زیادکردنی دەوام بۆ زۆرکردنی داهاته!

وتار/ 19/09/2019 898 جار بینراوە

فاخر برادۆستی

زیادکردنی دەوام بۆ زۆرکردنی داهاته!

فاخر برادۆستی
  ۲۸ ساڵە دوو هێز لەناوەخۆیان پێکهاتوون لەسەر دابەشکردنی حوکمڕانی هەرێم و داهاتەکەی. زۆنی زەرد بۆ پارتی، زۆنی سەوز بۆ یەکێتی.. لە داهاتی هەرێمیش ئەوەی دەستیان دەکەوێ کەم تر، یان زۆرتر لە نێوانیان دا دابەشی دەکەن.
  کاتێک شەری ناوەخۆشیان کرد، ڕاستە ئاگرەکەی لە قەڵادزێ هەڵگیرسا، بەڵام دواجار بە ڕێکەوتنێک کۆتایی هات کە داهاتوو و حوکمڕانی هەرێمی لێهاتە دی.. لە کتێبی دیداری تەمەن، بەرگی دووەم لاپەڕە: ۲٦۹ مام جەلال دەڵێ: مادەی یەکەمی ڕێکەوتنەکە وها هاتبوو دەبێ پارتی لە بەرامبەردا لە ئیبراهیم خەلیل "مەبەستی گومرگی ئیبراهیم خەلیل"ـە، بەشی یەکێتی چەندە دیاری بکرێت...
هەر لە هەمان بەرگ لاپەڕە: ۲٤٤ دەڵێ:... دوای ئەوەی کە نێچیرڤان بارزانی چوو دەستی گرت بەسەر پارەکەی ئیبراهیم خەلیل" واتە گومرکی ئیبراهیم خەلیل"، مسعود بارزانی بەڵێیندا کە ئەو پارەیە دوای ئەوەی بارەگای پارتی لە سلێمانی دەکرێتەوە بیداتەوە بە حکومەتی هەرێم.
 ئێستاش هەر وا دەیگەڕێنێتەوه!
  لە پەرەگرافێکی تری هەمان بەرگ دا دەڵێ: مسعود بارزانی منی جیاکردەوە و بەڵێنی شەرەفی دامێ، یەکەمجار بارەگای پارتی لە سلێمانی بکرێتەوه دوای ئەوە ڕاستەوخۆ من پارەکە بە دەستی خۆم دەیهێنمەوە و دەتاندەمەوە، پارەکە چەند ملیۆن دینارێک و چەند ملیۆن دۆلارێک بوو. "لێتان تێک نەچێ مەبەستم پارەی سویسرییه، نەک ملیۆنی ئێستا!"
  مام جەلال دەڵێ: که من هاتم لە سلێمانی بارەگای پارتیم کردەوە، ئینجا داوام له مسعود بارزانی کرد بەشی دووەمی ڕێکەوتنەکە جێ بەجێ بکات...ئەوەبوو مسعود بارزانی چووە دهۆک و ناردی بە دوای کوسرەت و ڕۆژ نووری شاویسدا کە پارەکەیان بداتێ کە ئەوان چوون، مسعود بارزانی گوتی: " وەڵا پارەکە هەمووی نێچیرڤان بارزانی بردویەتی و تازه ناگەڕێتەوه"!!
  سەیرکەن جگە لە بێ بەڵێنی لەگەڵ یەکتر، چۆن ڕێکەوتنی حزبیان لەسەر داهاتی هەرێم کردووە..
 ئێستاش هەمان شت دەکەن، خۆ ڕوون بوو لە هەڵبژاردنی ڕابردوو چ گزی کاریەکیان لە هەڵبژاردن کرد، سەرەتا یەکێتی لە ڕێگای وتەبێژەکەی کە ئەوکات سعدی ئەحمەد پیرە بوو، وتی ئێمە بەو ئەنجامە ڕازی نین، چونکە پارتی.. تەزویرێکی بێ ژماری لە هەولێر و دهۆک کردووە، ڕاستیش بوو.. بەڵام کە کار گەیشته پارە و پۆست دوای چەند کاتژمێرێکی کەم یەکێتی ۱۸۰پڵە پێچەوانە بایدایەوە چەند بیانوویەکی ناڕاستی هێنایەوە.. چونکە دەزانن بێ یەکتر ناتوانن مانگانە ملیار دینار لە داهاتی هەرێم بۆخۆیان گڵدەنەوە.

  بۆ ئێستاش هەمان شتە، بەڵام بە ڕێگای جۆراوجۆر.. تۆ سەیرکە هاتوون بە حساب چاکسازی دەکەن، دەوامی فەرمانگەکانیان زیاد کرد، حەقە خەڵک بیربکاتەوە لەکاتی دەوام زیادکردن، بێ گومان داهاتی ڕۆژانی دام ودەزگای وەک: تەندورستی، هاتوچۆ، تاپۆ، دادنووسی، شارەوانی، کارەبا، ئاو، ئەوانی تر چەند بەرامبەر زیاد دەبێ، دواجار ئەم زیاد بوونەش دەچێتە گیرفانی خۆیان.. جگە لەوەی باج وڕسومات چەند بەرامبەر کراوە، لەسەروی هەموویان داهاتی گومرگەکان و نەوت. گەرنا ئەگەر ڕاستگۆن وەرن داهاتی هەرێم شەفاف بکەن، دەستی پارتی و، یەکێتی لە حکومەت ببڕن، بەرپرسە گەندەڵەکان کە ئەوانی سەروو بەشێکیانن بیان دەنە دادگا! بەڵام نەمزانیووە دز خۆی خۆی دادگای بکات.
  ئەوەی ئەوان دەیکەن، چاکسازی نییه! بەڵکو چاوبەستینی ڕای گشتیە، بێ خەبەر ئەم جۆره چاوبەستینە کاتی بەسەر چووە، کەم تا زۆر خەڵک وشیار بۆتەوە. پێشتر لە بابەتێکی سەربەخۆ دا نووسیم: مەسرور بارزانی ناتوانێ چاکسازی ڕیشەیی و تەواو بکات، چونکە زەرەر مەندی یەکەم حزبەکەی خۆیەتی.. کات وڵامی هەموو لایەک دەداتەوە، ئاخۆ دەتوانێ دەست بۆ چاکسازی لە داهاتی هەرێم ببات و شەفافی بکات، دەستی دوو حزبەکە" پارتی و، یەکێتی" لەناو هێزەکان کۆتایی پێ بهێنێ و، گەندەڵکاران به دادگا بگەیەنێ و داهاتی دزاروی میللەت بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێنێتەوە، ئەم پرسیارانە ودەیانی تر.
 کەوابوو گرنگە ئەوەی مام جەلال وتی، بەو تەخشان و پەخشانەی ئێستاشەوە کە به داهاتی هەرێم دەکرێ خەڵک خۆی قەبوڵی نەکات.
 باشە میللەت بۆ ناپرسێ مەسعود بارزانی وەره تۆ ئەوکات کەلام شەرفت به مام جەلال دابوو بۆ گەڕانەوەی پارەی دزراوی گومرگی ئیبراهیم خەلیل، کەسی دزیش دیاره بۆ نەت گەڕانادەوە؟

 دڵنیابن تا میللەت وشیار نەبێتەوه داوای حەقی فەوتاوی خۆی نەکات، ئەو دوو هێزه لەسەر هەمان ڕیتمی ۲۸ ساڵەیان بەردەوام دەبن. لاتان ڕوونە ئەو هەموو بارەگا و تەلەفزیۆنی ڕسمی و سێبەرانە به پارەیەکی زەخم نەبێ بەچی بەڕێوە دەچێ؟
 ئەوەی لەوانە هەمووی سەیرتر ئەوەیه تا ئێستا یەک کەس نەبوو تەنانەت بڵێ ئەوە بایکۆتی کەناڵە نەوت خۆرەکانی ئەو دوو هێزەم کرد و لە ناو سەتەڵایەتی ماڵەوە ڕەشم کردنەوە، چونکە به پارەی دزراوی میللەت کار دەکەن، لە چاوپێکەوتن و دیداری بەرپرس و کادیرانی حزبەکانی دەرەوەی پارتی و، یەکێتی هەر بگەڕێن!

نوێترین نوسینەکانی فاخر برادۆستی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌