چیمان له‌ گۆڕان ویست ئه‌و چی ده‌كات

وتار/ 03/11/2019 660 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

چیمان له‌ گۆڕان ویست ئه‌و چی ده‌كات

 
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ، لانی كه‌م له‌ ئێستادا وه‌ك هێزی سێیه‌می ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌كرێت قسه‌ی له‌ سه‌ر بكرێت ، ره‌خنه‌ی لێبگیرێت ، وه‌ك چۆن یه‌كێتی و پارتیش قسه‌یان له‌ سه‌ر ده‌كرێت و ره‌خنه‌یان لێده‌گیرێت ، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونیدا نه‌ك هه‌ر خه‌ڵكی گۆڕانخوازو هێزه‌ سیاسیه‌ناڕازیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ چاوی ئومێده‌وه‌ سه‌یریان ده‌كرد ، ته‌نانه‌ت ده‌نگه‌ ناڕازی و توڕه‌كانی نێو پارتی و یه‌كێتیش چاوی ئومێدیان تێبڕیبوو، ئێمه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری هه‌موو ئه‌وانه‌ بووین .
ئه‌و رۆژگاره‌ به‌ هۆی بوونی ده‌یان جه‌نگاوه‌ری خاوه‌ن قسه‌و سیاسی بڕیارده‌ره‌وه‌ نه‌ك هه‌ر چاوی ئومێدی له‌ سه‌ر بوو ، سڵیشی لێده‌كرایه‌وه‌ ، هه‌ر ئه‌و سڵه‌ش بوو وای كردبوو تۆمه‌تی ناڕه‌واو نابه‌جێ‌ بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی دروستبكرێت به‌ رێكخه‌ری گشتیشه‌وه‌ كه‌ له‌ بنده‌ستیه‌وه‌ به‌ پاره‌ جاسوس دروستده‌كراو ده‌كڕدرا .
ئێستا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا چوار قسه‌ی ئاشكراو ڕوونی نیه‌ ، هیچ له‌ بارو دۆخی خه‌ڵك نه‌گۆڕاوه‌ ، ته‌ندروستی و خوێندن له‌ هه‌مان دۆخی جاراندان خراپتر نه‌بن ، موچه‌و بودجه‌ له‌ به‌رده‌م مه‌ترسیدان ، نه‌ك ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ، ماده‌ی 140،ته‌واوی ده‌ستورو هتد له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ ، ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌نگی لێوه‌ نایه‌ت ، به‌غداو باشور له‌به‌ر نادادی و سته‌م و گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری رژاونه‌ته‌ سه‌ر جاده‌ ، رۆژئاوای كوردستان له‌به‌رده‌ك كه‌ڵبه‌ی تیژی ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان و سوپای توركیادایه‌ ، كه‌م رۆژ هه‌یه‌ كۆڵبه‌رێكی كورد له‌ رۆژهه‌ڵات سینگه‌ نه‌بێته‌ گوله‌وه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ، ئه‌و هێزه‌ی كه‌ له‌ رابردوودا داوه‌تی توركیای له‌ پێناوی كوردا ره‌تده‌كرده‌وه‌ ، ئاوڕی له‌ پێشنیازو به‌ڵێنی درۆینه‌ی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات نادایه‌وه‌ ، ئه‌وه‌تا هیچی نیه‌ بۆ ووتن .


ئه‌م بزوتنه‌وه‌ بێده‌نگه‌ كه‌ هه‌ندێك بۆ شكاندن و لێدانی ئه‌و بێده‌نگیه‌ به‌ ئاقڵ بوون ناوده‌به‌ن كاره‌كته‌ره‌كانی كه‌ به‌ده‌نگی خه‌ڵك به‌رزترین پله‌یان وه‌رگرت ، له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا له‌ نێو خۆپیشانده‌راندا بن ، ده‌ڵێن "ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا هه‌یه‌ ده‌ستی له‌ پشته‌" و نه‌ك ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێن " هه‌مان ده‌ستیش له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ " هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ پێشتر ده‌درایه‌ پاڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خه‌ڵكی ناڕازی ، له‌ راستیدا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ دۆخێكدایه‌ له‌وه‌ ده‌چێت كه‌س ئاگای له‌وی تر نه‌بێت ، ئه‌وه‌بۆیه‌ گوێبیستی ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ش ده‌بین .


گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌ سه‌ر هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی كوشتنی گیانی به‌رهه‌ڵستی و زمانی قسه‌كردنه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان مه‌رگی نه‌وشیروان مسته‌فاو دوركه‌وتنه‌وه‌ی قادری حاجی عه‌لی و عوسمانی حاجی مه‌حمود و سه‌دان قسه‌كه‌ری بوێریان به‌ هه‌لزانی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ر بڕو بیانویه‌ك ئه‌و گیانی به‌رهه‌ڵستی و زمانی قسه‌كردنه‌ تا ئاستی كوشتن به‌رن ، من بۆ خۆم بڕوام به‌ ئارامی و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی سیاسی هه‌یه‌ ، به‌ڵام نه‌ك به‌و راده‌یه‌ی هێزی سیاسی بوونی خۆی فه‌رامۆش بكات كه‌ چیه‌و ده‌بێت چیبكات ، ئاخر ئه‌گه‌ر ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا زندوو بێته‌وه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌ی خۆی ناناسێته‌وه‌ .


هیوام وایه‌ دۆستان ئه‌م ره‌خنانه‌ به‌ سنگی فراوانه‌وه‌ وه‌ربگرن و بیرێك له‌ خۆیان و ئاینده‌ی میله‌ته‌كه‌شیان بكه‌نه‌وه‌ .

نوێترین نوسینەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌