حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوان گەشبینی و ڕەشبینیدا...

وتار/ 21/07/2019 657 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوان گەشبینی و ڕەشبینیدا...
================================
 نەوزادی موهەندیس
[email protected]
•     هەرچەندە پێكهێنانی كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان  زیاد لە 9 مانگی ڕێكی خایاند و زۆر بە سەختی  لەدایكبوو لەنێوان كێشمەكێشی حیزبایەتی و حسابكردنی بەرژەوەندیە تەسكە حیزبیەكان و دابەشكردنی پلەوپۆستەكاندا،بەڵام دواجار لەدایكبوو وتوانرا كە لە 10/7/2019دا متمانەی پەڕلەمانی كوردستان بەدەستبێنێت و ئیدی كۆتایی بەو ماراسۆنی گفتوگۆیانەی 9مانگی پێشتر هێنا لەنێوان هەر سێ لایەنی پێكهێنەری حكومەتەكەدا كە بریتین لە هەریەكە لە ((پارتی و یەكێتی و گۆڕان و توركومان و مەسیحی و سۆسیالیت)). بەمەش ئیدی سەرەتای قۆناغێكی نوێ‌ دەستیپێكرد لە كاركردن و پراكتیزەكردنی گوتارەكان لەسەر زەمینەی واقع و چیدی قۆناغی گفتوگۆی بێزەنتی و بێسەمەر كۆتایی هات.
•     پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە،ئایا پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم پێویستی بەم هەموو كاتە هەبوو ؟ ئایا لەدوای پێكهێنانی كابینە حكومیەكەوە كە زۆر بەسەختی لەدایكبوو،گەشبین بین بەكارو بەرنامەكانی یان ڕەشبینبین ؟
ڕاستە پێكهێنانی كابینەكە و گفتوگۆكان لەسەر هێڵە گشتی و ووردەكاریەكانیشی زۆری خایاند،بەڵام تێگەیشتنی زیاتر لە بەرنامە و تێڕوانین و دونیابینی یەكتری بەتایبەتیش 3 لایەنە سەرەكیەكەی كابینەكە گرنگ بوو،باسكردن و قوڵبونەوە لە كێشە كەڵەكەبوەكان و لەخواست و ویستە ڕەواكانی گەلەكەمان لە هەرێم و كەركوك و بەغداد گرنگبوو،بەستنەوەی هەموو كێشە و گرفتەكان پێكەوە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی گشتگیر بەهیمەتی هەموولایەك زۆر پێویست بوو.خۆنەدزینەوە لە بەڵێن و ڕێكەوتن و كارنامە و دروشمەكانەی هەڵبژاردن گەلێك پێویست بوو.دەستخستنە سەر خاڵی ناكۆكیەكان و دیاریكردنی پشك و قەوارە و لێپرسراوێتی هەر لایەك گەلێك پێویست بوو،بنەمای وەكیەكی و شەریكایەتی ڕاستەقینە دوور لە برا گەورەیی و بچوكی زۆر پێویست بوو.بۆیە هەموو ئەم خاڵانە پێویستیان بەكاتی زیاتر و گفتوگۆی جدیانە دەكرد لەنێوان لایەنە براوەكاندا،بۆئەوەی بناغەیەكی تۆكمە و بەهێز بۆ حكومەتی ئایندە دابڕێژرێت و وەكو ئەزمونی ساڵانی ڕابووردوو حكومەت لەنیوەی ڕێگە دابەشنەبێت و هەرلایەك بەئارەزوو یان لەژێر فشاردا یان بەپاڵنەری حیزبایەتی كابینەكە بەجێبهێڵێت و پشت بكاتە هەموو كار و بەرنامە و جەماوەری گەلەكەشمان و جارێكی تر ڕووبكاتەوە بەرزكردنەوەی دروشمی بریقەداری بێناوەڕۆك و بەناو سەنگەری ئۆپۆزسیۆن و وەستانەوە دژی حكومەت و كابینەكەی.
درێژەكێشانی ئەم گفتوگۆیانەش لەلایەكی ترەوە گەرچی ڕەنگدانەوەی بێمتمانەیی ساڵانی ڕابووردوو بوو بەیەكتری بەڵام بینین و دانیشتن بەرامبەر یەكتر و ڕووبەڕوو و زۆری سەردانەكانیش توانی بەستەڵەكی دڕدۆنگی و دابڕانی زیاد لە 2ساڵی نێوان هەموان بتوێنێتەوە و گرژی و ئاڵۆزیەكان خاوبكاتەوە هەرچەندە هێشتاش نەگەیشتۆتە ئاستی تەواو كەماڵ. بۆیە دواكەوتنی كابینەكە لە پێكنەهێنانی باشتر بوو وەكو دەڵێن (( دواكەوتن لە هەر نەگەیشتن باشترە)).ئیدی بەپێكهێنانی كابینەكە هەرێمی كوردستانیش پێینایە قۆناغی حكومەتی ڕاستەقینە و متمانە پێكراو و دووركەوتەوە لەحكومەتی كاربەڕێكەر و بێدەسەڵات لەبڕیارداندا.
•     لەئێستادا ئەوە ماوەتەوە كە  ئایا گەشبینبین بە ئایندەی حكومەتەكە و كار و بەرنامە و گوتار و سیاسەتەكانی ؟ یانیش هەرلەئێستاوە تۆوی ڕەشبینی بچێنین و حكومەت و پێكهاتەكەی بدەینە بەر پلار و ڕەخنەی ڕوخێنەر و هەموو هیوا و ئاواتەكان لەگۆڕ بنێین و هەموان دەستەوئەژنۆ لێی دابنیشین و ئەم حكومەتەش بە كابینەكانی پێش خۆی بچوێنین؟ ئایا كارێكی ڕاست و عەمەلی و زانستیە هەر لەسەرەتاوە بڕیاری پێشوەختەی خۆمان بدەین و ڕاستوچەپێك بهێنین بەسەر حكومەتەكەماندا؟یانیش لێگەڕێین با ماوەیەكی 3 تا 6 مانگی كاربكات و ئەوكات بڕیاری ڕاستەقیتنەی خۆمان بدەین و هەڵوێستی ڕاست و دروستی خۆمان لەسەر ئاشكرا بكەین؟ و دەیان پرسیاری تریش..
سەرەتا كارێكی نە ڕاستە نە عەقڵانیشە پێشەكی و پێش وەختە بڕیار لەسەر ئایندەی كار و بەرنامەی ئەم حكومەتە بدەین،چونكە تا لەبواری پراكتیكیدا تاقینەكرێتەوە و كار و كردەوە و بڕیارەكانی نەبینرێن، لەڕووی زانستیەوە هەڵەیە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت،چونكە دەبێت هەڵسەنگاندن بە باش یان خراپ لەسەر كاری لە پێشینە بدرێت نەك لەسەر هیچ.بۆیە بەڕای بەندەش گرنگە كە كەمێك پشوو درێژبین و چاوەڕوانی كار و كردەوەی حكومەت بین بۆ ئەوەی لەماوەیەكی تری دیاریكراودا هەڵسەنگاندنێكی ڕاست و دروستی بۆ ئەنجام بدەین.چونكە پێنەدانی ماوە و كاتێك یان بوارێك بۆ كاركردن خۆی لەخۆیدا زوڵم و ناهەحەقیە بەرامبەر حكومەت و هەرواش لێكچواندنیشی بەكابینەكانی پێشخۆی جارێكی تر كارێكی ناڕاست و نادروستە،چونكە هەر كابینەیەك و بەتایبەتیش كەسی سەرۆك و جێگری سەرۆك و هەریەكەش لە وەزیرەكان خاوەنی تێڕوانین و كار و بەرنامە و دونیا بینی تایبەتی خۆیانن چونكە هەموانیان لە قوتابخانە و حیزبی سیاسی جیاوازەوە هاتون و هەریەكەشیان هەوڵدەدەن دیدگا و تێڕوانینی سیاسی و ئابوری حیزبەكانیان جێبەجێبكەن،هەربۆیە دەكرێت جیاوازیەك لەنێوان ئەم حكومەت و ئەوانی پێش خۆیدا ڕووبدەن.
هەربۆیە دەكرێت ئومێد و هیوای گەرچی گەورە و زۆریش نەبێت هەڵبچنین لەسەر ئەم كابینەیە و گەشبینیش بین بەكار و كردەوەكانی و پێشەكی خۆمان نەخەینە بەرەی ڕەشبین و كورتبین و بێئومێدەكانەوە.چونكە كۆمەڵگا و تاكی بێئومێد و بێهیوا كۆمەڵگاو تاكێكی دۆڕاو و شكستخواردوو دەردەچن.وەكو وتراوە ((تفائلوا بالخیر تجده)) واتە گەشبینبن گەشبینیتان دەستدەكەوێت ،خۆ بەپێچەوانەشەوە گەر ڕەشبینبین و بە چاویلكەیەكی ڕەشی تاریكەوە بڕوانینەوە هەموو كاروكردەوەكانی حكومەتەكەوە و بەباش و بەخراپیەوە هەر ناڕازیبین و هەموانیان ڕەتبكەینەوە و پێشوەختە بڕیارماندا بێت بە ڕەتكردنەوەی هەموو كاروكردەوەكانی حكومەت و هەڵبژاردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی ناڕەواو و توند و دەمارگیر ئەوا بەدڵنیایی جگە لە ڕەشبینی هیچی ترمان دەست ناكەوێت.
جا سەركەوتنی ئەم كابینەیەش دەوەستێتە سەر ڕادە و ئاستی یەكو یەكگرتوویی كابینەكە كە پێویستە تەواوكەری یەكتربن و پێكەوە پابەندی بەرنامە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی و خزمەتگوزاریەكان بن و هیچ كامیان خۆیان جیانەكەنەوە لەوی تریان بەبیانوی ئەوەی كە قەوارەی ئێمە بچوكترە و هەربۆیەش لێپرسراوێتیمان كەمترە،چونكەی نە لێپرسراوێتی و نە سزاش دابەشناكرێن و هەموو پێكەوە یەك پاكێجن ، یان لێپرسراویت یانیش هیچنەكردە و شكستخواردوویت،گرنگیشە ئەندامانی كابینە متمانە بەیەكتر بكەن و وەكو تیمێك كاربكەن نەك وەك دووبەرە یان سێبەرەی دژ بەیەك چونكە لەكۆتایدا هەموانیان پێكەوە حكومەتیان پێكهێناوە و هەموانیشیان لەبەردەم جەماوەردا لێپرسراون.هەربۆیە تا گەشبینبین ئەوا جوانتر وڕوونتر وێنەی حكومەتی ئایندە دەبینین و بەپێچەوانەشەوە بە لێڵی و تاریكی و بەدگومانیەوە لە حكومەت دەڕوانین.جا گەشبینی و ڕەشبینی جەماوەر وەستاوەتە سەر ئاستی كار و كردەوەكانی حكومەت و كابینەكە خۆی نەك هیچ كەس و لایەنێكی تر.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌