كورد لە نێوان مەنگەنەی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەكاندا
وتار/
13/02/2020
610 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
كورد لە نێوان مەنگەنەی
وڵاتانی ناوچە و زلهێزەكاندا
=====================
• كورد وەك نەتەوەی چوارهەمی دێرین و خاوەن مێژوو
و خاك و زمان و كەلتوری خۆی دوور لە دەوڵەتێكی سەربەخۆی نەتەوەیی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا بۆتە خاوەنی مەسەلەیەكی سیاسی و سەربازی گرنگ تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش
و لە ئێستاشدا بۆتە مەسەلەی پلە یەكی ناوچەكە و وایكردوە كە كێشەی 60ساڵەی فەلەستینیەكان
وئیسڕائیل وەك كێشەیەكی میحوەری عەرەب و تەنانەت ئیسلامیش لەناوچەكەدا بخاتە دوای
خۆی و ئەو گەرموگوڕی و پشتیوانیە گەورە و فراوانەی لە فەلەستینیەكان دەكرا ڕووبكاتە
كورد و مەسەلەكەی بەتایبەتیش لەدوای مقاوەمەتی بێوینەی كوردان دژی تیرۆر و تیرۆریستانی
داعش و ئەو وڵاتانەی ناوچەكەش كە پشتیوانی تیرۆریستانیان دەكرد دژ بە كورد و
كوردستان لە باكور و ڕۆژئاواو باشور و ڕۆهەڵاتی كوردستان.
• بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو خوێن و فرمێسكەی
كورد بەخشیە هەموو دونیا و مۆڤایەتی بەتایبەتیش لەماوەی 9 ساڵی ڕابووردودا،گەلێك
جاران توشی بیئومێدیان كردۆتەوە تەنانەت لەلایەن بەناو دۆستەكانیشیەوە و دەكەوێتە
هەڵوێست و كونجێكی بەرتەسكی واوە كە دوژمنیش حەسودی پێنابات.كورد جارێك لەلایەن وڵاتانی
سەردەستی كوردستان لەناوچەكە و ئەوانی تریشەوە و دەیانجاریش لەلایەن وڵاتانی زلهێزی
دونیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشەوە دەخرێتە نێوان مەنگەنەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری
و ئەمنیەكانی خۆیانەوە و زۆرجاران كردویانەتە قوربانیەكی بێ پشت و پەناو نزیكیان
كردۆتەوە لەمەرگ و لەناوچوونیش.
• بۆیە كورد بەو پێگە هەستیار و زۆر ناسكەیەوە كەهەیەتی لەناوچەكەدا
ڕووبەڕووی چەندین پیلانی دوژمنانە بۆتەوە كە ویستیان نەمان و نەهێشتنی تەواوەتی
كوردبوە و بەچاك و خراپ دوژمنایەتی كوردیان كردوە لەهەر كوێیەك ویستبێتی ئیدارەیەك
یان دەسەڵاتێكی خۆسەری بەڕێوەبردن پێكەوەبنێت وەك ئەوەی 29ساڵە لە باشوور و ئەوەی
كە نزیكەی 9ساڵە لە ڕۆژئاوا چێكراوە لەناوبەرن،بەتایبەتیش لەلایەن ڕژێمی توركیای ئەردۆگانیەوە
كە بە ئاشكراو بەنهێنی دژایەتی كوردان دەكات و چەندین تەنازولی شەرمەزاری بۆ ئەمریكا
و ڕوسیا دەكات تەنها لە پێناو دژایەتی كورداندا،ئەو نازانێت یان خۆی لەگێلی دەدات
كە سەدان جار نەك بۆ كورد خۆی بۆ توركیا و هەموو ئەو وڵاتانەی تری ناوچەكەش باشترە
كە مەسەلەی كورد بە ئاشتیانە وسیاسیانە دوور لە جەنگ و كوشتن و بڕین و ڕێگە چارەی
سەربازی چارەسەربكەن وەك ئەوەی كە سەد ساڵە خەرجی و داهاتی وڵاتەكانیان و كوردستانیش
بەهەدەر دەدەن و تائێستاش سەركەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە ئامانجەكانیان لە لەناوبردنی
كورداندا.
• كورد خۆشبەختانە لەئێستادا بەهەوڵ و قوربانیدانە
بەردەوامەكانی بەسەر ڕاستانە و ڕاستگۆیانە خۆی كردۆتە یاریزانێكی باشی گەمە سیاسیەكانی
ناوچەكە و دونیاش و توانیویەتی پێگەیەكی باش و بەرچاو و ڕێزلێگیراویش بۆخۆی بنیات
بنێت و تاڕادەیەك توانیویەتی خۆی و دەسكەوت
و دەسەڵاتەكانیشی بەهەموو كەموكوڕیەكانیشیەوە بپارێزێت بەوەی كە ویستویەتی ئامانج
و دروشمەكانی خەباتی ئەم قۆناغە بگونجێنێت یان تاڕادەیەكی باش نزیكبكاتەوە لەبەرژەوەندی
و بەرنامە و پلانی زلهێزەكانی دونیا بۆئەوەی بتوانێت هەرچیەك لەتوانادا بێت بیكات
بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانی ئەوان،چونكە لە ئێستادا پەیوەندی و بەرژەوەندیە دەرەكی و
ئابوری و سیاسی و ئەمنیەكان ڕۆڵی گەورە دەبینن لە پێشخستن و بەردەوامبونی دۆستایەتی
و پشتیوانیەكاندا بە ئاشكراش ئەمریكا و ڕوسیا نەیانشاردۆتەوە كە بۆ پاراستنی بیرە
نەوتەكان لەناوچەكەدان نەك لەبەر پاراستنی نەتەوە و نیشتیمانەكانی ئەم ناوچەیە،
كورد و كوردستانیش لەو بوارەدا بنەماو بناغەیەكی باشی هەیە بۆ پێكەوەنانی ئەو دۆستایەتی
و بەرژەوەندیانە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیشەوە چونكە پێگەیەكی جیۆسیاسی گرنگ
و هەڵكەوتەیەكی ستراتیژیشی هەیە و لەڕووی ئابوریشەوە خاوەنی یەدەگێكی نەوت و گازی
سروشتی زۆروزەوەندە و لەڕووی ئەمنیشەوە كورد جەنگاوەرێكی ئازا و چاونەترسەو بەكەڵكی
دۆستایەتی ئەو زلهێزانە دێت لە ئایندەدا.
• بۆیە ماوەتەوە سەر ئەوەی كە سەركردایەتی سیاسی
كورد لەناوخۆی خۆیدا و لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستان یەك دەنگ و یەك ڕەنگ
و یەكهەڵوێست بن و بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و نیشتیمان بخەنە سەروو بەرژەوەندی تەسكی
حیزبایەتی و ناوچەیی و بنەماڵەیی و پلەو پۆست و ئیمتیازاتە مادیە بچوكەكانەوە و هەموان
و پێكەوە سیاسەتێكی حەكمیانە و ژیرانەی ئەوتۆ پیادە بكەن كە لەئەنجامدا بە قازانجی
ئایندەی كورد و بە زیانی دوژمنان تەواو بێت و چیدی سەدەی بیست ویەكەمیش بە داگیر و
دابەشكراوی كورد بەردەوامی نەبێت.ئەمەش خەونێكی دێرینە و نە ئاسانە بێتەدی و نە زۆر
ئەستەمیشە كە هیچ كات نەبێتە ئەمری واقیع،بەهەردوو ڕوكەیەوە وەستاوەتە سەر هێز و
توانا و ژیری و پلان و حەكیمی سەركردایەتی سیاسی كورد خۆیەوە.چونكە ئەو وڵات و گەلانەی
ئێستای ناوچەكەش كە خاوەنی دەوڵەتی خۆشیانن نە لەكورد زیرەكتر و نە لەكورد جەنگاوەرتر
و ئازاتر بوون،بەڵكو تەنها توانیویانە بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ دەوروبەر و زلهێزەكاندا
بگونجێنن وبەوەش گرەوە گەورەكەی بون بەدەوڵەتیان مسۆگەر كردوە و بردۆتەوە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021