ئەرێ یەكێتی و گۆڕان بۆ وادەكەن ؟
وتار/
04/02/2019
660 جار بینراوە
نهوزادی موههندیس
ئەرێ
یەكێتی و گۆڕان بۆ وادەكەن ؟
======================
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
• ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت
لەنێوان یەكێتی و گۆڕاندا كارێكی زۆر نائاساییە،لەوەی كە ناتوانن بەربەست و سەهۆڵبەندانی
نێوانیان بتوێننەوە و لەیەكدی نزیك ببنەوە و دواتریش كۆببنەوە و هەموو ڕاز و نیاز
و گلەیەكانی خۆیان لەیەكتری بكەن و پەیوەندیەكانیان ئاسایی بكەنەوە.ئاخر ناكرێت و
كارێكی لۆژیكیش نیە كە دووهێزی گەورە و خاوەن جەماوەر و نفوز و پێگەی سیاسی و لەناوچە
و جوغزی جوگرافیایەكی دیاریكراودا پێكەوە كارنەكەن و لەیەكتر نزیك نەبن و ئاڵوگۆڕی
بیروڕا لەنێوانیاندا نەبێت و نەتوانن پێكەوە كاربكەن و نەخشەڕێگا بۆچارەسەری كۆی كێشە
و ململانێ ناوخۆییەكانی خۆیان و كوردستان و تەنانەت عێراقیش پێشكەش نەكەن.یەكێتی
و گۆڕان زۆرجاران دەوترێت هەردووكیان دوو لقی سەرەكی درەختی هێزێكی ڕەسەنی كوردایەتین
و هەردووك پێكەوە دەتوانن شانبدەنە بەر زۆرێك لە كێشە و ململانێكان و هەردووكیش پێكەوە
دەتوانن گەلێك كار و پڕۆژەی گەورەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و ئەمنیش پێشكەش بكەن
لانی كەم بۆ ئەم ناوچەیەی پێی دەوترێت ناوچەی سەوز،چونكە هەردووكیان خاوەنی مێژوویەكی
هاوبەشی 34 ساڵەی خەباتی شاخ و شارن و هەردووك پێكەوە تاڵ و شیرینی زۆریان چەشتوە
و هەردووكیان خاوەنی دوو سەركردەی كاریزما و مێژوو كردبوون((مام جەلال و كاك نەوشیروان))و
هەردووكیان هەڵگری دروشمەكانی ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری وگۆڕانكاری و
چاكسازی و مافی چارەنوسی میلەتەكەمانن بە ئێستاشەوە بێت جەماوەرەكەشیان تێكەڵ و نزیكن
لەیەكتری و یەكێتی و گۆڕان وەك گیانێكن لە دووجەستەدا.
• بەداخیشەوە لەبەرامبەریشدا
هەردووكیشیان پێكەوە خاوەنی هەندێك سروشتی ناڕێك و ناتەندروستی حیزبایەتین كە هۆكاری
سەرەكین بۆ لاوازبونیان و خاوبونەوە و كەمبونەوەی
هێز و جەماوەر و توانایان بۆ یەكتر قبوڵكردن و ڕووبەڕووبونەوەی هێزە بەرامبەرەكانیان
و هێواش هێواش بەرەو قەتیس و بچوكبونەوەی بەردەوام هەنگاودەنێن بەشێوەیەك لەهێزێكی
گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ناوچەییەوە بۆ ئەوەی ببنە هێزێكی لۆكاڵی ناوچەیەكی
بچوك و دیاریكراو.ئەوانیش بوونی ململانێیەكی ناڕەوای ناوخۆیی لەناو خودی هەریەكەیاندا
و باڵباڵێنی ناڕەوا و بیروڕای دوور لەیەكتر و هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی لایەك
و گروپێك بەسەر ئەویتریاندا و دووركەوتنەوەیان لە دروشمەكانی دیموكراسی و ئازادی و
ڕێزگرتن لە پڕەنسیپە حیزبیەكان و دووركەوتنەوە لە حیزبێكی یەك و یەكگرتووی خاوەن
ناوەندێتی بڕیار و دیموكراسیەتێكی مەركەزی وەك ڕچەیەكی خەبات و كاركردنی حیزبیانە
ونەبەستنی كۆنگرە و هەندێك جاریش پەنا بردنە بەر هۆكار و میكانیزمی دوور لەهەموو گیانێكی
برایانە و شۆڕشگێڕانە كە هەموو ئەم سیفات
و هەڵسوكەوت و بیركردنەوانە وەكو میراتێكی مەترسیدار لەیەكێتیەوە گوازراونەتەوە بۆ
ناو سەركردایەتی و ئۆرگان و جەماوەرەكەی گۆڕانیش كە لەبنچینەدا هەموانیان هەر لە
كانیاوەكەی یەكێتیەوە ئاویان خواردۆتەوە و بۆیەش بەردەوامی هەیە.
• بەداخەوە هەر ئەم
ململانێ ناڕەواییانە لەژێر پەردەی بونی دیموكراسیەت و ئازادیەكان و فرەیی بیروبۆچوون
و هەمەڕەنگی و هەمە دەنگی جیاواز بونەتە هۆكاری لێكهەڵوەشان و جیابونەوە بەردەوامەكان
لەناو ڕیزەكانی یەكێتی و لە ئێستاشدا لەناو ڕیزەكانی گۆڕانیشدا سەریانهەڵداوە،زۆربەشیان
پاڵنەر و هۆكارەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵپەكردنی وەرگرتنی دەسەڵات و پلە و پۆستی حیزبی
و حكومی نەك جیاوازی لە ئایدیاو ڕچە وفكر و ڕێبازی خەبات وكاركردندا.
• لەدوای جیابونەوەی گۆڕان
لەیەكێتی و هەردوای كەمتر لە 5 ساڵ هەستكرا بەوەی كە پێویستە ئەم دوو هێزە لەیەكتر
نزیك ببنەوە دوای پڕۆسەی دوو هەڵبژاردن لەهەرێمی
كوردستان و لە بەغدادیش لەساڵانی 2009 و 2010داو دەركەوت كە هێز و پێزی هەردوولایان
دابەشبوون و ناتوانن بارتەقای هێزی نەیارە مێژووییەكەیان ببنەوە نە لەكوردستان و نە
لە عێراقیشدا، بۆیە گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە لێكتێگەیشتن و نزیكبونەوە لەنێوانیاندا
ڕووبدات . ئەوەبوو لە ساڵی 2012دا ڕێكەوتنامەی دەباشانی /1 و دواتریش دەباشانی/ 2
بە ئامادەبوونی هەردوو ڕەوان شاد(( مام و كاك نەوشیروان)) واژۆكران و دواتریش لەدوای
هەڵبژاردنەكانی 2013 و 2014ی هەرێم و عێراق جارێكی تر و لە ئەنجامی بەدەستهێنانی ئەنجامە
مەترسیدارەكانی هەردوولا لەبەرامبەر هێز و سەركردەی تردا كەوتنەوە خۆ بۆ زیاتر لێكنیزكبونەوە و بەتایبەتیش
لەسەر دەمی نەخۆشكەوتنی هەردوو ڕەوانشادەكاندا و ئەوەبوو لە 16/5/2016دا بە ئامادەبوونی
هەردوو سكرتێر و ڕێكخەری گشتی یەكێتی و گۆڕان لە دەباشانی شاری سلێمانی ڕێكەوتنی سیاسی
واژۆكرا و ئیدی بۆهەموان هەواڵێك و هەنگاوێكی دڵخۆشكەربوو و ئومێدی زۆریشی لەسەر هەڵچنرا.
• بەڵام بەداخەوە بۆ جارێكی
تریش ئەم ڕێكەوتنە نەبوە فریادڕەس و جێگەی بەناكۆكی و ململانێكانی هەردوولا هەڵنەچنی
و نەیتوانی ئاوێك بكاتە سەر ئەو ئاگرەی كەلەناخی هەندێك سەركردە و لایەنگری هەردوولادا
دژ بەیەك هەڵایسابوو و هەریەكەشیان لەناو هەردولاوە لەهەوڵی تێكشكاندن و سەرنەخستن
و ڕێگری دروستكردن بوون بۆ ڕێكەوتنەكە و لەئەنجامیشدا ئەو دوو هێزە شەڕانی و نەگریسە
بە مەرامەكانیان گەیشتن و وتە بەناوبانگەكەی ڕەوانشاد كاك نەوشیروان مستەفایان هێنایە
دی كە وتی((عیبرەت لە نوسیەوەدا نیە و عیبرەت لە جێبەجێكردندایە)).هەرواش دەرچوو كە
نەهێڵرا جێبەجێ بكرێت،جا ئەو هێز و كەس و لایەن و دەستڕۆیشتوانە كێبوون و كێن لە
ئێستاشدا ،ئەوا دەبێت مێژوو ڕووی ڕەشیان هەڵماڵێت چونكە گەلێك دەسكەوتی گەورە و
گرنگیان لەدەست كوردستان و بەتایبەتیش سلێمانی دا.
• لەئێستاشدا ماوەی زیاتر
لە 10 مانگە یەك كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەنێوانیاندا سازنەكراوە و هیچ هەوڵێكی جدیش نیە
بۆ پێكەوە دانیشتن و كاركردن نە بەنهێنی و نە بەئاشكرا،بۆیە بەڕاستی ئەمە كاری كردە
نیە و بگرە كارەساتیشە چونكە لەسیاسەتدا هەموو كات بەرژەوەندیەكان پاڵنەر و هۆكاری
سەرەكین بۆ دروستكردن و ڕاگرتنی پەیوەندیەكان نەك دوژمنایەتی و دۆستایەتی و سیاسەتیش
بە ڕق و كینی كۆن ناكرێت و هیچ بەرهەمێكیشی لێ شین نابێت،بەهەمان شێوە ناكرێت ئەم
دۆخە قەتیس و بەستەڵەكبوەی نێوانیان تاسەر درێژە بكێشێت لەكاتێكدا هەردوولایان زۆر
پێویستیان بەیەك و بەپێكەوەكاركردن هەیە نەك تەنها لەپێناو بەرژەوەندی حیزبایەتی خۆیاندا
بەڵكو لەپێناو ئایندەی هەرێمەكە و میلەتەكەشماندا،لەكاتێكدا كە هەرێم و عێراق و
ناوچەكەش لەبەردەم گۆڕانكاری گەورە و كتوپڕدان و دەشێت لەهەر ئان وساتێكدا هەرێم
ببێتە گۆڕەپانی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتی و تیرۆریستەكانیشدا.
• بۆیە گەر ئەو پرسیارە
بكەین و بڵێین ،ئەرێ ئەو ناكۆكی و خاڵە جیازایانە چین لەنێوان یەكێتی و گۆڕاندا كە
ڕێگرن تەنانەت لەبەردەم كۆبونەوەیەكی دووقۆڵیتاندا ؟ ئایا ناكۆكی و خاڵە جیاوازەكانتان
لە جیاوازیتان لەگەڵ هێزە نەیارەكەتاندا گەورەترە ؟ئایا لۆژیكە پارتی لەگەڵ هەردولاتاندا
كۆببێتەوە بەجیا كەنیەتێكی باشیشی نیە،بەڵام ئێوە لەشارێك و لەناوچەیەك و نزیكترن
لەیەكتر كەچی كۆنابنەوە؟ئایا ئەمە كاری سیاسی و حەكیم و خەمۆرانەیە یان كاری ڕق و
كین و سەنگەر لەیەكگرتنە؟
بەدڵنیایی
دەڵێم هیچكات ململانێ و ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان بەهێندەی جیاوازی و ناكۆكیەكانی
نێوان پارتی و هەردوولاتاندا نیە،لانی كەم خوێن لەنێوان هەردوولاتاندا نەڕژاوە و شەڕی
ناوخۆتان هەڵنەیساندوە و موڵك و ماڵی یەكترتان داگیر نەكردوە و سەروەت و سامانی میلەتیشتان
لەنێوخۆتاندا دابەش نەكردوە،بۆیە دەكرێت بە گیانێكی دڵسۆز و خەمخۆرانەی زیاترو پەرۆشانە
تر لەیەكتر بێنە پێشەوە و هەنگاو بەسەر هەموو ناكۆكی و ململانێكاندا بنێن و لاپەڕەیەكی
نوێ هەڵبدەنەوە و دەستبدەنە كاری پێكەوەی و ئەوەی هەردوو ڕەوانشادەكان دەستیان پێكرد
ئێوە تەواویان بكەن و لەگەڵ هێز و لایەنەكانی تری ئەم ناوچەیە و تەواوی كوردستاندا
دەستبدەنە دەستی یەكتر و هاوكاری و لێكتێگەیشتن دروستبكەن و هەموو كات ڕۆژانی سەختی
خەباتی پێكەوەیی شار و شاخ وەبیر یەكتر بهێنەوە و ڕۆژانی ڕەشی شەڕی ناوخۆی نەگریس
و قێزەون و دەركردنی وەزیر و ڕێگەگرتن لەسەرۆكی پەڕلەمان و داخستنی دەرگای پەڕلەمان
بهێنەوە یادی خۆتان و ئەو ڕاستیەش بزانن كە بەیەكەوە و لەگەڵ یەكتر بەهێز و زیاتر ڕێزلێگیراون
نەك وەك ئێستا دوور لەیەك و دڕدۆنگ و ناحەز و دوورە پەرێز بن،چونكە بەردوامبوونی ئەم
ناكۆكیانەتان سەردەكێشێت بۆ زیاتر بچوكبونەوە و بێهزیتان لەبەرامبەر هێزە نەیارەكەتاندا.
بۆیە
دەكرێت بەزووترین كات یەكەم كۆبونەوەی دوو قۆڵی ئەنجامبدەن و لەسەر یەك نەخشەڕێگاش
بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكانی كوردستان و كەركوك و عێراقیش ڕێكبكەون و كاری جدی بكەن
بۆ پێكەوەنانی حكومەتی نوێی هەرێم و بەگەرموگوڕی و بەدەسەڵاتیشەوە تیایدا بەشداربن
وو ببنە شەریكێكی ڕاستەقینەی خاوەن بڕیار لە پێناو باشتر خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكدا
و ڕێكەوتنە سیاسیەكەی 16/5/2016ش ببوژێنەوە،كەهەر بەم هەنگاوانە دەتوانن هەردوولاتان
ببنەوە جێگە متمانە و ئومێد بۆ دۆست و لایەنگرانتان و بۆ تەواوی جەماوەری میلەتەكەشمان
و سەركردە و حیزبە سیاسەكانی تریش چونكە لەئەنجامی بێهێزی هەردوولاتانەوە ئەوانیش
بچوك و بچوكتر بونەتەوە و بە گەشانەوە و بەهێزبونەوەی ئێوەش گەشانەوەی هەموان و تەواوی
كوردستانیشی لێدەكەوێتەوە.
نوێترین نوسینەکانی نهوزادی موههندیس
-
نهوزادی موههندیس
17/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
07/09/2021
-
نهوزادی موههندیس
29/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
21/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
12/08/2021
-
نهوزادی موههندیس
04/07/2021