دارستانەكان گرنگن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەی مرۆڤایەتی
وتار/
27/08/2019
1362 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
دارستانەكان گرنگن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەی مرۆڤایەتی
نمونەش دارستانەكانی ئامازۆن...
============================
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
• ئاشكرایە
ژینگەی گۆی زەوی لەچەند توخمێكی سەرەكی لە پاڵ ئاو و خاك و هەوادا پێكهاتوە كە یاریدەدەرن
بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی بەمەبەستی بەردەوامبونی ژیان و مانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەكەكان
لەسەر ئەم هەسارەیە. لەوانەش دارستانەكان و بیابان و شاخ و داخ و گرد و دۆڵ و كانیاو
و ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕوەكەكان و دەریا و زەریاكان و
زۆری تریش. كەهەریەك لەم توخمانە گرنگی و كاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر پاكڕاگرتن
و بەردەوامبوونی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی.
• ئەوەی
لەم بابەتەتدا تیشكی دەخەینە سەر بریتیە لە دارستانەكان بەشێوەیەكی گشتی و دارستانەكانی
ئامازۆن بەتایبەتی كە گەورەترینە لەسەر ڕووی زەوی و پانتاییەكەی 6900000 كیلۆمەتر
چوارگۆشەی داگیركردوە لە كیشوەری ئەمریكای لاتین و لە 9 وڵاتی ((بەڕازیل و پیرۆ و
فەنزەوێلا و كۆلۆمبیا و پۆلیڤیا و گیانا و ئەكوادۆڕ و سۆرینام و گۆیانی فەڕەنسی) كە
بەتەنها 2/3 ی ئەم دارستانە دەكەوێتە وڵاتی
بەڕازیلەوە و ئەم دارستانە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ 55 ملیۆن ساڵ و قەوارەكەی 48 جار
لە ڕووبەری ئەمریكا گەورەترە و ڕێژەی 40% هەموو كیشوەری ئەمریكای لاتینی دادەپۆشێت.
• زانیاری
لەسەر ئەم دارستانە
ئەم دارستانە بەهۆی گەورەیی و كاریگەری لەسەر دەرچواندنی
گازی ئۆكسجین كە بەسوودە بۆ هەناسەدانی مرۆڤ و ئاژەڵەكان كە بەڕێژەی20% ئۆكسجین بەرهەمدەهێنێت
بە(( سیەكانی جیهان )) ناودەبرێت ،ئەم دارستانە ئەم چەند تایبەتمەنیانەی لای خوارەوەی
هەیە كە لە زۆرێك لەدارستانەكانی تری جیهاندا نین لەوانە:
1. گەورەترین
دارستانە كە ژیانی وشكانی و ئاوی و ئاژەڵی تێكەڵ بەیەكتر دەكات لەسەر ڕووبەرێكی گەورە
و جیاواز بەبێ هەستكردن بە كەموكوڕی ژینگەیی.
2. بەردەوامترین
دارستانە لەڕووی كەشوهەواوە،پلەی گەرمای لە 27 پلە تێپەڕناكات،سەرەڕای ئەوەش بەدرێژایی
ساڵ بارانی لێدەبارێت،ئەوەش بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی و ژیانی كێوی دارستانەكانە.
3. پێی
دەوترێت ((سیەكانی جیهان )) چونكە 20% ی ئۆكسجینی جیهان بەرهەم دەهێنێت كە دانیشتوانی
زەوی هەڵیدەمژن بەپێی ئاماری دەزگای گەردوونی بەڕازیلی.
4. گەورەترین
جۆری دار لەخۆدەگرێت كە 750 بۆ 16000جۆرن،زۆر جۆری جیاوازی گوڵی تیادایە كە تائێستا
نەبینراون كۆی ژمارەی دارەكان بریتیە لە 309 ملیار دار.
5. سەرچاوەیەكی
سەرەكی ئاوی شیرینی جیهانە،چونكە 5 ڕووباری گەورە لەخۆدەگرێت كە بەوڵاتانی ناوچەكەوە
بەسراونەتەوە و لە بەناوبانگترینیان بریتیە لەڕووباری ئامازۆن.
6. لەو
پێنج ڕووبارەدا زیاد لە 3 هەزار جۆر ماسی
جیاوازی تیادایە.
7. زیاد
لە 2 ملیۆن و 500 هەزار جۆر مێرووی تیادایە.كە هەیانە زیانبەخش و هەشیانە زۆر مەترسیدارن.
8. ئەم
دارستانە زۆرێك لە جۆری ناوازە و كەم و مەترسیدار و نەبینراو لە ئاژەڵی تیادایە،كە
تائێستا نەبینراون.
9. باڵندەی
تیادایە بۆ پاراستنی دارستانەكە،وەك باڵندەی ((تۆقان))كە دەنگێكی بەرزی هەیە و لە
دووری كیلۆمەتر و نیوێكەوە دەنگی دەبیسرێت وهەركات مەترسی ڕووبكاتە دارستانەكە بەدەنگە
بەرزەكەی هەموو گیانەوەران ئاگاداردەكاتەوە.
10. جۆری
زۆر مەترسیدار لە جاڵجاڵۆكە و ماری تیادایە و دادەنرێت بە جێگەی سەرەكی مارە هەرە
مەترسیدارەكان وەك ماری ئاناكۆندای زەبەلاح.
11. جۆرێك
لە شەمشەكوێرەی تیادایە كە خوێنمژن و بۆقی زۆر ژەهراویشی تیادایە.
12. زیاد
لە 12هەزار جۆر ڕوەكی تیادایە كە هۆكاری سەرەكین بۆ چارەسەری شێرپەنجە و زیاد لە 3هەزار
جۆری میوەشی تیادا. سروشتی گەڵای دارەكانی زۆر گەورە و پانن كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم گەیشتنی باران بە زەوی دارستانەكە دوای 10 خولەك
ئەوكات باران دەگاتە زەوی دارستانەكە بەهۆی ئەو گەڵا پانانەوە.
بەم شێوەیە ئەم دارستانە گرنگی و كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر
ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی تەواوی گۆی زەوی نەك بەتەنها وڵاتان و كیشوەری ئەمریكای
لاتین.
• مەترسیەكانی
سەر ئەم دارستانە
گەلێك مەترسی گەورە ڕووبەڕووی ئەم دارستانە بونەتەوە هەر
لەدێر زەمانەوە و بەتایبەتیش لەم چەند ساڵانەی دوایدا و گرنگترینیان:
1. ئاگركەوتنەوەی
بەردەوامە بەتایبەتی لەوەزرە وشك وگەرمەكانی ساڵدا و بەپێی ئامارێكی پەیمانگای نیشتیمانی
بەڕازیلی بۆ لێكۆڵینەوە گەردونیەكان ڕایگەیاندوە كە 72هەزار ئاگر كەوتنەوە لەساڵی 2019دا
ڕوویانداوە و تۆماركراون،بەڕێژەی 83% بەرزترە لەساڵی 2018،ئەمەش بەرزترینە لەساڵی 2013وە.ئاشكرایە
ئاگركەوتنەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی دارستانەكە بەتەواوەتی لەڕووی درەخت و میوە و
ئاژەڵ و مێروەكان و پوش و پەڵاش و ..هتد وكارەساتێكی مرۆیی و ژینگەیی گەورەی لێدەكەوێتەوە
و كاریگەریە خراپەكانیشی ڕەنگ دەداتەوە بسەر هەموو جیهاندا.
2. هەڵمەتی
بڕینەوە و وشككردنی دار و دەرختەكان لەلایەن
حكومەت و كۆمپانیا و مافیا و گروپەكانەوە بەمەبەستی دروستكردنی پڕۆژەكان.
3. دامەزراندنی
ڕێگای خێرا و كۆمەڵگا نیشتەجێبوەكان بونەتە
مەترسی گەورە بۆ نەمان و بچوكبونەوەی ئەم دارستانە.
4. چاندنی
ڕووەكە بێهۆشكەرەكان لەلایەن سەرمایەدار و گروپە مافیاییەكانەوە لەناو ئەم دارستانەدا.
5. دامەزراندنی
كارگەی گەورەی پشەسازی لەناو دارستانەكەدا و ئەمەش دەبێتە هۆی بڕینەوە و وشككردن و
نەمانی دارودرەختەكان.
بەم شێوەیە مەترسیەكانی سەر ئەم دارستانە بەڕێژەی 60% و
بە بەردەوامیش لەبەرزبونەوەدایە،كە ئەم مەترسیانەش دەبنە هۆكاری كەمبونەوەی ڕێژەی
گازی ئۆكسجین و زیادبوونی ڕێژەی دەرچوونی گازی كاربۆن بە 25% و ئەمەش یارمەتی دیاردەی
پەنگخواردنەوەی گەرمای گۆی زەوی دەدات كە یەكێكە لەدیاردە زیانبەخشەكان بۆ تەواوی
ژیان لەسەر گۆی زەوی.
• كاردانەوە
و هەڵوێًستە نێودەوڵەتیەكان بەرامبەر
ئەاگركەوتنەوەی دارستانی ئامازۆن
خۆشبەختانە لە دوای ئاگركەوتنەوەی دارستانی ئامازۆن لە 14/8/2019
و بەردەوامبوونی تاكو ئێستا و بۆماوەی زیاد لە 10 ڕۆژە،كۆنگرەی وڵاتانی G7 لە فەڕەنسا دەبەسرێت كە 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت
و دوو مەسەلەی زۆر گرنگ باس دەكرێن كە یەكێكیان بابەتی ئاگركەوتنەوەكەی دارستانەكانی
ئامازۆنە لە بەڕازیل كە لە ئێستادا بەگەرمی بۆتە قسە و باسی كۆڕوكۆبونەوە نێودەوڵەتیەكان
و كردویانەتە كێشەیەكی مەترسیداری جیهانی و مرۆڤایەتی نەك وڵات و ناوچە و كیشوەرێكی
دیاریكراو.بۆیە كۆنگرەكە بەجدی و گەموگوڕیەوە داوا لە بەڕازیل دەكات كە هیمەتی زیاتر
بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە وڵاتانی یەكێتی
ئەوروپاش تەنانەت ڕەخنەی توندیشیان لەسەرۆكی بەڕازیل(( جائیر بۆكسۆنارۆ))ش گرتوە كە
هەندێك هەڵوێست و گوتاری دژ بەژینگەی داوە و بەكەمتەرخەمی ناودەبەن و تەنانەت كار
گەیشتۆتە ئەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی گەورەترین گرێبەستی
بازرگانی بەناوی (( تەكەتولی میركوسور)) لەگەڵ وڵاتانی ئەمریكای لاتینیدا دەكەن.ئەوروپیەكان
بەگشتی و بەتایبەتی فەڕەنسا و ئێڕەلەندا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئیسپانیاو ..هتد.
هەمان هەڵوێستیان هەیە.
ئەمریكاش داوای هەرچی زووتری كۆنتڕۆڵی ئاگرەكە دەكات و
ئامادەیی هەموو هاوكاریەكیشە بۆ بەڕازیل.لەبەر گرنگی و كاریگەری دارستانەكانی
ئامازۆن بۆ سەر تەواوی ژیانی گۆی زەوی سەرۆكی فەڕەنسا ئەمانۆیل ماكرۆن ڕایگەیاند((
بە سووتاندنی دارستانەكانی ئامازۆن ماڵەكانمان ئاگر دەگرن)).
كۆنگرەی G7 بڕیاریاندا
كە یارمەتی مادی پێشكەش بكەن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە و بەریتانیا بڕی 10ملیۆن دۆلاری
پێشكەشكردوە.
بەڵام سەرۆكی بەڕازیل ڕایدەگەیەنێت كە(( ڕێگە بەدەستوەردانی
دەرەكی نادات و ڕوودانی ئاگركەوتنەوەكەش ڕووداوێكی سروشتیە و لەهەموو وڵاتێكدا ڕوودەدات
و ڕەخنە لە ئەورپیەكانیش دەگرێت كە وەك سەرمایەدارێكی داگیركەر مامەڵە لەگەڵ بەڕازیل
و بابەتەكەشدا دەكەن.ناكرێت ئەم بابەتە بكەنە بیانوو بۆ سەپاندنی گەمارۆ و فشاری
ئابوری بۆسەر بەڕازیل)).
لەبەرامبەریشدا وڵاتی چین بڕیاریدا كە هەرچی دەكرێت بۆ
پاراستنی دارستانەكان ئەنجامبدرێت و داری زیاتر بڕوێنرێت و تاڕووبەری دارستانەكان
بگاتە 200ملیۆن هێكتار تاساڵی 2035.
بەهەمان شێوە كەسایەتیە ناودارەكانی جیهان لە هونەرمەند//لیوناردۆ
دی كاپرۆی و گۆرانی بێژ //مادۆنا و یاریزان// كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هەستاون بە پێشكەشكردنی
هاوكاری مادی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو ئاگرەی دارستانەكانی ئامازۆن،ئەوەتا هونەرمەندی
ناوداری ئەمریكی لیوناردۆ دی كاپریۆ بڕی 5 ملیۆن دۆلاری بەخشیوە.
• دەرئەنجام
و كۆتایی
ئاشكرایە ڕوودانی ئاگركەوتنەوەكان لەو دارستانانەدا هەندێكیان
سروشتین و هەندێكی تریشیان بەدەستی ئەنقەست و بەبەرنامە ڕێژی ئەنجامدەدرێن،كە هەردوو
جۆرەكە بەزیانی گەورەی مادی و مەعنەوی و سروشتی و مرۆیی دەشكێتەوە بۆ سەر ژیانی تەواوی
گۆی زەوی و كارەساتی گەورە و مەترسیداری ژینگەیی جیهانی لێدەكەوێتەوە، هەر لەم وەرزی
هاوین و گەرمایەدا ئاگركەوتنەوە لەدارستانەكانی وڵاتانی فەڕەنسا و ڕوسیا و یۆنان و
ئیسپانیا و گەلێكی تریش كەوتونەتەوە،ئەوەتا لە ساڵی 1970وە نزیكەی 1ملیۆن و400هەزار
هێكتار دارستان نەماون.هەربۆیە وڵاتی بەڕازیلیش وەك گەورەترین وڵاتی خاوەن دارستانەكانی
ئامازۆن ڕووبەڕووی ڕەخنە و گلەیی زۆر بۆتەوە بەهۆی كەمتەرخەمی و خەمساردی و ڕێگەنەگرتنی
لە سەرمایەدار و مافیاكان بۆ بڕینەوە و سووتاندن و نەهێشتنی دارستانەكان،هەرچەندە
بەهەموو هەوڵی خۆی و بەبەشداری 44هەزار سەرباز و 2 فڕۆكەی جۆری C-130 Herculesكە بڕی 12هەزار لیتر ئاویان بەكارهێناوە
بۆ كوژاندنەوە و خامۆشكردنی ئاگرەكە.بەڵام وەك سەرۆكی بەڕازیل ڕایگەیاند كە
كوژاندنەوەی ئەو ئاگرە گەورەیە و لەسەر ئەو ڕووبەرە فراوانە كارێكی ئاسان نیە و
كاتی پێویستە.
• لەكۆتایدا
گرنگە ئەو ڕاستیە وەبیر هەموان بهێنینەوە كە دارستانەكان سەرمایە و سامانی هەموو
مرۆڤایەتین لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی و ئەركی هەموانیشە بەوڵاتان و كۆمەڵگاكانەوە
كاری پێكەوەیی و بەرنامە ڕێژی و پلانی زانستیان هەبێت بۆ پاراستن و ڕێگەگرتن لەئاگركەوەتنەوەی
ئەو دارستانانە،چونكە دارستانەكان سەرچاوەی هەواو و ئاو و خاكی پاكن بۆ مرۆڤایەتی
و تەواوی گیانەوەران بە ئاژەڵ و ڕوەكەكانیشەوە.بۆیە ناكرێت خەمسارد و كەمتەرخەم بین
لەئاستیاندا،ئەركی وڵاتانی ناوچەكەشە كە هەریەكەیان لەسنوری وڵات و دەسەڵاتی خۆیاندا
بڕیار و یاسای پێویست دەربكەن بۆ زیاتر پاراستنی دارستان و لەوەڕگاكان و ڕێگەگرتن
لە ئاگركەوتنەوەو غرامەكردن و سزادانی هەموو ئەو كەسانەی كە دەبنە هۆكاری ئاگركەوتنەوە
و هەروەهاش بەبەرنامە و پلانی زانستی هوشیاركردنەوەی تاك و گروپ و تەواوی كۆمەڵگاكان
پیادە بكەن دەربارەی گەورەیی و گرنگی دارستان و پاكڕاگرتنی ژینگەی گۆی زەوی و ئەویش
بە ڕوواندنی زۆرترین ژمارەی دارو درەختەكان دەبێت.
كوردستانی خۆشمان هیچ بەدەر نیە لەو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیانە
و هەق وایە لەئایندەدا لەلایەن حكومەت و پەڕلەمانی كوردستانەوە یاسا و ڕێسای پێویست
لەوبارەویەوە دەربچێت بەخزمەتی زیاتری پاراستنی ژینگەی كوردستان لە پیسبوون و
سووتاندن و لەناوچوون (( چونكە ساڵانە بە دەیان هەزار دۆنم لە پوش و پەڵاش و پاوان
و دارستانە سروشتیەكان لە كوردستاندا بە بەرنامە و لەڕێگەی دەستی تێكدەر و هەندێك
جاریش بەهۆی سروشتیەوە كارەساتی ئاگركەوتنەوە ڕوودەدەن))،چونكە چەندە ژینگەیەكی
پاكوخاوێنمان هەبێت ئەوەندەش تاكێكی ساغڵەم و تەندروستمان دەبێت لەڕووی جەستەیی و
بیركردنەوە و ئازادی و داهێنان و بەخششەكانیانەوە،جا بالەپێناو فەراهەمكردنی ژینگەیەكی
پاكوخاوێندا لە كوردستان و جیهاندا كاربكەین بۆ پاراستنی ژینگەكەمان لە ئاو و خاك
و هەوا و ژیان و شارستانیەتی مرۆڤایەتیش بۆ سەدان ساڵی تر درێژە پێبدەین.
سەرچاوەكان:
=========
1. https://www.elwatannews.com
2. https://ar.wikipedia.org/wiki
3. https://www.aljazeera.net/news
4. http://www.bbc.com/arabic
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021