"نەوشیروان موستەفا" گرنگی دەڤەری برادۆست دەخاتە ڕوو! ده‌سه‌ڵاتدارانی زۆنی "زەرد" پشت گوێیان خستووە!!

وتار/ 17/08/2019 1176 جار بینراوە

فاخر برادۆستی

"نەوشیروان موستەفا ئەمین" گرنگی دەڤەری برادۆست دەخاتە ڕوو! کەچی دەسەڵاتدارانی زۆنی "زەرد" پشت گوێیان خستووە!!

فاخر برادۆستی
  نەوشیروان موستەفا لە کتێبەکەی (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) لاپەڕه: ۱۳٥ تا ۱٤۳ بە وردی باسی دەڤەری برادۆست دەکات. بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ناوچەکە و، بەناوچەیەکی گرنگ و پر بایەخ وەسفی دەکات.
  هەوڵ دەدەم چەند لایەنێکی ئەو گرنگی پێدانەی "نەوشیروان موستەفا" بخەمە ڕوو.
  نەوشیروان موستەفا سەرەتای ڕاگەیاندنی "یەکێتی" دەچێته دەڤەری برادۆست. دەڵێ: مانگی نیسانی "۱۹۷۷" خالید سەعید و هەندێ لە پێشمەرگەکانی بالەکایەتی هات بوون بۆ "ناوچەی برادۆست". ماوەیەک لەوێ مابوونەوە، چاوەڕوانی گەیشتنی هەندێ لە بەرپرس و کادرەکانی "ینک" یان دەکرد لە سوریاوە. کاک خالید له چاوەڕوانی بێتاقەت بوو بوو، ڕوویشت بوو بۆ هەڵگورد، بەڵام دوو مەفرەزەی له ناوچەکەدا بەجێ هێشت بوو. یەکێکیان "ئەورەحمان بێشەیی" و ئەوەی تریان "قادر ڕۆستایی" فەرماندەیان بوو...
 نەوشیروان موستەفا له دڕێژەی گێرانەوەکەی دەڵێ: له مانگی (نیسانی ۱۹۷۷) لەگەڵ نجمەدین بیوک قەیا "نەجو" له قامیشلییەوە چوینە نسێبین و دوایی دیاربەکر...
  ناوچەی برادۆست کەوتۆتە نێوان سێ سنوور. لای سەرووی هاوسنوورە لەگەڵ شنۆی ئیران و لای ڕۆژئاوای هاوسنوورە لەگەڵ شەمزینانی تورکیا. ناوەندی ئیدارەی ناوچەکە سیدەکانە سەر بە قەزای ڕەواندز و ئەویش سەر بە محافظەی هەولێر بو. ( ئەوکاتەی نەوشیروان موستەفا لەوێ بوو، قەزای سۆران ناحیە بووە وەک سیدەکان، دواتر سۆران کرایە قەزا، سیدەکان وەک ناحییە خرایە سەری).
  کێوە بەرزەکان سپیڕێزی خەیلانی و کێلەشین و داڵانپەر لە ئیران و، ڕوباری سەرکەم، کە پێشی ئەڵێن ڕوباری حاجی بەگ لە تورکیا جیا ئەکاتەوە. زنجیره کێوە بەرزەکانی نەقیب و شەکیب بەسەر ڕوبارەکەدا ئەڕوانن. هیچ ڕێگایەکی قیرتاو یان خاکی ناوچەکەی بەهیچ کام لەم دوو ولاتەوە نەئەبەست. لە دیوی شنۆ جادەیەکی خاکی تا نزیک کێلەشین و لە دیوی شەمزینان جادەیەکی خاکی تا گوندی "ڕوبارۆک" ئەهات بەڵام نەبەسترا بوون بەهیچ ڕێگایەکی دیوی برادۆستەوە.
  ئاژەڵداری یەکێ بوو لە کاره سەرەکییەکانی دانیشتوانی ناوچەکە. لەم ناوەدا چەند تیرەیەک هەبوون برادۆستیان پێک ئەهێنا: ڕەوەندۆک، بنەجێ، خواکورکی.. جگە لەمان هەرکیەکان بۆ لەوەرخۆری ئەهاتن بۆ کوێستانەکانی ئەم ناوچەیە. هەوارەکان لە زۆر زوو "کۆنەوە" دابەش کراون. هەر تیرە و هۆز و بنەماڵەیەک ئەزانێ شوێنەکانی کوێ یە...
  نەوشیروان موستەفا لە گێرانەوەکەی بەردەوام دەبێ و دەڵێ: تام و بۆنی ماست و، کەرە و، دۆ و، پەنیرەکەیان بەهۆی گژوگیای بۆنخۆشی کۆێستانەکانەوە زۆر خۆشە. هەروەها تامی گۆشتەکەشی. بۆ یەکەم جار لە کوردەواری ببینم پەنیری برژاو بخۆم لێره بوو. سەڵکە پەنیری تازەیان وەکو گۆشت ئەچنی و لە شیشیان ئەدا و، لەسەر ئاگر دایان ئەنا تا ئەبرژا. خواردنێکی خۆش بوو.
  پەنیریان بۆ فرۆشتن دروست ئەکرد و، پەنیری پێستە و، ژاژی و، تەڕەماستیان بۆ زستان بۆ وەرزی برانی شیر هەڵئەگرت. یەکەم جار "تەڕەماست"م لەوێ بینی و خوارد...
  ناوچەکە بەگشتی، لە گژوگیا و گوڵی کێوی دا زۆر دەوڵەمەندە، "گیا بۆ خواردنی مرۆڤ، گیا بۆ لەوەڕی ئاژەڵ، گیا و گوڵ بۆ جوانی و بۆنخۆشی، گیای ڕەنگ، گیای ئابووری وەک کەتیره و گیا ساڵم، لە ناوچەکەدا زۆرە".
  نەریتێکی جوانی دەڤەرەی برادۆست دەگێرێتەوە و دەڵێ: ژمارەیەکی زۆر پورە هەنگ شاریان لە کلۆری دارە پیرەکان و کونەبەردی شاخەکان دا کرد بوو. هەر کەس پورە هەنگێکی کێوی ئەدۆزییەوە نیشانی ئەکرد. پارچەیەک دەستەسری پێ دا هەڵئەواسی، یان بە چەقۆ نیشانەیەکی لێ هەڵئەکەند. ئیتر هەرکەس ئەم نیشانەی بدیایه ئەیزانی که یەکێک لە پێش ئەودا دۆزیوتیییەوە، ئەم دەستی بۆ نەدربرد. لە وەرزی دەرهێنانی هەنگوێن دا ئەچونەوە سەری.
  بێگومان ئەم ناوچەیە لە کۆنەوه ئاوەدان بووە. لە نزیک ئاوایی "پیربەینان" لێشاوی باران کەندێکی دری بوو. چەند گۆزەیەکی ساغی، لەو گوزانەی پێش ئیسلام لە سەرانسەری ئەم ناوچەیەدا باو بووە، دەرخست بووه. وەکو باسیان کر لە کۆتایی دۆڵی خواکورک دا ئەشکەوتێکی لێ بوو شوێنەواری دێرینەی تێ دا بوو، "کیل"یکی مێژووییشی لێ بوو. هەڵومەرجی ئەو کاتە ڕێگایان نەدام سەری هیچکامیان بدەم. بەڵام بەناوباگترین  شوێنەواری مێژوویی لەم ناوچەیەدا "کێلەشین" بوو.
  "کێلەشین" بەردێکی شینە باڵای لە دوو مەتر کەمتره چەند نوسینێکی گرنگی لەسەره ئەگەڕێتەوه بۆ چەند سەدەیەک پێش زایین...
 لەکاتی هێرشی ئیران بۆ سەر ناوچەی برادۆست، ئیرانییەکان کێلەکەیان گواستەوە، لە دەست درێژی مرۆڤ ڕزگاری بوو. لەسەرچاوەی تر خوێندوومەوە، ئەم "کێلەشین"ـە گواستراوەتە شاری ورمێ.
  بەردی کێلەشین بەردێکی نووسراوەی سەردەمی ئۆرارتووەکانە و ئێستا لە مۆزەخانەی "ورمێ" پارێزراوە.

  نەوشیروان موستەفا له کتێبەکەی دەنووسێ: ئەم ناوچەیە زۆر لە بار بوو بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوه لە چوار مەیدان دا بایەخی پێ بدرێ و گەشەکردنێکی نموونەیی بە خۆیەوە ببینێ. لێرەدا من نموونە "گەشەپێدانی لادێ" باری سەرنجی خۆم لە سەر ناوچەکە ڕوون ئەکەمەوە:ٲـ ئاژەڵداری
  ناوچەی برادۆست لەوەڕگای سەوزی زۆری تێ دایە، کوێستانەکانی لە هاوین دا لەوەری زۆری لێ ئەروێ. ناوچەیەکی فڕاوانە جێگای سەدان هەزار سەر مەری تێ دا ئەبێتەوه...

  هەڵومەرجی ئاژەڵداری ئەتوانرا بەمجۆرە چاک بکرێ:
۱ـ شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ: هۆڵ، گەور، حەوزی شتن.. لەسەر بنچینەی نوێ دروست بکرێ، مەرجەکانی دروستی پاکوخاوێنی و ڕوناکی و گۆڕینی هەوا و ئاخوری ئالیک و ئاوی پاکی تێدا بێ.
۲ـ خزمەتی بەیتالی دابین بکرێ.
۳ـ لەوەڕگاکان و کوێستانەکان ڕێک بخرێن و، بەگوێڕەی "جەدوەڵی زەمەنی" دابەش بکرێن و ئاژەڵیان تێ بکرێ، بۆ ئەوەی هەمووی لە یەک کات دا نەخورێ.
٤ـ لە چەند شوێنێک ناوەندی کۆکردنەوەی شیر و سپیایی دابمەزرێنرێ بۆ ئەوەی لەکاتی خۆی دا بەروبومی ئاژەڵ کۆبکرێنەوە و، بگەینرێتە شوێنی پیشەسازی یان بازاڕ.
٥ـ مەردارەکان فێری شێوەی نوێ و برینەوەی خوری بکرێن.
ب ـ گشتوکاڵ
  ناوچەکه بەگشتی شاخاویە، زەوی بۆ گشتوکاڵ دانەوێلە کەمه. بەڵام ئاووهەوای لە باره بۆ زەوی و باخ. له لاپالی شاخەکان و، له کەناری جۆگە و چەمەکان ئەتوانرێ سەدان ڕەز و باخ ئاوا بکرێ، زەوی: ترێ ی دێمی و بەراو، باخی: قەیسی، هەرمێ، هەڵوژە، قۆخ، هەنجیر، هەنار. لە مانە هەمووی گرنکتر ئەتوانرێ بە دڕێژایی شێو و دۆڵەکانی، له کەناری جوگا و چەمەکان دا، هەزاران بن داری گوێز بڕوێنرێ و، بەخزمەتێکی کەم بەرهەمێکی زۆر ئەدەن.
  له ناو لێرەوارەکان دا هەزاران داری: قەزوان، کرۆسک، گوێژ، بەلالوک، چەقاڵەی تێ دایە، که ئەکرێ موتربە بکرێن بە بستە، هەلوژە، هەرمێ...
   ج ـ پەروەردەکردنی هەنــــــگ
  ئەم ناوچەیە لە گوڵ و گژوگیا زۆر دەوڵەمەندە و، شوێنێکی لە باره بۆ بە خێوکردنی هەنــــگ. هەنگوێنەکەی زۆر نایاب و شانەکانی سپیە...
  ئەتوانرێ چەندین هەنگەلانی گەوره لەم ناوچەیە دابمەزرێنرێ و، هەزاران پورە هەنگی بە شێوەی نوێ لێ بە خێوبکرێ، لە هەمان کات دا پارێزگاری شێوە کۆنەکەش بکرێ. ئەتوانرێ هەموو ساڵ چەندین تەن جۆری باشی هەنگوێن بەرهەم بهێنرێ.
  د ـ توریزم"گەشت و گوزار"
  ناوچەکە، به درێژایی ساڵ و لە هەموو وەرزەکانی دا، زۆر لە بار بوو بۆ توریزم. له زستان دا بەفرێکی زۆری لێ ئەبارێ، چەند مانگ ئەمینێتەوه. چەندین جێگای تێ دایە بۆ یاری زستانە بە تایبەتی خڵسکێنی سەر بەفر"سکی".
  نەوشیروان موستەفا له درێژەی کتێبەکەی پێمان دەڵێ: ئەگەر دەستێک هەبێ دەتوانێ "دەڤەری برادۆست" بکاتە یەکێک له ناوچە گەشتیاریه بەناو بانگەکانی هەموو عیراق. نموونە به هەوارگەی"دیناره"  له نزیکی هەڵگورده، بە لوتکەی شاخیکەوەیە سێ هەزار مەتر زیاتر لە ئاستی دەریا بەرزه. گەڕایی و گومێکی شینی جوانی لێیە جۆگایەکی خوری ساردی لەبەر دەروات. سەدان گژ و گیا و گوڵی کێوی جوان و بۆنخۆشی لێ ئەروێ..
  لەم ناوچەیەدا ئەتوانرێ چەندین بەنداوی گەورە و بچووک، بۆ گڵدانەوەی ئاوی باران و بەفراو و کانیەکان، له ناو شێوەکانی دا، بۆ مەبەستەکانی: ئاودان، بەهەمهێنانی کارەبا و، بۆ جوانی دروست بکرێ.

  بەداخەوه دەسەڵاتدارانی زۆنی "زەرد" بەردەوامن لە سزای ئەم ناوچە گرنگە و، پشگوێ خستنی.
  لە گێڕانەوەکەی نەوشیروان موستەفا بۆمان دەردەکەوێ ئەگەر دەسەڵاتێکی تەندورست و دوور لە دەستی حزب لەم هەرێمە هەبێ دەتوانێ ساڵانە ملیۆنان دولار تەنها لە بواری گەشت وگوزار لە دەڤەرەی برادۆست بخرێتە سەر خەزێنە هەرێم، جگە لەوەی دەتوانێ هەر لەم دەڤەرە پر پیتە گەشە بە بواری "هەنگ، ئاژەڵ داری، دروست کردنی بەنداو، بەرهەم هێنانی وەزەی کارەبا" بدات. ئەوەی سەیرە تا ئێستا چەند گوندی دەڤەری برادۆست بەهۆی سزادانی سیاسی و ڕقی مێژینە بێ جادەی قیرتا و کارەبان!
  تا نەڕۆیە ئەم دەڤەرە و سەرێک لە ناحییەی سیدەکان نەدەی نازانی ئەم دەڤەره چەندە پشت گوێ خراوە.
   مێژووی برادۆست و خودی ناحیەی سیدەکان زۆر زۆر کۆنترە لە دەڤەری بارزان و بارزانییەکان، کەچی کە سەیری دەڤەری بارزان، بەتایبەت خودی ناو بارزان دەکەی ئەوکات دەزانی چەندە جیاکاری لە نێوان ئەم دوو دەڤەره کراوە. تاکە هۆکاریش ڕقی مێژینە و تەسلیم نەبوونی ئەم دەڤەرەیە بە خواستی پارتی... ئەوەیە حوکمڕانی؟!

نوێترین نوسینەکانی فاخر برادۆستی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌