گرنگی دان بە سەرچاوە مرۆییەكان .. گرنگی دانە بە ئایندە

وتار/ 19/02/2020 938 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

گرنگی دان بە سەرچاوە مرۆییەكان .. گرنگی دانە بە ئایندە

نەوزادی موهەندیس
•     ئاشكرایە كە هەموو هەوڵ و ماندووبون و شەونوخونی و كێبڕكێ و ململانێكان لە پێناو سەركەوتن و بەدەستهێنانی دەسكەوتی گەورە و گرنگن بۆ مرۆڤایەتی لەسەر هەموو ئاست و بوارەكانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هونەر و زانست و پەروەردە و ...هتد. ئاشكراشە هەموو پێشكەوتن و داهێنان و دۆزینەوەكانی مرۆڤایەتی لەسەر دەستی خودی مرۆڤ خۆیەوە هاتونەتە بوون و بۆ خزمەتی كۆمەڵگا و شارستانێتیە مرۆڤایەتیەكان چێبوون.كەواتە سەرەتا و كۆتای هەموو هەوڵ و پێشكەوتن و داهێنانەكان لە مرۆڤ و بۆ مرۆڤن. بەواتایەكی تر مرۆڤ بۆخۆی سەر قافڵەی كاروانی پێشكەوتن و داهێنانەكانە و هەموو هەوڵەكانیشی هەر لە پێناو دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان و گوزەرانێكی خۆش بوە بۆ مرۆڤەكان.
لە جیهانی پێشكەوتووی ئێستادا و لەسەدەی بیست و یەكەمدا،هێندەی گرنگی دەدرێت بە سەرچاوە مرۆییەكان نیوهێندە گرنگی نادرێت بە هەندێك لایەن كە پێشتر جێگەی گرنگیدانی زانا و حكومەت و وڵاتان بوە،بۆ نمونە گرنگیدان بە بواری نەوت و غازی سروشتی پێدەچێت بۆ چەند دەیە ساڵێكی تر بەردەوام بێت،یان هەندێك سەرچاوەی تری وزە و ژیان. بەڵام ئەوەی كە بۆتە جێگەی گرنگیپێدانی ناوەند سیاسی و زانستی و زانكۆكان لە جیهانی پێشكەوتوودا بریتیە لە توێژینەوە زانستیەكان و پێگەیاندنی سەرچاوە مرۆییەكان لە ڕێگەی پێگەیاندنی كادری زانستی بەتوانا و هەلڕەخساندن بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵاو ئەكادیمی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی بەرز و وورد لە پسپۆڕیە جیاوازەكاندا،چونكە چەندە كادری زانستی و خاوەن بڕوانامەی بەرزو پسپۆڕی جیاواز پێبگەیەنرێت ئەوەندەش دەتوانرێت لە هەموو بوارەكاندا داهێنان و دۆزینەوە ئەنجام بدرێت.بۆ نمونە لە وڵاتێكی وەكو ئیماراتی عەرەبیدا كە خاوەن نەوت و غازی سروشتیە و ڕۆژانە لە ئێستادا بڕی 2ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و داهاتێكی باشی هەیە،بەڵام دەسەڵاتداران و زاناكانیان پلانیان داناوە بۆ ئەوەی هەر لە ئێستاوە و لەدوای نزیكەی 50ساڵی تر كە پێشبینی دەكەن ئەو سەرچاوەیەی وزەیان نەمێنێت و بۆئەوەی تا ئەوكاتە پێویستی ناوخۆ و بشتوانن كادری بەتوانا هەناردەی دەرەوەش بكەن،ڕوویانكردۆتە توێژینەوە زانستیەكان و پێگەیاندن و گرنگیدان بەسەرچاوە مرۆییەكان و لە ئایندەدا وەبەرهێنانی گەورە لەو بوارەدا دەكەن و دەیكەنە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ ئایندەیان،ئەوەتا لە هەوڵی پێكەوەنان و دامەزراندنی ناوەندێكی گەردونین لە ئیمارات و سەدان زانای بیانیان بردۆتە وڵاتەكەیان بۆ پێگەیاندنی لاوەكانیان و بە هەزارانیشیان ناردۆتە دەرەوەی وڵات بۆ ناوەندە زانستیە بەناوبانگەكانی جیهان بۆ پێگەیاندنیان. بەڕاستی بیركردنەوەیەكی ژیرانە و دووربینانەیە و مسۆگەركردنی ئایندەیەكی ڕۆشنتریشە بۆ كۆمەڵگاكەیان و جێگەی پێزانین و ڕێزگرتنە.
•     بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو هەموو زانكۆكانی كوردستانیشە كە بەهەمان شێوە پلانی زانستی و واقعیان هەبێت بۆ ئایندە لەبواری گرنگیدان بە سەرچاوە مرۆییەكان و توێژینەوە زانستیەكان و پێگەیاندنی كادری زانستی خاوەن بڕوانامەی بەرز لە هەرێمی كوردستاندا. هەر بۆیە لەم پێناوەدا:
•     حكومەت ئەركێتی كە بودجەی تەواو دابین بكات بۆ بواری توێژینەوەی زانستی وەكو هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو،چونكە بەبێ‌ گرنگیدان بە توێژینەوە زانستیەكان هیچ بوارێك ناتوانرێت پێشبخرێت و داهێنانی تیادا بكرێت،ئەوەتا وڵاتێكی وەكو ئەمریكا یان چین یان یابان و ئەڵمانیا و كۆریای باشوور پلەكانی 1-4 یان بۆخۆیان مسۆگەر كردوە، زۆرێكی تریش،ساڵانە لە بودجەی خۆیاندا بە ملیار دۆلار تەرخان دەكەن بۆ ئەو بوارە و بۆ زاناكانیان،هەرئەوەشە كە ئەو وڵاتانەی كردۆتە وڵاتانێكی گەشەكردوو و پێشكەوتوو داهێنەر لەهەموو بوارەكاندا .
•     ڕاپۆرتێكی پەیمانگای یونسكۆ ڕایگەیاندوە كە ئەمریكا 4295 توێژەری هەیە بۆ هەر 1 ملیۆن كەس،لەبەرامبەردا چین 1096 توێژەری هەیە بۆ هەر 1 ملیۆن كەس سەرەڕای زۆری ژمارەی دانیشتوانی،بەمەش ئەمریكا هەژموونی خۆی سەپاندۆتە سەر بواری توێژینەوە و پێشخستن و بەتەنها خۆی ڕێژەی 27% هەموو خەرجی جیهانی هەیە بۆ ئەو بوارە.كە بەرامبەر 100 وڵاتی كۆتایی لیستەكەی پەیمانگاكەیە لەسەر ئاستی جیهان.

ئەو وڵاتانەی زۆرترین خەرجیان هەیە بۆ بواری توێژینەوە و پێشخستن
زنجیرە وڵات   قەوارەی خەرجی (ملیار دۆلار)
10     روسیا  39.83
9      البرازیل       42.12
8      المملكە المتحدە       44.16
7      الهند   48.06
6     فرنسا  60.78
5      كوریا الجنوبیە 73.19
4      ألمانیا 109.80
3      الیابان 170.51
2      الصین  370.59
1      الولایات المتحدە      476.46
•     بەڵام گەر سەیری خشتەی وڵاتانی عەرەبیش بكەین لە قەوارەی خەرجیەكانیانەوە بۆ بواری توێژینەوە و پێشخستن بۆمان دەردەكەوێت كە چەندە دواكەوتوون و چەندە گرنگی دەدەنە ئەو بوارە،هەربۆیەش هەمیشە لە پاشكۆی وڵاتانی پێشكەوتووی دونیادا دەمێننەوە ،كە عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە بەهەرێمی كوردستانی خۆشمانەوە.

پۆلێنكردنی وڵاتانی عەرەبی كە زۆرترین خەرجی دەكەن بۆ توێژینەوە و پێشخستن
زنجیرەی جیهانی      وڵات   قەوارەی خەرجی (ملیار دۆلار)
104    البحرین 0.062
96    فلسگین 0.096
85     العراق  0.206
82    الجزائر 0.241
80     اڵاردن  0.263
78    السودان 0.281
74     عمان  0.357
61     تونس  0.828
60     الكویت 0.832
54     قگر    1.288
51     المغرب 1.484
35     الإمارات       4.250
30     مصر   6.116
20     السعودیە      12.513

•     وەزارەتی خوێندنی باڵاش ئەركێتی بەرنامە وپلانی زانستی دابنێت و بواری تەواو بڕەخسێنێت بۆ هەموو تەمەن و بوارەكان بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا بە ئاسانترین شێوە ، كە خۆشبەختانە لە ئێستاوە و لەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ساڵی 2019 -2020 زیاد لە 11 هەزار كورسی خوێندنی باڵای ڕاگەیاندوە بۆ ئاستەكانی((دبلۆمی باڵاو ماجستێر و دكتۆرا)) لە هەر 15 زانكۆكەی هەرێمدا.
•     بەهەمان شێوە زانكۆكان ئەركیانە كە گرنگی زیاتر بدەنە توێژینەوە  زانستیەكان و بنەما تیۆریەكان بگۆڕن بۆ ڕاستی سەر زەمینەی واقع كە كۆمەڵگاكەمان و وڵاتەكەمان سوودی لێوەربگرن و لەڕێگەی ئەو توێژینەوە و داهێنان و دۆزینەوانەوە گەشە بەهەموو بوارەكانی ژیان بدرێت و تاك وكۆمەڵگای كوردەواری لە كۆمەڵگایەی بەرخۆرەوە بگۆڕن بۆ كۆمەڵگا و تاكێكی داهێنەر و پڕ بەخشش و بەمەش ئایندەیەكی گەش و ڕۆشنتر دەستەبەر دەكەین بۆ نەوەكانی دواڕۆژمان.
•     بەهیوای ئەوەی كە هەموان لە ئاستی لێپرسراوێتی و ئەركەكانی قۆناغەكە و سەرشانیاندا بن و دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ نەتەوە و نیشتیمان بكەنە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن و دووربكەونەوە لە دیارەدە دزێوەكانی مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و  هەموان لەبەردەم یاساكاندا یەكسان بن و هەلی یەكسان بۆ هەموان بڕەخسێت،چونكە لەكۆتایدا وڵات هی هەموانە و هەقی بەسەر هەموانەوە هەیە و ئەركی هەموایشە خزمەتی بكەن.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌