له‌به‌رده‌م چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ گشتیدا.. یه‌كێتی‌ چۆن كۆنگره‌یه‌كی‌ پێویسته‌ ؟

وتار/ 24/11/2019 633 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

له‌به‌رده‌م چواره‌مین كۆنگره‌ی‌ گشتیدا..
یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان چۆن كۆنگره‌یه‌كی‌ پێویسته‌ ؟


نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•    له‌م ساته‌ وه‌خته‌وه‌ تا 7/كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2019 كه‌متر له‌ 15 ڕۆژ ماوه‌ بۆ واده‌ی‌ ڕاگه‌یه‌نراوی‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ی‌ چوارهه‌می‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، خۆشبه‌ختانه‌ كۆمه‌ڵ گه‌لێك هه‌نگاو به‌كرداره‌كی‌ پیاده‌كراوه‌ به‌ نیه‌تی‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ له‌كات و واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا،له‌هه‌ڵبژاردنی‌ نوێنه‌ری‌ كۆمیته‌ و مه‌كته‌به‌كان و دواتریش به‌ستنی‌ كۆنفرانسی‌ مه‌ڵبه‌نده‌كان بۆ دیاریكردنی‌ نوێنه‌رانی‌ كۆنگره‌،كه‌ وا بڕیاره‌ 1000 نوێنه‌ر ببنه‌ ئه‌ندامی‌ كۆنگره‌.هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌ مایه‌ی‌ دڵخۆشین چونكه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی‌ و تاڕٍاده‌یه‌كی‌ باشیش بێكێشه‌ و كه‌موكوڕی‌ و ئاژاوه‌ و پشێوی‌ به‌ڕێوه‌چوون له‌ 14 مه‌ڵبه‌ند و دوو بازنه‌ و 207 كۆمیته‌دا.له‌ماوه‌ی‌ ته‌نها نێوان 16 تا كۆتایی‌ مانگی‌ 11/2019دا،كه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك و به‌ به‌راوورد به‌ گه‌وره‌یی‌ و فراوانی‌ و ئاڵۆزی‌ پڕۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ وه‌دیهێناوه‌.له‌كاتێكدا كه‌ ماوه‌ی‌ زیاد له‌ 10 ساڵه‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ ئاوها جێبه‌جێنه‌كراوه‌. كه‌ بۆ خۆی‌ ئه‌م كاره‌ گه‌واهیده‌ری‌ زیندویه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و ئۆرگانه‌كانێتی‌ و په‌رۆشی‌ ئه‌ندام و لایه‌نگران و ئاسته‌كانی‌ خواره‌وه‌ی‌ پێكهاته‌كه‌یه‌تی‌، و ئه‌و ڕاستیه‌ش دووپاتده‌كاته‌ كه‌ هه‌ركاتێك سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ ویستبێتی‌ به‌ جدی‌ كارێك یان پڕۆسه‌یه‌ك چێ بكات چه‌نده‌ گه‌وره‌ و سه‌خت و ئاڵۆزیش بێت ده‌توانێت بیكات و ڕێگه‌نادات هیچ به‌ربه‌ستێك ڕێگه‌ی‌ به‌ره‌و پێشچوون و نوێبونه‌وه‌ی‌ لێبگرێت،كه‌واته‌ كه‌ 10 ساڵه‌ كۆنگره‌ نه‌گیراوه‌ به‌مانای‌ ئه‌وه‌دێت ئه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ بۆخۆی‌ ویستی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ نه‌بوه‌ بۆ ئه‌و كاره‌.

•    به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ له‌م پڕۆسه‌یه‌ وگه‌رموگوڕه‌یه‌ی‌ ئه‌م قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ و كه‌می‌ ماوه‌ی‌ به‌رده‌م خۆئاماده‌كردن بۆ به‌ستنی‌ كۆنگره‌ه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا،گومان ده‌كرێت كه‌ كۆنگره‌ له‌ 7/12دا سازبكرێت ،به‌هۆی‌ له‌لایه‌ك ئاماده‌سازیه‌كان له‌ماوه‌ی‌ ته‌نها 6 ڕۆژی‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ 12/2019دا ناتوانرێت ته‌واوبكرێت نه‌ له‌ڕووی‌ لۆجستی‌ و نه‌له‌ڕووی‌ مادی‌ له‌ جێگه‌ی‌ مانه‌وه‌ و خواردن و و بانگهێشتنامه‌ی‌ میوانانی‌ ده‌ره‌كی‌ وپێداویستیه‌كانی‌ تری‌  هه‌ڵبژاردن و لیست و نه‌ له‌ڕووی‌ ئه‌منیشه‌وه‌،و تا ئێستاش له‌ناوه‌ندی‌ ده‌ره‌وه‌دا هیچ هه‌ڵبژاردنێك نه‌كراوه‌،كه‌واته‌ گومان ده‌كرێت كه‌ كۆنگره‌ له‌و واده‌یه‌دا ببه‌سرێت،به‌لاَم ده‌بێت هه‌ر ئه‌نجامبدرێت و ڕه‌نگه‌ بكه‌وێته‌ كۆتایی‌ ساڵی‌ 2019 و سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2020وه‌،چونكه‌ ئیدی‌ ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ی‌ ئێستا ناتوانێت دوای‌ بڕینی‌ ئه‌و قۆناغانه‌ و ئه‌و خه‌رجیه‌ زۆره‌  كۆنگره‌ چیدیكه‌ دوابخات به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر فشار و ناڕه‌زایه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ بنكه‌ و ئۆرگان و نوێنه‌رانی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ كۆنگره‌وه‌.

•    پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ بۆ یه‌كێتی‌ له‌م قۆناغه‌دا ؟ئه‌ی‌ كۆنگره‌ی‌ چی‌ پێده‌كرێت؟ئایا كۆنگره‌ش ده‌بێته‌ فریادڕه‌سی‌ هه‌موو كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی‌ 10 ساڵی‌ ڕابووردوو؟ئایا یه‌كێتی‌ به‌هێز و یه‌كگرتوو ده‌مێنێته‌وه‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ره‌وه‌ لێكترازانی‌ ڕیزه‌كان و  دڕدۆنگی‌ ناوخۆیی‌ زیاتر ده‌ڕوات؟ و ده‌یان پرسیار و گومان و ترس و دڵه‌ڕاوكێی‌ تر ..

سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌موان و به‌هه‌موو ئاڕاسته‌ و باڵ و ته‌كه‌توله‌كانی‌ ناو یه‌كێتیه‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و به‌توندیش دژایه‌تی‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌یان گه‌ره‌كێتی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ بشكێنێت و بچوك و نابوتی‌ بكات و خۆشی‌ زاڵ و ده‌سته‌ڕۆ بێت له‌كۆنگره‌دا،ده‌بێت هه‌موان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌و پێشبڕكێیه‌ یان ململانێ‌ ناڕه‌وایانه‌ی‌ نێوانیان ده‌بێت له‌ مه‌ترسی‌ و گه‌وره‌یی‌ ئاڵنگاریه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ و گۆڕانكاریه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ و عێراقیش له‌به‌رچاوبگرن،بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌نگاو و بڕیارێك نه‌ده‌ن له‌كۆنگره‌دا كه‌ یه‌كێتی‌ له‌ حیزبێكی‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌ر و خاوه‌ن نفوزی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و جه‌ماوه‌ری‌ و سه‌رتاسه‌ری‌ عێراق و كوردستانی‌ گه‌وره‌شه‌وه‌ به‌ره‌و حیزبێكی‌ بچوكی‌ لۆكاڵی‌ قه‌تیسكراو و بێ بایه‌خ و كاریگه‌ر هه‌نگاو بنێت،بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رچیده‌كرێت هه‌موان له‌سه‌ر:

•    میكانیزمێكی‌ ته‌واو دیموكراسی‌ و موتوربه‌كراو به‌ نه‌رمی‌ نواندن له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌گیانی‌ تۆڵه‌ و نه‌مان و ده‌رپه‌ڕاندنی‌ یه‌كتری‌ بكه‌نه‌وه‌.

•    پێویسته‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ته‌واو ئاماده‌سازیكراو بۆی‌ له‌هه‌موو ڕوه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ هۆكاری‌ نوێبونه‌وه‌ی‌ ڕوخسار و ڕه‌فتار و كردار و عه‌قڵی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و ئۆرگانه‌كانی‌ ،له‌هه‌مانكاتیشدا نه‌بێته‌ هۆی‌ لێكترازانی‌ ڕیزه‌كانی‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ و وازهێنانی‌ ژماره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌.

•    كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو گوتار و كردار و هه‌ڵوێست و ئایدیا و فكری‌ یه‌كێتیدا بچێته‌وه‌ كه‌ له‌ 10 ساڵی‌ ڕابووردوودا ته‌واو به‌ره‌و پاشه‌كشه‌چوون بۆته‌وه‌ نه‌ك پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن.

•    كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ یه‌كێتی‌ له‌ڕووی‌ ئۆرگان و په‌یكه‌رو پێكهاته‌وه‌ بكرێته‌وه‌ حیزبێكی‌ ڕه‌شیق و چوست و چالاك كه‌ بتوانێت سه‌ختی‌ و قورسایی‌ قۆناغی‌ ئاینده‌ هه‌ڵبگرێت و ڕووبه‌ڕووی‌ ببێته‌وه‌.
•    كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ بنه‌ما حیزبی‌ و مه‌ركه‌زیه‌تی‌ بڕیار و پڕه‌نسیپه‌ حیزبیه‌كان له‌خۆبگرێته‌وه‌ و تۆخیشیان بكاته‌وه‌.

•     كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاته‌كانی‌ یه‌كێتی‌ شه‌فاف و ڕوونبكرێت و له‌ده‌ستێكی‌ ئه‌میندا بێت و به‌هه‌مان شێوه‌ش خه‌رجیه‌كانیش به‌پێی‌ ڕێنمایی‌ و یاساو له‌ده‌سه‌لاَتی‌ دیاریكراودا بێت.

•    كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ یه‌كێتی‌ بكاته‌وه‌ به‌ حیزبی‌ پله‌ یه‌كی‌ كوردستان و ئه‌مه‌ش به‌نزیكبونه‌وه‌ی‌ له‌ جه‌ماوه‌ر و خاكیبوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێت بۆ سه‌ره‌تا شۆڕشگێڕیه‌كان و به‌ده‌مه‌وه‌ چوونی‌ داواكاریه‌ ڕه‌واكانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ پانوپۆڕی‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌بێت.

•    كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ یه‌كێتی‌ بكاته‌ حیزبێك كه‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ پڕۆسه‌ و قۆناغی‌ نوێی‌ دژه‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بێكاری‌ و ناعه‌داڵه‌تی‌ بكات و هه‌وڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار و خۆشگوزه‌رانی‌ و خزمه‌تگوزاری‌ و پاراستنی‌ ئه‌من و ئاسایش و ڕێزیش له‌دیموكراسیه‌ت و ئازادیه‌كان ویاسا و مافه‌كانی‌ مرۆڤ و ڕاگه‌یاندن و میدیا و هاولاَتیان بگرێت.

•    كۆنگره‌یه‌ك پێویسته‌ كه‌ یه‌كێتی‌ بدروشێنێته‌وه‌ و متمانه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و بیكاته‌وه‌ حیزبی‌ دامووده‌زگایی‌ و دووربكه‌وێته‌وه‌ له‌ حیزبێكی‌ قه‌تیسی‌ ناوچه‌گه‌ری‌ و بنه‌ماڵه‌یی‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندان و بازرگانانی‌ سیاسی‌.

•    گه‌ره‌كیشه‌ كه‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ كه‌سانی‌ بوێر و چاونه‌ترس و ڕۆشنبیر و به‌توانا و لێهاتوو بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ گفتوگۆی‌ گه‌رموگوڕ و جدی‌ بكه‌ن و پێشنیاز و ڕه‌خنه‌ی‌ جدی‌ پێشكه‌شبكه‌ن و ته‌نها وه‌ك ژماره‌ و بۆ ده‌ستبه‌رزكردنه‌وه‌ و به‌ڵێ‌ ی‌ ناڕه‌وا جێگه‌ نه‌گرن و گرنگیشه‌ ده‌سته‌مۆی‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی‌ و به‌رنامه‌ و ڕێبازی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان و شاڕێگه‌كه‌ی‌ بن نه‌ك توله‌ ڕێگه‌ كورت و كوێره‌كانی‌ ته‌كه‌توله‌ ناڕه‌واكان.
بۆیه‌ ته‌نها به‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ئاوها ده‌توانرێت یه‌كێتیه‌كی‌ به‌هێز و پته‌وی‌ دوای‌ مام به‌هێزبكه‌ینه‌وه‌.به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وا یه‌كێتی‌ ده‌بێته‌ خه‌به‌رێك له‌ زه‌مه‌نی‌ ڕابووردوودا.

•    ئاشكراشه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ش ناتوانێت ته‌واوی‌ خه‌وش و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی‌ چه‌ندین ساڵه‌ چاره‌سه‌ربكات و ببێته‌ عه‌سایه‌كی‌ ئه‌فسوناوی‌،به‌لاَم ده‌كرێت لانی‌ كه‌می‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات وبه‌ هه‌نگاوێكی‌ ئه‌رینیش له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت و یه‌كێتی‌ تاڕاده‌یه‌كی‌ باش ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر شارێگه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ دوور له‌ باڵباڵێن و ته‌كه‌تولاتی‌ ناڕه‌وای‌ به‌رژه‌وه‌ندچێتی‌ گروپ و ده‌سته‌ و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌ پاوانخواز و قۆرخكاری‌ پله‌و پۆست و ئیمتیازاته‌كانی‌ حیزب و حكومه‌ت بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵ و خزم و كه‌سوكار و عه‌شره‌ت و ته‌كه‌توله‌كانیان. هه‌روه‌ها ده‌شبێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ر لایه‌ك و سه‌ركرده‌یه‌ك قورسایی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆشی‌ بۆ ده‌ربكه‌وێت ،كه‌هه‌ر ئه‌م كارانه‌ بونه‌ته‌ هۆی‌ ڕاز و گه‌له‌یی‌ زۆرینه‌ی‌ ئۆرگان و ئه‌ندامه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ خۆی‌ و جه‌ماوه‌ری‌ گه‌له‌كه‌شمان.كه‌ناكرێت چیدی‌ درێژه‌یان پێبدرێت به‌بیانوی‌ جیاوازه‌وه‌.هه‌ربۆیه‌ كۆنگره‌ نابێته‌ فریادڕه‌سی‌ هه‌موو كێشه‌كان.

جاهه‌ركات كۆنگره‌یه‌ك كه‌ هه‌موان به‌خه‌مخۆری‌ و دڵسۆزی‌ و ئه‌مانه‌ته‌وه‌ كاریان بۆ سه‌رخستنی‌ كرد و دروشم و ناوه‌ڕۆكیان پێكه‌وه‌گرێداو ئامانجی‌ ڕوونیان هه‌بوو بۆ ئاینده‌ و هه‌موان په‌رۆشی‌ پاراستنی‌ یه‌ك و یه‌كگرتوویی‌ ڕیزه‌كانی‌ بوون و به‌رژه‌وه‌ندی‌ و بازرگانی‌ و ده‌سكه‌وته‌ كه‌سیه‌كانیان خسته‌ ژێر به‌رژه‌وه‌ندی‌ بالاَی‌ یه‌كێتی‌ و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌وه‌، ئه‌وا به‌دڵنیایی‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ زیاتر پته‌وكردن و به‌هێزبوونی‌ یه‌كێتی‌ و هه‌ستانه‌وه‌ و بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنیشی‌ بۆ قۆناغی‌ ئاینده‌،به‌لاَم گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاریان كرد ئه‌وا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ یه‌كێتیش ماوه‌ته‌وه‌ له‌ده‌ستده‌چێت و به‌ره‌و پوكانه‌وه‌ی‌ زیاتر و بچوكبونه‌وه‌ و لێكترازان و دڕدۆنگی‌ زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت.وئه‌وكاتیش هه‌موان ده‌ڵێین خۆزیا كۆنگره‌یه‌كی‌ ئاوهامان نه‌به‌ستایه‌ و ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌شمان به‌ یه‌كێتیه‌كه‌مان و ته‌واوی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كوردایه‌تیش نه‌گه‌یاندایه‌،چونكه‌ یه‌كێتی‌ به‌هه‌موو هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕیه‌كانیشیه‌وه‌ تائێستا هه‌ر به‌و تروسكایه‌ ئۆمێدبه‌خشه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ته‌واوی‌ كوردایه‌تی‌ له‌هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستاندا كه‌ هه‌موان چاوه‌ڕوانی‌ كاری‌ گه‌وره‌تری‌ لێده‌كه‌ن،بۆیه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ هه‌م چاره‌نووساز و گرنگ و هه‌میش مه‌ترسیداره‌،جا سه‌ركرده‌ی‌ ژیر و حه‌كیم و دووربین له‌ ڕۆژه‌ ته‌نگانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ك له‌كاتی‌ ئاشتی‌ و ئارامیدا.

به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كۆنگره‌ی‌ چوارهه‌می‌ گشتی‌ ببێته‌ وێسگه‌یه‌كی‌ ڕۆشن بۆ نوێبونه‌وه‌ و به‌خۆداچوونه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌كان و په‌ندوه‌رگرتنیش له‌ ڕابووردوو و خۆسازدانه‌وه‌ش بۆ ئاینده‌ و بوژاندنه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی‌ زیاتر یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌