناچاریكردین فێرببینەوە ،كە كە هەموو تاك و خێزانەكان دەستلەملانی یەكدی بكەنەوە و بۆماوەیەكی باش لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوە و هاوسەرەكانی خستەوە نێو باوەشی یەكترو ڕێژەی لادانی ئەخلاقی و ناپاكی خێزانی و تاوانەكانی تریشی كەمكردۆتەوە  و هەمووانی تێگەیاند تەنها بە كۆمەك و هاوكاری و كاری پێكەوەیی دەتوانن ڕووبەڕووی هەر مەترسیەك ببنەوە،و خێزان گرنگ و پیرۆزە نەك تاكەكان بەتەنها.
•     كۆڕۆنا فێریكردین، نە دونیای سۆسیالیستی و ئایۆلۆژیا چەقبەستوەكەی و نە دونیای سەرمایەداری و ئایدۆلۆژیا هەلپەرست و بەرژەوەندخوازەكەی بەتەنها دەتوانن ڕووبەڕووی پەتایەك و مەترسیەكی جیهانی ببنەوە،بۆیە پێویست دەكات كاری دەستەجەمعی و  هاوكاری و تەبایی و ئاشتی جیهانی جێگەی ئایۆلۆژیا چەقبەستوو بێ‌ مۆڕالەَكانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بگرێتەوە.
•     كۆرنا فێریكردین، دەبێت مرۆڤایەتی كەمێك و بۆ ساتێك لە ساتەكانی مێژوو و  یان لەساتەوەختێكی غافڵگیری زەمەندا ،ستۆپێك بكات لەهەموو ئەو خۆخۆری و بەرژەوەندپەرستی و هەڵپەی پەیداكردنی سەروەت و سامانە دزراوانەی  لەڕێگەی گەندەڵی و نادادپەروەری و نایەكسانی و بێ یاسایی مرۆڤەكاندا پەیدایان كردوە ،و بەسەر كار و كردەوە و بیروباوەڕ و دید و تێڕوانینە مادی پەرستەكانی خۆیدا بچێتەوە و  بۆ ساتەوەختێكی كەمیش بێت بگەڕێتەوە بۆلای ویژدان و مرۆڤایەتی و تێبگات لەوەی كە چارەنوسە حەتمیەكەی مرۆڤ كۆتایی ژیان و مردن و فەنا چوونی ئەبەدیە.
•     فێری كردین ،كە دۆست و دوژمنی ڕاستەقینە كێن و لە چ ساتەوەختێكدا ڕووی ڕاستەقینەیان دەردەكەوێت،وەك ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیە و نادۆستانەیەی ئەوروپیەكان لەگەڵ ئیتالیادا كردیان ،ڕووی قێزەونی هەموو دونیای ڕۆژئاواو سەرمایەداری دەرخست كە چەندە هەلپەرست و خۆپەرستن و هیچ مانایەكی ڕاستەقینەیان لا نیە بۆ مرۆڤدۆستی و هاوكاری و یارمەتی گەر بەرژەوەندی و دەسكەوتێكی ئابوری گەورەیان دەست نەكەوێت،كە بەناو هاوپەیمانی سەدان ساڵەی یەكتر بوون و ئیتالیاش بۆخۆی چاكە و شانازی گەورەی مرۆڤانەی هەیە بەسەر هەموو دونیا و ئەوروپا و ئەمریكیەكانەوە لەڕووی سیاسی و ئابوری و داهێنانی زانستی و ئەدەب و هونەر و وێنەكیشان و  سەرهەڵدانی ڕەوتە ڕۆشنگەرایی و نوێگەراییەكان  و وەك مەڵبەندێكی گرنگی ئاینی مەسیحیەتی كاسۆلیكی لەدونیادا،بەڵام هەموو ئەو چاكەو شانازیانەی بەفریای نەكەوتن ،بەڵكو تەنها چینیەكان وەكو مرۆڤایەتی دەستی هاوكاریان بۆ درێژكردن.بۆیە گەرەكە هەموان پەند وەربگرین لەوەی كە تەنها بنەمای مرۆڤایەتی هاوپەیمان و برا و دۆستی ڕاستەقینەیە نەك بنەما مادی و ئابوریەكان.
•     فێری كردین،كە هیچ زوڵم و چەوسانەوەیەكی مرۆڤ بۆ برا مرۆڤەكەی تری تاسەر نابێت و نەدەسەڵات و نە سەروەت و سامان و تەنانەت نە زانست و زانیاریەكانیش تاسەر بڕ ناكەن و بەكەڵكی ژیان و ڕزگاركردنی مرۆڤەكان نایەن و لەگەڵ سروشت و دیاردە بەهێز و ترسناكانیدا وەك (( تسونامی و گڕكان و لافاو زریان و هەورە بروسكە و داڕمانی كێو و شاخ و زەوی و بەفرەكان و بڵاوبونەوەی پەتا نادیارەكان و بومەلەرزە و...هتد)) هیچیان پێناكرێت و تاكە چارەسەر تەنها تەبایی و پێكەوە ژیان و یەكسانی و دادپەروەریە لەنێوان مرۆڤەكاندا،ئەوەتا سەرۆكی گەورەترین وڵاتی دونیا  كە ئەمریكایە و بەهێزترینە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و زانستیەوە بێچارە ماوەتەوە و دەستەوستانە لەبەردەم هەڕەشەی سەربازێكی نادیار و جەنگاوەرێكی بچوك بەڵام  مەترسیداری كۆرۆنادا و هەموو ڕێوشوێنێكی ئابوری و پزیشكی و ئەمنی دەگرێتە بەر هێشتا نەیتوانیوە بگاتە چارەسەرێكی بنبڕ،جا ئەو سەرۆكە بەهێزە و منداڵێكی ڕەشپێستی بێ توانا و هەژار و برسی لە كیشوەری ئەفریقاشدا هەمان مەترسی ڕووبەڕوویان بۆتەوە و هەمان چارەنوسیش چاوەڕوانیان دەكات.
•     كۆڕۆنا،فێری كردین كە هیچ جێگەیەكی ئەمان و دوور لەمەترسی لەسەر ئەم گۆی زەویە گەورە و فراوانەدا نیە بۆ هیچ كەسێك،تەنها ماڵ و خێزان و پاكوخاوێنی و خۆپارێزی لەش و جەستەی مرۆڤەكان خۆیانە.
•     كۆرۆنا فیری كردین، كە دەوڵەمەندەكان دەبێت هەمیشە لە بیری هەژاراندا بن و لەكاتی تەنگانە و مەترسیەكاندا هاوكاری و یارمەتیدەریان بن،چونكە سەرمایەدارەكان دەبێت باش لەو ڕاستیە ئاسمانیە بگەن كە سەروەت و سامانی سەر گۆی زەوی پشكی هەموانی پێوەیە و تیادایە و ئەو سەرمایە و دەسەڵات و كۆمپانیا و كۆشك و تەلار و ڤێلا و ڕەز و باخەی كە پێكەوەت ناوە  بە ناڕەوایی و  گەندەڵی و چەوساندنەوەی برا مرۆڤەكەت،بەدڵنیایی بەشی هەژارانیشی پێوەیە،بۆیە لەخۆت بوغرا مەبە و خۆت بە زل و بەدەسەڵات مەزانە و ئاوڕێكی مرۆڤ دۆستانە لە مرۆڤەكانی برات بدەرەوە بەوپەڕی لەخۆبووردووی و خاكەڕاییەوە نەك بە لوت بەرزی و بەمنەتەوە.
•     كۆڕۆنا فێریكردین، كە چەندە مرۆڤەكان زیانبەخشن بۆ خۆیان و بۆ ژینگەكەشیان بەهۆی هەڵپەكردنی زۆریان بۆ باڵادەستبون و بەهێزبونیان بەسەر ئەوانی تردا،لەڕێگەی ململانێ‌ ناڕەواكانیانەوە لە بواری ئابوری و ئەمنی و پیشەسازیدا،كە هەموو ئەو كارانەی مرۆڤ بونەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی گۆی زەوی و كونبوونی بەرگە هەوا و بڵاوبونەوەی چەندین جۆری پەتا و نەخۆشی لەسەر زەویدا بەهۆی تیشكە زیانبەخشەكانەوە،بۆیە لەماوەی ئەم 3 مانگەدا كە هاتچۆكردن كەم بۆتەوە تاڕادەیەكی باش ڕێژەی گازە زیانبەخشەكان لەهەوادا كەمبنەتەوە و ئاوی دەریاو زەریاكان پاكبونەتەوە و پلەی گەرمی زەوی دابەزیوە و هەوای شارەگەوەركان پاكبونەتەوە بەهۆی كەمبونەوەی هۆكارەكانی گواستنەوە لە فڕۆكە و كەشتی و شەمەندۆفێر و ئۆتۆمبێل و وەستانی كارگەكانەوە.
•     بەم شێوەیە كۆڕۆناش وەك دیاردەی  قێزەونی تیرۆر و داعشیەكان چەندە زیانی هەبوو لەكوشتوكوشتار و تێكدانی ئاشتی و ئارامی ناوچەیی و جیهانی ،بەڵام زۆرێك لە وڵاتان و دەزگا جاسوسیەكان و حیزب و سەركردە و سەرمادارەكانیش سوودیان لەداعش و تیرۆریستەكان وەرگرت،كۆرناش بەهەمان شێوە لەگەڵ مەترسیەكانیشدا گەلێك پەند و چاكەی بۆ مرۆڤایەتی هێنا.وەكو عەرەب وتەنی دەڵێت ((رب چارە نافعە))كە لەهەموو زیانبەخشێكدا سوودێك هەیە .
•     جا پرسیارەكە لێرەدایە كە ئایا مرۆڤ و مرۆڤایەتی پەند لەم مەترسیە تۆقێنەرەی كۆرۆنا وەردەگرێت و بەسەر كار و كردەوە و گوتارەكانیدا دەچێتەوە و لە جیاjی ململانێ‌ ناڕەواكان دەستلەملانی و پێكەوە كاركردن دەكاتە دروشم و پەرچەمی قۆناغی پۆست كۆرۆنا ؟  ئایا دونیای پێش قۆناغی كۆرۆنا هەروەكو قۆناغی پۆست كۆرۆنا دەمێنێتەوە یان دەبێت جیاوازی زۆری هەبێت ؟و دەیان پرسیاری تریش..یان وەكو هەموو ڕووداو كارەساتە جەرگبڕە مرۆڤانەكانی ڕابووردوو لەبیردەكرێت و دەگەڕێتەوە سەر ئاڕاستە پێچەوانە سروشتیەكەی مێژووی مرۆڤایەتی.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌