حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی بۆ بەم ڕۆژە گەیشت؟؟

وتار/ 26/11/2019 715 جار بینراوە

‏ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید

حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی بۆ بەم ڕۆژە گەیشت؟؟

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕەشید
حکومەت و پەرلەمان ویاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هێزەسیاسیەکان ئەو زنجیرە یەک لەدوای یەکانەن کەهەریەکەیان بەرهەمی لەدایک بووی ئەوی تریانە ،هەموو حکومەتێک کەپێک دێت دەرهاوێشتەی ئەو پەرلەمانەیە کەهەڵبژێراوی خەڵکە بەتایبەت ئەگەر سیستەمەکە پەرلەمانی بێت وەک ئەوەی کەلە عێراقدا دەگوزەرێت، تەواوکەری زنیرەکەکە بریتیە لەو پەرلەمانەی کە لەئەنجامی هەڵبژادنێکی پرساختەو فێڵکردن هاتەکایەوەو بەبەکارهێنانی یاسایەک کە هێزە سیاسیە گەورەکان وەستای دورینی بوون پڕ بەبەری خۆیان و هێزەمامناوەندەکانیش بونە شاگردێکی دڵسۆزو هێزە گچکەکانیش بەبێدەسەڵاتی تەماشایان دەکرد وهەموو ئەمانەش دورنەبون لە چاودێری هەندی سەفارەت و کونسڵخانەی وڵاتانی ئەقلیمی و بیانی ،
حکومەت پێکهات بەڵام بەبێ ڕێکارە دەستوریەکەی کەدەبێت کوتلەی گەورە دیاری بکرێت ، ئەوکوتلە گەورە بتوانێت حکومەت پێک بهێنێت و بەرپرسیارێتی شکست و سەرکەوتنەکانیشی لەئەستۆ بگرێت ،هەربۆیە حکومەتی عادل عبدول مەهدی حکومەتێکی دەستوری نیە لەڕووی پەرەنسیپەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراقەوە بەڵکو حکومەتی تەوافقی چوار لایەنی خاوەن هەژمونی بەهێزن کە بریتین لە بەشێک لەکورد و دوو رەوت لە شیعەو رەوتێک لە هێزە سونیەکان ئەم حکومەتیان پێکهێناو هەندێ هێزی مامناوەندیان کردە بەشداری خۆیان و هێزە بچوکەکانیش بونە تاماشاکارێکی بێدەنگ و هەتا توانای ئەوەیان نەبوو ئەم هێزە بچوکانە خۆیان کۆبکەنەوەو رکابەرێکی بەهێز دروست بکەن بەڵک و بونە تەواوکەری وێنە ناشیرینەکەو هەریەکیان ئیستاشی لەگەڵ بێت دەیانەوێت لە ڕێگەی یەکێک لەو هێزە گەورانەوە بچنە ناو پرۆسەکە و بەڵک و شتێک لە کێکە خوراوەکەیان بەرکەوێت.
هەربۆیە عادل عبدول مەهدی لەو ساتەوە بڕیارو ئیرادەی لەدەست نەما کەڕازی بوو پۆستێکی هەستیاری پڕ کێشە وەرگرێت بەبێ فراکسیۆنێکی بەهێز کە تەرجەمەی دیدگاو و بۆچونەکانی بکات یان ئەو بەرنامەی کارەی کە چەند ڕۆژ خەریکی نوسینی بوو بەخۆی و ستافە پرۆفیشناڵەکەی و پاشانیش هێزە پێکهێنەرەکان ڕازی بوون لەسەری کە بەدڵنیایەوە بۆ جێبەجێ کردن نەبوو تەنها بۆ ئەومەبەستەی نەدەکرا حکومەت بەبێ بەرنامەی کار ئەگینا ئەو هێزانە هەرلەناو هۆڵی پەرلەماندا لەکاتی خوێندنەوەی کارنامەکەی حکومەتدا بە ئاماژە و ئیشارەت بە عادل عبدول مەهدییان ووت پێویست ناکات بیخوێنیتەوە چونکە دەیانزانی ئەوان حکومەتیان بۆ خزمەتی خەڵک نییە و بۆ خزمەتی خۆیانە،
لە دوای پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان عادل عبدول مەهدی دوچاری گرفت و کێشە بوو بەوەی نەیدەتوانی ئارەزوو داواکاری هێزە پێکهێنەرەکان رەدبکاتەوە تاکار گەشتە ئەوەی حکومەت لەبری ئەوەی حکومەتی خەڵک بێت بوو بەحکومەتی چەند لایەنێک .
ئەوەش دەرئەنجامەکەی لەماوەی ساڵێکی حکومەتدا بەپێی شیکاریەکانی لێژنەی پلانی ئیستراتیژی پەرلەمان :حکومەت تەنها ۳٦٪ بەرنامەی کاری جێبەجێکردوە بۆ ساڵێک (هەرچەندە خۆی دەڵێت ۷۹٪ جێبەجێ کردوەو )زیاد لە (٤) وەزیر مەلەفیان بۆ کراوەتەوە بۆ لێپرسینەوەو بەخودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە ،لەخۆپیشاندانیشدا زیاتر لە (۳٠٠) شەهید و زیاتر لە (۱٥٠٠٠) بریندار و ژمارەیەک گیراو و هەتا بێسەرو شوێنیش هەیە و لەشەقامێکی سەرەکی بەغدادی پایتەخدا و لە شوێنێکی زۆر ئەمینداو لە نزیک بارەگای دوان لەسێ پۆستە سەرۆکایەتیەکان بەڕێوەبەرێکی وەزارەتێک کەخەڵک چاوەڕێە ئاسایشیان بپارێزێت دەفڕێنرێت بەڕۆژی روناک.
بۆیە تەنها چارەسەر ئەوەیە بە زنجیرەکەی سەرەتادا بڕۆینەوە و یەک لەدوای یەک هەڵیان وەشێنینەوە تا دەگەینە ئەوئاستەی کەدەکرێت بڵێن لەهەوڵی چاکسازیداین ئەگەرنا ئەوەی ئێستا پەرلەمان وحکومەت دەیکەن جگە لە پینەو پەڕۆکردن هیچی ترنیەو پەردەپۆشی شکستەکانە و هەرگیز شەقامی نارازی قەبوڵی ناکات خۆ لادان لێی کات بەفیڕۆدانە بارودۆخەکە زیاتر دەئاڵسکێت و بژاردەکان زۆرتر دەبن،
لەهەمووی گرنگ تر ئەوەیە کە دەبێت ئێمەی نوێنەرانی خەڵک ئەو ڕاستیە بزانین کە ئەگەر جەماوەر بەیاسایەکی خوارو خێچ ئێمەی کردوە بەنوێنەری خۆی دەتوانێت بەخۆپیشاندان لە نوێنەرایەتیمان بخات و ئەوحکومەتەی بەدەنگی ئێمە دروست بووە جەماوەر شەرعیەتی لێبسەنێتەوە و ئەوکۆمسیۆنەی دەسەڵاتی وەکالەت وەرگرتنی هەبووە بۆ سەرپرشتی کردنی پرۆسەکە مافی بریکاربونیان لێ وەرگیرێتەوەو بە کوردی کرمانجی دەبێت :

۱_ حکومەت هەڵوەشێتەوەو لەبری ئەوە حکومەتێکی کاربەڕێکەر هەبێت بۆ ماوەی (٦) مانگ .

۲_ پەرلەمان لەماوەی ئەو (٦) مانگەدا یاسای هەڵبژاردن هەموار بکات بەشێوەیەکی گونجاو و لەبەرژەوەندی پرۆسەکە بێت بەسەر پەرشتی شارەزایانی نێو دەوڵەتی.

۳_ هەڵبژاردنی پێش وەخت کە لەماوەی ئەو (٦) مانگەدا ئەنجام بدرێت بەسەر پەرشتی دادوەران و وڵاتە یەکگرتوەکان .
٤_ بابەتی هەمواری دەستور بخرێتە خولی تازەو لێژنەی تایبەتی بۆ پێک بهێنرێت.

٥_ حکومەتی ئایندە حکومەتی زۆرینەی سیاسی بێت و ئۆپۆزسیۆنێکی کارامە رکابەری حکومەت بکات و پێکهێنەرانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن تێکەڵەیەک بن لە نەتەوەی جیاوازو ئاین و ئاینزاو مەزهەبەکان.

نوێترین نوسینەکانی ‏ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌