بەغداد و هەولێر تەواوكەری یەكتر نەك دژ و ناحەز...
وتار/
28/09/2019
547 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
بەغداد و هەولێر تەواوكەری یەكتر نەك دژ و ناحەز...
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
• لەم
ڕۆژانەدا دوو ساڵی تەواو تێپەڕدەبێت بەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆمەكەی 25 ئەیلولی ساڵی 2017دا،كە
بەداخەوە نەتوانرا مەبەست و ئامانجە سەرەكیەكەی ئەو پڕۆسە پیرۆزە وەدیبهێنرێت،لەلایەك
بەهۆی هۆكاری خودی ناوخۆیی و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی هۆكارە بابەتیە دەرەكیەكان لەناوچەكە
و دونیاشدا.لێرەدا هیچ مەبەستمان نیە كە برینی ئەو پڕۆسە شكستخواردوە بوكلێنینەوە یان
تۆمەت بخەیەنە پاڵ هیچ سەركردە و حیزبێكی سیاسی، هێندەی مەبەستمانە كە لەم یادەدا
بیری هەموان بهێنینەوە بەوەی كە پەندێكی قوڵمان لەو ڕۆژانە وەرگرتبێت و بەسەر كار
و كردەوە و گوتارو هەڵە و سۆزەكانماندا بچینەوە و پێ بە هەڵە و كەموكوڕیەكانی خۆمان
بنێین و هەوڵی ڕاستكردنەوەشیان بدەین،نەك هەر سووربین لەسەر هەڵەكانمان لە تێڕاونینی
بابەتەكە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی هاوكێشەی هێزەكان و هاوسەنگی دونیا و ناوچەكەش
لەنێوان زلهێزە دونیایی و هەرێمیەكاندا و بەهەمان شێوەش هەڵسەنگاندنێكی ڕاست و دروستیش بكەین بۆ دۆخی سیاسی
و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی ناوخۆی نێوماڵی كورد خۆشمان.
• مەسەلە
و پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی پڕۆسە و ئامانجێكە كە هیچ تاكێكی
كورد لە بیری ناكات و هەمیشە خەونێكی زیندووە لە بیر و هزر و كردەوە و گوتاری تەواوی
كورد زمانەكاندا،بۆیە هیچ كات ترسی لەبیركردنی ئەو پرسە گرنگە ناكرێت ،هەربۆیەش پەلەكردن
و دەستبردن بۆی جارێكی دی بەبێ ئامادەسازی تەواوەتی هیچ پێوست نیە و دەكرێت خەباتی
ڕاستوڕەوان و پشوودرێژی شۆڕشگێڕانەی كوردایەتی درێژە و بەردەوامی پێبدەین بۆ وەدەستهێنانی
ئەو ئامانجە زۆر پیرۆزەمان لە دۆخێكی گونجاو و لەبارتردا كە هەموو هۆكارە ناوخۆیی
و دەرەكیەكان پشتیوان بن نەك دژ.
• لەئێستادا
و دوای 2 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەو نسكۆ كاتیەدا،هەق وایە سەركردایەتی سیاسی كورد و
تەواوی حیزبە سیاسیەكان و دامودەزگا و ئۆرگانە شەرعیەكانی حكومەتی هەرێم لەسەرۆكایەتی
هەرێم و پەڕلەمان و حكومەتی كابینەی نوێ،هەوڵی جدی بدەن بۆ چێكردنی پڕۆسەیەكی
ئاشتەوایی ناوخۆیی لەكوردستان و یەكخستنی هەوڵ و گوتار و كردارەكان لەبەرامبەر ئەم
دۆخە نوێیەی كە لەپێشماندایە، لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراقدا لە 1
نیسانی 2020 و چێكردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ئایندەدا،كە
بۆ كورد هەردوو پڕۆسەكە گەلێك گرنگ و ژیارین و ناكرێت پشتگویێ بخرێن و بەخەمساردیەوە
لێیان بڕوانرێت بەهۆی هەندێك كێشە و ململانێی ناڕەوای سیاسیەوە وناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان و مادەی 140ی دەستور
بكرێنە قۆچی قوربانی حەز و ویستە حیزبیە تەسك و بچوكەكان.
• دواتریش
هەقە ئەم هێز و توانا یەك و یەكگرتوەی كورد و هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی بەغداد
هەنگاو بنێت و بەهێزەوە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆكان و ڕاست و دروستی كێشە كەڵەكەبوە
سیاسی و ئابوری و ئەمنی و جوگرافی و ..هتد،لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەند لە بەغداد گەنگەشە
بكات بۆ گەیشتن بەڕێكەوتنێكی كۆنكرێتی لە پێناو وەدەستخستنی مافە ڕەواكانی گەلەكەماندا.چونكە
ناكرێت میلەتەكەمان هەمیشە لە دڵەڕاوكێ و ترس و تۆقاندندا بژێت و هەست بە ئارامی
و خۆشگوزەرانی نەكات و وڵاتیش هێواش هێواش بەرەو دواوە بگەڕێتەوە بەهۆی عینادی و
غروری سیاسی سەركردەكانەوە،میلەتكەمان ناتوانێت تاسەر بەرگەی برسێتی و نەبونی مووچەو
وێران و كاولبوونی زیاتری وڵات بگرێت،بۆیە ڕاستترین سیاسەت و بیركردنەوە و پلان لەم
قۆناغەدا گەیشتنە بەڕێكەوتن لەگەڵ بەغدادا و گەیشتنە بەڕێكەوتن لەسەرهەموو مەسەلەكانی
هێزی پێشمەرگە و بودجە و ناردنی مووچە و مەلەفی نەوت و ئەمنی و ئەوانی تریش.
• پێویست
دەكات بەغداد و هەولێر ببنە تەواوكەری یەكتری نەك دژو ناحەز،چونكە بە تەبایی و لێكتێگەیشتن
دەتوانرێت زۆر ئامانج و خواست و مافەكان وەدەستبێنین نەك بە جەنگ و توندوتیژی ، بەتایبەتیش
كە لەم قۆناغەدا ناوچەكە بەعێراق و
كوردستانیشەوە ڕووبەڕووی ململانێ و ئاڵنگاری زۆر مەترسیدار دەبنەوە لەنێوان وڵاتانی
ناوچەكە و ئەمریكا لەلایەك دژ بە ئێران و هاوپەیمانەكانیلەلایەكی ترەوە،كە بەداخەوە
عێراق و كوردستانیش بیانەوێت یان نا بونەتە بەشێك یان ڕاستتر بونەتە گۆڕەپانی سەرەكی
یەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیانە، بۆیە تەنها بە یەك و یەكگرتوویی هەولێر و بەغداد دەتوانرێت
هەڵوێستێكی هاوسەنگانە بگیرێتە بەر و هەموان لەشەڕ و ماڵوێرانی و پڕیشكی ئەو ئاگرەی
كەلەبەردەم قاپی عێراق و كوردستاندایە بپارێزێت .
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021