توێژینەوەکەی دکتۆر عەبدولواحید

وتار/ 14/10/2017 1838 جار بینراوە

ئاسۆ گەڵاڵی

توێژینەوەکەی دکتۆر عەبدولواحید
ئاسۆ گه‌ڵاڵى
ھەفتەی ڕابردوو جگە لە پرسەو بابەتە سیاسییەکان و تەحلیلاتی ڕەوشە ناھەموارەکە، ئەوبابەتەی زۆرترین قسەی لەسەرکرا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گەڕانەوەی (د.عبدالواحید محمد ساڵح) بوو پاش بەشداریکردنی لەکۆنفرانسێکی زانستیی پزیشکی لەوڵاتی ئەڵمانیا.
دکتۆر عەبدولواحید چارەسەری دۆزیوەتەوە بۆ نەخۆشیی ناسۆر، بەجۆرێک کەپێویست بەنەشتەرگەری نەکات و ئەمەی لەماوەی ڕابردوودا وێڕای (تیۆری) بە شێوەی (پراکتیکی)ش تاقیی کردووەتەوەو بەوتەی خۆیشی، ئەوەی بۆی چوو بۆ ئەڵمان بەزیادەوە بەدەستی ھێنا. من دەمەوێ سەرنجتان بۆ چەند خاڵێک لەم بارەیەوە ڕابکێشم:
١. ئێمەی کورد لەھەستی کێماسی و خۆبەکەمزانینمان ئەم جۆرە ھەوڵانەمان زۆر لاپیرۆزە، بەجۆرێک حەز بە دەرکەوتنی ناوی خۆمان و وێناکردنی جوانیی خۆمان دەکەین و ھەوڵیشی بۆ دەدەین، دەربڕینی ئەو ھەستەیش لەلایەن کوردانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (بەئایدۆلۆژیا جیاوازەکانەوە) بۆخۆی سەلمێنەری ھەبوونی ئەو ھەستە کێماسییەیە.
ھەر خودی دکتۆر عەبدولواحیدیش باسی کرد کە لەوێ ناوی کوردستانی ھێناوەو زۆرشایی پێ بووە، کە ئەمانەش جێی ڕێزن و گرنگە شارەزایان و کۆمەڵناسان کار بکەن لەداھاتوودا ئەو ھەستە لەناخی مرۆڤی کورددا کاڵ ببێتەوە یان لانی کەم کاریگەریی نەمێنێ. کە بەشێکی ئەم جۆرە شعورانە لەئەنجامی ستەمی لەبن نەھاتووی ڕژێم و ھێزە جیاوازەکانی سەدەی ڕابردوو و نەبوونی کیانێکی سیاسیی سەربەخۆی ئەوتۆوە دروست بووە.
٢. مامۆستایانی ئاینی و جیلی نوێی بانگخوازکارانی ئاینی دەبێ بیریانـبێت، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) کەمترین بانگەوازی گوفتاریی کردووە، بەڵکە زۆرترین سەرنجی لەسەر بانگەواز بووە بۆپەیامەکەی لەڕێی کردەوەکانیەوە، مخابن لەئێستەدا دەبینرێ و ھەست دەکرێ بانگەواز تەنھا لەقسەدا کورتی ھەڵھێناوە، مامۆستایان ئامۆژگاریی و ڕێنمایی خەڵک دەکەن بەو شتانەی کەبەکەمترین ڕێژە لەخۆیاندا وجودی ھەیە! ئەمەش دووفاقییەکی مەزنی دروستکردووە.
ھەربۆیە گرنگە شارەزایانی ئاینی و بەدیاریکراوی چینی (مەلا)کان، جیلی نوێی مسوڵمانان بەجۆرێک ئاراستە بکەن کە لەگرنگیی کردارو توێژینەوەی زانستیی و ھەوڵی نوێگەری و داھێنانی زانستی بگەن، ھەنگاوی بۆ بنێن و لانی کەم لەئێستەوە لەمێشکیاندا ھەستی خۆبەکەمگری (کەپێشتر باسم کرد) نەمێنێ و خۆیان لەئاستی ئەوانی دیکەدا ببینن، ئێ جیاوازیی ئێمەو ئەوان ئا لەو ھەوڵدانەوە سەرچاوەی گرتووە. و ئەم ھەوڵدانەش نمونەیەکی باڵای کردارییە بۆ بانگەوازکردن و پەرستشیش بۆخودا.
٣. گرنگە خودی دکتۆر عەبدولواحیدیش لەگرنگیی توێژینەوەو سەلمێنراو و داھێنانی زانستی بگات (دیارە ھەستیشی کردووە بۆیە ھەوڵی بۆداوە)، چونکە جگە لەوەی کە "پەیامی ئیسلام خزمەتکردنە بە دونیای خەڵکی پێش قیامەتی خەڵک"، بۆخۆی ئەم ھەنگاوەی ناوبراو، بانگەوازێکی ئاشکراو بێدەنگ و کرداریی بوو بۆ ئاینی پیرۆزی ئیسلام. دکتۆر عەبدولواحید سەدان کۆڕ و سیمینارو وانەو وتاری وەعزو ئاراستەکردنی ئاینیی ھەیە، بەڵام لەوانەیە بەھەرھەموویانەوە بەقەدەر ئەم داھێنانەو ئەو پەیپەرە زانستییانەی دیکە کە لەجۆرنالە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە کاریگەریی نەبوبێت، یان لانی کەم لای چینێکی خوێنەواری کۆمەڵگە جێپێی خۆیی جێ نەھێشتبێ. دەی خۆ ئەمەش بۆخۆی ئامانجە قیامەتیەکەی دکتۆر دەپێکێ.
٤. دواقسەم بەڕووی زانکۆکان و ڕاگەیاندنەکانە، بەتایبەت زانکۆی سلێمانی کە دەبوو لەڕێوڕەسمێکی شایستەدا پێشوازییان لە دکتۆر عەبدولواحید بکردایە، چون لانی کەم ئەو لەوێ بەناوی مامۆستایەتیی زانکۆی سلێمانییەوە توێژینەوەکەی خۆی خستووەتەڕوو، یان (زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە قازانجە) خۆ ھەر دەکرێ ئێستە سوپاسنامەیەکی فەرمیی ئاراستە بکەن، ئەمەش لەبەر ھیچ نا، تەنھا لەپێناو ھاندانی مامۆستاکانی تری زانکۆ بۆ بیرکردنەوەو نوێگەری و داھێنان و گرنکیدان بەتوێژینەوە، چونکە بەداخەوە (سڕبونێک)ی حەقیقیی لەچینی مامۆستایانی پەروەردەکاری زانکۆدا دەبینرێ.
ھەڵبەت نابێ کەمتەرخەمیی ڕاگەیاندنی کوردی نادیدە بگرین لەئاست ئەم کەیسەدا کەپێویست بوو گرنگیی پێ بدەن و دەری بخەن، لانی کەم کوردانی دەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببینن و سینگ دەرپەڕێنن و بێژن "ئێمەش پزیشکێکی خاوەن-توێژینەوەمان ھەیە."

نوێترین نوسینەکانی ئاسۆ گەڵاڵی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌