پەيكەرى خۆشەويستى يان دۆزەخى عەلمانى؟
وتار/
13/08/2018
1027 جار بینراوە
كاميل مەحمود
پەيكەرى خۆشەويستى يان دۆزەخى عەلمانى؟
كاميل مەحمود
هەموو ئەو پێشكەوتن و رەفاهيەتەى عەلمانيەتى كوردى و ئەو دەسەڵاتەى ٢٨ساڵە ئيدارەى ئەم وڵاتە دەكات بريتييە لەبەدۆزەخكردنى زۆربەى بوارەكانى ژيانى خەڵك و وروژاندنى غەريزەو بێ بەهاكردنى قيەمى ئەخلاقى و كلتوورى رەسەنى نەتەوەيى ئێمە، ئەم بێ بەهاكردنەى كلتوورو ئەخلاق لەپێناوى پەردەپۆشكردنى ژيانە دۆزەخييەكەى كۆمەڵگەى ژێردەستەو ئەو هەموو گەندەڵييەيە لەم وڵاتەدا بەرقەرارە، ئاخر چ جۆرە خۆشەويستييەكە ئەوەى بەسەر نوكى ئەو خەنجەرەوەيە كە لەهيچ گۆشەيەكييەوە رەهەندێكى ئينسانى و نەتەوەيى تيا نابينيت جگە لەبێ شەرمى و سادەكردنەوەى ڕەوشتى نامۆو ناڕەسەن بەكلتوورى پڕ لەخۆشەويستى ڕەسەن و ڕاستەقينە لاى تاكى ئەم كۆمەڵگەيە، بەتايبەتى لەم كاتەدا كەتاكە سەرمايەيەك بەدەستييەوە مابێت ئەخلاقە، هەموو كايەكانى ژيانى خەڵك تووشى گەندەڵى كراوە، سەرچاوەى هەموو گەندەڵييەكانيش گەندەڵى ئەخلاقييە كە دەيانەوێت شۆڕى بكەنەوە بۆ ناو كۆمەڵگە.
لەشارەكەى كاك ئەحمەدى شێخ و شێخ مەحمودى حەفيدو شارى هەڵمەت و قوربانى پەيكەرى خۆشەويستى دادەنێن وەك ئەوەى ژيان لەم شارو كۆمەڵگەيە تەنها لەوەى كەم بێت كۆڕو كچەكان و ژن و پياوەكان بەو جۆرەى كاكى پەيكەرتاش دەيەوێت لە بەرزايى و لەنێوەندى كۆمەڵگەدا يەكتر لەئامێز بگرن، ئەوەى لەم وڵاتەدا ئازادەو بەئارەزووى خۆى ئەنووسێ و دەدوێ و پەيكەر دادەتاشێ ئەوانەن حساب بۆ كلتوورى كۆمەڵگەو بەها نەتەوەييەكانى كورد ناكەن، ئەو پەيكەرەى لەسلێمانى دانراوە كۆپيكراوى پەيكەرى وڵاتێكى پێشكەوتووە كە هەموو يان زۆربەى كايەكانى ژيانى كۆمەڵگەكانيان باش كردووەو پاشان باسى خۆشەويستى لەم جۆرە دەكەن، باڵام ئەم برادەرانە لەكۆتاييەكەى ئەوانەوە دەست پێ دەكەن و ژيانى خەڵكيان ناديدە گرتووە.
سلێمانى و كۆمەڵگەى كوردى لەدێر زەمانەوە نغرۆى خۆشەويستييەو خێزانەكان ئامێزێكى ئەخلاقى و ئينسانين بۆ مومارەسەكردنى خۆشەويستييەك كەدواتر نەوەكانى لەكاتى پيرى و كەساسيدا بۆ باوك و دايكيان ببێتە خێر و فڕێيان نەدەنە سەر شەقام و خانەكانى بەساڵاچوان وەك غەريزەچييەكان بەناوى خۆشەويستييەوە خەڵكى لەسەر پەروەردە دەكەن.
كۆمەڵگەى ئێمە ترازووى دادپەروەرى دەوێت بۆ بنەبڕكردنى گەندەڵى ئەخلاقى كە دەيان جۆرى گەندەڵى بۆ ئەم وڵاتە لێكەوتووەتەوە نەك پەيكەرى نێرو مێيەك بەئاسمانەوە بۆ ئەوەى هەست بەو دۆزەخە نەكەين بوارەكانى ژيانى كۆمەڵگەكەمانى تاو داوە.
نوێترین نوسینەکانی كاميل مەحمود
-
كاميل مەحمود
16/03/2020
-
كاميل مەحمود
26/01/2019
-
كاميل مەحمود
18/01/2019
-
كاميل مەحمود
13/08/2018
-
كاميل مەحمود
25/01/2018
-
كاميل مەحمود
17/01/2018