ئەی لەدەست دەنگی ژاوە ژاوی مۆلیدەکان سکاڵا لای کێ تۆمار بکەین؟!

وتار/ 26/08/2019 1022 جار بینراوە

فاخر برادۆستی

ئەی لەدەست دەنگی ژاوە ژاوی مۆلیدەکان سکاڵا لای کێ تۆمار بکەین؟!

فاخر برادۆستی
  ئەم دەسەڵاتە هەر شتێک دەڵێ، هەر بڕیارێک دەردەکات لەوەی تر ناشرینتر و بێ ماناتره. ئەگەر شەرمتان بەخۆتان با، تا دەنگ و دووکەڵی مۆلیدەکانتان کۆتایی پێ نەهێنابا، نابا ڕووی ئەوەتان هەبوایه بڕیار دەربکەن و بڵێن: ئەگەر دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان بێزاریان کردن سکاڵاتان ببەنە لای "مەریوان نەقشبەندی و پشتیوان سادق و هاوبیرانیان" لە ئەوقاف!
  ۲۷ ساڵە حزب و حکومەتە بێ وێنەکەتان، خەریکی بێزارکردنی خەڵکی ئەم هەرێمە پڕ لە نەوت وداهاتەن، کەچی نەک وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی فتوا جورئەتیان نەبووە و، نییە بڵێن ئەوەی ئێوە دەیکەن هەڵە و ناشەرعییه، بەڵکو ناهێڵن مەلای سەر مینبەریش ئەوە بڵێن، بێ یەک و دوو دووریان دەخەنەوە.

  لەسایەی حوکمڕانی حزبەکەی وەزیری ئەوقافی هەرێم، دووکەڵ و ژاوە ژاوی دەنگی مۆلیدەکان له سەدەی بیست و یەک خەڵکێکی زۆری بێزارکردووە.. کەچی زۆر بێ شەرمانە دێن بڕیار دەردەکەن دەنگی هەر مزگەوتێک خەڵکی بێزارکرد، ئەوە دەتوانن سکاڵا لە ئەوقافەکەی پشتیوان سادق تۆماربکەن، تا ئەویش بێدەنگیان بکات، بێ ئاگا لەوەی کەماڵ ئەتا تورک و حزبکەی"جەهەپە" نەیانتوانی دەنگی الله اکبری مزگەوتەکان لە تورکیای عەلمانی بن بڕبکەن، یان لای کەم کەمی بکەن، دڵنیام نەک پشتیوان سادق و حزبەکەی، هەموو هاوبیرانیان بێن ناتوانن ئەو کاره بکەن.. چونکە الله اکبر خاوەنی خۆی هەیە، بەتەمای من و نوێژخوێنە بێ هەڵوێستەکانی تر نییه. بەداخەوە تادێت خەڵک لە هەنگاوە ناشەرعی و نامەنتیقیەکانی ئەو دەسەڵاتە بێ وێنەیه بێدەنگە. بێدەنگی لەهەمبەر ئەم دم و چاوانە لەداهاتوو بڕیار و هەنگاوی مەترسیدارتری بەدوا دادێ.
 گۆمانم نییه دانانی پشتیوان سادق به وەزیری ئەوقاف لێدانە لە مزگەوت و مامۆستا حەق بێژەکانی ئەم هەرێمە وێران کراوە، گەر وانیە خۆ ڕوونە، پشتیوان سادق نە ئەوەندە پابەندە بە "نوێژ و ڕۆژوو" و ئەرکە دینەکانی تر، نە پسپۆڕی شەرعی هەیه. مەگەر پسپۆڕبێت له لێدان لە پێگەی مزگەوت و مامۆستا حەق بێژەکان.. لای هەموومان ڕوونە لەژێر دەسەڵاتی ئەو و حزبەکەی دەیان مامۆستای بوێر و زانا لە وتاربێژی دورخرانەوە، لە شوێنیان مەلای بێ هەڵوێست و خزمەتکارانی حزبەکەیان دانران. ئەگەر خەڵکی نوێژ خوێن لە ڕابردوو ئەوەیان لە پشتیوان سادق و حزبەکەی قەبوڵ نەکردبا، ئێستا جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد بڕیاری وا دەربکەن.

  ئەگەر کاتی هەر پێنج نوێژە فەڕزەکە و وتاری هەینی کۆبکەینەوە ناکاتە دوو کاتژمێر له شەو و ڕۆژێکدا، کەچی جاری وایه لەشەو و ڕۆژێکدا زیاتر لە ۱٦ کاتژمێر دووکەڵ و ژاوە ژاوی دەنگی مۆلیدەکان خەڵکێکی زۆری بێزار و هەراسان کردووە، کەچی حکومەت و حزبەکەی وەزیری ئەوقاف مێش میوانیان نییه، چونکە خۆیان و بەرپرسانیان مۆلیدەی کاتم سەوتیان هەیه و نازانن کەی کارەبای مۆلیدەیە، کەی کارەبای نیشتمانی.

نوێترین نوسینەکانی فاخر برادۆستی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌