وەرزەکانی بەھار و پایزی عەرەبی کۆتاییەکانیان ھەر زستانە؟

وتار/ 07/12/2019 892 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

وەرزەکانی بەھار و پایزی عەرەبی کۆتاییەکانیان ھەر زستانە؟

===============================
•     ئاشکرایە کە قۆناغی یەکەمی بەھاری عەرەبی لەساڵی ٢٠١١وە دەستیپێکرد بەسەرھەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی گەلانی عەرەبی لە وەرزی بەھاری ئەو ساڵەدا و یەکەم وڵاتیش لە تونسی  سەوزەوە جەماوەر ڕاپەڕی و ڕق و قینی نیوسەدەی لەبەرامبەر دەسەڵاتە تاکڕە و چەوسێنەر و پاوانخواز و قۆرخکار و گەندەڵەکەیدا ڕشت و توانی لەماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتە لەرزۆک و ترساوەکەی زەین العابدین بن عەلی بڕوخێنێت و وڵات بەدەری بکات،ئیدی وەکو پولی یاری دۆمینە ھەریەکە لە ڕژێمە خۆسەپێنەکانی لیبیا و میسر و یەمەن و سوریاشی بەدوادا ھات و ھەموانیان بەرەو زبڵدانی مێژوو توڕھەڵدران و لەجێگەیاندا ھەریەکەیان بەپێی سروشتی کۆمەڵگاکانیان سیستەمێکی حوکمڕانی نوێیان سەپاند یان چەسپاند، کە بەداخەوە لە زۆرێکیاندا ھێشتاش کۆتایی بە شەڕی ناوخۆیی نەھاتوە و ئەو وڵات و کۆمەڵگایەنە ھێشتا بەدەست ململانێ ناڕەوا ئاینی و مەزھەبی و ئیتنیەکانەوە دەناڵێنن و ھێندەی تر بەرەو دواکەوتن و ھەژاری و کاولکاری زیاتر ڕۆیشتون وەک لە لیبیا و سوریا و یەمەندا ڕوودەدەن و ھەرچی میسریشە بەشێوەیەکی بەناو دیموکراسیانە عەسکەرەکان خۆیان سەپاندەوە و جارێکی تریش لەسەر ھەمان ڕێتمی شۆڕشی ١٩٥٢ دەسەڵاتیان گرتەوە دەست و ئەوەی کە تەنھا مایەی خۆشحاڵی جەماوەر و بزوتنەوە دیموکراسیەکانە ئەوەیە کە لەتونسدا چەسپیوە و تاڕادەیەکی باش پێشکەوتن و ئارامی و گەشەکردن و بوژاندنەوە و گۆڕانکاری بۆخۆوە بینیوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشێوەیەکی گشتی ئەو بەھاری عەرەبیەی کە گەلانی ناوچەکە دەیخواست نەھاتە دی و بەری نەگرت و بەتەواوەتی سەوز نەبوو و ھەرزووش بەرەو وشکبون و پوکانەوە و پایزبوون چوو.ھەموو گەلانی ناوچەکە و دونیاشی بێئومێد کرد لە چێکردنی گۆڕانکاری گەورە و فراوان لەسەر زەمینەی واقع و لە ھەڵسوکەوت و گوتار و کرداری تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەدا.
•     لەئێستاشدا و وەک قۆناغی دووەمی ئەو پڕۆسە ناڕەزایی و تەقینەوەی ڕق و قینەی جەماوەری ناوچەکە و چەند وڵاتێکی تر،خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەر سەریان ھەڵداوەتەوە لەھەریەکە لە وڵاتانی سودان و عێراق و لوبنان و ئێران و جەزائیر. کە لەقۆناغی یەکەمدا ئەم وڵاتانە پارێزراوبن و لەدوورەوە تەماشاکەری ئەو دیمەنە خوێناوی و کارەساتبارانەی ئەو وڵاتانە بوون و دەسەڵاتدارەکانیشیان وەکو ئەوەی کە ئەمان زۆر لەوان باشتربن ھیچ ھەوڵێکی چاکسازی و گۆڕانکاریان لە سلوک و ماملەَە و بەرنامە و تێڕوانینی خۆیاندا نەکرد و نەکەوتنە خۆ بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و بێکاری و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و ھەژاری لەکۆمەڵگاکانیاندا و ھەریەکەیان سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەندکردن و خۆسەپاندنی زیاتر و دزینی سەروەت و سامانی وڵات بوون وەک ئەوانەی پێش خۆیان.ھەربۆیەش ھەرزوو جەماوەری سودان ڕاپەڕین و توانیان حوکمڕانی ٣٠ساڵەی عومەر بەشیر بڕوخێنن و لە بەندیخانە توندی بکەن و دژی حوکمی عەسکەرتاریەتیش بوەستنەوە و لەئێستادا تاڕادەیەک ئامانجەکانیان پێکاوە،ھەرچی لەجەزائیریش ھەیە توانیان سەرۆکە نەخۆش و پەکەوتوەکەی بوتەفلیقە ناچاری وازھێنان بکەن لەدەسەڵات و لە ئێستادا سەرگەرمی ھەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێن. ھەرچی لوبنانی بوکی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشە بەھۆی بێکاری و جەنگی بەردەوام و گەندەڵی و دەستوێوەردانی دەرەکی و سیستمی حوکمڕانی پشکپشکێنەی مەزھەبی و ئاینیەوە بەرەو داڕمان چوە و بەناچاری جەماوەر ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای گۆڕانکاری ڕیشەی و خۆشگوزەرانی دەکەن و تائێستاش بەردەوامە. ھەرچی لە عێراق و ئێرانیشە بەھەمان ھۆکاری گەندەڵی و ململانێی حیزبی و مەزھەبی و ئاینی و نەتەوەیی و بێکاری و ھەژاریەوە گەلان لە خۆپیشاندانی بەردەوامدان.
•     بەم شێوەیە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەیە ساڵێگە گیردۆدە بوە بەدەست نائارامی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەوە ،ھەموانیشیان بەھۆی تاکڕەوی و خۆسەپێنی و قۆرخکاری و ململانێ ناڕەواکانی حیزب و سەرکردە و وڵاتانی ناوچەکە و زلھێزەکانەوەیە،کە بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبی خۆیان وڵات و کۆمەڵگاکانیان گیردۆەی نەھامەتیەکی نەبڕاوە کردوە.ھەربۆیەش ناوچەکە و تەنانەت دونیاش بەرەو ئایندەیەکی ناڕوون و ناڕۆشن ھەنگاو دەنێن لەسایەی تیرۆر و تیرۆریستان لەلایەک و بەھۆی ململانێ ناڕەواکانی وڵاتانی ناوچەکە لەنێو خۆیان و لەگەڵ زلھێزەکانیشدا لەلایەکی ترەوە،ھەربۆیە ھیچ چاوەڕوانیەک بۆ ئایندەیەکی گەش و ڕۆشن بۆ ئەم ناوچەیە ناکرێت سەرەڕای بوونی سەروەت و سامانی سروشتی زۆر و زەوەندە،چونکە عەقڵیەت و بەرنامە و بیرکردنەوەی دەسەڵاتداران نەگۆڕاوە و ناشگۆڕێن و تەنھا لە بەرژەوەندی خۆیان و حیزب و بنەماڵە و ئاین و نەتەوە و مەزھەبەکانی خۆیاندا کاردەکەن،نەک بۆ چەسپاندنی دیموکراسیەت و ڕێزگرتن لە ئازادیەکان و مافی تەواوی نەتەوە و ئاین و مەزھەبەکان و ھەمیشە لایەنگری خۆسەپاندن و زوڵم و چەوساندنەوەن نەک کاری پێکەوەیی و پێشکەوتن و داھێنان و خۆشگوزەرانی، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا ئێستا و ئایندەی گەلانی ناوچەکە و وڵاتەکانی خۆیان کردۆتە قوربانی و بەتەنگ گیان و خوێن و فرمێسکی ھاوڵاتیەکانی خۆشیانەوە نین.
•     جێگەی سەرنجە کە لەھەردوو قۆناغی ڕاپەڕٍینی گەلانی ناوچەکەدا تەنھا لەو وڵاتانەدا سەریان ھەڵداوە کە سیستەمی حوکمڕانیەکانیان کۆمارین و بەناو عیلمانی یان ئاینین یان مەزھەبین یان نەتەوەیی تەسکن،نەک لەو وڵاتانەی کە سیستەمی پاشایەتی تیایاندا باڵادەستە،بۆیە دەکرێت بپرسین ئایا سیستەمی حوکمڕانی پاشایەتی باشترە لە کۆماری؟ ئایا سیستەمی پاشایەتی دادگەرترن وەک لە کۆماریەکان ؟یان ئەوانیش بەھەمان شێوەی کۆماریەکانن بەڵام گەلانی ئەو وڵاتانە ھێشتا لەبەر زۆر ھۆکاری ئاینی و پیرۆزی بنەماڵە فەرمانڕەواکانیان بوێری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان نیە،یاخودیش بینیویانە کە ئەنجامی بەھار و پایزی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە تەنھا نابوتی و ڕەش و تاریکتر بون نەک ڕۆشن بۆیە بەقەدەری خۆیان ڕازین و بێدەنگی و ملکەچیان ھەڵبژاردوە.
•     بۆیە بەھەق نە خۆپیشاندانەکانی جەماوەری وڵاتانی ناوچەکە ئامانجەکانیان وەدیھێنا و نەگۆڕانکاری و چاکسازیەکانیش لەسەردەستی دەسەڵاتدارنی نوێدا ھاتنە دی،بەڵکو دۆخەکان ھەروەکو پێشتر ماونەوە و ھیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆوە نەبینی و ئەوەی کە ھەشیانبوو لەدەستیاندا.بۆیە دەبێت ئەو ڕاستیە لەبیر نەکەین کە پڕۆسەی گۆڕانکاری سەخت و دژوار و پیاوی خۆی گەرەکە و زەمان و زەمینەی گونجاویشی پێویستە بۆ چێکردن و زۆر ساناو ئاسان نایەتە بوون ،ھەربۆیە گۆڕانکاری و چاکسازی لەلایەک بەنیەتی ڕاستگۆ و لەلایەکی تریشەوە بە ھێمنی و پشوودرێژی و بەکار و بەرنامە و پلانی زانستی و واقعی دەبێت کە بگونجێت لەگەڵ دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکاندا نەک لەدەرەوەی سنورەکانەوە بسەپێنرێت بەمەرامی جیاواز کە لەبەرژەوەندی گەلان و کۆمەڵگاکانی ناوچەکە خۆیاندا نەبێت.ھەربۆیە نەبەھاری عەرەبی و نە پایزەکەشیان سەری نەگرت و بەرھەمی خوازراویان لێنەکەوتەوە، و تەنھا وەک دارێکی زڕی بێبەر مانەوە ،بەڵکو بەھار و پایزی عەرەبی بونە وەرزی زستانێکی شەختە و بەستەڵەک و چەق بەستوی  ڕێبەندانی نەفرەتی کە بە کۆتاییەکی تاریک و تون و کارەساتبار بۆ گەلانی ناوچەکە و وڵاتەکانیان کۆتاییان ھات و کۆتایشیان دێت.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌