هاوپەیمانی ناتۆ و توركیا كامیان ئەویتریان تەڵاق دەدات ؟
وتار/
27/10/2019
892 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
هاوپەیمانی ناتۆ و توركیا كامیان
ئەویتریان تەڵاق دەدات ؟
• پێشەكی:
ڕێكخراوی هاوپەیمانی باكوری
ئەتڵەسی ناسراو بە ((ناتۆ)) بە ئینگلیزی
((North Atlantic Treaty Organization)) كورتكراوەكەی ناسراوە بە NATO))، بە فەڕەنسیش (organisation du Traité de
I'Atlantique Nord) و كورتكراوەكەی (OTNA) : بریتیە لە ڕێكخراوێكی سەربازی نێودەوڵەتی
كە لە ساڵی 1949دا دامەزراوە،لەسەر بنەمای هاوپەیمانێتیەكی باكوری ئەتڵەسی كە لە
شاری واشنتۆن واژۆكرا لەهەمان ساڵدا،ئەركی ئەم هاوپەیمانێتیە لەسەرەتادا بریتی بوە
لە بەرگریكردن لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لە دژی یەكێتی سۆڤێتی جاران و ئەو وڵاتانەی كە
هاوپەیمانی وارسۆیان پێكهێناوە لەسەردەمی جەنگی سارددا. ئەم هاوپەیمانێتیە سیستەمێكی
بەرگری بەكۆمەڵی دامەزراند كە وڵاتانی ئەندام تیایدا ڕێكەوتوون لەسەر بەرگریكردن لە
یەكتری دژ بەهەر هێرشێكی دەرەكی. هەموو ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتیەش بەشدارن بە
پشكی خۆیان لە هێز و كەلوپەلی سەربازی.بارەگای سەرەكی سەركردایەتی ناتۆ لە پایتەختی
بەلچیكایە لەشاری بڕۆكسل. 3 لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا كە بریتین لە هەریەكە لە
((ئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا))ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە
یەكگرتوەكانن و مافی بەكارهێنانی ڤیتۆشیان هەیە و بە ڕەسمیش وڵاتانێكن كە خاوەنی چەكی
ئەتۆمین.
• ئەندامانی ناتۆ
ناتۆ پێكدێت لە 29 وڵاتی ئەندام
لەهەموو ئەمریكای باكور و ئەوروپادا و 21 وڵاتی تریش هاوكاری دەكەن لە پێناو ئاشتی
جیهانیدا و 15 وڵاتی تریش بەشداری گفتوگۆی دامەزراندن دەكەن.
سەرەتا 12 وڵات ئەم ڕێكخراوەیان
پێكهێناوە كە بریتیبوون لە هەریەكە لە وڵاتانی ((بەلچیكا و كەنەدا و دانیمارك و فەڕەنسا
و ئایسلەندا و ئیتالیا و لۆكسۆمبۆرگ و هۆڵەندا و نەرویج و پورتوگال و بەریتانیا و
ئەمریكا ))كە هەموانیان لە 4/4/1949 پێكەوە ڕێكخراوەكەیان دامەزراند.دواتر و لە
18/2/1952دا هەریەكە لە ((یۆنان و توركیا))بوونە ئەندام، لە 9/5/1955دا ئەڵمانیاش
بوە ئەندام،لە 30/5/1982دا ئیسپانیاش بە ئەندام قبوڵكرا، لە 12/3/1999دا هەریەكە لە
(( چیك و مەجەڕ و پۆڵەندا))بونە ئەندام،دواتریش لە 29/3/2004دا هەریەكە لە ((
بولگاریا و ئیستونیا و لاتڤیا و لیتوانیا و ڕۆمانیا و سلۆڤاكیاو سلۆڤانیا ))بونە ئەندام
و لەكۆتایشدا لە 1/4/2009 دا هەریەكە لە(( ئەلبانیا و جەبەل ئەسوەد))یش بونە ئەندامی
ناتۆ.
• پێكهاتەی پەیكەری ناتۆ
بارەگای سەرەكی ناتۆ دەكەوێتە
ناوچەی هارن سەر بە شارەوانی بڕۆكسلی پایتەختی بەلچیكا، بینای بارەگاكە بە تێچووی
750 ملیۆن یۆرۆ لەساڵی 2010 دەستكرا بە دروستكردنی و لەساڵی 2016دا تەواوكرا،و كۆمەڵگایەكە
لەسەر ڕووبەری 25هەزار مەتر چوارگۆشە كە جێگەی 3800 فەرمانبەری تیادا دەبێتەوە.فەرمانبەرەكانی
پێكدێن لە:
• شاندی نیشتیمانی وڵاتانی ئەندام، كە نوسینگەی پەیوەندی مەدەنی و سەربازی
لەخۆدەگرن.
• فەرمانبەران یان نێردەی دیپلۆماسی لە وڵاتانی هاوبەشەوە.
• فەرمانبەرانی نێودەوڵەتی و فەرمانبەرە سەربازیە نێودەوڵەتیەكان كەلە ڕیزی
هێزی چەكدارەكانی وڵاتانی ئەندامدا كاردەكەن.
1.ئەنجومەنی ناتۆ
ئەم ئەنجومەنە لە ئەندامە هەمیشەییەكان
پێكدێت كە نوێنەری هەر 29 وڵاتە ئەندامەكەن،و هەفتەی جارێك كۆدەبێتەوە،دەسەڵاتی بڕیاردانی
كارا و وەرگرتنی بڕیاری ڕێكخراوەكەی هەیە.ئەم ئەنجومەنە كاتی تریش كۆدەبێتەوە كە وەزیرانی
دەرەوە یان بەرگری یان سەرۆكی وڵات یان سەرۆك حكومەتەكان بەشداری تیادا دەكەن.لەو
كۆبونەوانەدا بڕیارە گرنگەكان تایبەت بە سیاسەتی ناتۆوە وەردەگیرێن.لەم ئەنجومەنەدا
هەریەكە لە ((ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و ئەمریكا)) ناودەبرێن بە
((كوینت)) كە بریتین لە گروپی گفتوگۆی ناڕەسمی لەناو هاوپەیمانێتیەكەدا.هەروەها كۆنگرەكانی
ناتۆش جێگەیەكی ترە بۆ وەرگرتنی بڕیارەكان دەربارەی مەسەلە ئاڵۆزەكان وەكو
فراوانبوونی ڕێكخراوەكە.كۆبونەوەكانی ئەنجومەنەكە لەلایەن ئەمینداری گشتی ناتۆوە سەرۆكایەتی
دەكرێت و بڕیاردانیش بە كۆی دەنگ و ڕێكەوتنی هاوبەش دەبێت،دەنگدان یان بڕیار بەزۆرینە
نیە،هەر وڵاتێكی ئەندام خاوەنی ئازادی و سەربەستی خۆیەتی لە بڕیارەكاندا.
2.كۆمەڵەی پەڕلەمانی ناتۆ
ئەم دەستەیە ئامانجە ستراتیژیەكانی
ناتۆ دیاریدەكات كە لە خولی ساڵانەدا كۆدەبێتەوە وساڵی یەك جاری تریش كۆدەبێتەوە.ئەم
دەستەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە پەڕلەمانەكانی وڵاتانی ئەندامەوە كە ئەندامی هەمیشەیی
یان سەفیری ڕێكخراوەكە دیاریدەكەن، ئەم كۆمەڵەیە یاسادانەرانی تیادایە لە وڵاتانی
ئەندام و 13 ئەندامی دانراویش لەخۆدەگرێت.
ئەم كۆمەڵەیە هەڵدەستێت بەدانانی
خشتەی كارەكانی سیاسەتی ئەنجومەنی ناتۆ لەڕێگەی 5 لیژنەكەیەوە:
• لیژنەی تایبەت بە مەودای
شارستانی بۆ ئاسایش.
• لیژنەی بەرگری و ئاسایش
• لیژنەی ئابوری و ئاسایش
• لیژنەی سیاسی
• لیژنەی زانست و تەكنەلۆجیا
• ئەو جەنگانەی كە ناتۆ بەشداری تیادا كردوون:
ناتۆ لەهەموو ماوەی جەنگی
سارددا بەشداری هیچ جەنگێكی نەكردوە،بەڵام دوای ئەو جەنگە :
• لە ساڵی 1990 و 1991 بەشداربوو لە جەنگی ڕزگاركردنی كوێتدا.
• لە ساڵی 1993 بەشداری جەنگی بۆسنە و هەرسكی كردوە.
• لە ساڵی 1999دا بەشداری جەنگی صربیای كرد بۆ ماوەی 78 ڕۆژ.
• لە ساڵی 2001دا بەشداری جەنگی ئەفغانستانی كردوە.
• لە ساڵی 2004دا بەشداری لە نێردەیەكی ڕاهێنان لە عێراقدا كردوە.
• لە ساڵی 2009 دا بەشداری نەهێشتنی چەتەگەری لە كەنداوی عەدەندا كردوە.
• لە ساڵی 2011دا بەشداری جەنگی لیبیای كردوە.
• توانا سەربازیەكانی ناتۆ
ئاشكرایە ناتۆ لە 29 وڵات پێكهاتوە
و هەریەك لەو وڵاتانەش خاوەنی سوپای نیشتیمانی خۆیانن كە پێكەوە هەموانیان لەژێر فەرمانی
سەركردایەتی باڵای سەربازی ناتۆدان،هەربۆیە لە ئێستادا و دوای هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی
وارسۆ لەساڵی 1991دا كە سەر بە یەكێتی سۆڤێتی جاران بوو كە لەبەرامبەر ناتۆدا گەورەترین
هاوپەیمانی سەربازی بوو، بەڵام لە ئێستادا ناتۆ بەو توانا سەربازیە گەورە و فراوانەی
كەهەیەتی لە(( هێزی وشكانی و ئاسمانی و دەریایی و بەرگری ئاسمانیدا))بۆتە گەورەترین
و بەهێزترین هاوپەیمانی سەربازی لەهەموو جیهاندا ،چ لەڕووی ژمارەی سوپاوە و سەربازەوە
چ لە ڕووی كەلوپەل و تەكنەلۆجیای پێشكەوتوی سەربازیەوە و چ لەڕووی چەكی ئەتۆمیەوە
كە 3 وڵاتی ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا خاوەنی چەكی ئەتۆمیشن. بەتایبەتیش دوای
هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤێتی جاران و هاتنە ناوەوەی وڵاتانێكی سەر بەو یەكێتیە و
هاوپەیمانی وارسۆ بۆ ڕیزەكانی ناتۆ ،ناتۆ فراوان و گەورەتر و بەهێز تر بوو.ئەمە و
لەكاتێكدا لەساڵی 2018دا لەناو 10 بەهێزترین سوپای جیهاندا 5 وڵاتیان ئەندامی ناتۆن
كە بریتین لە هەریەكە لە (( ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و توركیا))
كە تەنها بەم پێنج وڵاتەی ناتۆ ژمارەی سەربازەكانیان بریتیە لە 2169000 سەرباز.و
خاوەنی تازەترین و پێشكەوتووترین چەك و تەقەمەنی و فڕۆكە و تانك و پاپۆڕ وژێر دەریایی
وتەكنەلۆجیای سەربازیشن.
• توركیا و هاوپەیمانی ناتۆ
ئاشكرایە توركیا لە
18/2/1952 دا بۆتە ئەندامی ناتۆ لەدوای 12 ئەندامە دامەزرێنەرەكەی ناتۆوە كە لە
4/4/1949وە دایانمەزراندوە لەگەڵ یۆناندا كۆنترین ئەندامی ناتۆیە، هەربۆیە توركیا
كاریگەری و ڕۆڵی گرنگی لەناتۆدا هەیە،چ لەڕووی ژمارەی سوپا و توانا سەربازیەكانیەوە
و چ لەڕووی تەكنەلۆجیا سەربازیە پێشكەوتوەكانیەوە،لەكاتێكدا لەناو ناتۆدا زۆرجاران
بە دووەم سوپای بەهێز دادەنرێت لەدوای ئەمریكاوە و هەندێك جاریش بە چوارهەم سوپا
دادەنرێت لەدوای هەریەكە لە ئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیاوە. بۆیە ناتوانرێت بەئاسانی
واز لەتوركیا بهێنرێت لەلایەن ناتۆوە،لەكاتێكدا هەڵكەوتەی جیۆپۆلەتیكی توركیاش لە
ناوەڕاستی هەر سێ كیشوەری ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقادایە و سنورەكانی بەسنوری ڕوسیاوەیە
كە هەمیشە ناتۆ بەئێستاشەوە بێت ڕووسیا و لە ئایندەشدا چین وەكو دوو وڵاتی زلهێز و
بەهێزی ئابوری و سەربازی بە ڕكابەری خۆی دەزانێت و بەدرێژایی جەنگی سارد و تائێستاش
توركیا وەك دیوار و بەربەستێكی بەهێز و بەرگریكار وابوە بۆ هەموو ئەوروپا و ناتۆش.لەبەرامبەریشدا
سوپای توركیاش بە بونە ئەندام لە ناتۆدا گەلێك دەسكەوتی مادی و لۆجستی و ڕاهێنان و
چەك و چۆڵ و تەكنەلۆجیای سەربازی نوێی وەدەستكەوتوە،بۆیەش توركیاش لەبەرامبەردا نایەوێت
لە ناتۆ دووربكەوێتەوە یان دەربكرێت یان ئەندامێتی هەڵبپەسێردێت.بۆیە پەیوەندی
توركیا و ناتۆ پەیوەندیەكی دوو جەمسەرەیە و هەردوولایان پێویستیان بەیەكتر هەیە.
سوپای توركیا بەم شێوەیە لە ڕیزبەندی
10 سوپای بەهێزی هەموو جیهان لە پلەی 9 هەمدایە لەدوای هەریەكە لە سوپاكانی ((ئەمریكا
و چین و هند وفەڕەنسا و یابان و كۆریایی باشور و بەریتانیا))دایە.و بەهێزترین
سوپاشە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە پێش ئیسڕائیلیشەوەیە، بەم شێوەیە:
• ئاماژەی هێز :0.2089
• ژمارەی دانیشتوان :81 ملیۆن كەس
• ژمارەی سەرباز:355هەزار سەرباز
• كۆی هێزی فڕۆكەكانی:2000 فڕۆكە
• فڕۆگە جەنگیەكان :207 فڕۆكەی ئێف 14 و 15 و 16 زۆر پێشكەوتوون و لەگەڵ
880 هەلیكۆپتەری سەربازی و 100 فڕۆكەخانەی سەربازی و توركیا دەیەوێت پشكی لە هەناردەكردنی
پیشەسازی سەربازی بگەیەنێتە 25 ملیار دۆلار ساڵانە.
• دەبابە شەڕكەرەكان:4500 و 6300 مودەڕەعە و 1800 تۆپهاوێژ
• كۆی هێزە دەریاییەكان:300 پاپۆڕی سەربازی
• بودجەی وەزارەتی بەرگری :18ملیار دۆلاری ئەمریكی
• بۆمبی ئەتۆمی: 100 بۆمبی ئەتۆمی ناتۆ لەسەر خاكی توركیا بڵاوكراوەتەوە
• بەم شێوەیە هاوپەیمانی ئەتڵەسی((ناتۆ))
لە ئێستادا بۆتە هێزێكی گەورەی سەربازی لەهەموو دونیادا و دەتوانێت و لەتوانیدایە
دەستوەربداتە هەموو كونجێكی دونیاوە بە بەرژەوەندی ئەندامەكانی و دروشمەكەی خۆیان
كە دەڵێت ((یەك لەپێناو هەمواندا و هەموانیش لە پێناو یەكێكدا))ی خۆی پیادە دەكات هەر كات ئەندامێكی
تووشی هەڕەشەی دەرەكی بۆوە،بەڵام نەك ئەندامێكی هێرشبكاتە سەر لایەنێكی تر و هەموانی
تریان پشتیوانی لێبكەن.
بۆیە لەم هێرش و پەلامار و
داگیركاریەی توركیا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان لە باكوری سوریادا كە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری
و سنوری نێودەوڵەتی و ئەندامی نەتەوە یەكگرتوەكانە، بە نیاز و لەژێر ناوی ڕاوەدوونانی
تیرۆریستانەوە جەنگێكی مەترسیداری هەڵایساندوە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە
گرنگە بەلای زلهێزەكانی دونیا و ناوچەكەوە بەهۆی بوونی یەدەگێكی زۆری نەوتی خاو
وگازی سروشتی كە بزوێنەری ماكینە زەبەلاحەكانی پیشەسازی وڵاتە پیشەسازیە گەورەكانی
ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی دونیان و ڕێگەنادەن كە ئەو سەرچاوە گرنگەی وزەیان لێببڕدرێت.
توركیا بەناوی ئەوەی كە ئەندامی
ناتۆیە و گەورە و كاریگەر و بەهێزیشە ،گەرەكێتی ناتۆ بخاتە دوای سیاسەتە هەڵەكانی
خۆیەوە و مەرجەكانی خۆی بسەپێنێت ،ئەوەش بەوەی كە هەوڵ دەدات كە خۆی لە ڕوسیا و چینی
دوو زلهێزی ئایندەی دونیا نزیك بكاتەوە لەڕێگەی مامەڵەی بارزگانی و كڕینی چەك و چۆڵی
سەربازی پیشكەوتوو لێیان وەك ئەوەی لە ڕوسیای كڕی كە بریتی بوو لە ڕۆكێتی بەرگری S-400 و بەمەش خاوبونەوە و دڕدۆنگی و درز كەوتە
نێوان ناتۆ لەلایەك بەگشتی و ئەمریكاش بەتایبەتی لەگەڵ توركیاداو كار گەیشتە ئەوەی
كە ئەوروپیەكان و ئەمریكاش سزای ئابوری بسەپێننە سەر توركیا و هەمیشە ڕەخنەی توندی
لێبگرن دەربارەی پیادەنەكردنی دیموكراسی و پێشێلكردنی ئازادیەكان و مافی كەمینە و
مرۆڤ بەتایبەتیش كوردەكان.
• بۆیە لە ئێستادا ئەو پرسیارە هاتۆتە ئاراوە، كە ئایا ناتۆ دەتوانێت یان
دەیەوێت توركیا لەڕیزەكانی دەربكات و یان ئەندامێتی هەڵپەسێرێت؟ئایا بەدەركردنی
توركیا لە ناتۆ كام لایان زیانی گەورەیان بەردەكەوێت ؟ ناتۆ یان توركیا؟ئایا توركیا
بەو هێز و سوپا گەورە و بەهێزەوە و لەناوچەیەكی گرنگی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروا
بە ئاسانی و بەبێدەگی دادەنیشێت؟ یان سەركردایەتی پێكهێنانی هێزێكی هاوشێوەی ناتۆ
ناكات لەوڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكان؟ یان بەتەواوەتی ڕووناكاتە ڕوسیاو لەگەڵیدا
هاوپەیمانێتیەكی نوێی سەربازی هاوشێوەی هاوپەیمانی وارسۆی هەڵوەشاوە دروستناكاتەوە
بۆ دژایەتی ناتۆ؟دەیان پرسیاری تریش.
لەوەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەدا،
بە ڕاست و ڕەوانی ناتۆ ناتوانێت هەروا بە ئاسانی دەست لەتوركیا هەڵبگرێت و لەڕیزەكانی
دەریبكات لەبەر گرنگی جیۆسیاسی پێگەكەی و هێز و توانا سەربازیە بەرزەكەی سوپاكەی لەلایەك
و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی ئەوەی كە دەركردنی توركیا لەناتۆ بە بەرژەوەندی ڕوسیا دەشكێتەوە.
بەدڵنیای هەردوولایان زیانیان بەردەكەوێت،بەڵام پێم وایە زیانی ناتۆ گەورەتر دەبێت
چونكە دووەم هێزی سەربازی لەدەستدەدات بەڵام توركیا سەرەڕای زیانەكانی بەڵام دەتوانێت
لەگەڵ ڕووسیا قەرەبوی بكاتەوە،و توركیاش دوای دەركردنی لەناتۆ چاوەڕوانناكرێت بەهێمنی
و دەستەوستان دابنیشێت بێ كاردانەوە و گەلێك
ئەگەر و ڕێگاچارەی لەبەردەستدایە وەك پێشتر باسمان كردوە.
• بەم شێوەیە هەم ناتۆ توركیای بەلاوە گرنگە و هەم توركیاش مانەوەی لەناو
ناتۆدا بێ باشترە چونكە نزیكەی 70 ساڵی تەواوە
ئەندامە لەو هاوپەیمانێتیەدا و كار و ئەرك و چالاكی گەورەی نواندوە و بەشداریەكی
كاراشی هەبوە و ناتۆش هەموو ئەمانە زۆر باش دەزانێت، هەربۆیە ڕۆڵ و كاریگەری ناتۆ
بۆ ئێستا و ئایندەش بەسراوەتەوە بە یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانی و پاراستنی تەبایی نێوان
ئەندامەكانی و دەكرێت كێشە و گرفتە سیاسی و ئابوریەكانی نێوانیان بەگشتی و بەتایبەتیش
لەنێوان توركیا و ئەمریكادا لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بكەن بە بەرژەوەندی هەردوولا
و ناتۆش تەواو ببێت،ئەگیناچارەنوسی ناتۆش وەكو چارەنوسی هاوپەیمانی وارشۆی هەڵوەشاوەی
لێبەسەردێت و ڕۆڵ و كاریگەری بچوك دەبێتەوە و بەرەو نەمانیش دەچێت كە بۆ خۆی بوونی
هێزێكی وەكو ناتۆ لەم قۆناغ و سەردەمی ئێستای پڕ ململانێ و ناكۆكی و جەنگە نەبڕاوەكاندا
گەلێك پێویستە بۆ فشاردروستكردن و دەستێوەردان بە بەرژەوەندی گەلان و وڵاتانی
لاواز و بێدەسەڵات و بچوكەكان وەكو كوێت و كورد و ئۆكرایناو ..هتد.بەبێ بوونی هێزێكی
وەها دونیا دەبێتە دارستانێكی مەترسیدار كە تیایدا بەهێزەكان لاوازەكان هەڵدەلوشن.هەربۆیە
نە ناتۆ دەتوانێت توركیا تەڵاق بدات و نە توركیاش بەو تەڵاقدانە ڕازی دەبێت بە
ئاسانی،و پەیوەندیەكانی ناتۆ و توركیا وەكو هاوسەرگیری مەسیحیەت وایە كە تا لە ژیاندا
بن ناتوانن یەكدی تەڵاق بدەن و لێكجیاببنەوە.
سەرچاوەكان:
=========
.1https://ar.wikipedia.org.
.2https://www.emaratalyoum.com
.3https://arabic.rt.com/world/
.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021