کۆنگرەیەکى گەرم لە زستانێکى سارددا

وتار/ 18/12/2019 957 جار بینراوە

ئاسۆ گەڵاڵی

کۆنگرەیەکى گەرم لە زستانێکى سارددا

ئاسۆ گەڵاڵى
چاوەڕوان دەکرێ لەم وەرزى زستانەدا کۆمەڵى ئیسلامى چوارەمین کۆنگرەى خۆى ساز بکات، هەڵبەت چەند حزبێکى تریش هاوکاتى کۆمەڵ سەرقاڵى گرێدانى کۆنگرەن، هەریەکەو بەهۆکارو لەهەلومەرجێکى تایبەتى حزبی خۆیدا کۆنگرە دەبەستێ، هەیە لەترۆپکى هێزو دەسەڵات و دەستبەسەرداگرتندایەو، هەیشە سەرقاڵى خۆکۆکردنەوەى پاش پەرشوبڵاوبوونى سیاسیى ساڵانى ڕابردووەو، هەیشە مەچەکى ناوەتە زەوى و دەیەوێ پاش کەوتنە بەئازارەکەى، هەستێـتەوە.
 بەڵام ئەوەى کۆمەڵ جیادەکاتەوە ئەوەیە کەهیچ کام لەم حاڵەتانە بەسەر ئەم حزبەدا نەهاتووە، نانى بەتەنورەوە نەسوتاوە تا پەلەپڕوزێى تێ کەوتبێ، بەڵکو گەرەکییەتى خۆى نوێ بکاتەوەو بەرگێکى نوێ بکاتەوە بەر کارە سیاسیى و بانگخوازى و پەروەردەیى و رێکخراوەییەکەى خۆى و بەگوڕوتینێکى گەنجانەوە بەردەوام بێت.
لەم روانگەیەوە دەبێ دان بەوەدا بنێن چەندێک کۆنگرە بۆ حزبەکانى دیکە گرنگە کە دەیانەوێ خۆیان لە قەیرانى جۆراوجۆرى (پاوانخوازى، بێ سەرەوبەرەیى، شکست، باڵباڵێن و ...هتد) دەرباز بکەن، هەر بەو قەبارەیەو بگرە زیاتریش بۆ کۆمەڵى ئیسلامى گرنگە کۆنگرە ببەستێ و بەخۆداچوونەوەى گشتى بەئەنجام بگەیەنێت، ئەمەش لەپێناو خۆپاراستنى کێشەو گیروگرفتانە، واتە مەرج نییە "مادام لەچاڵدا نییە ئیتر فریاگوزاریى پێویست نییە"راست نییە، بەڵکو کەرەستەى فریاگوزاریى پێویستە بۆ ئەوەى نەکەوێـتە چاڵ.
بارودۆخى ساتى بونیادنانى کۆمەڵ لەگەڵ ئێستا زۆر جیاوازبوو، راستە تەنها 19 ساڵ تێپەڕیوەو ئەمەش بەپێوەرى مێژوو ژمارەیەکی گەورە نییە، بەڵام بەقەدەر سێ-چوار 19 ساڵى (حاڵەت و بیرکردنەوەو تێڕوانین و ململانێ سیاسییەکان) گۆرانکارییان بەخۆوە بینیوە. شێوازى بانگەواز کردن و کەرەستەکانى پەروەردەکردن و رێگاکانى بڕواپێهێنان و قەناعەتپێکردن و ئاڵنگارییەکانى بەردەم هەنگاوە سیاسییەکان، زیاترو  زۆرترو هەمەجۆرتر و سەختتر بوون.
ئەو پرسیارە جەوهەرییەش کە قارچک ئاسا خۆى لەبەردەم کۆمەڵدا قوت کردووەتەوە ئەوەیە کە ئایا ئەم هێزە تواناى خۆ گونجانجن (Adaptation)ى لەگەڵ ئەم حەمکە گۆرانکارییەدا هەیە؟ بێگومان ئەم پرسیارە ئاوکێشەو دەبێ لێپرسراوانى کۆمەڵ توێژینەوى پێویستیان لەبەردەستبێ بۆى، بەڵام ئاشکرایشە ئەگەر ئەم حزبە تواناى ئەو خۆگونجاندنیشى هەبێت ئەوا توانا بەس نییە بەڵکو پێویستى بەرێکخستنەوە بەگەڕخستنى ئەو توانایانەیە. کۆنگرەش دەکرێ بکرێتە ماکى ئەم بەگەڕخستنە.
ئەوەى گرنگە ئاماژەى پێ بدرێت ئەوەیە کە کۆنگرەى کۆمەڵ، کۆبوونەوەیەکی گشتیى تەقلیدی یان نمایشێکى سیاسیى هەڵبژاردنى نەبێت، بەڵکو پەنجە بخاتە بان برینەکان و بوێرانە هەنگاو بنێ بەڕووى دەیەی دووەمى سەدەى بیستویەکدا، لەپێناو ئەوەى گەشە بکات، چونکە لەسیاسیەتدا ئەو قسەیە راست نییە کەدەڵـێت "زەرەر لەنیوە بگەرێـەوە قازانجە" بەڵکو ئەوەیە کە بە (مایە)وە لە مامەڵەکە دەرنەچیت و قازانجێکى بەرچاو بکەیت.
دواجار کۆمەڵ دەبێ لەوەرزى زستانى کوردستاندا کۆنگرەیەکى گەرموگوڕ ببەستێ بۆ ئەوەى خۆى لە (بەستن) و (سڕبوون) و (شەختەبوون) و (متبوون) و (ڕاوەستان) و (لەکارکەوتن) و (لەگەشەوەستان) بپارێزێ کە ئەمانە لێکەوتەکانى ساردوسڕیى زستانن.

نوێترین نوسینەکانی ئاسۆ گەڵاڵی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌