سەردانەكەى برايانى سەلەفى بۆ لای بزوتنەوە

وتار/ 05/11/2016 1120 جار بینراوە

كاميل مەحمود

سەردانەكەى برايانى سەلەفى بۆ لای بزوتنەوە
كاميل مەحمود
رۆژی هەينى(٤/٥/٢٠١٦) مامۆستا عبداللطيف و چەند مامۆستايەكى ترى برايانى رەوتى سەلەفى سەردانى بارەگاى مەكتەبى رابەرى گشتى بزووتنەوەى ئيسلاميان كرد لەشارى سلێمانى و لەلايەن جەنابى مامۆستا عيرفان عەلى عەبدولعەزيز رابەى گشتى و كۆمەڵێك لە ئەندامانى سەركردايەتى و كاديرانى بزووتنەوەى ئيسلامييەوە پێشوازى كران، ئەم سەردانە وەرچەرخانێكى گەورەو دڵخۆشكەرە لەناوەندى ئايينى و ئيسلامى كوردستانداو هەنگاوێكيترە بەئاراستەى برايەتى و يەكڕيزى نێوان ئايينپەروەران و ئيسلامخوازانى كوردستاندا.

بۆيە وەك وەرچەرخانى دەبينم چونكە پێم وايە يەكەم سەردانى برايانى سەلەفى كوردستانە لەسەر ئاستێكى بالآ بۆ بارەگايەكى ئيسلامى حزبىى و شێوازێك لەدبلۆماسيەت و تەشريفاتى حزبى لەپێشوازى و بەڕێكردن و كۆبوونەوەدا بە ديمەنەكەوە دياربوو، جگە لەوێنەگرتن و مامەڵە ميدياييەكەش، راستە پێشتر ئەو برايانە

لەگەڵ سەركردە ئيسلامييەكان و بەرپرسان و كاديرانياندا كۆبوونەتەوەو سەردان هەبووە، بەلآم هەموو ئەوانە لەفۆرمێكى كۆمەلآيەتى و لەدەرەوەى بارەگاكانەوە ئەدا كراون و هەموويان شەخسى بوون و بەدەربوون لەوێنەگرتن و ديكۆمێنتكارى ئيعلاميى.

١- من پێم وايە بۆ سەردان و بەسەركردنەوەى برايانى سەلەفى و كەسى ديارو يەكەميان بۆ بارەگاى بزووتنەوەى ئيسلامى چەند پاڵنەرێك هەبووە لەوانە:

٢- لەماوەى ئەم چەند ساڵەى دەركەوتنى كارى ئەو برايانە لەناوچەكانى كوردستاندا سەكردايەتى بزووتنەوەى ئيسلامى و تەنانەت ئەندامانى خوارەوەى بزووتنەوەش پۆزەتيڤانە مامەڵەيان لەگەڵ ئيجتيهادو ديدگاى جياوازى ئەو برا سەلەفيانەدا كردووە، بەشێوەيەك لەشێوەكان كەناڵى پەيوەندى شەخسى و هەندێ كات حزبيش لەگەڵياندا بنيات نراوە.

٣- برايانى سەلەفى وەك موسوڵمانانى ترى كوردستان دڵخۆشن بەو هەوڵ و حيراكە ئيسلامييەى لەم چەند مانگەدا خراوەتە كار بۆ رێكخستنەوەى نێوماڵى ئيسلامييەكان لەچوارچێوەى پرۆژەيەكى هاوبەشدا، يەكێك لەرەخنەكانى برايانى سەلەفيش لەئيسلامييەكان ئەوەبووە كە حزبايەتييەكەيان تەفرەقەو دەمارگيرى ناشەرعى لەناو موسوڵماناندا خوڵقاندووەو هەر شتێكيش ببێتە هۆكار بۆ پەرتەوازەكردنى ريزى موسوڵمانان ناشەرعييە، كە لەراستيدا ئەمە وايە.. بۆيە هەوڵەكانى ئێستا بەدڵى ئەوانيشەو پێيان وايە كاركردنە بەئاراستەى دروست و شەرعيدا.

٤- پێم وايە ئەو برايانەو هەموومان لەوە دڵنيا بووين كە نەيارانى ئيسلام جياوازى ناكەن لەنێوان سەلەفى و خەلەفى و سۆفى و ئيخوانى و حزبى و ناحەزبيداو جەنگەكە لەگەڵ مەنزومەى عەقيدەو ئەخلاقى ئيسلاميدايە نەك رەوت و حزب و لايەنێكى دياريكراو بەتەنها.

بەهيوام ديدارو كۆبوونەوەو گفتوگۆ لەنێوان برايانى سەلەفى و ئيسلامييەكاندا زياتر برەوى پێ بدرێت و تەوسيەى خێرى ئەو برايانەش بەهەند بگيرێت و هيچ لايەكيش خۆى بە پەپولەو خاوەنى حەقى موتڵەق نەزانێت و هەموومان ئاوێنەبين بۆ كەموكورتييەكانى يەكتر...

نوێترین نوسینەکانی كاميل مەحمود

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌