ئەركی حكومەت دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە
وتار/
14/03/2019
629 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
ئەركی
حكومەت دوای هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە
نەوزادی
موهەندیس
[email protected]
• ئاشكرایە كە سیستەمی
پاشكەوتی مووچە بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكومەتی هەرێمدا بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی
وەزیرانی حكومەتی هەرێمی ژمارە 64 لە
3/2/2016دا سەپێنرا بەسەر مووچەخۆراندا و
ماوەی زیاد لە 3 ساڵی خایاند.كە بەهەق 3 ساڵی زۆر وشك و برنگ و نەبوونی و برسێتی و
قەیرانێكی دارایی توند بوو بۆ سەر هەمووان.كە بەناهەق بەرۆكی مووچەخۆرانی هەرێمی
كوردستانی گرتەوە،لەئەنجامی سیاسەتی هەڵەی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان
بەناوی ئابوری سەربەخۆوە(( كە خۆیان بە خراپترین بڕیاری حكومەتی ناوزەند دەكەن لە
ژیانی سیاسیاندا)) كە بەداخەوە هیچمان لێدەستنەكەوت تەنها برسێتی و نەبوونی و گەڕانەوە
بۆ چوارگۆشەی یەكەم نەبێت،كە لەئێستادا تەواوی دەسەڵاتەكانی هەرێم كە پێش ساڵی
2016 هەیبوو هەموانی گەڕاندەوە بۆ بەغدادی پایتەختی عێراقی فیدڕاڵ.هەر لە كۆنتڕۆڵی
فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوریەكان و فەرمانگەكانی ڕەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی
و نشینگە و بەنداوەكان و پۆلیسی سنور و گومرك و...هتد.
• لە ماوەی ئەم 3 ساڵەی
قەیرانی داراییەدا هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی
و ئەمنیەوە گەلێك زیانی گەورەی پێكەوت و دەسەڵاتە
سیاسیەكانی هەرێم بچوكبونەوە و جوگرافیا پانۆپۆڕەكەی بەرتەسككرانەوە و ئابوریەكەی و ژێرخانەكەی لە
داڕمانی تەواو نزیكبونەوە و ئاشتی كۆمەڵایەتی بەرەو لاوازی و لێكهەڵوەشان هەنگاوی
نا و باری ئەمنی كوردستانیش كەوتە بەر مەترسیەوە،لەگەڵ ئەمانەشدا تاك بەتاك و خێزان
بەخێزانی ئەم كۆمەڵگایە كەوتە بەر مەترسی بێكاری و بێ مووچەیی و نانبڕاوكردن و تێكچوون
و شڵەژانی باری ئابوری و وەستانی بازاڕ و جوڵەی بازرگانی و ئەنجامیش سەرهەڵدانی دەیان
دیاردەی دزێو و ناشیرینی ناو كۆمەڵگا لە هەژاری و بێكاری و نەخوێندەواری و هەڵوەشاندنەوەی
خێزانەكان و زیادبوونی تاوانەكان و ...هتد. لەپاڵ ئەمانەشدا توێژی مووچەخۆران بەگشتی
زیانێكی گەورەیان بەركەوت. بۆیە هەق وایە كە حكومەتی هەرێم بەچاوی ڕێز و تەقدیری زۆرەوە
سەیری توێژی مووچەخۆران بكات كە بەوپەڕی لێبووردویەوە خۆیان ڕاگرت لەبەردەم ئەو قەیرانە
داراییەدا كە هەمووانی پەرێشان كردبوو.
• لێرەدا پرسیار ئەوەیە
كە دوای هەڵگرتنی ئەم سیستەمە سەپێنراوەی
پاشەكەوتی مووچە ئەركی حكومەتی هەرێم چیە؟ بەتایبەتیش كابینەی نۆهەمی حكومەت،چونكە
لێكەوتە و كاریگەریەكانی ئەم بڕیارەی حكومەتی كاربەڕێكەر ڕووبەڕووی سەرۆكی حكومەت
و كابینەی نۆهەم دەبێتەوە..
بۆیە
هەق وایە لەمەودوا و لەدوای بڕیاری لابردن و هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە لەلایەن
حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە كۆبونەوەی ژمارە 52ی خۆیدا و بە بڕیاری ژمارە 141 لە
ڕێكەوتی 8/3/2019 دا، گرنگی گەورە بداتەوە بە كەرتی ئاوەدانكردنەوە و جوڵە و
بوژاندنەوەی پڕۆژە ئەندازیاریەكان و چاوخشاندنەوە بە ژیان و گوزەرانی سەرجەم چین و
توێژەكاندا .
ئاشكراشە
لە ماوەی ئەو 3 ساڵەی قەیرانە داراییەدا، ژێر خانی ئابوری كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی
كوردستان بەرەو خراپبوونی زۆر چوە ، لەكاتێكدا داهاتی حكومەتی هەرێم لە ئایندەدا بڕە
پارەیەكی زۆرە و بەشی گەلێك كار و پڕۆژە دەكات،كە بەم شێوەیەیە:
- پشكی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە لە عێراقەوە 522 ملیار دینار
-داهاتی نەوتی هەرێم بۆ مووچە 378 ملیار دینار
-داهاتی ناوخۆ زیاترە لە 150 ملیار دینار
-كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەبێت 1 تریلیۆن و 50 ملیار دینار
-موچەی تەواوی مانگانەی مووچەخۆران بێ پاشەكەوت بریتیە لە 879 ملیار
دینار
-كەواتە 153 ملیار دینار زیادەش دەبێت..
بۆیە
پێویست بەوە دەكات كە :-
1. حكومەتی هەرێم بە
پلانی زانستی و واقعی كار بكات بۆ بوژاندنەوەی كەرتی تایبەت و كۆمپانیا بیانی و
ناوخۆییەكان و هانی وەبەرهێنانیش بدات بۆ ئەوەی دەستبكەنەوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژە
ئەندازیاری و خزمەتگوزاریەكان.
2. بەهەمان شێوە ئەركی
حكومەتە كە بودجەی تایبەتی و پێویست بۆ ئەو بوارانە دابین بكات.
3. هەروەها ئەو بڕە
داهاتەی كە دێتە گەنجینەی حكومەتەوە بە شێوەیەكی شەفافانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و
هەموانی بخرێتە خزمەتی ئاوەدانكردنەوە و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و دۆزینەوەی هەلی
كار بۆ گەنجان لە كوڕ و كچان.
4. بەپێی بەرنامەیەكی پێشوەختە
و پلان بۆداڕێژراویش دەستبكاتەوە بە دامەزراندنی توانا گەنجەكان لە دەرچووانی زانكۆ
و پەیمانگاكان .
5. كاربكات بۆ جێبەجێكردنی
یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2015 تایبەت بەدامەزراندنی صندوقی داهاتە نەوتیەكان بۆئەوەی سەرجەم
داهاتی نەوتی هەرێم بچێتە ئەو صندوقەوە نەك وەك ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان
دەستی گرتوە بەسەریدا و وەك خێر مانگانە تەنها بڕی 378 ملیار دینار دەداتە وەزارەتی
دارایی بۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران.
6. حكومەت ئەركێتی كە قەرزی
بەڵێندەران و كۆمپانیا ناوخۆییەكان بە بەرنامەیەكی زانستی بداتەوە و بانكەكان و سیستەمی
دارایش ببوژێنێتەوە و گەشەی پێبدات.
• ئاشكرایە كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی
پاشەكەوتی مووچە گەلێك گرنگ و كاریگەری گەورەشی دەبێت بۆسەر تەواوی سێكتەرەكانی ژیان
،بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم هەستێت بە :
1.پلانی واقعی هەبێت بۆ گێڕانەوەی ئەو بڕە پاشەكەوتكراوەی مووچەی
مووچەخۆران بەشێوەیەكی لەسەرخۆ و مانگانە. كە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:-
- ((4 مووچەی تەواوی ساڵی 2015 و 1 مووچەی تەواوی مانگی 12/2016 ))
- (( 11 مووچەی ساڵی 2016 و 12 مووچەی ساڵی 2017 و 11 مووچەی ساڵی
2018)) بە پاشەكەوتەوە بەڕێژەی جیاواز كە لە نێوان 15% و 30% و 75% بوە كە بەنزیكەیی
دەگاتە 10 تریلیۆن دیناری عێراقی.
2.ڕٍێگەگرتن
لە هەڵاوسانی دراو و گرانبوونی نرخەكان لە بازاڕدا لەپێناو ڕاگرتنی بەڵانس لەنێوان
ئەو بڕە پارەیەی كە دێتە لای فەرمانبەران و نرخی كاڵاو كەلوپەلەكان لەبازاڕدا.
3. ئاڕاستەكردنی سوپاس پێزانین بە شێوەیەكی ئیداری لەلایەن سەرجەم
وەزارەتەكانەوە بۆ فەرمانبەرەكانیان بۆئەوەی
ببێتە مایەی هاندان و پێشكەوتنی 1 مانگ لە سەرەمووچە و بەرزكردنەوەی مووچەكانیان لەبەرامبەر
خۆڕاگرتنیان بۆماوەی ئەو ساڵانەی ڕابووردوو.
4. دووبارە نەكردنەوەی سیاسەتە هەڵەكانی ڕابوردوو بەتایبەتی لە
بواری وزەدا ((نەوت و غازی سروشتی))كوردستاندا لەپێناو ڕێگەگرتن لە دووبارەبونەوەی
قەیرانی دارایی و كاركردن بە دەستوری هەمیشەیی عێراق و دووركەوتنەوە لە سیاسەتی هەڵە
و سەركێشیانە كە بەزیان بگەڕێتەوە بۆ هەرێم و هاوڵاتیانیش.
• بەم شێوەیە كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێم لەبەردەم كارگەلێكی
گەورە و سەختیشدایە و دەبێت وەك تیمێكی پێكەوەیی و گونجاو و تەبا كار بكەن بۆ سەرخستنی
نەخشە ڕێگاكە و بەرنامەكەی و هەرچیكردوە دوور و نزیك نەچێتەوە سەر كار و كردەوە هەڵەكانی
كابینەی پێشوو.
ئەوكات
دەكرێت قەیرانەكە لەماوەیەكی كەمدا كاریگەریە خراپەكانی سووك بكرێت و ژیان و گوزەران
و ئاوەدانكردنەوەی وڵاتیش لەسەرخۆ بگەڕێنەوە بۆ دۆخی جاران و هەموانیش بە ژیانێكی
پڕ شكۆ و كەرامەتەوە بژین و هەلی كاری زۆر و خزمەتگوزاری باشتریش بۆ هەموان بەبێ
جیاوازی دابینبكرێت و پڕۆسەیەكی گەورە و سەرتاپاگیری چاكسازی و پاكسازی و دژە گەندەڵیش
پیادەبكرێت و ئیدارە و دەسەڵات و حومكڕانیەكی ڕەشید و دادپەروەریش بێتە كایەوە بە
پێكهێنانی كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێمەوە و مووچەخۆرانیش بەگشتی هەوڵ و هیمەتی خۆیان بخەنەوە گەڕ بۆ قەرەبووكردنەوەی
ئەو زیانانەی بەر وڵات و كۆمەڵگای كوردەواری كەوتوە و وڵات ئاوەدان و خۆشگوزەران بكەنەوە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021