لە ساڵيادى وەفاتى سەركردە ئەحمەد كاكە مەحمود

وتار/ 26/01/2019 699 جار بینراوە

كاميل مەحمود

 لەدوانزەهەمين ساڵيادى وەفاتى زاناى سەركردە م.مەلا ئەحمەد كاكە مەحمود (١)
كاميل مەحمود
ده‌رباره‌ى مه‌رگى زانایه‌ك وتراوه‌ كه‌مه‌رگى ئوممه‌تێكه‌، به‌تایبه‌تى له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و ئوممه‌ته‌ زۆر پێویستى به‌و زانایه‌ هه‌بێت و له‌قۆناغى هه‌ستیارى هه‌ستانه‌وه‌و خه‌باتدا بێت، ئه‌و زانایه‌ش جگه‌ له‌وه‌ى به‌خششه‌ زانستى و رێنموونییه‌ ئاینییه‌كانیمان پێ ببه‌خشێت، ئه‌ركى سه‌ركردایه‌تى شۆرش و بزاوتێكى ئیمانى و ژاریانه‌شى له‌ئه‌ستۆ گرتبێت.
كوردستان له‌م قۆناغه‌ى ئێستایدا كه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت لانكه‌یه‌كى ئارام بۆ خۆى بنیات بنێت و له‌قۆناغه‌كانى كۆتایى خه‌باتیدایه‌، پێستى زۆرى له‌م كاته‌دا به‌پێشه‌واو كه‌سایه‌تییه‌ ئایینى و سیاسییه‌كانى هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا كه‌ئێمه‌ زۆر پێویستیمان به‌زاناو سه‌ركرده‌ دڵسۆزه‌كانمان هه‌یه‌، چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى دیارى ئیسلامیمان له‌ده‌ست چوو، كه‌له‌وانه‌ زاناى دیارو كه‌سایه‌تى ئایینى و سیاسى ناو كوردستان و رابوونه‌ ئیسلامییه‌كه‌ى جه‌نابى مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموده‌ كه‌ ١٢ساڵ پێش ئێستا به‌جێى هێشتین و گه‌رایه‌وه‌ بۆ لاى خواى خۆى، خواى گه‌وره‌ لێى خۆش بێت و ئێستا گۆره‌كه‌ى بووبێته‌ باخچه‌یه‌ك له‌باخچه‌كانى به‌هه‌شت.
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌سایه‌تییه‌كى دیارى ناو رابوونى ئیسلامى كوردستان بوو كه‌ له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نى خۆیدا دڵسۆزانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌م و ئازاره‌كانى موسڵماناندا ژیاو كه‌مته‌رخه‌مى نه‌كرد له‌خزمه‌ت و رێنموونى و به‌خشینى هه‌موو كاته‌كانى به‌ براو خوشكانى ئیماندارو هاو زمانى خۆى، زانابوو به‌هه‌موو واتایه‌ك، واتاكانى زانین و ده‌رك و پسپۆرى له‌بواره‌كانى شه‌رع و راڤه‌ى قورئان و فه‌توادا، نووسه‌ربوو به‌گشت پێوه‌ره‌كانى نووسین، كتێب و باته‌ جۆراوجۆره‌ بڵاوكراوه‌كانى شایه‌تى بۆ خامه‌ى ره‌نگینى مامۆستاى نووسه‌ر ده‌ده‌ن، رۆشنبیر بوو له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، له‌ گوزارشت و داواندن و هاورێیه‌تى و هاوسێیه‌تى و گوێگرتنیدا له‌قسه‌و راى به‌رامبه‌ر، سیاسه‌تمه‌دارى بوارى كارى رێكخراوه‌یى بوو، كه‌ له‌دژوارترین قۆناغى خه‌بات و راپه‌رینى گه‌له‌كه‌مان و ترۆپكى سته‌م و توغیانى به‌عسدا له‌گه‌ڵ چه‌ند زانایه‌كى ترى به‌رێزدا بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامییان درووست كرد.
مه‌رگى مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود و هه‌ر زانایه‌كى هاو شێوه‌ى ئه‌و، بۆشاییه‌كى گه‌وره‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ له‌ناو ریزه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا درووستى ده‌كات و به‌ئاسانى پر نابێته‌وه‌، به‌تایبه‌تى كه‌سێكى وه‌ك مامۆستا ئه‌حمه‌د كه‌ پیاوى ناو مه‌یدان و خاوه‌ن وته‌ى به‌كرده‌وه‌بوو، زانایه‌كى بوێرو ده‌م پر له‌حه‌ق و دڵ پر له‌دڵسۆزى بوو، بۆیه‌ پێم وایه‌ بۆشاییه‌ك كه‌ وه‌فاتى ئه‌م زانایانه‌ درووستى ده‌كه‌ن به‌ئاسانى پر نابێته‌وه‌و هه‌موو كه‌س ناتوانێت ئیدیعاى ئه‌وه‌ بكات كه‌ ده‌توانێت رۆڵى ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ به‌رێزانه‌ ببینێت و جێگاكانیان پر بكاته‌وه‌.
(2)
قۆناغى بانگه‌واز له‌مێژووى ئیسلامدا له‌پێغه‌مبه‌رى خواوه‌ –صلى الله علیه‌ وسلم- ده‌ستى پێكرد، زانایانیش میراتگرى پێغه‌مبه‌رانن و هه‌میشه‌ ئه‌و مێژووه‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و نێردراوانه‌ى خوا تۆماریان كردووه‌و بووه‌ته‌ ئه‌زموون بۆ شوێنكه‌وته‌ باوه‌رداره‌كانیان. مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌ یه‌كێك بوو له‌ عاشقانى رێبازى پێغه‌مبه‌ر- صلى الله علیه‌ وسلم - قۆناغى لاوێتى و سه‌ره‌تاى كارى خۆى به‌بانگه‌واز و رێنموونى ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى ده‌ستى پێكرد، خۆشبه‌ختانه‌ بانگه‌وازى ئه‌و زانا سه‌ركرده‌یه‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى خۆى تێپه‌راندو كاریگه‌رییه‌كه‌ى له‌جوغرافیایه‌كى به‌رته‌سكدا نه‌مایه‌وه‌و له‌ماوه‌یه‌كى كه‌م و له‌قۆناغێكى دژواردا ناوى مامۆستا بوویه‌ ناوێكى كوردستانیى و شارۆچكه‌كه‌ى بوویه‌ ژوانكه‌ى باوه‌رداران و به‌تایبه‌تى لاوانى رابوون.
كاریگه‌رى ده‌عوه‌و گوتارى مامۆستا، سته‌مكارانى به‌عس و ئه‌ڵقه‌له‌گوێكانى سه‌دامى ته‌نگه‌تاو كردبوو، بۆیه‌ له‌هه‌لومه‌رجێكى ناسكدا ئه‌و و چه‌ند زانایه‌كى ترى هاو خه‌باتى كوردستانى به‌هیجره‌ت ئاشنا كردو تاراوگه‌ بوو به‌ شوێنى نه‌خشه‌و پلانه‌ جیهادییه‌كانیان و له‌وێوه‌ سه‌نگه‌رێك له‌سه‌نگه‌ره‌كانى ئیسلامیان جۆش دایه‌وه‌، كه‌سه‌نگه‌رى جیهادو مقاوه‌مه‌ت بوو، بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى به‌رابه‌رایه‌تى مامۆستاى زاناو پێشه‌واى ناودارى ئیسلامى مامۆستا مه‌لا عوسمان راگه‌یه‌نراو مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌ مه‌یدانییه‌كانى جیهادى بزووتنه‌وه‌ دژى به‌عس.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌رسێ لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كه‌ى بزاڤى ئیسلامخوازانه‌(ده‌عوه‌و هیجره‌ت و جیهاد)ى له‌كاروانى ژیانى خۆیدا هێنایه‌دى و له‌وه‌دا پێشه‌واكه‌ى خۆى پێغه‌مبه‌رى ئیسلامى كرده‌ قودوه‌و نموونه‌ى باڵا بۆ خۆى، خواى گه‌وره‌ لێى قبوڵ كردبێت.
(3)
مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود وه‌ك هه‌ر دڵسۆزێكى ترى گه‌له‌كه‌ى له‌مزگه‌وته‌وه‌ ده‌ستى پێكرد، په‌یامى مزگه‌وتیش به‌درێژایى مێژووى ئیسلام په‌یامێكى مرۆڤدۆستانه‌ بووه‌و نامه‌ى ئاشتى و ئازادى و خۆشه‌ویستى به‌ هه‌وادارانى به‌خشیوه‌، مزگه‌وت پێگه‌ى خواپه‌رستى و سه‌نگه‌رى رووبه‌روبوونه‌وه‌ى سته‌مكاران بووه‌، وتاره‌كانى هه‌ینى و دوانگه‌ى مزگه‌وته‌كانى كوردستان كاریگه‌رى به‌رچاویان له‌سه‌ر ره‌وشه‌ ئاینییه‌كه‌ى كوردستان هه‌بووه‌، فاكته‌رى ئه‌و كاریگه‌رییه‌ش زانا به‌رێزه‌كانى وه‌ك مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د بووه‌.
وه‌ك لاوان و خه‌ڵكى ئه‌م ناوچه‌یه‌ مامۆستامان له‌مزگه‌وت و له‌رێگاى وتاره‌كانیه‌وه‌ ناسى، وتارى ئه‌و زانا سه‌ركرده‌یه‌ جۆش و خرۆشێكى به‌هێزى به‌دڵ و ده‌روونى موسڵمانانى ئه‌م ناوچه‌یه‌و كوردستان دابوو، هه‌موو وێستگه‌كانى ژیانى مامۆستا پره‌ له‌ كاریگه‌رى و ده‌ستكه‌وت بۆ قیامه‌تى خۆى و دنیاو دوارۆژى موسڵمانانیش، كاتێك خه‌تیبى مزگه‌وتى شارۆچكه‌یه‌ك بوو، له‌رێگاى وتارو هه‌لوێسته‌ به‌جورئه‌ته‌كانیه‌وه‌ شۆرشێكى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ئاستى كوردستان به‌رپا كردبوو، ئه‌و شوناسه‌ى له‌ناو رابوونى ئیسلامى كوردستاندا به‌كه‌سایه‌تى ماۆستا درا، له‌مزگه‌وته‌وه‌ ده‌ستى كه‌وت و مینبه‌رو میحراب پێى به‌خشى، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌یه‌و به‌ئاسانى ده‌ستى هه‌موو كه‌سێك و بگره‌ هه‌موو زاناو كه‌سایه‌تییه‌كى ئایینى ناكه‌وێت.
مزگه‌وتى شارۆچكه‌ى سیروان گه‌واهى بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌كاتێكدا ترس گه‌مارۆى هه‌موو بستێكى خاكى كوردستانى دابوو، مامۆستا ئه‌حمه‌د كه‌سێكى حه‌قبێژى بوێرو چاونه‌ترس بوو، لاوان له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ئاوێته‌ى گوزارشته‌كانى بووبوون و حاڵه‌تێكیان له‌و شارۆچكه‌یه‌دا درووست كردبوو كه‌ كوفرو به‌كرێگیراوانى به‌عسى له‌ناوچه‌كه‌دا نیگه‌ران و تووڕه‌ كردبوو.
(3)
وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد مامۆستا یه‌كێك بوو له‌عه‌له‌مدارانى جیهاد و سه‌ركرده‌ مه‌یدانییه‌كانى بزووتنه‌وه‌، كاریگه‌رى مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر ره‌وتى ئیسلامى به‌گشتى و بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى به‌تایبه‌تى زۆربوو، ئه‌و وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌ك یه‌كێك بوو له‌دارێژه‌رانى ئه‌جێنداى سیاسى و جیهادى بزووتنه‌وه‌و له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌ دبلۆماسییه‌كانى نێوان ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌و لایه‌نه‌كانى تردا زمانحاڵ و هه‌ڵسووراوێكى كرده‌یى بوو، له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كانى تریشدا هه‌میشه‌ به‌زمانێكى ناحزبى و وه‌ك یه‌ك خێزان قسه‌ى ده‌كرد و هانى یه‌كریزى و برایه‌تى ده‌دا، له‌میحنه‌ته‌كانى بزووتنه‌وه‌دا حه‌كیمانه‌ مامه‌ڵه‌ى ده‌كردو یه‌كێك بوو له‌فاكته‌ره‌كانى خێرو ئاشته‌وایى له‌نێوان خۆیان و لایه‌نه‌كانى ترى سه‌ر ساحه‌كه‌دا.
مامۆستا كه‌سێك بوو به‌ته‌واوى واتا سه‌له‌فییه‌كى جیهادى بوو، سه‌له‌فى به‌ماناى له‌هه‌موو كاتێكدا ده‌یویست به‌تێگه‌یشتنى سه‌له‌فى ساڵح و ده‌قه‌ پیرۆزه‌كانى قورئان و فه‌رمووده‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكرێت و له‌هه‌موو هه‌نگاوێكى كاروانى جیهادیى خۆیدا نه‌یده‌توانى قه‌ناعه‌ت به‌خۆى بكات كه‌ئیسلام به‌ دانیشتن و خۆدزینه‌وه‌ له‌موعانات و ناره‌حه‌تى هه‌ستانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ى له‌ژیانى پێغه‌مبه‌ران و بروادارانى پێشوودا به‌دى نه‌ده‌كرد، بۆیه‌ ئه‌و ئیسلامه‌ى مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌ڵگرى په‌یامه‌كه‌ى بوو، ئیسلامى ناو مزگه‌وت و سه‌نگه‌رو ده‌وڵه‌ت و بازارو تاقیگه‌ى زانستى بوو، ئه‌و پێش هه‌ر بریارو هه‌ڵوێستێك بۆ ئامانجى ده‌روانى كه‌ به‌چ هۆكارێكى شه‌رعى دێته‌دى، حه‌زیشى ده‌كرد ئه‌و ئامانجه‌ به‌ ئاشتى و دوور له‌ بزاوت ز خۆماندوو كردن و به‌ده‌ر له‌مه‌ترسى و كاردانه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر بێته‌دى، به‌ڵام ئه‌مه‌ سرووشتى ژیانه‌و به‌خواستى هیچ كه‌سێك نییه‌و ژیان پارچه‌یه‌كه‌ له‌حه‌ره‌كه‌ت، بۆیه‌ ئه‌ویش ماندوونه‌ناسانه‌ قۆڵى مه‌ردایه‌تى لێ هه‌ڵماڵیبوو تا ئه‌وكاته‌ى گه‌رایه‌وه‌ بۆ لاى په‌روه‌ردگار.
(5)
دوا قسه‌م بۆ هه‌واداران و قوتابیانى مامۆستا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ با رێگاو رێبازو یادو بیره‌وه‌رى ئه‌و پیاوه‌ خواناسانه‌ هه‌میشه‌ به‌زیندوویى رابگرین، ئه‌وان نموونه‌و پێشه‌نگى ئێمه‌بوون و رینموونییان كردین بۆ خزمه‌ت به‌ئایین و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌مان، با هه‌میشه‌ هه‌ڵگرى ئه‌و په‌یامه‌ى ئه‌وان بین و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رپێ له‌رێگا لامان نه‌دا، ئه‌و زاناو پیاوه‌ به‌رزانه‌ش له‌دوعاى خێر بێبه‌ش نه‌كه‌ین و هه‌میشه‌ ئه‌مه‌كدارو به‌وه‌فابین به‌رامبه‌ر به‌سه‌ركرده‌ خواناس و دڵسۆزه‌كانى ئه‌م گه‌له‌.. سوپاس بۆ ئێوه‌ى به‌رێزیش.

نوێترین نوسینەکانی كاميل مەحمود

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌