ئیسلامیه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیه‌ت
وتار/
13/02/2019
879 جار بینراوە
عه‌لی سیرینی
ئیسلامیه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیه‌ت و به‌رماوه‌ی مۆدێرنیزمی ڕۆژئاوان
عه‌لی سیرینی
له ده‌یان وتار، شرۆڤه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌م كردووه. لێره
خوڵاسه‌یه‌ك دێنمه‌وه سه‌ر باس و خواس. به‌ڵێ ئه‌و ته‌وژمه‌ی ناوی لێینراوه "فیكری
سیاسیی ئیسلامیی" نه‌ك هه‌ر شكستێكی گه‌وره‌ی هێناوه، به‌ڵكو له سه‌رتاسه‌ری
جیهانی ئیسلام كاره‌ساتێكی پڕ به پێست بوو. له‌وانه‌یه بڵێیت به‌ڵام ئیسلامی سیاسیی
شتی باشی هه‌یه و خه‌ڵكی باشیان له گه‌ڵدایه. مه‌سه‌له‌كه ئاوا هه‌ڵناسه‌نگێنرێت.
به‌ڵكو ده‌بێـت له ڕووی زه‌مینه و كۆی به‌رهه‌م و عاقیبه‌تی ئه‌م ئیسلامی سیاسییه،
بێین دابنیشین، تێرامان و پێداچوونه‌وه بكه‌ین. چونكه غه‌یره ئیسلامیه‌كانیش ده‌كرێت
بڵێن ئێمه‌ش كاری چاك و خه‌ڵكی چاكمان هه‌یه. ئنجا سه‌باره‌ت به شكسته‌كه‌ش،
شكستێكی موڕهككهبه چونكه له لایه‌ك زه‌ڕبه‌یه‌كی كوشنده‌ی له ئیسلامدا، له
لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م ته‌وژمه له به‌رگی حزبی سیاسیی مۆدێرن (به ناوی ئیسلامه‌وه)،
له مه‌یدانی سیاسه‌تدا بوونی هه‌یه، دۆڕان له سه‌ر دۆڕانی دروێنه كردووه و هه‌ر
شكستی هێناوه.
با سه‌ر و بوردهیهكی ئه‌م چیڕۆكه باس بكه‌ین.
ته‌وژمی ئیسلامیی له كوردستان، به‌شێكه له ته‌وژمی ئیسلامیی
جیهانیی كه له میسر سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌م ته‌وژمه باشترین پێناسه بۆی ئه‌وه‌یه
به (الإحیائیة الإسلامیة) پێناسه بكرێـت، واته زیندوو كرنه‌وه‌ی ئیسلام!! باوكی
ئه‌م ته‌وژمه ئیسلام نیه! ئه‌م قسه‌یه‌ی ده‌یكه‌م جارێ هێشتان زووه، ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی
هه‌بێت، ئیسلامیه‌كان بتوانن هه‌زمی بكه‌ن و وتوێژ و لێكۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر ئه‌نجام
بده‌ن. جارێ ناكرێت ئیسلامیه‌كان باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ن بڵێن كه ئیسلام سه‌رچاوه‌ی جم و جۆڵ و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌وان نیه!
چۆن ئیسلام باوكی ئه‌م ته‌وژمه نیه، یان مه‌ڕجه‌عی ئه‌م
ته‌وژمه نیه؟ بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانی بكه‌م بۆ خوێنه‌ر، هه‌ندێك لینكی وتاره‌كانم به
كوردیی و عه‌ره‌بیی له دوای ئه‌م وه‌ڵامانه‌م داده‌نێم، ئه‌گه‌ر ویستی زیاتر وه‌ڵامه‌كانی
منی ده‌ست بكه‌وێت ده‌توانێت چاوێك به لینكه‌كاندا بخشێنێت.
ئیسلام بۆ ئه‌م ته‌وژمه ته‌نها دیكۆری ده‌ره‌وه‌یه،
واته جبه و مێزه‌ر، به‌ڵام زه‌مینه و ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ته‌وژمه شتێكی تره. دوو ڕووداو
یان دوو باروزروف، له ڕێڕهویاندا پێك گه‌یشتوون، بوونه‌ته ئه‌و زگه‌ی له ناو
هه‌ناویدا ته‌وژمی ئیسلامیی له دایك بووه. یه‌كه‌میان، كه ئه‌مه‌یان ڕووداوه
گرنگه‌كه‌یه، ئه‌ویش لاواز بوون و به‌ره‌و ڕووخانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته (خه‌لافه‌تی
عوسمانیی)، له ئاستی سیاسه‌ت و سه‌ربازیی و زانسته نوێیه‌كانی ئه‌وروپا، كه مسوڵمانان
تیایدا دواكه‌وتن. لێره‌دا له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌مه‌وه، له توركیا، جوڵانه‌وه‌یه‌ك
دروست بوو كه زه‌مینه‌ی عه‌لمانیه‌ت و ئیلحاد بوو. ئه‌م بزوتنه‌وه، به ناوی
چاكسازیی له ده‌ستور و ژیانی سیاسی‌دا سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه له لوتكه‌دا
خۆی له ئیتیحاد و ته‌ره‌قیی بینیه‌وه، كه دواتر بووه دایكی ئهتاتۆركیهت (بۆ
زیاتر له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، تكایه بگه‌ڕێوه سه‌ر لینكه‌كان). له میسر ، له
ژێر سێبه‌ری (محمد علی باشا)، له ژێر كاریگه‌ریی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا، بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژئاواگه‌ریی،
به چاودێریی خدێوی ئیسماعیل، ده‌ستی پێكرد. یه‌كێك له سه‌ركرده كاریگه‌ره‌كانی
ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، ڕه‌فاعه ڕافع طههطاویی بوو. له‌م نێوه‌شدا، له هه‌ناوی ته‌شه‌ییوعی
صه‌فه‌ویی، كه هه‌میشه دوژمنه سه‌ر سه‌خته‌كه‌ی ئیسلام بوو (واته ئه‌هلی سوننه
و جه‌ماعه‌ت) ده‌جالێكی ده‌مامكدار هاته نێو جه‌رگه‌ی ئیسلام، له ئیسته‌نبول و میسر.
ئه‌م دوو سه‌نته‌ره گه‌وره‌ی ئیسلام، كه‌وتنه ژێر قوڕسایی گۆڕانكاریه هه‌نوكه‌ییه‌كانی
ئه‌وكات و ئێستاش!
ئه‌م ده‌جاله ناسراوه به جه‌ماله‌دینی ئه‌فغانیی (ڕاستیه‌كه‌ی
ئه‌فغانیی نیه و ئێرانیه و ئهسهدئابادییه) و شیعه‌یه‌كی دوازده‌ییه و دواتر
هه‌م بووه‌ته ماسۆنیی و هه‌میش به‌هایی (واته ئه‌و ناوه‌رۆكه‌ی به‌هایی كاری بۆ
ده‌كرد، ئه‌فغانیی دان ده‌نێت كه ئه‌ویش بۆ هه‌مان ناوه‌رۆك كار ده‌كات). له میسر
ئه‌فغانی مه‌حفه‌لی كه‌وكه‌ب شه‌ڕقی ماسۆنیی دامه‌زراند. له‌م مه‌حفه‌له، كه‌سانی
به ناو بانگی میسر بوونه ئه‌ندام تیایدا، وه‌كو شێخ محه‌ممه‌د عه‌بدۆ و ته‌وفیق
پاشا و...هتد. شێخ محه‌ممه‌د عه‌بدۆ مامۆستای شێخ حه‌سه‌ن به‌ننایه. به‌ننا (به ڕه‌حه‌ت
بێـت)، كه‌وته ژێر كاریگه‌ریی قووڵ و فراوانی ئه‌م بار و زروف و ته‌وژمه به هێزه‌ی
ڕۆژئاواگه‌ریی له میسر. هه‌روه‌ها وه‌كو قوتابیه‌كی زیره‌كی شێخ محه‌ممه‌د عهبدۆش،
له ته‌مه‌نی 22 ساڵیدا، كه‌وته جم و جۆڵی سیاسیی. هه‌ر له‌م ته‌مه‌نه، نازناوی
موڕشید و ئیمامی بۆ خۆی ڕه‌واج پێدا. به‌ڵام، به‌ننا زانای شه‌رع و فقهـ نه‌بوو،
به‌ڵكو مامۆستای زمانی عه‌ره‌بیی بوو. له میانی سیاسهتكردنیش، ڕۆژنامه‌یه‌كی
دامه‌زراند و وتاری تیادا ده‌نوسی، به‌م شێوه‌ش بووه ڕۆژنامه‌نوس. ئێمه وه‌كو مسوڵمان،
پێویسته گومانی خراپ به مامۆستای به‌ڕێز حه‌سه‌ن به‌ننا نه‌به‌ین، به‌ڵكو بڵێین
به نیه‌تێكی پاك ویستی خزمه‌تی ئیسلام بكات، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت هه‌ڵه‌ی
كردووه. له هه‌مان كاتدا له حیجاز، بزوتنه‌وه‌ی وه‌هابیه‌ت سه‌ری هه‌ڵدا بوو. ئه‌م
بزوتنه‌وه توند و تیژه‌ی به ته‌كفیری مسوڵمانان ده‌ستی پێكرد، بۆ تهمكینكردنی
بنه‌ماڵه‌ی ئال سعود باڵی كێشا، به ناوی (الإخوان المسلمون) دامه‌زرا. شێخ حه‌سه‌ن
به‌ننا، كه‌وته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م دوو سیاقه، سیاقی ڕۆژئاواگه‌ریی به ڕێبه‌رایه‌تیی
ئه‌فغانیی و عه‌بدۆ و ئه‌وانیتر، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه‌ی وه‌هابیه‌ت. ئیتر به‌ننا
له ژێر كاریگه‌ریی بزوتنه‌وه‌ی (یخوانولمسلمینی وه‌هابیش) كۆمه‌ڵی ئیخوانولمسلمینی
دروست كرد. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ش بووه دایكی هه‌موو بزوتنه‌وه و كۆمه‌ڵ و حزبه ئیسلامیه‌كانی
جیهان له‌و كاته‌وه تا ئه‌مڕۆ (جگه له بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی له توركیا، كه ڕه‌گ
و ڕیشاڵیی له په‌یامه‌كانی نوره‌وه داكوتاوه و حاڵه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه). كه‌واته
به‌ننا، به‌م دوو ڕه‌هه‌نده كاریگه‌ر بوو: ڕۆژئاواگه‌ریی و ئه‌ده‌بیاتی ماسۆنیه‌ت
و مۆدێرنیزم، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وه و ئه‌ده‌بیاتی وه‌هابیه‌ت. ئه‌م دوو كه‌لتوره‌ش،
له نێو كۆمه‌ڵی ئیخوانولمسلمین، به ئاسانی ده‌بیندرێت بێ ئه‌وه‌ی باسی لێوه بكرێت.
قووڵایی ته‌وژمی ئیسلامیی میسریی (دواتر جیهانیی)، له نێویشیدا
به‌شه‌كه‌ی كوردستان، ئه‌وه‌یه، كه كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی بزوتنه‌وه‌ی پڕۆتێستانتیزمی
ئه‌وروپیی و دواتر شۆڕشی فه‌ڕه‌نسیی. "پڕۆتێستانتیزمی ئیسلامیی" ده‌یه‌وێ
دین مۆدێرن بكات و ئیجتیهاد بكاته گاڵته‌جاریی هه‌موو كه‌سێك و دینیش بخاته ژێر
بیر و بۆچوونی جیاوازی هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت، دین به هه‌وا و هه‌وه‌سی خۆی تێ بگات
(لێره‌شه‌وه‌یه كه سه‌یر نیه مولحیدی گه‌وره له نێو هه‌ناوی ئیسلامیی سیاسیی
سه‌ریان هه‌ڵداوه و له كوردستانیش هه‌ن!). هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ حاڵه‌تێك په‌یدا
بووه، ده‌بینین خه‌ڵك هه‌یه ته‌واو جاهیله، به‌ڵام دێت باس له هه‌موو كایه‌كانی
دین و شه‌رع ده‌كات.
ئه‌م پڕۆتێستانتیزمه ئیسلامیه به چه‌ند شێواز خۆی نمایش
ده‌كات، جارێك به‌ناوی سه‌له‌فیه‌ته‌وه (واته گه‌ڕانه‌وه بۆ نوسخه‌ی یه‌كه‌می ئیسلام
له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه‌كانی، ئه‌مه‌ش ڕێك مونته‌ڵه‌قی پڕۆتێستانتیزمی
مه‌سیحیی بوو (مارتن لۆته‌ر و پێشه‌وایانی تری پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیی)، كه گه‌ڕانه‌وه
بۆ نوسخه‌ی یه‌كه‌می مه‌سیحییه‌ت هه‌نجه‌تی خۆ نمایش كردنه‌كه‌یان بوو)، جارێكیش
به‌ناوی عه‌قڵانیه‌ته‌وه، جارێكی تر به ناوی گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌نها بۆ قورئان (قوڕئانیهكان)،
زۆربه‌ی جارانیش به ناوی نوێخوازیی و ئیسلامێكی سه‌رده‌میانه. له‌م ڕووه‌وه،
واته مۆدێرن بوون، ته‌نها سه‌له‌فیه‌كان ئیستیسنای ئه‌م ته‌وژمه‌ن، كه ئه‌وانیش
بۆ خۆیان توند پابه‌ندی ته‌علیماتی محه‌ممه‌د بن عه‌بدولوه‌هاب و ئیبن ته‌یمیه‌ن
كه سیاقێكن نامۆن به مێژووی مسوڵمانانی 14 سه‌ده، كه تێكڕای ئوممه‌ت كۆك بووه
له سه‌ر ئه‌و عه‌قیده‌یه‌ی هه‌ردوو ئیمام (ئه‌شعه‌ریی و ماتوریدیی) تهدوینیان
كردووه و عه‌قیده‌ی سه‌له‌فه، هه‌روه‌ها له فیقهدا چوار مه‌زهه‌به‌كه (حه‌نه‌فیی،
مالیكیی، شافعیی و حه‌نبه‌لیی) كه ته‌دوینی فیقهی پێغه‌مبه‌ر و سه‌حابه و تابعینه،
وێڕای به‌شێكیش به ناوی (أهل الحدیث) كه شوێنكه‌وته‌ی ئیمام ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌لن.
واته لێره‌دا وه‌هابیه‌ت له گه‌ڵ پڕۆتێزتانتیزمی مه‌سیحیه‌ت له مێتۆدا یه‌كده‌گرنه‌وه،
ئه‌ویش لێدانی توڕاسی دینه‌كه‌یه. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه ده‌بینیت، زانایانی ئیسلام
(واریسی توڕاسی پێغه‌مبه‌ر درودی خودای له سه‌ر بێـت) پشتگوێ خران و ڕیسوا كران. لێره‌دا
پێویسته ئاگادار بین، وه‌هابیه‌ت تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین له گه‌ڵ مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لیی
و ڕێچكه‌ی ئه‌هلی حه‌دیس له عه‌قیده‌دا، چونكه هه‌ر زانا به‌ڕێزه‌كانی ئه‌م مه‌زهه‌به
ڕه‌ددی وههلبیهكانیان داوه‌ته‌وه. ته‌نها قسه‌یه‌كیش ده‌رباره‌ی ئیبن ته‌یمیه،
بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به هه‌ڵه حاڵیی نه‌بێـت، ئه‌وه‌یه كه موجته‌هیدێكی گه‌وره‌ی
مێژووی ئیسلامه و جیاوازیی زۆری هه‌یه له گه‌ڵ محمد بن عه‌بدولوه‌هاب. به‌ڵام
هه‌میشه سودی خراپ له به‌رهه‌مه‌كانی ئیبن ته‌یمیه بینراوه له لایه‌ن گروپه
ئیسلامیه‌كان.
بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كان به كۆڵكه و دواكه‌وتوو، ناو و
ناتۆره‌ی له‌م زانایانه‌ی ئیسلام نا. وه‌هابیه‌كانیش به بیدعهچیی و موشریك و
جاهل و...هتد مامه‌ڵه‌ی ئه‌م زانایانه‌یان كرد! ته‌وژمی (الإحیائیة الإسلامیة)، به‌وه‌ی
كوردستانیشه‌وه، له‌م سیاقه‌ی 14 سه‌ده‌یه ده‌رچووه و بووه‌ته شتێكی تر. مه‌ڕجه‌عیه‌تی
ئیخوان و بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كانی تر مۆدێرنیزمی ڕۆژئاوایه. ئیسلام ته‌نها شوناس
و كه‌لتوره بۆیان. واته ئیسلامیه‌كان عه‌لمانیی ته‌واون ئه‌گه‌رچی دانیش به‌مه
نه‌نێن. چونكه خودی ژیانیان له نێو سیاسه‌ت و مۆدێرنیزم به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌مه. ئه‌وان
به‌شێكن له گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان و حزبایه‌تیی و...هتد كه دروستكراوی
ڕۆژئاوایین. ئه‌گه‌ر نوێژ بكه‌ن و ڕۆژوو بگرن، خه‌ڵكیش هه‌یه له نێو پارتی و یه‌كێتی
نوێژ ده‌كات و ڕۆژوو ده‌گرێـت. كه‌چی له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئیسلامیه‌كان
باسی عه‌لمانیه‌ت و ئیسلام ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی بۆ په‌رله‌مانێك عه‌لمانیه!
مه‌ڕجه‌عی وه‌هابیه‌كانیش له ئاستی دین بن عه‌بدولوه‌هاب و ئیبن ته‌یمیه‌یه و هیچی
تر، له سیاسه‌تیشدا ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌كراوی ئال سعود بوون (هه‌ر
چه‌نده دواتر هه‌ندێك گڕوپی وه‌هابیی له‌م بنه‌ماڵه‌یه ڕاست بوونه‌وه). له
ئاستی سیاسیش‌دا هه‌ردوو لا له‌م ده‌یان ساڵه‌ی دواییدا، ده‌سكه‌لای زلهێزه‌كانی جیهان
و ناوچه‌كه بوون، وه‌كو ئه‌مریكا، ئه‌وروپا، سعودیه، پاكستان، ئێران...هتد. دهسكهلابوونیش
له وه‌هابیه‌كان ته‌نها جامیی و مه‌دخه‌لیی ناگرێته‌وه، به‌ڵكو به ده‌ره‌جه یه‌ك
ئه‌و به ناو سه‌له‌فیه جیهادیانه ده‌گرێته‌وه،
كه ئوممه‌تی ئیسلامیان توشی شكستێكی هه‌ره گه‌وره كرد، بوونه هۆكاری ڕاسته‌وخۆی
خاپوركردنی زۆرێك له وڵات و شاری مسوڵمانان هه‌ر له ئه‌فغانستانه‌وه (1979) تا
ئه‌مرۆ! یه‌كێكیش له گه‌وره‌ترین شكسته‌كان كه هێنایان به سه‌ر مسوڵمانان، 11ی
سێپتێمبه‌ر بوو، كه ئه‌مریكا خۆی ئه‌م تاوانه‌ی ئه‌نجام دا، كه‌چی خستیه ملی قاعیده،
قاعیده‌ش ده‌ستی له ملی خۆی دا و ئهشههدوبیللای به سه‌ر لێدا! كاره‌ساته‌كه‌ش
له‌و ڕۆژه‌وه زۆر به خه‌ستیی، به سه‌ر ئێمه‌ی مسوڵمانی بێ چاره، وه‌ك بارانێكی
به خوڕ ده‌بارێ، هه‌ر تاوێك بوه‌ستێ به لێشاو ده‌ست پێده‌كاته‌وه.
به‌ڵام، با جارێ ئه‌م باس و خواسی ئیسلام و عه‌لمانیه‌ت
و سیاسه‌تی دهسكهلابوون بخه‌ینه ئه‌ولاوه، با باسی ناوخۆی كوردستان و ئیسلامیه‌كان
بكه‌ین. تۆی حزب یان گروپی ئیسلامیی هاتووی واقیعه‌كه‌ت به دڵ نیه و ده‌ته‌وێ بیگۆڕیت،
دید و بۆچوونی جیاوازت هه‌یه، به‌رنامه‌ی جیاوازت پێیه، پلانت له گه‌ڵ ئه‌وانی
تر جیاوازه. ئێ باشه با بزانین تۆ چۆن كار بۆ ئه‌م دید و پلان و به‌رنامه‌یه ده‌كه‌یت،
له سه‌قفێكی زه‌مه‌نیی، كه قابیلی ئه‌وه نیه به مودهتێكی كراوه په‌تی بۆ شل
بكه‌یت؟ پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵام بده‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر باشتر حاڵی بێت،
نمونه‌یه‌كی ساكار ده‌هێنمه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت. با بڵێین تۆی تاك، ده‌ته‌وێ
ببیته خاوه‌ن كارێكی بچوكی وه‌ك وه‌ستای بیناسازیی یان شیرنه‌مه‌نیی یان چاككردنه‌وه‌ی
سه‌یاره...هتد. چی ده‌كه‌یت؟ ئه‌و ڕێگا و پلانانه ده‌گریته به‌ر، كه به‌ره‌و
ئه‌م ئامانج و ئه‌نجامه به‌ڕێت ده‌خه‌ن. بۆ نمونه، سه‌ره‌تا ده‌بیته شاگرد،
دواتر هێواش هێواش كه‌ل و په‌لی خۆت ده‌كڕی. كه سه‌رمایه‌ی كارت لا كۆ بوویه‌وه،
هه‌وڵ ده‌ده‌یت شوێنێك به كرێ بگریت یان بیكڕیت و ئیتر ببیته خاوه‌ن كاری خۆت. ئه‌مه
نمونه‌یه‌كی ساده‌ی ژیانی تاكه له دونیا.
ئێمه میلله‌تێكین، له پانتایه‌كی جوگرافیی دوور و درێژ
و شاخاویی و دژوار ،به سه‌ر چوار وڵات دابه‌شكراوین. هه‌زار و یه‌ك گرفتی سیاسیی
و ئابوریی و كه‌لتوریی و زانستیی و ...هتد مان هه‌یه. له هه‌رێمی كوردستان (باشوری
كوردستان) له ساڵی 1991وه، له سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا، ڕه‌وت و حزب و گروپی ئیسلامیی
هه‌ن. باشه له 1991وه، پلان و كاری ئه‌م حزب و گروپه ئیسلامیانه چیه، بۆ ئه‌وه‌ی
به‌ره‌و ئامانجی سیاسیی و دینیی بیانبات؟ له 1991وه، به‌رده‌وام ئه‌م ته‌وژمه زیاتر
به‌ره‌و لێك ترازان و جیاوازبوون و په‌رته‌وازه‌یی ده‌ته‌قێته‌وه، به هه‌ر چوار
لادا، ده‌بێته كهف و كول و گاڵته‌جاریی ده‌وروبه‌ر. به‌یانیان له خه‌و هه‌ڵده‌ستن،
نان و ماست و په‌نیره‌كه‌یان ده‌خۆن، به‌ره‌و باره‌گا حزبیه‌كانیان (دیواخانهكانیان)
ده‌ڕۆن، له‌وێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن، بزانن هه‌واڵ و ده‌نگ و باس چی هه‌یه. شه‌وانیش
له به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزیۆن داده‌نیشن، وه‌ك خه‌ڵك، ته‌ماشای هه‌واڵه‌كان ده‌كه‌ن.
له نێویشیاندا، له ئاستی سه‌ركرده و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی هه‌یانه خه‌ریكی
پرۆژه‌ی شه‌خصی خۆیه‌تی وه‌كو نوسینی كتێب، یان وتار پێشكه‌شكردن...هتد. له كاتی
هه‌ڵبژاردنیش، هه‌ر چوار ساڵ جارێك دێن، به به‌كار هێنانی سۆزی خه‌ڵك بۆ دین، بۆ
په‌یداكردنی كورسی په‌رله‌مان، كه له ساڵی 1992وه‌وه تا ئێستا، ڕێژه‌كه‌یان زیادی
نه‌كردووه به‌ڵكو كه‌می كردووه. ڕاستیه‌كه‌ی هه‌میشه له كورتیان داوه. چونكه
نه‌یاره‌كانیان خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و زاڵمن، خه‌ڵك له ده‌ستیان ده‌ناڵێنێت،
كه‌چی ئیسلامیه‌كان نه‌یانتوانیوه سود له‌م لایه‌نه گرنگه ببینن بۆ په‌یداكردنی
ده‌سته‌ڵات. ئیسلامیه‌كان، نه‌بووه جارێك دوور له سیاسه‌ت، بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك
بێن، چه‌ندین كه‌س ته‌رخان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ریی بۆ واقیعی
كوردستان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چۆن ده‌ست پێبكه‌ن و چی بكه‌ن. ئه‌ی سه‌یر نیه،
350 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شاعیر و زانایهكت، به ناوی ئه‌حمه‌دی خانی، باسی واقیعی
كوردستانت بۆ بكات، وه‌ك بڵێی باسی ئه‌مرۆ ده‌كات، تۆی ئیسلامیش نه‌توانی بێیت هه‌موو
توانات سه‌رف بكه‌یت له سه‌ر لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م واقیعه، بۆ ئه‌وه‌ی
چیتر له نێو ئه‌م دهووامه خول لێنه‌ده‌یته‌وه و مێژووت هه‌میشه دووباره بوونه‌وه
نه‌بێـت! ئه‌ی عه‌یب نیه، چه‌ندین حزب و گروپی ئیسلامیت هه‌بێت، كه‌چی هێشتان
واقیعه‌كه‌ت هه‌مان ئه‌و واقیعه‌یه، كه خانی پێش 350 ساڵ باسی ده‌كات؟!
باسی لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌م كرد، وایه؟
با پرسیار بكه‌ین، له‌م 30 ساڵه‌ی دوایی، ئه‌ی نه‌ده‌بوو
ئیسلامیه‌كان، هه‌رچی پاره و پولی هه‌یانه، ئه‌وه‌نده‌ی تریشی بخه‌نه سه‌ر، بۆ
ئه‌وه‌ی سه‌دان كادیری باڵا پێ بگه‌یه‌نن له هه‌موو بواره‌كان؟ بۆ نمونه به‌لای
كه‌مه‌وه 100 گه‌نجی به توانای خۆیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ناردبووا، بۆ خوێندن و
به ده‌ستهێنانی ماسته‌ر و دكتۆرا له ئابوریی، 100 قوتابی بۆ خوێندنی زانسته‌كانی
سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندیه نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان، 100 كه‌س بۆ خوێندنی فه‌لسه‌فه، 100-200
كه‌سێكیش بۆ خوێندنی زانسته جۆرا و جۆره‌كانی تر له وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا
و ئوستڕاڵیا. جگه له مه‌ش، په‌یوه‌ندی دروستكردن له گه‌ڵ مه‌لا و زانایانی
كوردستان و ژیان دابینكردنیان و دانانی قوتابی له لایان به به‌رده‌وامیی، بۆ وه‌ده‌ستهێنانی
زانسته شه‌رعیه‌كان. له‌وانه‌یه، ئیسلامیه‌كان بڵێن، جا ئێمه ئه‌و ئیمكانیهتهمان
نه‌بووه. ڕاستیه‌كه‌ی وانیه و ئیمكانیات هه‌بووه، به‌ڵام چونكه عه‌قڵێكی گه‌وره
له نێو ئیسلامیه‌كان نه‌بووه، جگه له هۆكاری تر (وه‌كو نه‌بوونی خه‌مخواری و
پلان!)، بۆیه تا ئێستا نه‌یانتوانیووه ببنه خاڵێكی جیاواز و به‌رچاو، كه بكرـێ
خه‌ڵك هیوای پێیان بێـت بۆ ئایندهی كوردستان. به‌ڵام له به‌ر خاتری وتوێژ، با بڵێین،
ڕاسته ئیمكانیه‌تیان نه‌بووه شتێكی له‌م بابه‌ته بكه‌ن. ئێ باشه تۆ ئه‌م ئیمكانیهتهت
نیه، بۆ سه‌ر و ملت ده‌خه‌یته نێو مه‌عمه‌عه‌ی سیاسه‌ت و دێیت دیواخان به ناوی
حزبی ئیسلامیه‌وه دروست ده‌كه‌یت، خۆت و ئیسلامی پێ ڕیسوا ده‌كه‌یت و ماڵی خه‌ڵكیش
وێران ده‌كه‌یت؟! بۆ ئیسلامیه‌كان وا ده‌كه‌ن؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، ڕاسته سه‌ره‌تا
به هۆی سۆز و دڵسۆزیی ئه‌م حزب یان ئه‌ویتر دروست بووه، به‌ڵام دواتر ڕێڕه‌وی ڕووداوه‌كان
و تێپه‌ڕبوونی كات، به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خصیی و هه‌ستی نۆستاڵیژیای له نێو ئه‌م حزبه
ئیسلامیانه دروست كردووه، كه كردوونی به حزبی دۆگما (به كورتیی وه‌كو ئه‌فسانه‌ی
سیزیف هه‌میشه به‌رده‌كه به كۆڵیه‌وه‌یه و سه‌ر ده‌كه‌وێـت، له نیوه‌ی ڕێگا
خل ده‌بێته‌وه خواره‌وه و سه‌ر له نوێ ده‌ست ده‌كاته‌وه به هه‌مان پڕۆسه و بێزار
نابێت. بیر ناكاته‌وه ئه‌م ڕێگا بێ هوده‌یه ئه‌وه‌نده نهكوتێتهوه و شتێكی جیاواز
بكات!). هه‌ستی نۆستاڵیژیاش ئه‌وه‌یه ئیتر ده‌كه‌وێته نێو عیشقی ئه‌م حزبه،
چونكه یاده‌وه‌ریی خۆی له نویدا هه‌یه و حزب و شوێن و پله و ئیمتیازاته‌كان ده‌بنه
به‌شی هه‌ره ئازیز له ژیانیدا، ناتوانێت بێ ئه‌م به‌شه ئازیزه هه‌ڵبكات!
باسی ئێران و توركیام كرد!
له‌م سێ ده‌یه‌ی دوایی، له نێو سه‌رجه‌م لایه‌نه ئیسلامیه‌كانی
كوردستان، چه‌ند بنكه‌ی لێكۆڵینه‌وه و دیڕاساتت بیستووه، كه دامه‌زرا بێت، بۆ
خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ئه‌م دوو وڵاته گرنگه‌ی كه مێژووی سه‌دان ساڵیان
له گه‌ڵ كورد هه‌یه؟! باشه بۆ توركیا و ئێران ده‌یان، گه‌ر نه‌ڵێین سه‌دان،
بنكه‌یان هه‌یه بۆ لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی كورد و كوردستان، كه‌چی به هه‌موو
ئیسلامیه‌كان بنكه‌یه‌كیان نیه بۆ لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دوو وڵاته؟!
باشه دیسانه‌وه ئه‌گه‌ر توانایان نیه، ئه‌ی ئه‌م ناوه قه‌به و زله چیه ده‌ینێن
به خۆیانه‌وه و ناوی دین خه‌سار ده‌كه‌ن؟! تۆ چۆن ده‌توانیت سیاسه‌ت بكه‌یت، له
كاتێك، بنكه و مه‌ڵبه‌ندی زۆری لێكۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌ت نیه، بۆ واقیعی خۆت
و ده‌ور و به‌رت؟ له‌وانه‌یه كه‌سێك بڵێت، له‌وانه‌یه ئیسلامیه‌كان عه‌قڵیان پێ
نه‌شكابێت! هه‌ر چه‌نده ئه‌م قسه‌یه بۆ خۆی به‌ڵگه‌یه كه ئه‌مانه له سیاسه‌ت
فه‌شه‌لێكی گه‌وره‌یان هێناوه، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش ڕاست نیه. چونكه خه‌ڵكی
دڵسۆز هه‌یه (هه‌ر له نێو خۆیان و له ده‌ره‌وه‌ی خۆشیان)، پڕۆژه‌ی له پێش داناون،
به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئاوڕیان لێی نه‌داوه‌ته‌وه!
ساڵی 2006 هه‌ندێك بیرۆكه و موفره‌داتی ساكارم له به‌ر
ده‌م سه‌ركرده‌یه‌كی ئیسلامیی باسكردن، به ته‌نزه‌وه گوتی "منیش ده‌توانم لێره
دانیشتووم، به خه‌یاڵ پڵاویی، 100 ده‌وڵه‌تت بۆ دروست بكه‌م". ڕاستیه‌كه‌ی
ئه‌و شتانه‌ی باسم كردن په‌یوه‌ندی به ده‌وڵه‌ت دروستكردنه‌وه نه‌بوون، به‌ڵام
هه‌ندێك پرۆژه‌ی واقیعیی بوون، كه ئه‌گه‌ر حزب یان گروپێكی ئیسلامیی تاقه‌تی نه‌بێت
بیانكات، بچنه‌وه ماڵی خۆیان خه‌ریكی عیبادهت بن، خێریان زیاتره له‌وه‌ی سه‌ری
خه‌ڵك گێژ بكه‌ن!
قسه‌كردن له سه‌ر فه‌شه‌ل و تێكشكانی ئیسلامیه‌كانی جیهان
به گشتیی، كوردستان به تایبه‌تیی، بابه‌تێكی دوور و درێژه و به كتێب نوسینیش
ته‌واو نا‌بێـت. دیارترین ڕه‌فتاری ئیسلامیه‌كان كه فه‌شه‌ل و تێكشكانیان زۆر به ڕوونی
نیشان ده‌دات، هه‌ڵس و كه‌وت و مامه‌ڵه‌یانه له نێوان خۆیان. تۆ ته‌ماشای
بزوتنه‌وه و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و سه‌له‌فیی و ئیسلامیه‌كانی تر بكه، بزانه به
چ بوغز و غه‌ره‌ز و ڕك و كینه‌یه‌ك و شه‌ڕه جنێوێك به‌رامبه‌ر یه‌كتری ده‌خوێنن! ئایا به‌م شێوه پرۆژه و به‌دیلی
ئیسلامیی دێننه پێشه‌وه؟
ئه‌ی له ڕووی زانسته شه‌رعیه‌كان، كه له‌وه‌تای ئیسلام
سه‌ری هه‌ڵداوه، صیفه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی ئوممه‌تی ئیسلامه، وه‌زعی ئیسلامیه‌كان
چۆنه؟! قسه‌كردن له سه‌ر ئه‌م بواره كاره‌ساتێكی ته‌واوه. چونكه وێڕای ئه‌وه‌ی
ئه‌م ئیسلامیه هاوچه‌رخانه‌ی دونیای ئه‌مرۆ، نه‌وه‌ی مۆدێرنیزم و ڕۆژئاواگهرین،
بۆ خۆیان فقهـێكی سه‌رده‌میانه‌ی خۆیان هێناوه‌ته كایه‌وه، فقهی ئیمامه‌كان و
زانایانیان پێ شتێكی دواكه‌وتوو و ئێكسپایه‌ره! خۆیان پێ زاناتره له زانایانی 14
سه‌ده‌ی ئیسلام! ئه‌مه‌ش ڕێك ناوه‌ڕۆكی پڕۆتێستانتیزمی مه‌سیحیه‌ته، له ڕێگای مه‌دره‌سه‌ی
ئه‌فغانی و عه‌بده، بۆ ئیسلامیه‌كان گواستراوه‌ته‌وه!
ئێمه مسوڵمانین. ئه‌وه‌ی كۆمان ده‌كاته‌وه ئیسلامه. ئه‌ركی
مسوڵمان له ژیاندا، دوای باوه‌ڕ هێنان به ئیسلام، دوو شتی سه‌ره‌كیه. یه‌كه‌م عیباده‌تكردنی
خودای گه‌وره‌یه، دووه‌میش بانگه‌وازكردنه بۆ ئه‌م دینه. ئیسلامیه‌كانی
كوردستان، سێ ده‌یه‌یه له ئه‌رزی واقیعدا هه‌ن. كه‌چی میلله‌تی كورد، رۆژ به ڕۆژ،
له ئاستی ویژدان و ئه‌خلاقدا به‌ره‌و خراپیی و دژواریی، سه‌ری ناوه‌ته ڕێگای شۆر
بوونه‌وه، به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكی دۆزهخاویی. ڕۆژانه، كوشتن و داوێن پیسیی و زوڵم و
سته‌م، زیاتر په‌ره ده‌ستێنێت. كه‌چی ئه‌و به‌ناو بانگه‌وازه‌ی ئیسلامیه‌كان ده‌یكه‌ن،
گوایه بۆ ئیصڵاحكردنی خه‌ڵكه، وه‌كو چاندنی گه‌نمه له سه‌ر ئاوی ده‌ریا، هیچ
بهروبومێكی ئه‌وتۆی نیه. لێره‌دا، هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كان دوو شتن و هۆكاری تریش
هه‌ن. یه‌كه‌م چونكه ئیسلامیه‌كان وازیان له‌و توڕاسهی ئیسلام هێناوه، كه پێش
سه‌رهه‌ڵدانی (الإحیائیة الإسلامیة)، هه‌میشه ژیان و ده‌ستور و شێوازی هه‌ڵس و كه‌وتی
مسوڵمانان بووه. دووه‌میش ئه‌وه‌یه، بانگه‌واز بۆ ڕێگای خودا بووه‌ته قوربانی
ئه‌م وازهێنانه، چونكه له جێگه‌ی ئیسلام، بیر و بۆچوونی تری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م
بازنه‌یه هاتووه جێگای ئیسلامی گرتووه‌ته‌وه، وه‌كو وه‌هابیه‌ت (لقێكی بچوكه
له نێو شوێنكه‌وتووانی مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لی سه‌ری هه‌ڵداوه، كه به پێی فوقه‌ها
و زانایانی ئه‌م مه‌زهه‌به، ئه‌م وه‌هابیانه هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه و له بازنه‌ی
ئه‌هلی سوننه و جه‌ماعه‌ت نه‌ماون. دیاره گروپه وه‌هابیه‌كانیش له نێو خۆیان
ئه‌م پێناسه بۆ یه‌كتری به‌كار دێنن، وه‌كو بۆ نمونه: خه‌واریج). هه‌وره‌ها جگه
له وه‌هابیه‌ت، ئه‌م دید و تێڕوانینه سیاسیه مۆدێرنانه‌ی ئیسلامیه‌كانه، كه
به ڕاستیی دوور له ئیسلام، وه‌ها خۆیان له سیاسه‌ت و بیر و بۆچوونه سه‌رده‌میه‌كان
وه‌رداوه، بوونه‌ته ئه‌و مه‌هزه‌له‌یه‌ی له جیاتی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریان به‌سه‌ر
خه‌ڵكه‌وه هه‌بێت، به‌ره‌و چاكه، بوونه‌ته بنێشته خۆشه‌كه‌ی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت
سه‌ر لێشوێواندنیان له ئاست ئیسلامدا. ئنجا لێره‌شدا، بانگه‌وازكردن بۆ ڕێگای
خودا و فه‌رمان به چاكه و نه‌هی له خراپه، كراوه‌ته قوربانی ململانێی سیاسیی
و شه‌ڕه كورسی هه‌ڵبژاردن، نه‌ك هه‌ر له نێوان ئیسلامیه‌كان و ئه‌وانیتر، به‌ڵكو
له نێو خودی ئیسلامیه‌كانیش!
حزبه ئیسلامیه‌كان وه‌كو پارتی و یه‌كێتی و ئه‌وانی تر،
گیرۆده‌ی ئه‌و واقیعه ته‌پیوه‌ی كوردستانن، كه بنه‌ماڵه و سه‌ركرده و ململانێی
نێوان كه‌سایه‌تیه باڵاكان و حه‌سودیی و بوغز و غه‌ره‌زی نێوانیان، ڕۆڵی زۆری هه‌یه
له دامه‌زراندن و وێناكردنی بوون و هه‌بوونیان، وه‌كو ته‌وژم و حزب و گروپ و
بزوتنه‌وه. لێره‌دا، به‌ڵێ ئیسلامیه‌كان فۆڕمێكی تری سه‌د باره بووه‌وه‌ی میلله‌تی
كوردن، كه ماتۆڕێكی به‌هێز نیه گه‌ڕی گۆڕانكاریه‌كی ڕیشه‌یی بدات له نێو پێكهاته‌كانی،
له به‌ر هۆكاری زۆر، له‌م لینكانه باسی ئه‌م هۆكارانهم كردوون:
http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=364
http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=373
http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=380
سه‌باره‌ت به خه‌ونی ده‌وڵه‌تبوونیش له كوردستان، ئه‌م
خه‌ونه هه‌ر ده‌مێنێت و په‌یوه‌سته به گۆڕانكاریه نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان و هه‌رێمیه‌كان.
هه‌ر چه‌نده ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیی ته‌واو شڕ بووه و ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه بوو
ئوممه‌تی ئیسلامی ته‌فروتونا كرد و كردیه مه‌سخه‌ره‌ی دوژمنانی، به‌ڵام هێشتان زه‌مینه‌ی
هه‌ر ماوه له نێو مسوڵمانان و له جیهانیشدا، چونكه به‌دیله واقیعیه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی
ناسیۆنالیی، له ڕۆژئاوا و له جیهانی ئیسلامدا، هێشتان بوونی نیه. له ڕۆژئاوا،
یه‌كێتی ئه‌وروپا نمونه‌ی ئه‌م به‌دیله بوو بۆ به‌ره‌و (حكومه‌تی جیهانیی یان ده‌وڵه‌تی
جیهانیی)، كه‌چی ئێستا له ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه ده‌ژیێت و نه‌بووه‌ته به‌دیل. له جیهانی
ئیسلامیش، هیچ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تێكی به هێز نیه جگه له ئیسلام نه‌بێـت،
ئه‌ویش جارێ له واقیع دووره.
له كۆتایی قسه‌یه‌ك ماوه بیكه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، گه‌وره‌ترین
خزمه‌ت بۆ ئیسلام و مسوڵمانانی كوردستان، ئه‌وه‌یه ئه‌م حزبه به‌ناو ئیسلامیانه
هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه. ئێمه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌سڵی خۆمان كه مسولمانین و
ته‌نها ئیسلام بازنه‌ی كۆ كه‌ره‌وه‌مان بێـت. لێره‌شدا، زانایانی شه‌رع بهێنرێنه
پێشه‌وه، ببنه‌وه رابه‌ڕ و ڕێ پیشانده‌ری مسوڵمانان. له‌م میانه‌شدا، بانگه‌واز
بكرێـت و په‌رته‌وازه‌یی و بوغز و كین و ناحه‌زیی له نێو مسوڵمانان نه‌مێنێت، ئیعتصام
به په‌تی خودای گه‌وره‌وه بێـت. به‌م شێوه، كاریگه‌ریی له سه‌ر خه‌ڵكی تری ده‌سته‌ڵات
و شوێنكه‌وتووانیان به هێزتر ده‌بێـت. كه تا ئێستاش ئه‌م كاریگه‌ریه نه‌بووه،
چونكه ئیسلامیه‌كان خۆیان وه‌ك ڕكابه‌ری سیاسیی و نه‌یاری ده‌سته‌ڵات هێناوه‌ته
پێشه‌وه، كه هه‌ستی ترس و ئاساییشی لای هێزه‌كانی ده‌سته‌ڵات بردووه‌ته پله‌یه‌كی
باڵا، تیایدا هێز و زه‌بر و زه‌نگ دژی ئیسلامیه‌كان به‌كار هاتووه، له ترسی ئه‌وه‌ی
بێن ده‌سته‌ڵات لا بده‌ن. له هه‌مانكاتدا، له به‌ر ئه‌م ترسه ئه‌منیه، ده‌سته‌ڵات
په‌نای بردۆته به‌ر ئه‌و داروده‌سته چڵكاوخۆر و به‌رژه‌وه‌ند په‌رست و نزمه،
كه ئاماده‌یه هه‌موو تیرۆرێك دژ به میلله‌ت ئه‌نجامبدا، بۆ هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێك بێت،
له پێناو پێكانی ئامانجه گڵاوه‌كانیان. لێره‌شدا، سه‌باره‌ت به ئیسلامیه‌كان،
بانگه‌واز و قسه‌ی خێریان وه‌رنه‌گیراوه چونكه ئه‌وان له مه‌وقیعی ناصح و
چاكخوازیهوه ئه‌مه‌یان نه‌كردووه، به‌ڵكو وه‌ك مه‌ترسیه‌كی چاوه‌ڕوانكراو بۆ سه‌ر
ده‌سته‌ڵاتێك، ئه‌وان هه‌میشه به كافر و گه‌نده‌ڵ و نا ئیسلامیی وه‌صفیان كردووه.
تۆ كه بوویته حزب و ڕكابه‌ری هه‌ڵبژاردن، ده‌بێ ئه‌وه بزانیت، كه بانگه‌وازت بۆ
دین له لایه‌ن خه‌ڵك به گشتیی، به تاكتیكی سیاسیی و هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌ڵات
مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ ده‌كرێت. ئه‌م بانگه‌وازه‌ش هه‌میشه شكست ده‌هێنێت. له مێژووه‌وه
نمونه‌ی موعته‌زیله‌كان باشترین به‌ڵگه‌یه، كه وه‌ك گروپێكی تینوو بۆ ده‌سته‌ڵات
هه‌وڵیان ده‌دا. ده‌سته‌ڵاتیشیان گرته ده‌ست و بانگه‌وازه‌كه‌ی خۆیان به زۆر به
سه‌ر خه‌ڵكدا سه‌پاند، كه‌چی عاقیبهتهكهی له ناو چوونیان بوو. به‌ڵام ئیمام ئه‌حمه‌د
بن حه‌نبه‌ل به ته‌نیا، توانی هه‌موو خه‌ڵكی به‌غدای ئه‌وكات و شار و شارۆچكه‌كانی
جیهانی ئیسلام، ته‌نها به وشه و وه‌ره‌ع و ته‌قوا بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و به ته‌نیا
ببێته ئوممه‌تێك. ده‌سته‌ڵات، هه‌ر چه‌نده ئیسلامی‌یش بوو، پاره و پول و مه‌نسه‌بی
به سه‌ر ئه‌م ئیمامه فه‌ڕز ده‌كرد، ئه‌ویش هه‌تا مرد هه‌ر ڕه‌تی ده‌كرده‌وه و
به نانه وشكه ده‌ژیا. نمونه‌ی ئیمام ئه‌حمه‌د بن حه‌نبه‌ل، ئیمام سه‌عیدی نوڕسیه،
كه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌مان مێژووی دووباره كرده‌وه. كه‌ی ئیسلامیه‌كان
بوونه شوێنكه‌وته‌ی ئه‌م دوو ئیمامه و ئیمامه‌كانی تری هاوشێوه‌یان، ئه‌وكات ده‌توانن
ببنه ڕوناكی بۆ خۆیان و بۆ مسوڵمانان به گشتیی.
بێ ئه‌م ڕێگایه، ئه‌وه‌ی من به نه‌زانین و فه‌قیرحاڵیی
خۆم ده‌یبینم (واته هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حزبه ئیسلامیه‌كان و باقی شته‌كانی تریش
كه باسم كردوون)، دیمه‌نێكه له شێوازی قۆچ لێدانێكی چه‌ند به‌رانێك له دامێنی
شاخێكی سه‌ر سه‌خت، به هیوای ڕوخاندنی. قۆچ لێدانه‌كه به‌رده‌وامه، شاخه‌كه‌ش
هه‌ر وه‌ك خۆیه‌تی و عیبڕهتیش جێگای نیه له نێو ئه‌م به‌رانانه. له نێو ئاپۆڕای
ته‌قه‌ته‌قی قۆچ لێدان و هه‌راوهۆریای ئه‌م به‌زمه، ئامۆژگاریش وه‌ك شنه بایه‌كه،
له نێو پێچه زل و دژواره‌كانی گه‌رده‌لولی تۆزاویی ئیسلامیه‌كان ون ده‌بێت.
30 ئۆكتۆبه‌ری 2018
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
هه‌ندێك لینكی ئه‌و وتارانه‌ی ترم كه په‌یوه‌سته به‌م
ته‌وه‌رانه‌ی ئه‌م وه‌ڵامانه:
http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=1906
http://www.shanpress.com/Wtardetails.aspx?jimare=1962
به عه‌ره‌بیی، وتارێكی سێ به‌ش به ناونیشانی (الطریق
نحو نهضة الأمة الإسلامیة):
https://www.sasapost.com/author/846/
هه‌روه‌ها:
https://issuu.com/alisirini
نوێترین نوسینەکانی عه‌لی سیرینی
-
عه‌لی سیرینی
13/02/2019
-
عه‌لی سیرینی
31/01/2019
-
عه‌لی سیرینی
26/01/2019
-
عه‌لی سیرینی
06/01/2019
-
عه‌لی سیرینی
18/12/2018
-
عه‌لی سیرینی
14/11/2018