منیش تەحەددای قوباد تاڵەبانی دەكەم

وتار/ 10/06/2019 770 جار بینراوە

مه‌عروف مه‌جید

منیش تەحەددای قوباد تاڵەبانی دەكەم

 
مەعروف مەجید
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرتە ڤیدیۆیەكت بڵاوبویەوە كە بە ووتەی خۆت تەحەدای چەند كەسایەتییەكت كرد لەبەرامبەر ئەوەی تۆ درەختێكت چاندووە، ئەوانیش بێن و یەكی درەختێك یا نەمامێك بچێنن.
هیوادارم لەم ساتە بە دواوە تەحەدا و كێبڕكێكانتان زیاتر بۆ خزمەت بێت بە تایبەتی لە بواری ژینگەدا، بۆیە منیش وەكو چالاكوانێكی بواری ژینگەیی دێم و تەحەددایەكی بەرێزتان دەكەم وەكو جێگری سەرۆك وەزیران بۆ ئەم چەند ڕۆژە كەمەی بەرێزتان، كە ئەگەری هەیە تا پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ ببیتە سەرۆكی حكومەت، ئەو تەحەددایە لە پێناو هێشتنەوەی سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری بە سەوزێتی، ناكرێ‌ تۆ خۆت بە كوڕی ئەم شارە بزانی و ئەو پۆستەشت هەبێ‌ و بەبەرچاوتەوە سلێمانی فەرامۆش بكرێت و لەڕووی ژینگەییەوە سەوز بوونی لێبسەنرێتەوە.
بەرێز تاڵەبانی، بەپێی ئامارە فەرمییەكان، تا ساڵی (2018) لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی (564) باخچە و دوو ملیۆن و 500 هەزار درەخت بونی هەبووە، هاوكات لەسەر ئاستی عێراق، شاری سلێمانی زۆرترین باخچەو سەوزایی تێدایە، بەڵام بەهۆی بێ خزمەتیەوە لە دوو ساڵدا دوو هەزار درەخت وشكبوون و مەترسیەكان لەسەر ژینگە و سەوزایی سلێمانی بەرەو زیاتریش دەچێت، چونكە بەهۆی ئاونەدانی دارەكانەوە، لە ساڵی (2016) و (2017) دا ( 2000) دوو هەزار بنەدار وشك بوون.
كاك قوباد، لەو حكومەتەی كە بەڕێزتان جێگری سەرۆك وەزیرانەكەین، جیاوازی زۆر دەكرێت لە بەڕێوەچونی ئیش و كاری وەزارەت و فەرمانگەكانیدا، بۆنمونە، بەشێكی زۆری ئاودانی باخچەكانی هەولێر دراوە بە كۆمپانیا و لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەكرێن، بەڵام شاری سلێمانی لە ڕێگەی حكومەتەوە كارەكانی ڕایی دەكرێن ئەمەش وایكردووە مەترسی جدی لەسەر درەخت و باخچەكانی سلێمانی دروست ببێت و بەشێكی زۆری ووشك بن، كەواتە پێچەوانەی هەموو دونیا لە هەرێمی كوردستان كەرتی تایبەت باشتر كارەكانی بەڕێوە دەبرێن لە كەرتی حكومەت.
ساڵی رابردوو بەرێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی بۆ ماوەی ساڵێك (120) ملیۆن بودجەكەیان بووە، بەڵام بۆ شاری هەولێر، لە ساڵی (2016)دا تەنیا بۆ یەك مانگ (500) ملیۆن دیناریان بۆ تەرخانكراوە، واتە بۆ ساڵێك شەش ملیار دینار.
لە ڕووی ژمارەی كرێكار و ژینگە پارێزیشەوە بەپێی ئامارەكان كرێكار و ژینگە پارێزەكانی هەولێر، چەندین جار ڕێژەیان لە سلێمانی زیاترن، لە كاتێكدا باخچەكانی هەولێر نیوەی باخچەكانی سلێمانی دەبن.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا دەبێت بەپێی گۆڕانی كەش و هەوا كاتی ئاودان دیاری بكرێت ئەگەر نا لایەنی كەم مانگی حوزەیران گونجاوترین مانگە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لەو ڕووەوە بێ بەرنامەییەكی زۆر بەدیدەكرێت، بۆ نمونە لە ساڵی (2016) لە مانگی (11) دا ڕەزامەندی دەربڕاوە بۆ ئاودانی درەختەكان، ئایا مانگی (11) كاتی باران بارین و پەڵەدانە یان ئاودانی درەخت و باخچەكان؟
بەرێز تاڵەبانی، ئەوەت زانیوە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە سنوری باخچەكانی هەولێر خۆشبەختانە یەك درەخت ووشك نەبووە، ئەویش هۆكارەكەی بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە، بەكارهێنانی تەنكەری ئەهلی لە ڕێگەی كۆمپانیاكانەوە هەروەها تەنكەری حكومەتەوە، وە پێشتریش پلانی بۆدادەنێن.
بەپێی ئاماری فەرمی باخچەكانی هەولێر (365) پارك و باخچە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی باخچەكان بونیان هەیە، ڕێژەی سەوزایی لەشاری هەولێر لەسەدا لە سەدا (16)یە.
دەمەوێت ئەو داوایە لە بەڕێزتان بكەم، ئەگەر خۆت بە دڵسۆزی ژینگەی كوردستان دەزانی، ئەگەر دەتەوێ‌ سلێمانی هەمیشە بەسەوزیی بمێنێتەوە نەك تەنها لە بەهاردا سەوز بێت، ئەوا تكایە خەمێك لە درەخت و باخچەكانی سلێمانی بخۆ، وا هەست دەكەم زۆر گران نەبێت ئەم كارە پێویستی بە بودجەیەكی زەبەلاح نییە، تەنها پێویستی بە تەحەددایەكە بەرامبەر وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كە پارە و هەقی سلێمانی لە كاتی خۆیدا دابین بكەن، ئەگەر نا دڵنیابن چەند ساڵێكی تر سلێمانی دەبێتە بیابان.

نوێترین نوسینەکانی مه‌عروف مه‌جید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌