تۆڵه‌ی‌ ئێران بۆ خوێنی‌ ڕژاوی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ له‌ چ ئاستێكدا ده‌بێت ؟

وتار/ 05/01/2020 617 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

تۆڵه‌ی‌ ئێران بۆ خوێنی‌ ڕژاوی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ له‌ چ ئاستێكدا ده‌بێت ؟

•    له‌مێژه‌ وتراوه‌ كه‌ جه‌نگه‌كانی‌ ئه‌م سه‌ده‌یه‌ ئه‌نجام بۆ ته‌كه‌نه‌لۆججیا پێشكه‌وتوه‌كان ده‌بێت و هێنده‌ی‌ ته‌كه‌نه‌لۆجیا ڕۆڵی‌ كارا و كاریگه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ ده‌بێت له‌ كۆتایهێنانی‌ جه‌نگه‌كاندا ،نیو هێنده‌ مرۆڤ ڕۆڵی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نابینێت،ئه‌م ڕاستیه‌ش سه‌ره‌تاو ده‌سپێكی‌ له‌جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌مه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 1945 وه‌ ده‌ستیپێكرد كاتێك بۆ یه‌كه‌م جار بۆمبی‌ ئه‌تۆمی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ له‌دژی‌ یابان و سوپای‌ ئه‌و ولاَته‌ به‌كارهات و له‌هه‌ردوو شاری‌ هیرۆشیماو ناگازاكی‌ و بوه‌ هۆی‌ كوشتنی‌ ملیۆنان كه‌سی‌ مه‌ده‌نی‌ و واژۆكردنی‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی‌ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی‌ ناچاری‌ و به‌مه‌ش كۆتایی‌ به‌و جه‌نگه‌ هات دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌ڵمانیش داگیر كرا.

كه‌واته‌ له‌ ئێستادا ودوای‌ 70 ساڵ و له‌سه‌ده‌ی‌ بیست و یه‌كدا هێنده‌ ته‌كنه‌لۆژیا سه‌ربازیه‌كان پێشكه‌وتوون كه‌ ده‌توانرێت له‌دووری‌ كیشوه‌ره‌كانه‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی‌ بۆمبی‌ ئاڕاسته‌كراو و فڕۆكه‌ی‌ بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ ده‌توانرێت زۆر به‌ ووردی‌ ئامانجه‌كان بپێكرێن.

ئه‌وه‌تا ڕۆژی‌ هه‌ینی‌ 3/1/2020 و غافڵگیرانه‌ فڕۆكه‌ی‌ بێفڕۆكه‌وانی‌ ئه‌مریكی‌ له‌ جۆری‌ 9 Q R كه‌ له‌ ئه‌مریكاوه‌ جوڵه‌ی‌ پێده‌كرا ،توانرا كه‌ سه‌ركرده‌ی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ قودسی‌ ئێرانی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ له‌گه‌ڵ 7 كه‌سی‌ تر له‌ ئێران و عێراقی‌  كه‌ ابو مهدی‌ موهه‌ندیسی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ شیعی‌شی‌ له‌گه‌ڵدا بوو تیرۆربكه‌ن.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ ئه‌مریكا ده‌بوو چه‌ندین ساڵ زیاتر له‌ئێستا جێبه‌جێبكرایه‌،چونكه‌ له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕینی‌ گه‌لانی‌ عێراق له‌ساڵی‌ 1991وه‌ ئێران به‌ئاشكرا و به‌نهێنی‌ ده‌ستی‌ وه‌ردابوه‌ ناو كاروباری‌ ناوخۆی‌ نه‌ك ته‌نها عێراق به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌ له‌ لوبنان و سوریا و عێراق و یه‌مه‌ن و چه‌ندین ولاَتی‌ تری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سوپای‌ قودسه‌وه‌ به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ قاسم سوله‌یمانی‌.به‌نیازی‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا و ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شۆڕشی‌ ئێرانی‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و فراوانكردنی‌ ده‌سه‌لاَت و نفوزی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌ب له‌ناوچه‌كه‌دا و ته‌واوكردنی‌ مانگی‌ یه‌كشه‌وه‌ی‌ شیعی‌ بۆ مانگی‌ چوارده‌ و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی‌ ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌و وه‌ده‌رنانی‌ هێز و پێگه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌دا و دواتریش زیندووكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ ئیمپراتۆریه‌تی‌ فارسی‌ وه‌ك خه‌ونێكی‌ له‌مێژینه‌و له‌یادنه‌كراوی‌ ئێرانیه‌كان. هه‌ربۆیه‌ ئه‌م پیاوه‌ ببوه‌ هێماو و سومبولی‌ هه‌موو ده‌سه‌لاَتی‌ ئێران له‌ناوچه‌كه‌ و به‌هه‌قیش توانیبووی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر زه‌مین دژی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا و ئیسڕائیلیش به‌ده‌ستبێنێت و له‌گه‌لێك ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌دا سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌شی‌ وه‌دیهێنابوو و وه‌توانیبووی‌ كه‌ ده‌سه‌لاَت له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ لوبنان و سوریا و عێراق و یه‌مه‌ن و عومان و ..هتد.بخاته‌ ژێر ڕیكێف یان فه‌له‌كی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئێرانه‌وه‌.و به‌ به‌هێزیش ببوه‌ ڕكابه‌ری‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌دا و ببوه‌ سه‌ری‌ ڕمی‌ تیری‌ ئێرانیه‌كان.

قاسم سوله‌یمانی‌ به‌هۆی‌ نزیكی‌ له‌ ڕابه‌ری‌ ئێران علی‌ خامنه‌ئی‌ و كه‌ڵه‌كه‌بونی‌ ئه‌زموونی‌ زیاد له‌ 40 ساڵ له‌ جه‌نگی‌ ئێران عێراقه‌وه‌ و جێبه‌جێكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ له‌ نزیكه‌وه‌ بۆ زۆرێك له‌ ئۆپه‌راسیۆن و په‌لامار و هێرشه‌ سه‌ربازیه‌كان له‌و ولاَتانه‌ و هیتریشدا، به‌هۆی‌ ساده‌یی‌ و خاكیه‌تی‌ و ماندوونه‌بون وبوێری‌ و چاونه‌ترسیه‌وه‌ ببوه‌ خاوه‌ن توانایه‌ك و ئازایه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ و هه‌موان گوێڕایه‌ڵ و حسابێكی‌ گه‌وره‌یان بۆ ده‌كرد.له‌ناو ئێران و له‌ده‌ره‌وه‌شیدا و ته‌نانه‌ت بۆ جێگرتنه‌وه‌ی‌ علی‌ خامنه‌ئیش بۆ ڕابه‌ری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ناوی‌ ده‌هات.

كه‌واته‌ كوشتنی‌ ئه‌م پیاوه‌ بۆ ئێران زیانێكی‌ ئێجگار گه‌وره‌یه‌ و پڕكردنه‌وه‌ی‌ جێگه‌كه‌ی‌  ئه‌سته‌مه‌.هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر له‌هه‌مان ڕۆژدا خامنه‌ئی‌ جێگره‌كه‌ی‌ فاروق ئاقائی‌ له‌جێگه‌كه‌ی‌ دانا.

پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌،ئایا تۆڵه‌كرده‌نه‌وه‌ و په‌رچه‌كرداری‌ ئێران بۆ خوێنڕشتنی‌ سوله‌یمانی‌ له‌ چ ئاست و به‌ چ هێز و كاریگه‌ریه‌ك ده‌بێت له‌ ئه‌مریكا؟ئایا ئێران تاسه‌ر دان به‌خۆدا ده‌گرێت كه‌ هیچ وه‌لاَمێكی‌ نه‌بێت؟ئایا ئێران له‌به‌ر كوشتنی‌ سوله‌یمانی‌ هه‌موو ده‌روازه‌ و هه‌موو كارته‌كانی‌ ده‌ستی‌ بۆ ئه‌مریكا ئاشكرا ده‌كات و داده‌خات؟له‌كۆتایدا  ئایا ئێران ته‌سلیم به‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكا ده‌بێت یان زیاتر هه‌ڵده‌شاخێت به‌ڕووی‌ ئه‌مریكادا؟ و ده‌یان پرسیاری‌ تریش.

ئاشكرایه‌ ئێرانیه‌كان و فارسه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ خوێنساردن و زۆر دره‌نگ جامی‌ توڕه‌ییان هه‌ڵده‌چێت ،بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌كه‌یان دوابكه‌وێت و بۆ هه‌ل و دۆخی‌ گونجاو ده‌گه‌رٍێن و مه‌رج نیه‌ به‌ زوویی‌ وه‌لاَمیان هه‌بێت،و پانتایی‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌ و په‌رچه‌كرداریشیان گه‌لێك فراوانه‌ هه‌ر له‌ ولاَتانی‌ مه‌غریبی‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ تا ئه‌فغانستان و پاكستان درێژده‌بێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ په‌لیش بهاوێژێت بۆ ئه‌وروپا و ئه‌مریكای‌ لاتینیش و له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ئه‌مریكا ده‌ستبوه‌شێنێت له‌ وشكانیدا و ڕه‌نگه‌ ئامانجه‌كانیش بۆردومانكردنی‌ سه‌فاره‌ت یان بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ ئه‌مریكا بێت له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا یان ته‌قاندنه‌وه‌ و بۆردومانكردنی‌ كێڵگه‌ و پالاَوته‌ نه‌وتیه‌كانی‌ ولاَتانی‌ كه‌نداو بێت یاخود بۆمبارانكردنی‌ ئیسڕائیل بێت، یانیش تیرۆركردن و ڕفاندنی‌ سه‌فیر و لێپرسراوه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ ئه‌مریكا بێت،یان له‌ناو ده‌ریادا په‌لاماردان و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر پاپۆڕه‌ بارهه‌ڵگر و جه‌نگیه‌كانی‌ ئه‌مریكادا بێت.بۆیه‌ ئه‌گه‌ر و گریمانه‌كان زۆرن و ناوچه‌ و ڕووبه‌ری‌ ململانێكانیش مه‌رج نیه‌ هه‌ر له‌ عێراقدا قه‌تیسبكرێت.بۆیه‌ ئاست و توندی‌ وه‌لاَمدانه‌وه‌كانی‌ ئێرانیش هیچ كات چاوه‌ڕوانكراو نیه‌ و ناشكرێت.به‌لاَم بۆ هه‌ر په‌رچه‌كردارێكی‌ ئێران به‌دڵنیایی‌ ئه‌مریكا وه‌لاَمی‌ توندتری‌ ده‌بێت و هه‌ر ئه‌مریكاش براوه‌ی‌ جه‌نگی‌ ته‌كنه‌لۆجی‌ و ئه‌لكترۆنی‌ و ئاسمانی‌ ده‌بێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌دڵنیایی‌ ئێرانیه‌كان بێ‌ وه‌لاَم نابن چونكه‌ بێ‌ وه‌لاَمیان مانای‌ ده‌سته‌وستانی‌ و بێتوانای و لاوازیان پیشانی‌ دۆست و نه‌یاره‌كانیان له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ و پشتساردبونه‌وه‌ی‌ ڕێكخراو و میلیشیا و حیزب و سه‌ركرده‌ شیعه‌ هاوپه‌یمانه‌كانیان و ئیدی‌ بوێری‌ په‌لاماردانی‌ ئه‌مریكایان نامینێت كه‌ئه‌مه‌ش بۆ ئێران گورزێكی‌ گورچكبڕ ده‌بێت ،هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت ئێران په‌رچه‌كرداری‌ هه‌بێت گه‌وره‌ بێت یان بچوك بۆ پاراستنی‌ ئاوی‌ ڕووی‌ له‌به‌رده‌م دۆسته‌كانیدا.

به‌لاَم له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ كارێكی‌ لۆژیكیش نیه‌ كه‌ ئێران له‌سه‌ر كوشتنی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ هه‌موو كارت و هه‌موو پلانه‌كانی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا به‌ زوویی‌ ئاشكرا بكات،چونكه‌ له‌كۆتایدا سوله‌یمانیش سه‌ربازێكی‌ ئێرانیه‌ و به‌ هه‌زارانی‌ وه‌كو سوله‌یمانی‌ ده‌توانێت په‌روه‌رده‌ بكات و بیهێنێته‌ ڕیزی‌ پێشه‌وه‌،بۆیه‌ ده‌كرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كوشتنه‌دا له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ ئه‌مریكا نه‌رمی‌ بنوێنێت و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان توندی‌ و گرژیه‌كان هێور بكرێته‌وه‌ و ڕێكه‌وتن بكرێت له‌سه‌ر زۆرێك له‌ ناكۆكیه‌كانی‌ نێوانیان له‌ عێراق و سوریا و لوبنان و كه‌نداو و یه‌مه‌ن و ئیسڕائیلیش و مه‌سه‌له‌ی‌ ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌شیان.بۆیه‌ ئه‌م ململانێیه‌ی‌ ئێران-ئه‌مریكا درێژه‌ ده‌كێشێت و پێناچێت به‌ئاسانی‌ تێپه‌ڕببێت و چاره‌سه‌ری‌ هه‌موو كێشه‌كانیان بكرێت له‌مه‌ودایه‌كی‌ نزیكدا،بۆیه‌ ناوچه‌كه‌ و دونیاش هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م هه‌لاَیسانی‌ جه‌نگێكی‌ گه‌رمی‌ كراوه‌دا ده‌مێننه‌وه‌  گه‌ر نه‌رمینواندن و هێوربونه‌وه‌ ڕوونه‌دات، به‌داخیشه‌وه‌ گۆڕه‌پانی‌ ئه‌و ململانێیانه‌ش دوور ده‌بن له‌خاك و ئاو و گه‌لانی‌ ئێرانی‌ و ئه‌مریكی‌ ،به‌ڵكو گۆڕه‌پانه‌كانیان بریتی‌ ده‌بێت له‌سوریا و عێراق و یه‌مه‌ن و لوبنان و ..هتد.

له‌كۆتایدا،ئه‌م گورزه‌ی‌ ئه‌مریكا  به‌ كوشتنی‌ سوله‌یمانی‌ كه‌بۆخۆی‌ له‌ لیستی‌ تیرۆری‌ ئه‌وروپی‌ و ئه‌مریكیه‌كاندا بوه‌ و ماوه‌ی‌ سه‌رده‌مانی‌ 5 سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا درێژه‌ی‌ هه‌بوه‌،نامه‌یه‌كی‌ كراوه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزیش بوو بۆ هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده‌ و میلیشیا و جه‌نڕاڵ و حیزب و ولاَتانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ و دونیاش كه‌ هه‌ركه‌س و لایه‌نێك دژایه‌تی‌ توندی‌ ئه‌مریكا بكات ئه‌وا به‌ده‌ردی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ ده‌چێت و به‌كم كاره‌شی‌ مردنی‌ پیشانی‌ هه‌مواندا تا وه‌ك ده‌ڵێن له‌ له‌رزوتا بترسن.و له‌سایه‌ی‌ ئه‌م ئاڵنگاری‌ و مه‌ترسی‌ و ململانێ نه‌بڕاوانه‌دا ئاینده‌و ڕۆژانی‌ داهاتووش به‌دڵنیایی‌ گۆڕانكاری‌ و هه‌ڵوێستی‌ نوێ‌ ده‌بینین و ده‌بیستین.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌