ته‌قینه‌وه‌ ئه‌تۆمیه‌كان مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی‌

وتار/ 20/08/2019 669 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

ته‌قینه‌وه‌ ئه‌تۆمیه‌كان مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ن بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی‌
نمونه‌ش ته‌قینه‌وه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ ڕوسیا..

============================
 
نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•    پاراستنی‌ ژینگه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌م قۆناغی‌ نوێگه‌راییه‌دا وه‌ك بنه‌مایه‌كی‌ زۆر مرۆڤدۆستانه‌ هاتۆته‌ ناو كایه‌ی‌ گفتوگۆو مشتومڕه‌كانی‌ نێوان سه‌ركرده‌ و ولاَتان و كۆمه‌ڵگا و تاكه‌كانیش ، و به‌ده‌یان و سه‌دان حیزبی‌ سیاسی‌ و ڕێكخراوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌پێناو پاراستنی‌ ژینگه‌ی‌ گۆی‌ زه‌ویدا دروست و دامه‌زراون، له‌ڕێگه‌ی‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر حكومه‌ته‌كان گه‌لێك كاری‌ گه‌وره‌یان ئه‌نجامداوه‌ بۆ پاراستنی‌ ژینگه‌ی‌ گۆی‌ زه‌وی‌ و به‌رده‌وامبوونی‌ ژیانێكی‌ پاكوخاوێن بۆ مرۆڤایه‌تی‌.. چونكه‌ دوای‌ ڕشتن و فڕێدانی‌ سه‌دان و هه‌زاران ته‌ن له‌ خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ و پاشه‌ڕۆ ژه‌هراوی‌ و تیشكده‌ره‌كان و خستنیان بۆ ناو هه‌وا و ئاو و خاكه‌وه‌ له‌لایه‌ن كارگه‌ گه‌وره‌ پیشه‌سازیه‌كانه‌وه‌ ژینگه‌ی‌ زه‌وی‌ و مرۆڤایه‌تی‌ به‌ره‌و پیسبوون و له‌ناوچوون و زیانگه‌یاندنی‌ گه‌وره‌ چووه‌،بۆیه‌ ئه‌م قۆناغه‌ واده‌خوازێت و ئه‌وه‌شی‌ كردۆته‌ بنه‌ماو چه‌سپاندویه‌تی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ نوێگه‌را پێویسته‌ ڕێز له‌ پاكوخاوێنی‌ ژینگه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌ بگرێت و هه‌ریه‌كه‌ به‌ قه‌واره‌ و گاریگه‌ری‌ و ڕۆڵی‌ خۆی‌ هه‌ستێت به‌ پارێزگاریكردن و پاگڕاگرتنی‌ ئه‌و ژینگه‌ مرۆڤایه‌تیه‌،چونكه‌ تا ژینگه‌ی‌ زه‌وی‌ پاك و خاوێن نه‌بێت و دوور نه‌بێت له‌ پیسوون و ژه‌هراویبوون ئه‌وا تاكی‌ ساغڵه‌م و ته‌ندروستیش نایه‌ته‌ بوون.
•    یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ پیسبوونی‌ ژینگه‌ و مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ش دروستده‌كات بۆ سه‌ر ژیان و مان و بوونی‌ ته‌نانه‌ت زینده‌وه‌ران و ڕوه‌ك و ئاژه‌ڵه‌كانیش جیا له‌ مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان و هۆكارێكه‌ كه‌ ڕێگری‌ لێناگیرێت و سنوره‌كان ناناسێت و هه‌موانیان تێده‌په‌ڕێنێت و ته‌نانه‌ت له‌ سنوری‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌یه‌ك یان هه‌رێم و كیشوه‌رێكیشدا نامێنێته‌وه‌ به‌ڵكو  زۆر له‌وه‌ دوورتر ده‌ڕوات كه‌ مرۆڤ بیری‌ لێده‌كاته‌وه‌،وه‌كو چه‌كه‌ كوشنده‌ كیشوه‌ربڕه‌كان وایه‌ و ته‌نانه‌ت له‌وانیش مه‌ترسیدارتره‌ ،چونكه‌ چه‌ك و ڕۆكێت و ته‌قه‌مه‌نیه‌ سه‌ربازیه‌كان ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵگری‌ كلاَوه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ نین ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیاریكراو كاولكاری‌ و زیان و مه‌ترسیه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌لاَم بلاَوبونه‌وه‌ی‌ تیشكه‌ مه‌ترسیداره‌ ئه‌تۆمیه‌كان بۆ سه‌دان ساڵ و بگره‌ زیاتریش كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانی‌ له‌سه‌ر ئاو و خاك و هه‌وای‌ ناوچه‌ و هه‌رێم و كیشوه‌رێكیش به‌جێدێڵێت و كاریگه‌ری‌ زۆر خراپتریش ده‌كاته‌ سه‌ر نه‌وه‌و وه‌چه‌كانی‌ مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ڕوه‌كه‌كانیش.
•    هه‌ربۆیه‌ ئه‌ركی‌ ولاَتانی‌ گه‌وره‌ی‌ پیشه‌سازی‌ و خاوه‌ن چه‌ك و بۆمبی‌ ئه‌تۆمین كه‌ ڕێگه‌ بگرن له‌ زیاتر بلاَوبونه‌وه‌ی‌ چه‌كی‌ ئه‌تۆمی‌ و نه‌هێڵن بكه‌وێته‌ ده‌ست هه‌ر ولاَت و سه‌ركرده‌ و ڕژێمێك كه‌ نرخی‌ به‌ها به‌رزه‌كانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ نازانن و ڕێزیان لێناگرن.
•    به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ تازه‌ به‌تازه‌ ململانێ‌ ناڕه‌واكانی‌ ئه‌مریكا و ڕوسیا وه‌كو دوو زلهێزی‌ بواری‌ چه‌ك و ڕۆكێتی‌ بالیستی‌ و مامناوه‌نج مه‌ودا و ئه‌تۆمی‌ كه‌وتونه‌ته‌ خۆ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ڕێكه‌وتنه‌كانی‌ نێوانیان بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ زیاتر بلاَوبونه‌وه‌ی‌ چه‌كه‌  مه‌ترسیداره‌كان بۆ سه‌ر ژینگه‌ی‌ گۆی‌ زه‌وی‌ و مرۆڤایه‌تیش به‌گشتی‌. هه‌ریه‌كه‌یان له‌هه‌وڵی‌ داهێنان و دروستكردنی‌ چه‌كی‌ نوێی‌ پڕ مه‌ترسیدان و گه‌ره‌كیشیانه‌ دابه‌شی‌ بكه‌نه‌ سه‌ر ولاَتان و كیشوه‌ره‌كانی‌ سه‌ر به‌ نفوز و خولگه‌ی‌ خۆیان له‌ ئه‌وروپا و ئه‌فریقیا و ئاسیادا.
•    نوێترین نمونه‌ش بریتیه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ شكستخواردووی‌  ڕۆكێتێكی‌ هه‌ڵگری‌ كلاَوه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ له‌لایه‌ن ڕوسیاوه‌ كه‌ بریتی‌ بوه‌ له‌ هه‌ڵدانی‌ ڕۆكێتێك له‌ جۆری‌ (( پۆریفیستنیك)).
•    پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌،ئه‌م جۆره‌ چه‌ك و ڕۆكێته‌ چیه‌؟ مه‌ترسی  و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانی‌ چین بۆ سه‌ر ژینگه‌ و مرۆڤایه‌تیش؟
ئاژانسی‌ وزه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ حكومی‌ ڕوسیا ڕایگه‌یاند ((ڕوساتۆم)) كه‌ شاره‌زاكان سه‌رقاڵی‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ بزوێنه‌ری‌ ڕۆكێتێكی‌ ئه‌تۆمی‌ بوون. له‌  به‌رامبه‌ر سه‌كۆیه‌ك له‌ ناوچه‌ی‌ جه‌مسه‌ری‌ باكور له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ سه‌ربازی‌ و ده‌ریاییانه‌ی‌ كه‌ ڕوسیا ئه‌نجامیان ده‌دات، له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا پێنج له‌ ئه‌ندازیاره‌ ئه‌تۆمیه‌كانی‌ ڕووس بونه‌ قوربانی‌  و سێ‌ ئه‌ندازیاری‌ تریش له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن،له‌ئه‌نجامی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ ئه‌و بزوێنه‌ره‌ له‌ شاری‌ سارۆڤ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ دووری‌ 373 كیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ شاری‌ مۆسكۆی‌ پایته‌خته‌وه‌،كه‌ كارگه‌یه‌كی‌ كلاَوه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ جه‌نگی‌ ڕوسیای‌ تیادایه‌. پێشتریش ڕوسیا  ڕۆكێتی‌ جۆری‌ كرۆزی‌ تاقیكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌وزه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ كارده‌كات و ناوی‌ ((پۆریفیستنیك)) بوه‌.
ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌ سه‌رنه‌كه‌وتوه‌ كاره‌ساتێكی‌ ئه‌تۆمی‌ مه‌ترسیداری‌ لێكه‌وته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا تیشكێكی‌ ئه‌تۆمی‌ بۆماوه‌ی‌ 40 خوله‌ك لێ به‌رزبۆته‌وه‌ له‌ شاری‌ سیفیرودفینسك كه‌ 40 كم له‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ گۆڕه‌پانی‌ تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌ دووره‌ له‌ نینوكاسا له‌ ده‌ریای‌ سپیدا.
لێپرسراوانی‌ شاره‌كه‌ ده‌ڵێن كه‌ ئاستی‌ تیشكه‌كان گه‌یشتۆته‌ 2 مایكرۆسیڤێرت له‌ كاتژمێرێكدا ((یه‌كه‌ی‌ پێوانه‌ی‌ بڕی‌ تیشكدانه‌وه‌یه‌))،دواتر دابه‌زیوه‌ بۆ ئاستی‌ ڕێگه‌پێدراو كه‌ بریتیه‌ له‌ 11ر0 مایكرۆسیڤێرت،هه‌ردووك ئاسته‌كه‌ به‌ بچووك داده‌نرێن و ناتوانن ببنه‌ هۆی‌ نه‌خۆشی‌ له‌ئه‌نجامی‌ به‌ركه‌وتن به‌و تیشكدانه‌وه‌یه‌.
•    به‌لاَم ئایا ئه‌م ڕاگه‌یاندن و گوتانه‌ تا چه‌ند ڕاستن؟ ئایا بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی‌ دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ یان بۆ خۆده‌ربازكردنه‌ له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ژیان و پاكڕاگتنی‌ ژینگه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یه‌؟
به‌لاَم شاره‌زا ڕوسی‌ و ڕۆژئاواییه‌كان  ده‌ڵێن له‌ ڕاستیدا ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕۆكێتی‌ 9 ئێم730 پۆریفیستنیك كه‌ به‌ڕوسی‌ مانای‌ ((باڵنده‌ی‌ نوئه‌ دێت كه‌ بچوكترین باڵنده‌ی‌ ده‌ریاییه‌)).
پێشتریش سه‌رۆك پۆتین له‌ساڵی‌ 2018دا و له‌به‌رده‌م په‌ڕله‌مانی‌ ولاَته‌كه‌یدا باسی‌ له‌م ڕۆكێته‌ كردبوو و په‌یمانی‌ ناتۆش ده‌ڵێت ئه‌و ڕۆكێته‌ بریتیه‌ له‌ جۆری‌ ئێس ئێس سی‌-9 سكایفوڵ.
مارك گالیۆتی‌،چاودێر و شیكه‌ره‌وه‌ی‌ دیاری‌ ڕوسیا ده‌ڵێت(( ئه‌م سیسته‌می‌ پاڵدانه‌ ئه‌تۆمیه‌ بریتیه‌ له‌ ئاڵنگاریه‌كی‌ ته‌كنه‌لۆجی‌ زۆر گه‌وره‌)).و زیاتری‌ له‌سه‌ر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت (( مه‌سه‌له‌ی‌ خێرایی‌ هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر كێشی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌دا،سه‌ره‌ڕای‌ مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕۆكێته‌ بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ك بڕوات ئه‌وا پاشماوه‌ی‌ تیشكی‌ به‌جێده‌هێڵێت)).و ئه‌وه‌شی‌ ڕاگه‌یاند كه‌(( ئه‌م پڕۆژه‌ی‌ ڕۆكێته‌ له‌مێژه‌ له‌لایه‌ن ڕوسیه‌كانه‌وه‌ كاری‌ بۆ ده‌كرێت و له‌ ئێستادا له‌سه‌ر ڕه‌فه‌كان ده‌رهێنراوه‌ و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و وه‌به‌رهێنانیان تیادا ئه‌نجام ده‌درێت)).
ئه‌م جۆره‌ سیسته‌می‌ پاڵدانی‌ ڕۆكێتیه‌(( سیسته‌مێكی‌ دیاریكراو نیه‌ له‌ڕووی‌ ماوه‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ نیونوكاسا چه‌كێكی‌ جیاوازتریشی‌ له‌خۆگرتبێت كه‌ توانای‌ هه‌ڵگرتنی‌ كلاَوه‌ی‌ ئه‌تۆمیشی‌ هه‌یه‌)).
•     جۆری‌ نوێ‌ له‌ ڕۆكێتی‌ كروز دوور مه‌ودا دژی‌ پاپۆڕه‌كان كه‌ ناوده‌برێت به‌ زیركون،كه‌ به‌خێراییه‌ك ده‌ڕوات به‌رزتره‌ له‌ خێرایی‌ ده‌نگ. به‌ 8 جار.به‌پێی‌ وته‌ی‌ سوپای‌ ڕوسیا.
•    جۆری‌ نوێ‌ له‌ دروستكراوه‌ بزوێنه‌ره‌كان له‌ژێر ئاودا كه‌ له‌ ژێر ده‌ریاییه‌وه‌ ده‌ته‌قێنرێن و پێی‌ ده‌وترێت ((پۆسیدۆن)).
•    چی‌ ده‌زانرێت ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌؟
ڤالانتاین كۆستیۆكۆف،كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ دیاره‌ له‌ ئاژانسی‌ ڕۆساتۆم، ده‌ڵێت (( ئه‌و 5 ئه‌ندازیاره‌ی‌ كه‌ بونه‌ قوربانی‌ له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ 8 ئابی‌ 2019دا ڕوویدا  و له‌ ئه‌نجامی‌ كه‌وتنه‌وه‌ی‌ ئاگرێكی‌ له‌ناكاودا بوو له‌ ده‌سته‌بژێری‌ شاره‌زا و پاڵه‌وانه‌كان بوون كه‌ مه‌ترسیه‌كانیان تاقیكرده‌وه‌ و تاقیكردنه‌وه‌ی‌ پێشتریشیان ئه‌نجامدابوو(( له‌ژێر دبارودۆخی‌ زۆر سه‌خت و نائاساییدا)).
كۆستیۆكۆف سه‌نته‌ری سارۆفی‌ ئه‌تۆمی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات،كه‌ بریتیه‌ له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ له‌ قۆناغی‌ جه‌نگی‌ سارددا و به‌رپرسیاره‌ له‌ كۆگای‌ بۆمبه‌ هایدرۆجینیه‌ ڕوسیه‌كان.
كاتێك ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌شاره‌كه‌دا ڕوویدا خه‌ڵكی‌ ڕوویانكرده‌ ده‌رمانخانه‌كان بۆ كڕینی‌ حه‌بی‌ یۆد،چونكه‌ حه‌بی‌ یۆد له‌ یۆدی‌ تیشكده‌ر مرۆڤ ده‌پارێزێت،به‌هه‌مان شێوه‌ له‌كاتی‌ ڕوودانی‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌تۆمی‌ بنكه‌ی‌ چێرنۆبێل له‌ ساڵی‌ 1986دا هه‌مان داواكاری‌ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ حه‌به‌ هه‌بوو بۆ خۆپاراستن.
 ده‌سه‌لاَتدارانی‌ ڕوسیا پێش ئه‌نجامدانی‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ ناوچه‌كه‌یان خستبوه‌ ژێر چاودێریه‌كی‌ وورد و قه‌ده‌غه‌كراوه‌وه‌،به‌لاَم له‌ دوای‌ یه‌ك ڕۆژ له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ 9 ئابدا پاپۆرێكی‌ ڕوسی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بینراوه‌ به‌پێی‌ پێگه‌یه‌كی‌ پسپۆڕی‌ نه‌رویجی بۆ هه‌واڵی‌ جه‌مسه‌ری‌ باكور.ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و پاپۆڕه‌ كاری‌ كردوه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌موو شوێنه‌وارێكی‌ پیسبوون به‌ تیشك لاببات و تائێستا له‌كاركردن به‌رده‌وامه‌.ڕه‌نگه‌ ناوچه‌كه‌ به‌داخراوی‌ بمێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سوته‌مه‌نیه‌ ژه‌هراویه‌كه‌ی‌ ڕۆكێته‌كه‌ تێكه‌ڵ به‌ ئاوی‌ ده‌ریاكه‌ نه‌بێت كه‌ ڕاوچیه‌كان كاری‌ تیادا ده‌كه‌ن)).

•    ئایا ڕۆكێتی‌ بزوێنراوی‌ ئه‌تۆمی‌ ده‌بێته‌ داهێنان و گۆڕانێكی‌ گه‌وره‌؟

مارك گالیۆتی‌ ده‌ڵێت((گومانی‌ زۆر هه‌یه‌ كه‌ ڕۆكێتی‌ پۆریفیستنیك ڕووناكی‌ ببینێت)) و ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ ڕۆكێتێكی‌ تری‌ نوێ‌ كه‌ پێیده‌وترێت ((پۆلاڤا))(( بۆماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێك تاقیكردنه‌وه‌كان له‌سه‌ری‌ شكستیان هێناوه‌)).

هه‌ردوو ڕۆكێتی‌ زیركۆن و پۆسیدۆن دوو پڕۆژه‌ی‌ زۆر پێشكه‌وتوون،و پۆسیدۆن له‌ شێوه‌ی‌ پاپۆرێكی‌ بزوێنراودایه‌ كه‌ له‌دووره‌وه‌ ده‌بزوێنرێت له‌ژێر ئاودا و تائێستا له‌ قۆناغی‌ نمونه‌ی‌ سه‌ره‌تاییدایه‌.ئه‌م ڕۆكێته‌ش چه‌كێكی‌ كاولكاره‌  وبۆ به‌كارهێنان نه‌شیاوه‌ جگه‌ له‌ جه‌نگی‌ ئه‌تۆمی‌ سه‌رتاپاگیر.

•    ئه‌م ڕۆكێته‌ی‌ كه‌ ته‌قیه‌وه‌ و ناوی‌(( پۆریفیستنیك))بوو، له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌یه‌كی‌ حكومه‌تی‌ ڕوسیاوه‌ ((ڕوسیسكایا گازیتا))وه‌ پێش مانگێك به‌ ((چه‌كێكی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌))ناوده‌برا، هه‌روه‌ك چۆن نازیه‌كان به‌و ڕۆكێتانه‌یان ده‌وت كه‌ ده‌نران به‌ به‌ریتانیاوه‌ له‌ قۆناغی‌ كۆتایی‌ جه‌نگی‌ جیهانی‌ دووه‌مدا.هه‌مان ڕۆژنامه‌ ده‌ڵێت ئه‌م ڕۆكێته‌ توانای‌ فڕینی‌ بۆماوه‌ی‌ دوورودرێژ هه‌بوو هه‌روه‌ك چۆن توانای‌ خۆبه‌دوور گرتنیشی‌ هه‌بوو له‌ به‌رگریه‌ ئاسمانیه‌كان، ئامانجه‌كه‌شی‌ بریتی‌ بوو له‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ر ژێرخانێك مابێت له‌ دوای‌ لێدانی‌ ڕۆكێتی‌ بالیستی‌ كیشوه‌ر بڕه‌كانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی‌ دوژمن به‌م ڕۆكێته‌ كاول و له‌ناوببرێت.
گالیۆتی‌ ده‌ڵێت (( له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنانی‌ ڕێكه‌وتنامه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌تۆمیه‌ مام ناوه‌نجیه‌كان، ئه‌مریكاش زیاتر تواناكانی‌ چڕ ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر پێشخستنی‌ كۆگاكانی‌ له‌ چه‌كه‌ مامناوه‌نجیه‌كان،كه‌ كارێكی‌ پێویست نیه‌ له‌كاتی‌ هه‌لاَیسانی‌ جه‌نگی‌ سه‌رتاپاگیریدا)).

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه‌(( ڕوسیا ده‌یه‌وێت ئه‌و چه‌كه‌ وه‌ده‌ستبهێنێت به‌هۆی‌ مه‌ترسیه‌كانیشی‌  به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ توانا ئه‌تۆمی‌ و سه‌ربازیه‌كانی‌ ولاَتی‌ چینیش)).

•    به‌م شێوه‌یه‌ به‌كارهێنان و تاقیكردنه‌وه‌ و هه‌وڵی‌ دروستكردنی‌ جۆری‌ جیاواز و نوێتر له‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ پێشكه‌وتوو له‌لایه‌ن ولاَته‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ك ده‌بنه‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر زیاتر پیسبوونی‌ ژینگه‌ی‌ گۆی‌ زه‌وی‌ و كۆمه‌ڵگای‌ مرۆڤایه‌تی‌ به‌گشتی‌ و دروستبوونی‌ مه‌ترسی‌ له‌ناوچوون و ڕوودانی‌ كاره‌سات  بۆ ئێستا و ئاینده‌ی‌ نه‌وه‌كانی‌ مرۆڤ و سه‌رجه‌م زینده‌وه‌رانیش.

جا گه‌ر به‌م شێوه‌ ناڕه‌وایه‌ پێشبڕكێ‌ له‌نێوان زلهێزه‌ ئه‌تۆمیه‌كاندا به‌رده‌وام بێت له‌سایه‌ی‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌ و سه‌ركێشیه‌كانی‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی‌  مه‌غرور و خۆبه‌زلزانی‌ وه‌كو پۆتینی‌ ڕوسیا و ترامپی‌ ئه‌مریكاوه‌ ،ئه‌وا به‌دڵنیایی‌ نه‌ك مافه‌كانی‌ مرۆڤ و ئازادیه‌كان و دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ریی‌ ده‌خرێته‌ ژێر پێیه‌كانه‌وه‌ وه‌كو بنه‌ما مرۆڤایه‌تی‌ و قۆناغی‌ نوێگه‌رایی‌ ،به‌ڵكو هیچ ڕێز و به‌هایه‌كیش بۆ بنه‌ما و دروشمی‌ پاراستنی‌ ژینگه‌ش نامێنێته‌وه‌ و مرۆڤ به‌ده‌ستی‌ خۆی‌ ئاینده‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و كاولكاری‌ و كاره‌ساتی‌ دڵته‌زێن ده‌خوڵقێنن له‌جیاتی‌ داهێنان و پێشكه‌وتنه‌ ئه‌رێنیه‌كان.بۆیه‌ گه‌ر ئه‌م پێشبڕكێ ناڕه‌وایانه‌ به‌رده‌وام بن ئه‌وا به‌دڵنیایی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ تاریك و ناڕۆشن و كاولكاری‌ و ماڵوێرانیه‌كی‌ سه‌رتاپاگیری‌ گۆی‌ زه‌وی‌ چاوه‌ڕوانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ ده‌كات.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌