ئامانجەکەی پارتی

وتار/ 29/09/2016 887 جار بینراوە

ئاسۆ گەڵاڵی

ئامانجەکەی پارتی
ئاسۆ گه‌ڵاڵی
خۆپیشاندەران لەزۆرینەی شاروشارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ھاتنە سەر شەقام و ھوتافیان کێشا، مەدەنیانە بۆچونی خۆیانیان خستەڕوو، بەشێکیش لەدروشمەکان ڕویان لە پێکھێنەرانی حکومەت بوو کە حزبەکانن. ئەگەر جاران ڕەخنەکان ئاڕاستەی دوو لایەنە سەرەکیەکە کرابان و (یه‌كێتی و پارتی) به‌هۆی ڕێككه‌وتنه‌ ستراتیجیه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداری كرداریی هه‌رێم بووبن، ئەوا لە بەروبومەکانی حکومەتی بنکە فراوان بۆ ئەو دوو لایەنە ئەوەبوو کە خەتاکان دابەشکران و ناوی لایەنەکانی دیکەش ھاتنە ڕیـزەوە.
نکۆڵی لێنەکراوە حکومەتی ھەرێم خەتاباری سەرجەم قەیران و کەموکورتیەکانە ئێ حکومەتیش حزبەکان پێکیان ھێناوە کەوایە بەلۆژیکێکی سادە دەتوانین بڵێین ھەر لایەنەو بەپێی قەبارەی خۆی و قەبارەی بەشداریکردنەکەی فاکتەری دروستبوونی ئەم قەیرانانایە، ڕونیـشە بەھێزترین و کاریگەرترین و دەسەڵاتدارترینی نێو حکومەت کە ئێستا ٩٠%ی پۆستە سیادیەکانی بەدەستەوەیە و موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چوار سه‌رۆكایه‌تیه‌ باڵاكه‌ ده‌كات (پارتی دیموکراتی کوردستان)ـە، کەوایە ئەم (زل حزبە) زل خەتابارەو بارە گرانەکەی ئەکەوێتە ئەستۆی، ھەروەک ئەگەر بڕیاربێت دەستکەوێک ھەبێت ھەر پارتیە براوەی سەرەکی و خاوەنی ئەفزەڵی دەستکەوتە وەدیھاتووەکە و پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت.
ئەم ماوەیەی ڕابردوو گوێبیستی زۆرێک لەناڕەزایی دەبین و خۆیشمان بەشێکین لەو دەنگانە بەڵام ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشاو بوویە ھۆکاری نوسینی ئەم نوسراوە یەکێک لەو قەوانانە بوو کە زۆر لێدەدرێتەوە ئەویش "ھەر پێنج حزبەکە وەک یەک خەتابارن!" کە بەڕای من ئەم بۆچوونە لەدڵسۆزیەکی بێ ئاگاوە سەرچاوەی گرتووە و لەجێی ڕەخنە پەسنێکی تەواویشە بۆ پارتی دیموکرات، چونکە پارتی گەرەکیەتی ھەموان بکاتە شەریکە دز، لە بەرژەوەندیی پارتیایە خەڵکی ھەموو پارتەکان بەتاوانبار بزانن، ئەمە بۆخۆی ئامانجێکی گەورەی ڕانەگەیەنراوی پارتییە کە "ئاگرە سوورە" لەخۆی دوور بخاتەوە و ئەو دڵسۆزییە نەزانیەش ئەنجامەکەی بەدیھێنانی ئامانجێکی مەزنی حزبە زەردەکەیە.
پارتی ٢٥ ساڵە سەرجەم جومگە ھەستیارەکانی دەسەڵاتی ھەرێمی بەدەستەوەیە و قسەی سەرەتاو کۆتایی ھەر خۆی دەیکات ئەمما گەرەکیەتی بە دووساڵی بەشداریی ھێندێک لایەن کۆڵی قورسی بەرپرسیارێتیەکانی ئەم چارەکە سەدەیەش بداتە سەر شانی ئەو لایەنانە.
لەناو کورددا بڵاوە، ئافرەتێک ھەبووە (ھەشت جار) ھاوسەرگیریی کردووە و خوشکەکەشی (جارێک)، ھەمووجارێک ئافرەتی یەکەم وتویەتی "من و خوشکەکەم نۆ جار شومان کردووە"، ئاخر کاکە پارتیەک ئەو ھەموو گەندەڵی و نابەرپرسیارێتیی و پێشێلکردنی یاسایە لەژێردەستیدا ڕوویدابێ، چ مەعقولە بکرێتە شەریک لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی تردا و ھەموشیان یەک خەتایان ھەبێت؟.

نوێترین نوسینەکانی ئاسۆ گەڵاڵی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌