ڕۆڵ و گرنگی كەرتی تایبەت لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا

وتار/ 14/07/2019 1131 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

ڕۆڵ و گرنگی كەرتی تایبەت لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا

نەوزادی موهەندیس
[email protected]
•     ئاشكرایە هەموو كۆمەڵگایەك لە چین و توێژە جیاوازەكان پێكدێت،كە هەموانیان پێكەوە دەبنە موڵك و سەرمایەی كۆمەڵگا و هەریەكەشیان بە توانا و قەوارەی خۆیان بەشداردەبن لە گەشە و پێشكەوتن و ئاوەدانكردنەوەی كۆمەڵگا و وڵاتدا،هەربۆیە هیچ چین و توێژێك بێ گرنگی و بێكاریگەر نامێنێتەوە،بەڵام چینێك یان توێژێك زیاتر لەوانی تر ڕۆڵ و كاریگەری دەبێت كە ئەوەش كارێكی ئاساییە، بۆ نمونە لە چینە گرنگەكانی كۆمەڵگا كرێكاران و جوتیاران و دواتریش توێژەكانی  پزیشكان و ئەندازیاران و پارێزەران و تەكنیككاران و كاسبكاران و خوێندكاران و ژنان و ...هتد.كە هەموو ئەمانەش دابەشبونەتە سەر دوو كەرتی گەورە و فراوانی تر لە كەرتی گشتی((حكومی)) و كەرتی تایبەت.كە ئەم دوو كەرتەش پێكەوە تەواوكاری یەكترن و پێكەوە دەتوانن ئیدارەی پڕۆسە فراوان و گشتگیرەكەی پێشكەوتن و گەشە و ئاوەدانكردنەوەی كۆمەڵگا و وڵات بدەن.بەتایبەتیش لەو سیستەمە حوكمڕانیانەدا كە پیادەی سیستەمێكی دیموكراسی و بازاڕ و ئابوری و بازرگانی دەكەن.
•     ئەوەی تێبینی كراوە لە وڵاتە پێشكەوتوەكانی دونیادا ئەوەیە،كە هیچ حوكمەتێك ناتوانێت بەتەنها پێڕابگات بە سەرپەرشتیاری و دانانی پلان و جێبەجێكردنی  هەموو كەرت و بوارەكانی ژیان بەڵكو ئەركی حكومەتەكان بریتیە لە دانانی پلان و دەركردنی یاسا و دابینكردنی بودجە و دواتریش چاودێریكردنە ، هەربۆیە  بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا كاردەكەن بۆ ئەوەی پلانەكان بەشێوەیەكی زانستی و پراكتیكی وسەركەوتوو بێننە دی.نە كەرتی گشتی/ حكومی بەتەنها دەتوانێت هەموو كارەكان بكات نە كەرتی تایبەتیش دەتوانێت دەستبگرێت بەسەر تەواوی جومگە و ئۆرگانەكانی ژیانی كۆمەڵگادا.چونكە هەریەكەیان كاتێك دەسەڵاتی تەواوی هەبوو شێوەیەك لە تاكڕەوی و خۆسەپێنی و پاراستنی بەرژەوەندیە تایبەتەكانی خۆی دێنێتە كایەوە و ئەوكاتیش پێدەچێت تەنها چینێك یان توێژێك یان زیاتر یان دەستەبژێرێك یان تەنها سەرمایەداران كە كەمترین ڕێژەن بە بەراوورد بە زۆرینەی خەڵكی گشتی سوودمەندببن لەداهات و سەروەت و سامانی وڵات.
•     بۆیەلە ئەنجامی بینین و مامەڵەكردن لەگەڵ هەردوو شێوازەكەدا ((سیستەمی تاكڕەوی و سیستەمی ئازادیەكانیش)) بە تاقیكردنەوە دەركەوتوە كە هیچ كامیان بێئەویتر سەركەوتنی گەورە وەدەست ناهێنێت.بۆیە لە كوردستانیشدا وەك هەرێمێكی دەوڵەمەند و خاوەن داهاتێكی زۆر و زەوەند و توانا لەبن نەهاتوەكانی مادی و سروشتی و مرۆیی،دەكرێت ئەم دوو كەرتە پێكەوە كاربكەن و تەواوكەری یەكتر بن نەك دژ و ناحەزی یەكتر.خۆشبەختانەش لەدوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێم و پیادەكردنی سیستەمی بازاڕو ئابوری ئازادەوە توانراوە  گەلێك دەسكەوتی ئابوری گەورە لە ئاوەدانكردنەوە و بونیاتنانەوەی ژێر خانی ئابوری و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەران و بەرزكردنەوەی داهاتی تاك و كۆمەڵگا بەرزبكرێتەوە و گەلێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و ئەندازیاری لەسەرجەم بوارەكانی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار و وەبەرهێنان و ڕێگاوبان و نیشتەجێبون و كارەبا و ئاو و نەوت و گازی سروشتی و فەرهەنگ و ئەدەب و ..هتد. وەدیبهێنرێن كە پێكەوە هەموانیان سیمای وڵات و كوردستانیان جوانتر و ڕاوەزاتر كردوە ، گەرچی بێ كەموكوڕی و بێ گەندەڵی و بێ‌ هەدەردان نەبوون و دەكرا گەر ئیدارەیەكی بەهێز و كەسانێكی شیاوتر و ئەكادیمی و متمانەپێكراو و خاوەن دەستپاكی و ئەمانەت كاریان بكردایە بەدڵنیایی دەسكەوتی زیاتر وەدیدەهات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو كەموكوڕیانەشدا توانراوە سەرنجی گەلێك لەكۆمپانیا گەورەكان و حكومەتەكانی ناوچەكە و دونیاش راِبكێشرێت بۆ هەرێمی كوردستان و هەریەكە لەبوار و پسپۆڕی خۆیدا ئەسپی خۆیان تاوداوە و جێگە پەنجەی خۆیان دیاریكردوە.
•     بۆیە هەركاتێك كەرتی حكومی و تایبەت هەمئاهەنگ و تەواوكەری یەكتربوبێتن دەسكەوت و سەركەوتن و كار و پڕۆژەی ناوازەی لێكەوتۆتەوە.بۆیە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بۆ ئایندەش لەسەر ئەم سیاسەتەی خۆی بەردەوام بێت بەدانانی یاسا و ڕێنمایی و مەرجی  دیاریكراو كە كارئاسانی زیاتر بكات بۆ هاوكاریكردن و هاندانی كەرتی تایبەت و ڕێگە بگرێت لە دیاردەكانی گەندەڵی و قۆرخكاری بازاڕ و بازرگانی و پاوانخوازی تەنها بۆ كۆمەڵ و گروپ و دەستڕۆیشتوەكان و بێبەشكردنی زۆرینەی كۆمپانیا و سەرمایەدارانی تر. هەروەها ئەركی حكومەتە كە هەلی بەشداربوونی یەكسان و وەكیەكی بداتە هەموو كۆمپانیا و خاوەن سەرمایە ناوخۆیی و دەرەكیەكانیش بەبێ‌ جیاوازی و لایەنگیری، بەهەمانشێوە ئەركی حكومەتە كە جەخت و پێداگیر بكاتەوە لەسەر مەرجەكانی سەلامەتی و كوالێتی بەرز بۆ هەموو كەرت و بوارەكان لە پێناو پاراستنی گیان و سەروەت و سامانی وڵاتدا.چونكە ئەو وڵاتانەی تەنها لەلایەن كەرتی حكومی و سیاسەتێكی داخراو و مەركەزیەوە دەبرێن بەڕێوە بەبەراوورد بەو وڵاتانەی كە سیستەمی ئازادی ئابوری و بازاڕیان گرتۆتە بەر هەمیشە دواكەوتووتر و هەژارتر و وێرانتر هاتونەتە بەرچاو.چونكە لەكەرتی حكومیدا دیاردە زیانبەخشەكانی ڕۆتین و دواكەوتن و گەندەڵی و مەحسوبیەت و لایەنگ یری بەدیدەكرێت و بونی یاسا و ڕێكارە یاسایی و داراییەكان و نەبوونی سیستەمێكی پێشكەوتووی دارایی و بانكیش هۆكاری ترن.
•     گرنگی و ڕۆڵی كەرتی تایبەت هیچی كەكتر نیە لەكەرتی گشتی ،چونكە ئەم كەرتەش تایبەتمەندی و پسپۆڕی و ڕۆڵ و كاریگەری خۆی هەیە ،لە دۆزینەوە و دابینكردنی هەلی كار و نەهێشتنی هەژاری و بێكاری و كەمكردنەوەی هەڵاوسان و نەخوێندەواری و پێشكەوتنی وڵات و كۆمەڵگا و دروستكردنی تۆڕێكی بەرفراوانی پەیوەندی ئابوری و تەنانەت سیاسی و فەرهەنگی و ئەمنیشدا،بەتایبەتیش لە دونیای ئێستادا كە هۆكارەكانی پەیوەندی گەلێك پێشكەوتوون ،ئەوا كۆمپانیا و كەرتی تایبەت دەتوانن ببنە نێوەندگیر و هۆكاری پەیوەندی دروستكردنی پەیوەندی نێوان حكومەتەكانیش و سنورە سیاسیەكان تێببەڕێنن و تەنانەت ململانێ‌ سیاسی و ئەمنیەكانیش خاوبكەنەوە و ئاشتیش بەرقەرار بكەن و ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتریش ببەخشنە كۆمەڵگا و وڵاتەكان.
ئاشكراشە كەرتی تایبەت لەگەڵ ئەو هەموو گرنگیەی كە هەیەتی بێ كەموكوڕی نیە و هەندێك جار چاوچنۆكی و تەماعكاری و خۆدزینەوە لە پابەندیە یاسایی و داراییەكان و گران بوونی نرخەكان و بازاڕ و كاڵاكان و قۆستنەوەی هەلەكان و تەنها حسابكردن بۆ قازانجی تایبەتی و زۆر جارانیش پێهەڵدەكێشن بۆ چەوساندنەوە و پێدانی كرێی كەم و كاری زۆرو نەبونی بیمەی بێكاری و تەندروستی و سەلامەتی كرێكاران و فەرمانبەراكانیشیان.
•     بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەمیشە دوانەی كەرتی حكومی و تایبەت دوو ڕووی دراوێك بونە و پێكەوە كار و دەسكەوتی گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی بنیاتناوە.هەربۆیە هەق وایە لەهەرێمی كوردستاندا دامودەزگا حكومیەكان هێندەی بەچاوی ترس و دوودڵی و تۆمەتباركردن و ناحەزی سەیری كەرتی تایبەت دەكەن ، نیوهێندە بەچاوی هاوكار و كارئاسانیكەر و یارمەتیدەر وێنایان بكێشن و دەستی هاوكاری و تەباییان بۆ درێژبكەن. بەوهیوایەی ئایندەیەكی گەشتر و ئاوەدانتر چارەنوسی كۆمەڵگای كوردەواری و دەسەڵاتی كوردیش بێت لەم هەرێمی كوردستانە ئازیز و خۆشەویستەدا كە لانكە و ماڵ و جێگەی حەوانەوەی هەموانمانە و ئەركی هەموانیشمانە كە بەهەموو تواناكانمانەوە بیپارێزین و هەوڵی گەشەكردن و ئاوادانكردنەوەی بدەین ،هەریكەمان لەبوار و پسپۆڕی و شارەزایی خۆماندا بۆ ئەوەی وڵاتێكی ئاوەدان و پێشكەوتوو بۆ نەوەكانی ئایندەمان بەجێبهێڵین و دروست بكەین..

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌