ئایندەی جەزائیر لەسایەی سەرۆكێكی نەخۆشدا بەرەو كوێ‌ ؟

وتار/ 01/03/2019 781 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

ئایندەی جەزائیر لەسایەی سەرۆكێكی نەخۆشدا بەرەو كوێ‌ ؟
=================================
 نەوزادی موهەندیس
[email protected]
•     وابڕیارە لە 18نیسانی ساڵی 2019دا واتە تەنها دوای 48 ڕۆژی تر،هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە وڵاتی جەزائیردا ئەنجام بدرێت،كە بۆ خۆی لە پڕۆسەی دیموكراسیدا و لە سیستەمی حوكمڕانیەكی دیموكراسیشدا كارێكی ئاساییە و هیچ گومان و دوودڵیەك هەڵناگرێت،بەڵام ئەوەی لە جەزائیردا دەگوزەرێت نائاساییە،چونكە لەم هەڵبژاردنەدا سەرۆكی جەزائیر عبدالعزیز بۆتەفلیقە بۆ جاری پێنجەم خۆی كاندید كردۆتەوە،لەكاتێكدا كە لەساڵی 1999وە تاكو ئێستا سەرۆكە و لەم كاتەشدا دۆخی تەندروستی زۆر ناجێگر و پەرێشانە بەهۆی توشبونی بەنەخۆشی برینی گەدە و جەڵتەی مێشكەوە  كە لەساڵی 2013وە توشی ئەم نەخۆشیانە هاتوە و ناتوانێت وەكو كەسێكی ئاسایی و بەتوانا ئیشوكاری وڵات ڕابپەڕێنێت،هەربۆخۆی لە ڕۆژی یەكشمەی ڕێكەوتی 21/2/2019 بەرەو وڵاتی سویسرا بەڕێكەوت بۆ پشكنینی تەندروستی. جا وڵاتێكی 42 ملیۆنی كەسی و ناسراو بە وڵاتی ملیۆن شەهید لەسەردەمی شۆڕشی ڕزگاریدا كە 7ساڵی خایاند دژی داگیركەرانی فەڕەنسا چۆن دەكرێت لەلایەن سەرۆكێكی تاكڕەو و نەخۆشەوە بەڕێوە ببێرێت.
•     بۆتەفلیقە بۆخۆی لە دایك بووی ساڵی 1937 لەشاری وجدەی مەغریبە و لە بنچەی ئەمازیغیەكانە ولە ئێستادا تەمەنی 81 ساڵە و تەنها لەساڵی 1990دا ژنی هێناوە و یەك براشی هەیە و لەكۆشكی مورادیەوە حوكمی وڵات دەكات.یەكێك بوە لە شۆڕگێڕانی قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانی و بەشداركەرێكی كارای سەربەخۆیی جەزائیر بوە لەساڵی 1962دا و گەلێك پۆست و پلەی وەرگرتوە لەو كاتەوە تاكو ئێستا،ئەو یەكەم وەزیری وەرزش و لاوان بوە لەساڵی 1962-1963دا و دووەم وەزیری دەرەوە بوە لەساڵانی 1963-1979دا و پێنجەم وەزیری بەرگری بوە لە 5/5/2003 و پێنجەم سەرۆكی حیزبی((جەبهەی تەحریری نیشتیمانی))دەسەڵاتداربوە و دەهەمین سەرۆكی جەزائیریش بوە لەدروستبونیەوە و لەدوای ڕزگاركردن و سەربەخۆیشەوە هەشتەمین سەرۆكی وڵات بوە.درێژترین ماوە لە پۆستی سەرۆكی وڵاتدا ماوەتەوەكە نزیكەی 20 ساڵی ڕێكەو گەرەكێتی بۆ ماوەی 5 ساڵی ئایندەش هەربمێنێتەوە.
•     لەوڵاتانی عەرەبیدا وتەیەكی بەناوبانگ هەیە كە دەڵێت ((سەرۆكە عەرەبەكان یان بۆ قەبر یان بۆ زیندان دەبرێن)) ،بەو واتایەی كە هیچ كات دەست لەپۆست و ئیمتیازات و دەسەڵات و خۆشیەكانی پۆستەكانیان هەڵناگرن تا دەمرن یان بەكودەتای سەربازی لەناودەبرێن و بەرەو زیندان دەنێردرێن،نمونەكانیش زۆرن هەر لە جمال عبدالناصر وسادات و حوسنی موبارەك و قەزافی و صدام و و علی عبدالله صاڵح و دەیانیتریش.
•     جەزائیر وڵاتێكی گەورە و گرنگە لە ڕووی ڕووبەری خاك و ژمارەی دانیشتوان و دەوڵەمەندی بەنەوت و غازی سروشتی و زەوی وزاری كشتوكاڵی و گەشتوگوزاری و بوونی لەسەر دەریای ناوەڕاست و بوونی هێزێكی سوپای بەهێز و دەیان هۆكاری تری بەهێزبونی لەسەر ئاستی ناوچەكە و دونیاشدا،ئەوەتا جەزائیر خاوەنی ڕووبەرێكی فراوانەی 2381741 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە كە دەبێتە دەهەمین وڵاتی جیهان لەگەورەیدا و یەكەمیشە لەسەر ئاستی ئەفریقیا و وڵاتانی عەرەبی و دەریای ناوەڕاست و دووەم وڵاتیشە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامیدا، و لە 48 ولایەت و 1541 شارەوانی پێكدێت ، داهاتی سەرەكی وڵات لە نەوت و غازی سروشتیەوە وەدەستدێت و بەپێی ئاماری ئۆپیك جەزائیر لە ئاستی 16 هەمین وڵاتدایە لە یەدەگی نەوت لەسەر ئاستی دونیا و دووەمە لەسەر ئاستی ئەفریقیا و  نۆهەم وڵاتیشە لە بوونی یەدەگی غازی سروشتیدا،داهاتی تاكی ساڵانە بریتیە لە 7477 دۆلار و زمانی عەرەبی و ئەمازیغی زمانی ڕەسمین و سیستەمی حوكمڕانیەكەشی نیمچە سەرۆكایتیە و وڵاتێكی كۆماری و دیموكراسی و گەلییە. ئاینی ڕەسمیشی بریتیە لە ئیسلام و لەدەستوریشدا واپێناسەی گەلی جەزائیر كراوە ((كە گەلێكی ئیسلام و عەرەب و ئەمازیغیە)) و خاكی جەزائیریش،((خاكی ئیسلامە و بەشێكی دانەبڕاوە لە مەغریبی گەورەی عەرەبی و خاكی عەرەبیە و وڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەفریقیاشە)) و جەزائیر لەهەر چواردەوریەوە لەگەڵ 7 وڵاتدا دراوسێیە.
•     بۆتەفلیقە بۆ یەكەم جار لە نیسانی ساڵی 1999دا هەڵبژێردرا بەسەرۆكی وڵات و لەو ماوەیەدا  لەناوخۆدا سیاسەتێكی پیادە كرد كە گەلێك كێشەی سیاسی و یاسایی ڕوویاندا و لەهەمان ماوەدا ڕووبەڕووی ڕۆژنامەكان بوەوە و ئازادیەكانیشی قەتیسكرد.و هەروەها چەندین كێشەی دارایی و گەندەڵی ڕوویاندا لە وێنەی كێشەی بانكی خەلیفە و كارە گوماناویەكان دەربارەی پێدانی مۆڵەتی كاركردن بە كۆمپانیاكانی پەیوەندی و مۆبایل و پێدانی وەزارەت و پۆستە حكومیەكانیش بەكەسانی خزم و نزیكەكانی.لەبەرامبەریشدا هەستا بە چاكسازی لە بواری تەندروستی و پەروەردەدا و بواری دارایشی گرتەوە. وهەوڵی زۆریشیدا بۆ گواستنەوە بەرەو بازاڕی ئازاد و بوژاندنەوەی ئابوری وڵات.
•     لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەشدا،هەستا بەدامەزراندنی یەكێتی مەغریبی عەرەبی و واژۆی شەراكەتی ڕێكەوتنی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپادا كرد لەساڵی 2001دا و بەشداریشی لە لوتكەی سەرانی وڵاتانی 8ی جیهانیدا كرد لەساڵی 2000دا.
•     لەماوەی سەرۆكایەتی دووهەمیدا كە لە نیسانی 2004دا ئەنجامدرا بەڕێژەی 85% دەنگەكانی بۆخۆی مسۆگەر كرد،هەستا بە چێكردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتیمانی و هەمواركردنەوەی یاسای خێزان و دژی گەندەڵیش هەڵمەتێكی بەرپاكرد و پڕۆسەی چاكسازیشی بەبەردەوامی هێشتەوە،هەر لەم ماوەیەدا و لە 2005دا توشی نەخۆشی برینی گەدە بوو ،لەساڵی 2007یشدا هەوڵی تیرۆركردنی درا.
•     لەماوەی سێیەمی سەرۆكایەتیەكەیدا كە لە نیسانی 2009دا ئەنجامدرا بەڕێژەی 24ر90% دەنگەكانی بۆخۆی كۆكردەوە،كە ئەمجارەیان دوای هەمواركردنەوەی دەستور هەڵبژێردرایەوە چونكە دەستور تەنها بۆ دوو خول ڕێگەیدەدا بەسەرۆك،بەڵام هەروەك هەموو وڵاتانی نادیموكراسی و تاكڕەوی حیزب و سەركردە هەوڵی مانەوە و هەڵبژاردنەوەی سەرۆك دەدەن بە هەمواركردنەوەی دەستور لەبەرژەوەندی حیزب و سەركردەكاندا.
•     لەماوەی چوارهەمی سەرۆكایەتیدا كە لە نیسانی 2014دا ئەنجامدرا ،ئەمجارەشیان بە ڕێژەی 53ر81% دەنگەكانی وەدەستهێنایەوە. بەم شێوەیە ماوەی 20 ساڵی تەواوە بوتەفلیقە سەرۆكە و ئێستاش بەنیازە بۆ 5 ساڵی ئایندە هەر بەسەرۆكی وڵات بمێنێتەوە.
•     لە جەزئیردا لەوكاتەوەی لەساڵی 1962وە سەربەخۆیی بەدەستهێناوە  تاكو ئێستا دەسەڵات تەنها لای حیزبی ((جەبهەی تەحریری نیشتیمانی)) بوە كە لەلایەن عەسكەریەكانەوە ڕابەرایەتی دەكرێت و بۆتەفلیقەش بۆخۆی یەكێك بوە لەسەركردە عەسكەریەكانی شۆڕش و تائێستاش بەناو وڵاتێكی دیموكراسیە و زۆر جارانیش بەتوندی دژی ڕەوتە ئیسلامیە توندڕەوەكان بەتایبەتیش ((جەبهەی ڕزگاری ئیسلامی )) بۆتەوە و لەساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابووردوودا توندترین ڕووبەڕووبونەوە ڕوویداوە و گەر دەستێوەردانی سوپا و كودەتاكەی نەبوایە لە 11/12/1992 لەهەڵبژاردنی ئەو ساڵانەدا ئەوا ((جەبهەی ڕزگاری ئیسلامی)) هەڵبژاردنیان بردەوە و دەسەڵاتیان دەگرتە دەست.
•     دواتریش لە ساڵی 2011وە كە بەهاری عەرەبی ڕوویدا و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە و سەری زۆرێك لەسەرانی ئەو وڵاتانەی خوارد و لە سەر كورسی حوكمڕانی دەریپەڕاندن لە لیبیا و تونس و میسر و سوریا و عێراق و یەمەن و ..هتد.بەڵام جەزائیر و جەزائیریەكان كەمترین جوڵە و بزاوتیان نەنواندا بەو ئاڕاستەیە و ئەمەش یەكێكە لە سەركەوتن و دەسكەوتەكانی بوتەفلیقە و حیزبی دەسەڵاتدار.كەلە ئێستادا لەناوخۆی حیزبیشدا ڕووبەڕووی ململانێی توند بۆتەوە و ئەوەتا لە 15/11/2018دا ئەمینداری گشتی حیزبەكە ((جمال ولد عباس))لەژێر فشاردا دەستیلەكاركێشایەوەو هەر باڵەو گەرەكێتی لەسایەی بوون و مانەوەی سەرۆكێكی نەخۆشدا گەشەبكات و بەردەوامی بدات بەهێز و دەسەڵاتی خۆی و لەم پێناوەشدا باڵی سەربازە خانەنشینكراوەكان و دەزگای سەربازی وژمارەیەك لە حیزب و سەركردەكانی لایەنگری بوتەفلیقە پشتیوانی لەمانەوەی و خۆكاندیدكردنەوەی دەكەن،لەبەرامبەریشدا حیزب و سەركردە ئۆپۆزسیۆنەكان وەك حیزبی ((بەرەی گەشەو دادپەروەری/عبدالله جاب الله وبزوتنەوەی كۆمەڵگای ئاشتی/عبدالرزاق مقری و سەرۆك وەزیرانی پێشوو كە سەركردەی حیزبی  پێشڕەوانی ئازادیەكانە/ علی بن فلیس )) دژی كاندیكردنەوەی بوتەفلیقەن و داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەكەن و داوادەكەن كە ڕێگە خۆش بكات لەبەردەم نەوەیەكی نوێ بۆ گواستنەوەیەكی دیموكراسی ڕاستەقینە. بەڵام خاڵی لاوازی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەوەیە كە لەناوخۆیاندا یەك و یەكگرتوو نین و نەیانتوانیوە لە كۆبونەوەیەكی 5 كاتژمێریدا یەك كاندیدی خۆیان لەبەرامبەر بۆتەفلیقەدا بپاڵێون بۆ كێبڕكێكردن.لە ئێستاشدا جەماوەری شار و شارۆچكەكان بەناوی ((بزوتنەوەی هاوڵاتیبوون)) وە دەستیان داوەتە خۆپیشاندانی ناڕەزایەی لە جەزائیری پایتەخت و شارەكانی عەنابە و سەتیف و قالمە و جیجل و بجایە و تیزی وزو و بویرە و بومرداس و تەیارت و گلیزان و وەهران و وەرقلە  و بەدروشمی (( نا بۆ خولی پێنجەم )) و ((بەڵێ‌ بۆ نەمانی ڕژێم )) هوتاف دەكێشن.
 ئەم خۆپیشاندانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یان ئەوەتا ساختەكاری تیادا دەكرێت بە قازانجی دەرچوونەوەی بۆتەفلیقە یان ئەوەتا گەر بۆتەفلیقە هەڵبژێردرایەوە ئەوا ئاژاوەیەكی سیاسی توند دروست دەبێت و لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە داننانێن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا و هەمان كێشە و چارەنوسی فەنزەوێلاش لە جەزائیردا دووبارە دەبێتەوە.كە لێپرسراوێتی یەكەمیش دەكەوێتە ئەستۆی بۆتەفلیقە و حیزبی دەسەڵاتدار و لێپرسراوە گەندەڵ و قۆرخكار و پاوانخوازەكانی حیزبی جەبهەی تەحریری نیشتیمانی.
•     احمد بن بلەی یەكەمین سەرۆكی جەزائیری دوای سەربەخۆیی كە هەر لەلایەن دەزگای سەربازی و هاوڕێكانی خۆیەوە كودەتای بەسەردا كرا و لە سەرۆكایەتی حیزب و دەوڵەت دووریان خستەوە دەڵێت ((حوكمكردنی جەزائیر كارێكی ئاسان نیە)) بۆ هەر ە و سەركردەیەك، ئەی گوایە حوكمكردنی جەزائیر لەلایەن سەرۆكێكی نەخۆشی وەك بۆتەفلیقەوە ئاسان دەبێت بەو هەموو ململانێ‌ و كێشە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنیە كەڵەكەبوەوە.
•     بۆیە پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە ئایا داهاتوو و ئایندەی وڵاتی جەزائیر بەرەو كوێ‌ و بە چ ئاڕاستەیەك هەنگاو دەنێت لەسایەی حوكمڕانی 5 ساڵەی داهاتووی بۆتەفلیفقەوە؟
كە لە كەناری مردندایە وهەموان لە چاوەڕوانی مردنیدان و ئەوكاتیش سەرقاپی هەموو كێشەكان هەڵدەدرێتەوە و هەموانیش دەكەونە ململانێیەكی توند لەسەر دەسەڵات و ئیدی ئایندەی جەزائیر و جەزائیریەكانیش لە سایەی حوكمڕانیی تاك حیزب و تاك سەركردە و نادیموكراسیەت و نەبوونی ئازادیەكاندا بۆ ماوەی 57 ساڵی ڕەبەق دەكەوێتە بەر تەوژمی ڕەشەبایەكی هەڵكردووی بەهێز كە پێدەچێت داروپەردووی وڵاتی جەزائیر بەسەریەكدا بدات و بەرەو ئایندەیەكی تاریك و تونی بەرێت.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌