هەر لایەك براوەی ئاستەنبوڵ بێت خاوەنی هەموو توركیاش دەبێت !

وتار/ 19/05/2019 663 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

هەر لایەك براوەی ئاستەنبوڵ بێت خاوەنی هەموو توركیاش دەبێت !

نەوادی موهەندیس
[email protected]
•     دوای ئەوەی كە لە 31/3/2019دا یەكەمین هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە توركیا لە دوای گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجامدرا،هەموو حیزب و سەركردە سیاسیەكانی توركیا كەوتنە خۆ بۆ بردنەوەی زۆرترین ژمارەی شارەوانیەكان  لە 81 ولایەتدا.ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەمووان گرنگی گەورە و تایبەتی هەبوو،بەڵام بۆئەردۆگان و ئاكاپە لەهەمووان زیاتر،چونكە سەرۆكایەتی كۆمار و پەڕلەمان و شارەوانیەكانیشی لەیەك كاتدا لەلا دەبوو،وەدەیتوانی بە سانایی هەموو پلان و بەرنامەكانی خۆی جێبەجێ‌ بكات، بەڵام ئەوەی كە ڕوویدا پێچەوەوانەی خواست و ئاواتەكانی ئەردۆگان و ئاكاپە بوو،بەهۆی لەدەستدان و شكستخواردنی ئاكاپە لە 3 شاری گەورە و گرنگی وەكو ئەنقەرە و ئاستانبوڵ و ئیزمیر،كە هەرسێكیان  گرنگی تایبەتی سیاسی و ئابوری و كەلتوریان هەیە گەر لای هەر حیزبێك بن.
دوای ئاشكراكردنی ئەنجامە بەراییەكان و دەركەوتنی شكستی ئاكاپە لەو 3 شارەدا و بەتایبەتیش لە شاری ئاستەنبوڵدا،ئەردۆگان و ئاكاپە توشی هیستریا بوون و هەر زوو كەوتنە ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكان و داوای دووبارەی جیاكردنەوەی دەنگەكان و لەئێستاشدا ودوای زیاتر لەمانگ و نیوێك تێپەڕبوون بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەتوركیاوە ئەنجامی شارەوانی ئاستانبوڵ ڕەتكرایەوە و بڕیارە لە 23/6/2019دا دووبارە بكرێتەوە،كەئەم كار و هەنگاوەی ئەردۆگان لەلایەك بۆ گێڕانەوەی هەیبەت و شكۆی شكاوی خۆی و حیزبەكەیەتی و لەلایەكی تریشەوە بۆ ڕێگەگرتنە لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و بەتایبەتیش جەهەپە كە سەركەوتنی گەورەی وەدەستهێناوە سەرەڕای ئەو هەموو فشار و ڕێگریانەی كە ئاكاپە و دەسەڵات سەپاندبویان بەسەر هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەكاندا لە عیلمانی و ئاینی و كورد و تەنانەت نەتەوەییەكانیش.
•     پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچی ئەم هەموو گرنگیە بە شارەوانی ئاستانبوڵ دەدرێت لەلایەن حیزب و سەركردە سیاسیە گەورەكانەوە و بەتایبەتی ئاكاپە و جەهەپەوە؟چ جیاوازیەك هەیە لەنێوان ئاستانبوڵ و شارەكانی تردا؟ئاستانبوڵ بۆ ئاكاپە و جەهەپە چی دەگەیەنێت و بەمانای چی دێت؟ئایا ئەوە دەهێنێت كە ململانێی دیموكراسی توندی لەسەر بكەن؟ و دەیان پرسیاری تریش.
پێشەكی دەبێت باش لە گرنگی و كاریگەری شاری ئاستانبوڵ بگەین ئەوكات وەڵامی پرسیارەكانمان چنگ دەكەوێت و ئەوكات دەزانین كە بۆچی ئەم هەموو ململانێیانە لەسەر ئاستانبوڵ دەكرێت.
شاری ئاستانبوڵ لەڕووی مێژووییەوە خاوەنی 8500 ساڵە و دێرینترین شاری دونیایە و پایتەختی سیاسی دێرینی خەلافەتی عوسمانی و لە ئێستاشدا پایتەختی ئابوری و دارایی و پیشەسازی و گەشتیاری و كەلتوری توركیایە.
ئاستانبوڵ گەورەترین شاری توركیایە لەڕووی ڕووبەری زەوی تەواوی پارێزگاكەوە 5467كم دووجا و 40 شارەوانی لەخۆدەگرێت و بەتەنها 27 شارەوانی لەناو سەنتەری شارەكەدایە.
 ژمارەی دانیشتوانی 16 ملیۆن كەسە كە دەكاتە 5ر18% لە كۆی ژمارەی دانیشتوانی توركیا كە 80 ملیۆن كەسن و نیوەیان لە ژێر تەمەنی 30 ساڵیەوەن.
 ژمارەی دەنگدەرانیشی 10 ملیۆن كەسە لەكۆی 57 ملیۆن دەنگدەر.
ئاستانبوڵ بەتەنها دەتوانێت 20% هەلی كار بڕەخسێنێت.
 22% بەەشداری لەداهاتی نەتەوەییدا دەكات .
 40% باجی هەموو وڵاتی تیادا كۆدەكرێتەوە .
 55% دەتوانێت هەناردەی زۆربەی كەلوپەل و بەرهەمە پیشەسازی و كشتوكاڵی و خۆراكی و خزمەتگوزاریەكان بكات .
 54% هاوردە دەكات بۆ ناو توركیا .
 38% كەرتی پیشەسازی هەموو توركیا لە خۆدەگرێت .
 لەساڵی 2013دا  زیاد لە 10 ملیۆن گەشتیار ڕوویان تێكردوە .
 لەساڵی 2014شدا بڕی 175 ملیار دۆلار داهاتی كۆی توركیای وەدەستهێناوە.
داهاتی مانگانەی تاك لە ئاستانبوڵ بریتیە لە 640 دۆلار كە بەرزترینە لەهەموو توركیادا.
ئاستانبوڵ ژمارەیەك پڕۆژەی زۆر گەورە و ستراتیژی تیادا بونیاتنراوە كەلەسەر ئاستی ئەوروپا و دونیاشدا یەكەمن،وەك فڕۆكەخانە نوێیەكە كە 60 وڵات دەبەستێتەوە بە ئاستانبوڵەوە وسێیەم فڕۆكەخانەی گەورەیی نێودەوڵەتیە لە ئاستانبوڵدا.
دەتوانێت ساڵانە بڕی 20 تریلیۆن دۆلاری ئەمریكی داهاتی هەبێت.
پڕۆژەی كەناڵی ئاستانبوڵ كە بە پڕۆژەی سەدە دەناسرێت لەسەر ئاستی جیهان یەكەمە.
 پڕۆژەی كەناڵی ئۆراسیا كە هەردوو بەری ئاستانبوڵ بەیەك دەگەیەنێت لەژێر ئاودا بەدرێژایی 6ر14 كم.
پردی سوڵتان سەلیم و مۆڵی ئۆف كە بەگەورەترین موڵی هەموو ئەوروپا دادەنرێت.
•     بەم شێوەیە دەبینین كە ئاستانبوڵ بنكەیەكی گەورە و گرنگی ئابوری توركیایە و پێگەیەكی جیۆسیاسی گرنگی نێوان ئاسیا و ئەوروپای هەیە و لەسەر ڕێگای وشكانی و دەریاییە. ناپلیۆن و بۆناپارت وتویەتی ((گەر دونیا یەك وڵات بێت ئەوا بەبێ‌ ڕكابەر دەبێت ئاستانبوڵ پایتەختەكەی بێت))لەبەر گرنگی سیاسی و ئابوری و جوانی سروشتەكەیەوە.
•     كەواتە ئاستانبوڵ بەم هەموو گرنگیە سیاسی و ئابوریەوە كەهەیەتی ئەوە دەهێنێت كە هەموان شەڕی بردنەوەی بكەن لەهەڵبژاردنەكاندا،ئیسلامیەكان لەساڵی 1994وە ئاستانبوڵیان بەدەستەوەیە و ئاكاپەش لەساڵی 2002وە ئەم شارەی بۆخۆی پاوان كردوە و جەهەپەش ماوەی 25 ساڵە لێی دابڕاوە و ئەم سەركەوتنەی جەهەپە لە هەرسێ‌ شاری ئەنقەرە كەپایتەختی سیاسی و ئاستانبوڵ پایتەختی ئابوری و گەشتیاری و كەلتوری و ئیزمیر شاری دەریایی و پیشەسازی و بازرگانی ناوەكی و دەرەكی توركیا بەمانای بردنەوەی هەموو توركیا دێت و زۆر جاران ئەرۆدگان خۆی وتویەتی ((ئەوەی ئاستانبوڵ بباتەوە وەكو ئەوە وایە هەموو توركیای بردبێتەوە)) كەواتە بەم پێیە بێت جەهەپە توانیویەتی گەورەترین سەركەوتن لە 25 ساڵی ڕابووردوودا وەدەستبێنێت و ئاستانبوڵ و توركیاش بۆخۆی مسۆگەر بكات و ئاكاپە و ئەردۆگانیش لە توركیا و ئاستانبوڵەكەیان دووربخاتەوە.چونكە گرنگی ئەم 3 شارە گەورەیە لەوەدایە  لەلایەك قەوارە و دەسەڵات و پێگەی جەماوەری حیزبەكان دەردەخات و دەتوانن كاریگەری گەورەیان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان و بەرنامە و سیاسەتی حكومەتەكان هەبێت.و لەلایەكی تریشەوە لە ڕووی مادیەوە  ئەو حیزبەی باڵادەست بێت دەبێتە خاوەنی گەورەترین سەرچاوەی داهات و دەتوانێت زۆرترین پڕۆژە و لایەنگرانی خۆی جێگە بكاتەوە و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنێت وەك ئاكاپە لە 17 ساڵی ڕابووردوودا كردویەتی.
•     ئەنقەرەی پایتەختی سیاسی هەرزوو ئاكاپەی ڕەتكردەوە كاتێك لە ڕیفراندۆمی سەر گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە ساڵی 2017دا دەنگی بەنەخێردا و ئیدی لەوكاتەوە گڵۆڵەی ئاكاپە كەوتۆتە لێژی و ئەنجامەكەش لە 31/3دا وەدەركەوت،هەرچی شاری ئیزمیریشە كە سێیەم ولایەتی گەورەو گرنگە هەمیشە پێگەی هێزە ئۆپۆزسیۆنە عیلمانیەكان بوە و ئاكاپە هیچ گەشەكردنێكی تیادا وەدەستنەهێناوە،هەربۆیە ئاستانبوڵ بۆ هەموان گرنگ بوو چونكە خاڵی یەكلاكەرەوەی كاندید و حیزبی گەورە و بەهێز و سەركەوتوو بوە هەمیشە.
•     لە ئێستاوە تاكو 23ی حوزەیران كە تەنها كەمتر لە40 ڕۆژی ماوە هەموان و بەتایبەتی ئاكاپە و جەهەپە كەوتونەتە خۆیان بۆئەوەی ئاستانبوڵ بەلای خۆیاندا كەمەركێش بكەن و تاجی سەركەوتنە گەورەكەیان لەسەر بنێن و خۆیان بەبراوەی گەورە و یەكەم دابنێن و شانازی و مەستی سەركەوتنەكەشیان پیشانی هەموان لەناوخۆ و دونیاشدا بدەنەوە.ئەردۆگان و ئاكاپە كەوتونەتە خۆ بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی ئەو 10 ملیۆن دەنگدەرە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن بەدڵنیایی و دوور لە ڕاڕایی بردنەوە مسۆگەر بكەن، جالەو پێناوەشدا و لەبەرئەوەی شاری ئاستانبوڵیش هەمە چەشن و هەمە جۆر نەتەوە و ئاین و مەزهەبی تیادا نیشتەجێیە هەر لە تورك و كورد و عەرەب و ئیسلام و مەسیحی و ئەرمەن و چەركەس و شیعە و سونە و كاسۆلیك و ئەرسۆدەكس و ...هتد.ئەوا هەموان و هەر دەنگێك گرنگی و كاریگەری گەورەی دەبێت،ئەوەتا ئاكاپە لە دوای زیاد لە 5 ساڵ لە قەدەغەكردنی سەردانی ئۆجەلان یەكەم هەنگاو و بینینی ڕێكخست تەنها لە پێناو ڕاكێشانی دەنگ و سۆزی كوردانی ئاستانبوڵدا كە تەنها وەكو تاكتیك بەكاریدێنێت نەك وەك ستراتیژێك بۆ چارەسەری مەسەلەی كورد و دانوسان لەگەڵ پەكەكەداو بەم جۆرەش بەردەوام دەبێت و دووریش نیە پەنا بباتە بەر هەڕەشە و فێڵ و گزیكاری و ...هتد.هەرچی جەهەپەشە هەوڵی خۆی دەدات كە دووبارە سەركەوتن مسۆگەر بكات و ئەویش پەنا بۆ هەموو هاوكاری و پشتیوانی و پشتگیریەك دەبات و زۆر باش دەزانێت كە كوردەكانی ئاستانبوڵ قورساییان چەندە و بردنەوەی ئەم جارەشیان هەر بەڕێكەوتن بوو لەگەڵ هەدەپە و كورد و عیلمانی و چەپەكاندا.
•     لەكۆتایدا هەموان چاوەڕوانی هاتنی 23ی حوزەیرانی داهاتوو دەكەین بۆئەوەی ببینین كە كێ‌ و كامیان لە ئاكاپە و جەهەپە گرەوی سەركەوتنی ئاستانبوڵ بۆخۆیان مسۆگەر دەكەن و لەڕێگەی ئاستانبوڵیشەوە هەموو توركیا دەخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە.دۆڕاندن و شكستی ئاكاپە زۆر كاریگەر دەبێت بۆ ئایندە و لانی كەم بۆ 5 ساڵی داهاتووی ئاكاپە و ئەردۆگان وەكو سەرۆك كۆمار و زۆرینەی پەڕلەمان،چونكە لەتوركیادا شارەوانیەكان خاوەنی دەسەڵاتی زۆر و فراوانن و لەڕووی ئابوریەوە و دەتوانن گەلێك خزمەتی گەورە بەسەرجەم چین و توێژەكان بكەن بۆ خزمەتی حیزبەكەیان و باشترین بەڵگەش 17 ساڵی ڕابووردووی ئاكاپە بوە كە توانیویەتی لە 2002وە سەركەوتنی گەورە و حكومەتی بەهێزی تاك لایەن بۆ 4 خولی پەڕلەمانی مسۆگەر بكات.بۆیە بەدڵنیایی دەنگەكانی كوردان لای هەر لایەك بێت سەركەوتن مسۆگەر دەكات،بەوهیوایەی كە كوردانی باكور بە عەقڵ و ژیری و مەنتیقەوە بیربكەنەوە و باشترین هەڵبژاردەی خۆیان دیاریبكەن كە بتوانن لە ئایندەدا مافەكانی كورد لەو شارە گەورانە و تەواوی توركیاشدا مسۆگەر بكەن.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌