عادل عبدالمهدی‌ , جه‌لاد یان قوربانی‌ ؟

وتار/ 30/11/2019 542 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

عادل عبدالمهدی‌ , جه‌لاد یان قوربانی‌ ؟


•    ڕێك له‌ 24/10/2018دا د.عادل عبدالمهدی‌ و كابینه‌كه‌ی‌((ته‌نها 14 وه‌زیر)) متمانه‌ی‌ په‌ڕله‌مانی‌ عێراقیان وه‌رگرت.و دواتر و دوای‌ نزیكه‌ی‌ 8 مانگی‌ تر ((4 وه‌زیری‌ تر))متمانه‌یان پێدرا،كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها دوای‌  ساڵێك و 1 مانگی‌ ته‌واو  به‌نیوه‌ناچڵی‌ ئیداره‌ی‌ حكومه‌تێكی‌ ناته‌واوی‌ كرد چونكه‌ تاكو ئێستا كابینه‌كه‌ی‌ نه‌توانی‌ ته‌واو بكات و وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ وه‌ك وه‌زاره‌تێكی‌ كاریگه‌ر و گرنگی‌ بۆ پڕنه‌كرایه‌وه‌. هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ دیاربوو كه‌ ئه‌م حكومه‌ت و سه‌رۆكه‌كه‌شی‌ ناتوانن 4 ساڵی‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ و ئاوه‌دانی‌ بۆ عێراق بگێڕنه‌وه‌،نا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌م پیاوه‌ بێتوانا و بێ‌ به‌رنامه‌ و گه‌نده‌ڵ و بێ‌ ئه‌زوموونی‌ سیاسی‌ و ئیداری‌ و ئه‌منی‌ و داراییه‌،به‌ڵكو به‌هۆی‌ ململانێ‌ توند و ناڕه‌واكانی‌ سه‌رانی‌ حیزبه‌ سیاسیه‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كانی‌ هاومه‌زهه‌بی‌ خۆیه‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش سائیرون و فه‌تح كه‌ خۆیان به‌ كوتله‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ په‌ڕله‌مانی‌ ده‌زانی‌ و هه‌ریه‌كه‌شیان هه‌وڵیده‌دا كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌لای‌ خۆی‌ بێت،كاتێكیش نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام و به‌ناچاری‌ ئه‌م پیاوه‌ میانڕه‌وه‌ و خه‌مخۆرو پاك په‌رێزه‌یان وه‌ك كاندیدی‌ هه‌ردوولا و ته‌وافوق هێنایه‌ پێشه‌وه‌ و كردیانه‌ نوێنه‌ری‌ خۆیان و ڕازیبوون به‌ پێدانی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێی‌،به‌لاَم هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ كه‌وتنه‌ ته‌ون و داو نانه‌وه‌ بۆی‌ و ڕێگه‌یان نه‌دا كه‌ به‌ ئاره‌زوو  ویست و له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و پلانێكی‌ بێلایه‌ن نماینده‌ و وه‌زاره‌ت و وه‌زیره‌كان دیاریبكات له‌سه‌ر بنه‌مای‌ لێهاتووی‌ و لێوه‌شاوه‌یی‌ و ئه‌زموون و ئه‌مانه‌ت و دڵسۆزی‌ و ئه‌كادیمیبوون و پسپۆڕی‌ و شاره‌زایی‌ كه‌سه‌كان،دوور له‌ پشكپشكێنه‌ی‌ حیزبایه‌تی‌ و نه‌ته‌وایه‌تی‌ و ئاینی‌ و مه‌زهه‌بی‌ و ناوچه‌گه‌ری‌.به‌لاَم ئه‌وان له‌یه‌ك كاتدا هه‌م متمانه‌یان پێداو هه‌میش خه‌نجه‌ری‌ ژه‌هراویان له‌ پشتی‌ ده‌دا و ڕێگری‌ و كۆسپی‌ ناڕه‌وایان له‌ پێشدا دروست ده‌كرد،ئه‌وه‌بوو دوای‌ نزیكه‌ی‌ 5-6 مانگ ئه‌وكات توانیان وه‌زیره‌كانیان دیاریبكه‌ن،به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ نه‌به‌كامی‌ له‌دایكبوو به‌ عه‌مه‌لیاتێكی‌ قه‌یسه‌ری‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ چه‌ند به‌ناو دكتۆرێكی‌ نه‌زان و نه‌شاره‌زا و  ئه‌نجامیش حكومه‌تێكی‌ لاواز و بێده‌سه‌لاَت و كه‌مئه‌ندامی‌ لێپه‌یدا بوو.
•    سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و هه‌موو كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ و خۆپیشاندانانه‌ی‌ كه‌له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م ساڵه‌دا ڕووبه‌ڕووی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بوه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ له‌ شیعه‌ مه‌زهه‌به‌كان بوو،كه‌چی‌ توانی‌ به‌هێمنی‌ و بێده‌نگی‌ گه‌لێك كاری‌ باش بكات له‌ڕووی‌ ئیداری‌ و سیاسی‌ و ئابوریه‌وه‌ و تاڕاده‌یه‌ك ئه‌منیه‌تیشی‌ هێمن كردبۆوه‌ و نمونه‌یه‌كی‌ جوان و سه‌ركه‌وتوویی‌ كاری‌ پێكه‌وه‌یشی‌ له‌نێوان هه‌رسێ‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی‌ ده‌وڵه‌تیشدا پیشاندا و هه‌مئاهه‌نگی‌ و لێكتێگه‌یشتنی‌ زۆر باشیان له‌نێواندا هه‌بوو،چه‌ندین گرێبه‌ست و ڕێكه‌وتنی‌ ئابوری‌ له‌گه‌ڵ ولاَته‌ زلهێزه‌كاندا واژۆكرد بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌ی‌ عێراق. و په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ عێراق له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌ و دونیای‌ عه‌ره‌بی‌ و ئیسلامی‌ و زلهێزه‌كانیشدا ئاسایی‌ و گه‌رموگوڕتر كرده‌وه‌.به‌لاَم ئه‌م سه‌ركرده‌ به‌ناو خه‌مخۆر و دڵسۆزانه‌ی‌ عێراق كه‌ خۆیان و حیزبه‌كانیان به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ بوون كه‌چی‌ به‌ ڕۆژ له‌حكومه‌ت و شه‌ریك بوون له‌شه‌ویشدا ناڕه‌زایی‌ و خه‌ریكی‌ داو و ته‌ون هه‌ڵخستن بوون بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مه‌هدی‌.به‌ڕاستی‌ دووڕوویی‌ و درۆزنی‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ وایكرد كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌م ده‌رده‌ بچێت.و هیچ ڕێزێكیان نه‌ بۆ ده‌ستور و یاساكان داده‌نا ،نه‌ بۆ هاولاَتیان و سه‌روه‌ری‌ عێراق داده‌ناو نه‌ بۆ داموزه‌ده‌زگا شه‌رعیه‌كانیش.هه‌ربۆیه‌ هه‌موان خه‌ریكی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و مشه‌خۆری‌ بوون له‌سه‌ر جه‌سته‌ی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 16 ساڵدا له‌كۆی‌ داهاتی‌ 850 ملیار دۆلار بڕی‌ 450 ملیار دۆلار به‌هه‌ده‌رو به‌گه‌نده‌ڵی‌ له‌ كیس عێراق و هاولاَتیانی‌ چوون،به‌هه‌ق ئه‌م ده‌سته‌ سیاسیه‌ بۆگه‌ن و گه‌نده‌ڵه‌ی‌ عێراقی‌ نوێ‌ به‌ ده‌یان ساڵ عێراقیان پاشه‌كشه‌ پێكرد بۆ دواوه‌ ،چونكه‌ له‌لایه‌ك بڕوایان به‌سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ عیلمانی‌ و په‌ڕله‌مانی‌ و دیموكراسی‌ و ئازادیه‌كان نه‌بوه‌ و له‌لایه‌كیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و دونیاش كاریان ده‌كرد و هیچ به‌لایانه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و سه‌روه‌ری‌ و به‌هێزی‌ عێراقیان لا مه‌به‌ست نه‌بوه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌ماوه‌ی‌ 16 ساڵی‌ ڕابووردوودا به‌ ده‌یان و سه‌دان كێشه‌ و گرفتی‌ گه‌وره‌ و بچوك سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگای‌ عێراقیدا هه‌ر له‌  گه‌نده‌ڵی‌ و مشه‌خۆری‌ و بێكاری‌ و هه‌لاَوسان و نه‌خۆشی‌ و دواكه‌وتن و نه‌خوێنده‌واری‌ و نه‌بوونی‌ ئاسایش و خزمه‌تگوزاری‌ و داته‌پینی‌ ژێر خانی‌ ئابوری‌ و نه‌بوونی‌ كارگه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ پیشه‌سازی‌ و پاشه‌كشه‌ی‌ بواره‌كانی‌ كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و ته‌ندروستی‌ و خوێندن و په‌روه‌رده‌ و ئاوه‌دانی‌ و ...هتد.هه‌ربۆیه‌ گه‌نجان و لاوان و ته‌واوی‌ چین و توێژه‌كان جامی‌ توڕه‌یی‌ وناڕه‌زایی‌ و گیانی‌ تۆڵه‌ و ڕق و قینیان سه‌ریكرد و له‌ماوه‌ی‌ دوومانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م و دووه‌می‌ ئه‌مساڵدا كه‌وتنه‌ سه‌ر شه‌قام و ده‌ستیاندایه‌ توندوتیژی‌ و داواكاری‌ ڕه‌وای‌ خۆیان به‌رزكرده‌وه‌ و داوای‌ مافی‌ خۆیانیان ده‌كرد و به‌داخیشه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ڕێڕه‌وی‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ گۆڕاوه‌ و داواكاریه‌كان له‌ داواكاری‌ نه‌مانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بێكاری‌ و بێ‌ خزمه‌تگوزاریه‌وه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ ده‌ستله‌كاكێشانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستور و یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و گۆڕینی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و چێكردنی‌ چاكسازی‌ و ..هتد. كه‌هه‌موانیان داواكاری‌ سیاسین نه‌ك جه‌ماوه‌ری‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی‌ بوونی‌ ده‌ست و هێزی‌ ده‌ره‌كی‌ ناوچه‌یی‌ و دونیاییشه‌ له‌م خۆپیشاندانانه‌دا.
•    ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م 2 مانگه‌دا ڕوویاندا له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ حكومه‌ت و سه‌رۆكه‌كه‌یان تاوانبار ده‌كرد و به‌كه‌مته‌رخه‌م و بێتوانا ناویان ده‌برد،هیچ كام له‌سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌ بالاَده‌سته‌كان و ته‌نانه‌ت مه‌رجه‌عیه‌تیش هه‌ڵوێستێكی‌ ئه‌رێنی‌ و كرداره‌كیان نه‌بوو بۆ پاراستنی‌ هه‌یبه‌ت و شكۆی‌ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی‌ و هه‌موان ڕۆڵی‌ ته‌ماشاكه‌ریان ده‌بینی‌ و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردبوو،كه‌ هه‌موانیان له‌ترس و تۆقینێكی‌ گه‌وره‌دا ده‌ژیان چونكه‌ هه‌موانیان به‌شدارن له‌ هێنانه‌ كایه‌ی‌ ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا نه‌ك به‌ته‌نها حكومه‌ت و عادل عبدالمهدی‌ سه‌رۆكی‌.
•    بۆیه‌ ناڕه‌وایه‌ و كارێكی‌ نالۆژیكی‌ و بێوژیدانیشه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌و پیاوه‌ به‌ لێپرسراوی‌  هه‌موو كه‌مته‌رخه‌می‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و هه‌ڵه‌ و شكسته‌كانی‌ 16 ساڵی‌ ڕابووردوو بزانرێت،و ته‌نها داوای‌ لێپرسینه‌وه‌ و سزادانی‌ ئه‌م پیاوه‌ بكرێت كه‌ ته‌نها وه‌ك قوربانی‌ وایه‌ و جه‌لاده‌ ڕاسته‌قینه‌كانی‌ كابینه‌كانی‌ پێشوو له‌ مالكی‌ و عه‌بادی‌ و سه‌رۆكی‌ حیزب و ڕه‌وت و هاوپه‌یمانێتیه‌كانی‌ تری‌ لێبێبه‌ری‌ بكرێت.
•    ئه‌م پیاوه‌ ته‌نها هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌دڵسافی‌ و دڵسۆزی‌ و ده‌ستپاكی‌ و نیه‌تپاكیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هه‌مواندا ده‌كرد و متمانه‌ی‌ پێیان هه‌بوو،به‌لاَم ئه‌وان دووڕوویی‌ و خۆپارێزی‌ بنه‌مای‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بیان له‌گه‌ڵ پیاده‌ ده‌كرد،ئه‌م پیاوه‌ ده‌یویست سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ سه‌قه‌تی‌ 16 ساڵی‌ ڕابووردوو ڕاستبكاته‌وه‌،ده‌یویست ته‌نها چه‌ك به‌ده‌ست سوپا و هێزه‌كانی‌ ناوخۆوه‌ بێت،ده‌یویست میلیشیا چه‌كداره‌كانی‌ سه‌ر به‌ولاَتانی‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌مێنن ،ده‌یوست گه‌نده‌ڵی‌ بنه‌بڕبكات و چه‌ندین ئه‌نجومه‌ن و لیژنه‌ و نوسینگه‌ی‌ پشكنه‌ره‌ گشتیه‌كان و ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ دروستكرد و پشتی‌ ده‌گرتن بۆ لێپرسینه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵكاران،ده‌یویست ئاشتی‌ و ئاوه‌دانی‌ بۆ ولاَت بگێڕێته‌وه‌ ، گه‌ره‌كی‌ بوو بێكاری‌ و هه‌ژاری‌ و مشه‌خۆری‌ و دواكه‌وتویی‌ نه‌هێڵێت،ده‌یویست حكومه‌تێكی‌ یاسایی‌ و هاولاَتی‌ و داموده‌زگایی‌ پێكه‌وه‌ بنێت. به‌لاَم هه‌موانیان به‌ڕوویدا ڕاوه‌ستان و هه‌رجاره‌ی‌ تۆمه‌تێكی‌ ناڕه‌وایان بۆ دروستده‌كرد له‌وه‌ی‌ كه‌ جارێك سه‌ر به‌ئێرانه‌ و جارێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا نه‌رمه‌ و جارێكی‌ تریش له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌ سونه‌ مه‌زهه‌به‌كانی‌ كه‌نداودا ڕێكه‌ و جارێكیش ڕووی‌ كردۆته‌ چین و ده‌یانی‌ تریش.كه‌ هه‌موانیان ته‌نها مه‌به‌ستیان شكستپێهێنانی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌  بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌ چاكسازی‌ و پاكسازیه‌كانی‌ سه‌رنه‌كه‌وێت و ئه‌وانیش به‌رده‌وامبن له‌ مه‌له‌كردن له‌ئاوی‌ لێڵ و لیخنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و دادۆشینی‌ عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حیزب و سه‌ركرده‌ و بنه‌ماڵه‌ و ولاَتانی‌ دراوسێدا.
•    به‌هه‌ق ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پیاوه‌ و له‌م دۆخه‌دا عێراق به‌ره‌ ئاڕاسته‌یه‌كی‌ نادیار و ئاینده‌یه‌كی‌ تاریك و تونتردا ده‌بات و جارێكی‌ تریش عێراق پیاوێكی‌ وه‌ك ئه‌م مه‌هدی‌ مونته‌زه‌ره‌ی‌ شیعه‌كانی‌ بۆ په‌یدا نابێته‌وه‌ كه‌ توانی‌ دڵی‌ هه‌موان بشكێنێت له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ عێراقدا  و دوور نیه‌ عێراق به‌ره‌و قۆناغێكی‌ خوێناوی‌ و شه‌ڕی‌ ناوخۆ هه‌نگاو بنێت، هه‌روه‌ك چۆن عێراق به‌له‌كیسدانی‌ عبدالكریم قاسم پێی‌ نایه‌ قۆناغێكی‌ خوێناوی‌ و هاڕینی‌ شه‌ریكه‌كان له‌ده‌سه‌لاَتدا له‌ناوخۆیاندا.ئیدی‌ ئه‌مه‌ عێراقه‌ غه‌ریب و عه‌جیبه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ و به‌درێژایی‌ 5هه‌زار ساڵه‌ی‌ مێژووی‌ خۆی‌ له‌ ده‌وامه‌یه‌كی‌ هاڕینی‌ یه‌كتر و خوێن و فرمێسك و كاولكاری‌ و جه‌نگ و شه‌ڕی‌ ناوخۆیدا ده‌ژی‌.ئه‌وه‌ی‌ نامۆیه‌ كه‌ نابێت هیچ ده‌یه‌ ساڵێك به‌ ئارامی‌ و پێشكه‌وتن و خۆشگوزه‌رانی‌ بژێت.
•    ئه‌م مه‌هدیه‌ وه‌ك خۆی‌ نوسیویه‌تی‌ له‌نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاكێشانه‌وه‌كه‌یدا له‌ 29/11/2019دا كه‌ هیچ ده‌سه‌لاَتێكی‌ ڕه‌های‌ نه‌بوه‌ و چیدیش ناتوانێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نده‌ڵ و دزی‌ ماڵی‌ گشتیدا كاربكات  له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ عێراق و عێراقیه‌كاندا ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌. چونكه‌ دژه‌كانی‌ سیسته‌مه‌ێكی‌ حوكمڕانی‌ وا بۆگه‌ن و پیسیان پێكه‌وه‌ناوه‌ گه‌ر موسا به‌ گۆچانه‌ ئه‌فوسوناویه‌كه‌شیه‌وه‌ بێته‌وه‌ ناتوانێت چاكی‌ بكاته‌وه‌ چ جای‌ مه‌هدیه‌كی‌ بێده‌سه‌لاَت وه‌ك عادلكه‌ی‌ عێراق،به‌ڕاستی‌ ئه‌و ئایه‌ته‌ی‌ كه‌ هێناویه‌تیه‌وه‌ زۆر جوان ده‌ربڕی‌ خواست و ناخێتی‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م ساڵه‌دا به‌ده‌ست ئه‌م هه‌موو فشار و گه‌نده‌ڵی‌ و ناحه‌زانه‌وه‌ خواردویه‌تی‌ وه‌كو قوربانیه‌ك دێته‌ پێش چاو نه‌ك وه‌ك جه‌لادێك و بكوژی‌ خۆپیشانده‌ران. كه‌ ده‌ڵێت ))یا ابت افعل ما تۆمر ستجدنی ان شا‌و الله من الصابرین((.
•    دڵنیام عێراق به‌بێ‌ ئه‌م مه‌هدیه‌ش هه‌ر ده‌ڕوات به‌ڕێوه‌ به‌لاَم وه‌كو ئه‌م عادله‌ به‌خۆیه‌وه‌ نابینێته‌وه‌ به‌گشتی‌ بۆ عێراقیه‌كان و به‌تایبه‌تیش بۆ كورد و هه‌رێمی‌ كوردستان چونكه‌ دۆستێكی‌ دڵسۆز و سه‌ر ڕاست و به‌وه‌فای‌ له‌ده‌ستدا. و ده‌بێت له‌مه‌ودوا فاتیحایه‌كی‌ قوڵ بۆ عێراقێكی‌ یه‌ك ویه‌كگرتووی‌ به‌هێز دابدرێت،چونكه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ به‌ره‌و له‌ناوچوون و پوكانه‌وه‌ و داڕمین ومردنێكی‌ له‌سه‌رخۆ و هێواش هه‌نگاو ده‌نێت.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌