تاك، چه‌نده‌ ئازاد بێت هێنده‌ش به‌خشنده‌ و داهێنه‌ر ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵگادا...

وتار/ 01/08/2019 644 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

تاك، چه‌نده‌ ئازاد بێت هێنده‌ش به‌خشنده‌ و داهێنه‌ر ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵگادا...
 
نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

•    ئاشكرایه‌ كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان له‌چه‌ندین چین و توێژی‌ جیاواز پێكهاتوون و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌ ڕۆڵی‌ خۆی‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ ئامانجی‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵگا له‌ڕێگه‌ی‌ داهێنان و به‌خششه‌كانیه‌وه‌، جا هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌نی‌ تاك یان گروپ و ده‌سته‌ و ڕێكخراوی‌ پیشه‌یی‌ یان دیموكراسی‌ و مه‌ده‌نی‌ چستوچالاك بێت و ئاشنا بێت به‌ ئه‌رك و مافه‌كانی‌ و وه‌كو تاكێكیش ڕێز و شكۆمه‌ندی‌ بپارێزرێت و وه‌كو مرۆڤێكی‌ خاوه‌ن ئیڕاده‌ لێیبڕوانرێت، ئه‌وا به‌دڵنییایه‌وه‌ هه‌میشه‌ هه‌نگاو به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌نێت و له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ دواكه‌وتوو و هه‌ژار و نه‌خوێنده‌واره‌وه‌ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پێشكه‌وتوو و داهێنه‌ر و گه‌شه‌كردو ئه‌وكاتیش ولاَت ئاوه‌دان و كۆمه‌ڵگاش خۆشگوزه‌ران ده‌بێت.

به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ركات كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كان خاوه‌نی‌ سیسته‌مێكی‌ حوكمڕانی‌ دیموكراسی‌ بن كه‌ تیایدا مافه‌كانی‌ تاك و ده‌سته‌ و كۆمه‌ڵه‌كان پێشێل نه‌كرێن و ڕێزیان لێبگیرێت و هاوكاری‌ و كارئاسانیشیان بۆ بكرێت و ته‌واوی‌ ئازادیه‌كانیان بۆ فه‌راهه‌مبكرێت له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگ و توێژینه‌وه‌ زانسیتیه‌كان و ..هتد. به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ كراوه‌ و ڕزگاربوو له‌كۆتوبه‌نده‌ باو و به‌سه‌رچوه‌كان.چونكه‌ ده‌سه‌لاَت و جۆری‌ ده‌سه‌لاَت و حومكڕانیه‌كان زۆر گرنگ و كاریگه‌رن له‌سه‌ر چۆنێتی‌ بیركردنه‌وه‌ و هزری‌ مرۆڤه‌كان،جا له‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانیه‌ دیموكراسیه‌كاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ تاك و گروپه‌كان پنتی‌ سه‌ره‌كین له‌به‌رنامه‌ و پلانی‌ ده‌سه‌لاَتدا هه‌ربۆیه‌ تاكیش ڕۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ و میحوه‌ری‌ هه‌یه‌ و به‌و په‌ڕی‌ توانا و وزه‌كانیه‌وه‌ كارده‌كات هه‌ریه‌ك له‌بوار و پسپۆڕی‌ و شاره‌زایی‌ خۆیداو هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ به‌رهه‌مهێننن نه‌ك به‌رخۆر و به‌كاربه‌ربن،به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ سیسته‌مه‌ شمولی‌ و داخراو و توتالیتاری‌ و تاكڕه‌وه‌كاندا چونكه‌ ته‌نها سه‌ركرده‌ و حیزب و بڕیارده‌ر و پلاندانه‌ر و جێبه‌جێكه‌ریشن و هیچ مه‌ودا و مانایه‌كیان نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆ تاك و گروپه‌كان،هه‌ربۆیه‌ش هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ دواكه‌وتوو و پێشنه‌كه‌وتون،چونكه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ته‌نها به‌ ده‌سته‌بژێرێكی‌ بچوكی‌ ئاینی‌ یان بنه‌ماڵه‌یی‌ یان ئه‌رستۆكراتی‌ ناچێته‌ ڕێوه‌ به‌ڵكو پێویستی‌ به‌توان و وزه‌ی‌ هه‌موان هه‌یه‌.

•    جا هه‌ركات تاك ئازادبوو ئه‌وا ئازادانه‌ش بیرده‌كاته‌وه‌و ئازادانه‌ش داهێنان ده‌كات و به‌هه‌مان شێوه‌ش ئینتیماشی‌ بۆ ولاَت و كۆمه‌ڵگاش تۆخده‌بێته‌وه‌ و هیچ ئینتیمایه‌كیشی‌ بۆ سه‌ركرده‌ و حیزبه‌ سیاسیه‌كان نامێنێت و ناچێته‌ چوارچێوه‌یه‌كی‌ ته‌سكی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كۆمه‌ڵێك یان كه‌سان و بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ دیاریكراوه‌وه‌ كه‌ ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان به‌كاریی‌ بهێنن،تاك هه‌ركات ئازاد بوو ئازادانه‌ش ده‌بێته‌ خاوه‌ن بڕیار و كه‌سایه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌ و ملكه‌چی‌ هیچ داب و نه‌ریت و بڕیاره‌ هه‌ڵه‌ی‌ سیاسیه‌كان نابێت و نابێته‌ ڕۆبۆتێك كه‌ كۆنتڕۆڵه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ست كه‌سانی‌ تره‌وه‌ بێت و له‌دووره‌وه‌ هه‌ڵیبسوڕێنن. هه‌ر له‌به‌ر گرنگی‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری‌ تاكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ،كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتوه‌كانی‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و دیموكراسیخوازه‌كانی‌ دونیا هه‌موانیان فه‌لسه‌فه‌ و ڕێبازی‌ تاكگه‌راییان پیاده‌كردوه‌ له‌ پێكه‌وه‌نانی‌ كۆمه‌ڵگاكانیاندا،چونكه‌ به‌ ئه‌زمونی‌ ڕۆژگار ئه‌و ڕاستییه‌یان بۆ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ چه‌نده‌ تاكه‌كان ئازاد و سه‌ربه‌ست بن ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بنه‌ خاوه‌نی‌ داهێنان و ئه‌نجامیش ولاَت و كۆمه‌ڵگاش پێشكه‌وتوو و گه‌شه‌كردوو ده‌بێت.

•    له‌قۆناغی‌ ئێستاو ئه‌م سه‌رده‌مه‌شدا،پنتێكی‌ تری‌ تاكگه‌رایی‌ له‌پاڵ ئازادی‌ و ده‌سه‌لاَتدا بریتیه‌ له‌ڕێزگرتن له‌ ژینگه‌ و پاراستنی‌ و پاكوخاوێن ڕاگرتنی‌ و هه‌وڵی‌ نه‌شێواندنی‌ و فشار دروستكردنه‌ بۆ سه‌ر كۆمپانیاو ولاَتان و كارگه‌ به‌رهه‌مهێنه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ بڕی‌ گازه‌ ژه‌هراویه‌كان و هه‌وڵدانه‌ بۆ زیاتر ڕۆشنبیركردنی‌ تاكه‌كانه‌ به‌رامبه‌ر ژینگه‌ ،چونكه‌ به‌بێ‌ ژینگه‌یه‌كی‌ پاكوخاوێن تاكێكی‌ ساغڵه‌م و ته‌ندروست دروستنابێت و به‌بێ‌ ژینگه‌یه‌كی‌ سه‌وز و ئاوهه‌وایه‌كی‌ پاكژ تاكێكێكی‌ داهێنه‌ر و به‌خشنده‌ و بیر ئازاد پێكه‌وه‌نانرێت،بۆیه‌ سه‌رده‌می‌ ئێستا سه‌رده‌می‌ گرنگیدانه‌ به‌ژینگه‌،و زه‌ویش وه‌كو ماڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌موان لێی‌ ده‌ڕوانرێت و مافی‌ به‌سه‌ر هه‌موانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌ ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و ولاَت و كۆمه‌ڵگاكان له‌دواكه‌وتوو و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه‌،جا هه‌ركات ژینگه‌ی‌ زه‌وی‌ به‌پاكژی‌ مایه‌وه‌ ئه‌وا ته‌مه‌ن و ته‌ندروستی‌ تاكه‌كانیش درێژده‌بن و به‌خشش و داهێنانه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

•    بۆیه‌ هه‌موو تاكێكی‌ كۆمه‌ڵگا پێویسته‌ ئه‌ركی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتیمانی‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ و ڕێباز و دونیابینی‌ تاكگه‌راییدا ببینێته‌وه‌ و خۆی‌ بكاته‌ تاكێكی‌ داهێنه‌ر و به‌خشنده‌ و ئازاد بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێت باشترین خزمه‌ت پێشكه‌ش به‌ نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان و كۆمه‌ڵگا بكات،جا ئه‌م ئه‌ركی‌ تۆخكردنه‌وه‌ و كردنی‌ به‌ ڕێبازی‌ كاركردنی‌ بیر و هزری‌ تاكگه‌راییه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌ستۆی‌ هه‌موو تاك و گروپ و چین و توێژه‌كان بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌موان پێكه‌وه‌ و به‌یه‌ك ته‌كان و توانا كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ خۆشگوزه‌ران و یه‌كسان و دادپه‌روه‌ری‌ بنیات بنێن،به‌وهیوایه‌ی‌ تاكه‌كان كاری‌ گه‌وره‌ و داهێنانی‌ زیاتر بكه‌ن.چونكه‌  ته‌نها سیاسی‌ و سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌لاَت و ده‌سه‌لاَتداران ناتوانن ولاَت به‌ڕێوه‌به‌رن و پێشیبخه‌ن و حوكمڕانیه‌كی‌ ته‌ندروست و ساغڵه‌میش به‌رهه‌مبهێنن به‌بێ‌ هاوكاری‌ چین و توێژ و كۆمه‌ڵ و ڕێكراوه‌ مه‌ده‌نی‌ و دیموكراسییه‌كان و تاكه‌ به‌خشنده‌ و چالاكه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگا.چونكه‌ تاك بۆخۆی‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ پێكه‌وه‌نان و دروستكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ دیواری‌ پته‌وی‌ ته‌لاری‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پێشكه‌وتوو یه‌كسانخواز و دادپه‌روه‌ره‌.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌