لەکاتی دان پێیانانی ڕووداوەکەی هەولێر زۆرلێکردن بۆ وتنی پاشگری "برادۆستی" بۆ؟

وتار/ 03/08/2019 1262 جار بینراوە

فاخر برادۆستی

لەکاتی دان پێیانانی ڕووداوەکەی هەولێر زۆرلێکردن بۆ وتنی پاشگری "برادۆستی" بۆ؟
دژە تیرۆری پـارتی.. چـۆن هـەڵی کوتابووه سەر ماڵی "ڕەجەب"؟!

 
فاخر برادۆستی
بوونی ئاسایش نیعمەتێکی گەورەیە، بەڵام لە ژێر دەستێکی دوور لە بڕیاری حزب و کۆنەقین!
ئاسایش دەبێ بخرێتە خزمەت گشتی، نەک ئەوانەی لەگەڵ حزبی دەسەڵات نین، بەردەوام دەستیان لەسەر دڵیان بێ ئاخۆ کەی دەگیرێن، یان کەی هەڵ دەکوترێتە سەر خۆی و ماڵەوەی.
بەداخەوه لەم هەرێمە، دام و دەزگایەکانی بەگشتی، بەتایبەتی "ئاسایش، شورتە، هێزەکانی تر" وها بە خەستی بە حزب و شەخسی کراون، مرۆڤ تێیدا حەیران دەبێ. ئەم هێزانە ئەوەندەی بڕیاری حزب و چەند کەسێکی ناو حزب جێ بەجێ دەکەن، ئەوەندە بێ لایەنانە و پیشەیی و یاسایانە هەنگاو نانێن.
کام ڕووداو لەم هەرێمە، ڕوویداوە دواتر بە سیناریۆ و دەیان گومان و بەلاڕێدا بردن کۆتایی نەهاتووە؟!
کێ سیناریۆی دەست گیرکردنی دوو کادیرەکەی کۆمەڵی ئیسلامی بیرماوە! بیرتانە چۆن ویستیان پێی لە پێگەی کۆمەڵ.. بدەن، بەڵام بەسەر خۆیاندا شکایەوە، دوای ماوەیەک تۆمەتباری سەرەکی پێش کەناڵی ڕووداویان بەردا، ئێستا ئازادانە بۆی دەسورێتەوە!
بەڵێ دوو کادیرەکەی کۆمەڵ بێ تاوان بوون و دواتر بەربوون، ئەی بۆ تۆمەتباری سەرەکیتان بەردا لەکاتێکدا دانی بە تەوانەکەشیدانا؟!
ئەم دەزگایە وای لە خۆی کردووە خەڵک بەڕاستیەکانیشیان باوەڕ نەکات، هەرنا گومانیان لێدەکات.
سەرەتا با هەموو لایەک بزانێ من و، بیر وئایدیای پەکەکە نێوانمان ئاسامان و ڕیسمانە، دووریمان بەقەد دووری نێوان "قەندیل و ئەنقەرە"یە. بەڵام لە کەسایەتی دان و کوشتنی مرۆڤ لای من هێڵی سووره، ناکرێ مرۆڤ بەو گەورەیەوە بکرێتە قوربانی خواستی کەسانێک کە بوونی خۆیان لەسەروی هەموو شتێکەوە دەبینەوە.
گومانم نییه ئەگەر یاسا لەم هەرێمە سەروەربێ دەبێ ئەوانە بێنە پێش دادوەر، کە هێزی بێگانەیان هێنایە سەر هەرێم و، حەرەمی پەرلەمانیان بێ حورمەت کرد. ئەگەر یاسا لەم هەرێمە سەروەربێ چۆن دەکرێ سەرانی حزبێک بکرێنە حوکمڕان کە هێزی دژه کوردیان پەڵکێشی سەر هەرێم کرد.
بۆ زانیاری هەموو لایەک بەپێی یاسا سەرانی هەر حزبێک، کە هێزی بێگانە بهێنە سەر خاکی وڵاتەکەی بۆ لێدانی نەیارەکانی، نابێ هیچ پۆستی حوکمی وەرگرن، چ بگات بەوەی بکرێنە حوکمڕان.
خۆ ئەم سێ برادۆستە نەبوون "ئەورەحمانی ساڵح خلە بنجو"یان بە زیندووی لە سلێمانی سوتاند!
خۆ ئەم سێ برادۆستە نەبوون "ئەحمەد ئاغای زێباری"یان لە شەقامێکی شاری موسڵ و "سەدیق میران خۆشناو"یان لە ڕەواندز کوشت!
خۆ ئەم سێ برادۆستە نەبوون "عەلی حمدی"یان لەسەر درکاندنی ڕازێک کوشت!
خۆ ئەم سێ برادۆستە نەبوون "ئەحمەد ڕەشوانی"یان له ناو هەولێر کوشت!
ئاسایش چۆن هەڵی کوتابووه سەر ماڵی "ڕەجەب"؟!
ڕووداوەکەی ۲۰۱۹/۷/۱۷ ی هەولێر ــ هۆقەباز، دەیان خوێندنەوە و گومانی هەڵگرت، نەیان هێشت وەک ڕوودوەکانی تر بێ گومان ڕەت بێ، بەداخەوە.
نامەوێ بڕۆمە سەر تەفاسیلەکەی، چونکە لای زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک بینرا و، خوێندنەوەی جۆرا وجۆری بۆکرا.
بۆ زانیاریتان بە شێوەیەکی زۆر نا بەرپرس و نا یاسایانە، هێزی دژە تیرۆری سەر بە پارتی، کاتژمێر سێی شەو چوو بوونە سەر ماڵی "ڕەجەب"، دەرگای ماڵەوەیان شکاندبوو، لەناو ماڵ ومناڵ لەجێگای نوستن دا قوڵبەستیان کردبوو! تەنانەت نەیان هێشت بوو شمەکەکانیشی بگۆڕێ!
نازانم بەکام یاسا، بەکام مەنتیق ئەوەیان کردووە؟!
ئەوەبوو بانگەشەی پرۆفیشناڵی کابینەی نوێیەم و، قسە باق و بیرقەکانی بەرپرسی ڕابردووی دەزگای پاراستنی پارتی و، سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێم؟!
سەیرە پارتی لە ساڵی ۱۹٤٦ ـەوە پاشگری دیموکراتی بە حزبەکەیەوە لکاندووە. گومانم نییە پاشگرەکە ناوێکی بێ ناوەڕۆکە، تا پارتیش مابێ بەم ڕیتمە دەمینێتەوە. پارتی لە مێژووی خۆیدا نەیویستە دیموکراتیانە هەنگاوبنێ، نەک هەر ئەوە باوەڕیشی پێی نەبووە، چونکە حوکمڕانیەک کە لەژێر بنەمایەکانی دیموکراتی هەنگاوبنێ لە سوودی خۆی نییە، تابۆشی بکرێ لەم هەرێمەی دوور دەخاتەوە.
سەرانی پارتی و حکومەتەکەیان دەتوانن وڵامی ئەم پرسیارانەم بدەنەوە:
ــ لەکام یەک لەو وڵاتە دیموکراتییانەی، کە کوڕ و مناڵەکانیان لێی دەخوێنن بەم جۆره هەڵدەکوتنە سەر ماڵی تۆمەتبار؟! ئەگەر گەورەترین تاوانیشی ئەنجامدابێ.
ــ لەکام یەک له وڵاتانەی ئێوە دەچن بۆ "ڕابواردن و کات بەسەربردن" ئەم ڕەفتارە نا بەرپرس و دوور لە یاسایانە هەیە؟!
مەگەر ئەم جۆرە ڕەفتارانە تەنها لەم هەرێمە و وڵات دکتاتۆرەکان هەبێ، گەرنا لە هەر وڵاتێک بچووکترین بنەمای یاسا سەرەوەری بوونی هەبێ بۆ گرتنی هەر جۆرە تۆمەتبارێک ڕێکاری یاسایی تایبەت دەگیرێتە بەر دوور لە تۆقاند وهەڵکوتانە سەر ماڵ ومناڵ و دەرگا شکاندن و شێوازی ترسێنەر.
بەپێی یاسا ماڵی هەموو کەسێک پارێزبەندی هەیە، ناکرێ هیچ کەس و دەزگایەک بێ موڵەت حەرەمی ماڵەکەی بشکێنێ، وەک دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئەوە دەکەن!
جۆر و شێوازی بڵاوکردنەوەی دان پێیانانەکەی ۲۰۱۹/۷/۲٦ی ئەنجوومەنی ئاسایشی بە پارتی.. کراو، بەهەموو لایەکی وت کە ئەم ڕووداوە، بەنموونە جۆر وشێوازی دان پێیانانەکان، دەیان پرسیار هەڵدەگرێ.
لەکاتی تۆمارکردنی دان پێیانانەکانی ڕووداوی "هەولێرــ هۆقەباز" چیان بەسەر سێ کوردەکەی هەرێم دا سەپاند بوو؟!
لەکوێی دونیا بووە تۆمەتبار، ناوی عەشیرەتی خۆی بڵێ؟!
بەپێی زانیاریەکانی من، لەژێر هەڕەشە دا بە سێ کوردەکەی دانیشتووی هەرێمیان وتبوو دەبێ له کۆتایی ناوی سێیانیتان، بڵێن برادۆستین!
ئەوەی بچووکترین شارەزایی لە یاسا هەبێ، هێنانە سەر شاشە بەم شێوەیە دەیان پرسیار هەڵدەگرێ.
عەیبەیەکی گەورەیەیە ئەنجوومەنی ئاسایش خۆی بچووک بکاتەوە و بهێڵێ بخزێنرێتە ناو ململانێی نێوان دوو عەشیرەت کە مێژووی ناکۆکیان بۆ ساڵی ۱۹۳۱ دەگەڕێتەوە!
ڕاستە هەردووک عەشیرەتی "بارزانی و، برادۆستی" لەچەند وێستگەیەک دا توشی شەر وپێکدان بوونە، ناکۆکی و ناخۆشیان لە نێواندابووە. بەڵام لە چەندان مەوقیف، باب و پیرانی سدقی بەهانای سەرانی بنەماڵەی بارزانییەوە چوونە، لەکاتێک ڕژێمی عیراق، چەند کەسێک لە بنەماڵەی بارزانی لە ناسرییە نیشتەجێ دەکات، باپیری ئەو سدقییەی کە بەزۆر پێیان وتبوو دەبێ بڵێی برادۆستم! بەدەستی خۆی هاوکاری مادی، خواردن، پێداویستی تری بۆ بردبوون، له ناسرییە گواستبویەوە بۆ بەغداد و کار ئاسانی زۆری بۆ کردبوون. لەچەندان ڕووداو و بەسەرهاتی تریش هاوکاریان بوونە. لەکاتی ئاش بەتاڵی ۱۹۷٥ بارزانیەکان بەناو سنووری برادۆست دا چوونە ناو خاکی ئیران، خەڵکی دەڤەری برادۆست هاوکاری زۆریان کردبوون، دەیان توانی چیان بوێ لەگەڵیان بکەن، بەڵام ئەوە لە ڕەوەشتی عەشیرەتی برادۆست ناوەشێتوە؛ کەچی ئەوان بەو شێوە پاداشتیان دانەوە.
ئەوانەی برابوونە ماڵی سدقی، ئایا سدقی ئاگای لێیان بووە؟
بەپێی زانیاریەکانی من، ئەو کاتەی "مەزڵوم و عبدالرحمن..." یان برد بوونە ماڵی سدقی، ئەو لە خەودابووە، ئاگاداری هیچ نەبووە، تا درەنگ ئاگاداریان کردۆتەوە کە دوو کەس لە دیوەخانن، دەیانەوێ تۆ ببینن. کەچوو بووە لایان داوایان له سدقی کردبوو هاوکاریان بکات و بیان باتە دەرەوەی هەولێر، ئەویش پێی وتوون من ناتوانم هاوکارتان بم.
بۆ ئەوەی لە ماڵی خۆی دوریان بخاتەوە بانگی شوفێرێکی خۆی کردبوو، کە لێرەیان ببات.
کەوابوو ئەوکارەی سدقی کردی، کەی هی ئەوەبوو بەم شێوە نا یاسایی و نارێکە بهێنرێته سەر شاشەی تەلەفزیۆن و لەسەریشی بکرێ دەبێ بڵێی برادۆستم بەڕێوەبەری شەریکەی... شم!
ئەم زۆر لێکردنە لە دوو ئەگەر بەدەر نییە:
ــ یان ئامانج لێی تۆڵەو ڕقی ڕابردوو بووە..
ــ یان لێدان بووە لە ناوبانگی سەرۆک عەشیرەتی برادۆست و پێگە بارزگانییەکەیان.
بەڵام پێش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش خواست و داوای سەروی خۆی جێ بەجێ بکات بۆ لێدان لە بنەماڵەی سدقی و عەشیرەتی برادۆست، لێدان بوو لە ناو و پێگەی خودی ئەنجوومەنی ئاسایش. جگە لەوە پێمانی وت چاکسازی و بە دامەزراوەکردنی دام و دەزگایەکانی هەرێم، وەک بلقی سەرئاوە، تەنها قسەیە، چونکە ئەوەی ئاسایش دژی ئەم سێ برادۆستەکردی، بەتایبەت جۆری دان پێیانان و، چوونە سەر ماڵی ڕەجب، کەی لەگەڵ بە دامەزراوەیی کردنی هەرێم یەک دەگرێتەوە.
زۆر لە تۆمەتبار کردن لەکام یاسای هەموو وڵاتانی جیهان بوونی هەیه؟!
ئەوەی سەیره نەم بینوە سەرانی ئەم دوو حزبە، بەتایبەت پارتی.. شتێک بڵێن چەند ساڵێکی بەسەر دابچێ، هەمووی یان چەند کات ژمێرێکە، یان چەند ڕۆژێکی کەم بڕدەکات دواتر ۱۸۰ پلە پێچەوانە هەنگاو دەنێن.

نوێترین نوسینەکانی فاخر برادۆستی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌