پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌ وا ئاسان نیه‌!!

وتار/ 23/01/2019 686 جار بینراوە

كامه‌ران بابان زاده‌

پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌ وا ئاسان نیه‌!!

كامه‌ران بابان زاده‌
له‌سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، نوسیبووم به‌لای كه‌مه‌وه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌تا نه‌وررۆز ده‌خایه‌نێت، ئێستا پێم وایه‌ له‌و به‌رواره‌ش دره‌نگتر ده‌كه‌وێ چونكه‌:
یه‌كه‌م: فاكته‌ری ده‌ره‌كی له‌گه‌ڵا راگرتنی هاوسه‌نگی نێوان پارتی‌و یه‌كێتیه‌، به‌رژوه‌ندی له‌ راگرتنی ئه‌و هاوسنه‌گیه‌ دایه‌, به‌و هاوسه‌نگیه‌ به‌غداو وڵاتانی ئیقلیمی‌و ئه‌مریكاو وڵاتانی دیكه‌ ئاسانتر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌پارێزن, حاله‌تی وه‌كو ریفراندۆمی 25/9/ 2017 دووباره‌ نابێته‌وه‌. زوو درزیان تێده‌كه‌وێ، ئاسان رام ده‌كرێن.
دووه‌م: پارتی ده‌یه‌وێ كورسیه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ راسته‌قینه‌ نیشانی یه‌كێتی بدات‌و ئه‌ویش به‌پاساوی نفوزی ده‌سه‌ڵات‌و پێگه‌ی له‌ كه‌ركوك‌و به‌غدا رازی نه‌بێت وه‌كو ژماره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا 45 كورسی پارتی بكات. هه‌ردوولا له‌ دۆخێك چه‌قیون، پارتی به‌ نیازی ده‌ستكه‌وتی زۆر زیاتر له‌م كابینه‌ تازه‌یه‌و یه‌كیتی نایه‌وێ له‌وه‌ی هه‌یه‌تی به‌لای كه‌مه‌وه‌ داببه‌زێ.
لێره‌دا هه‌تا ئه‌و دوو هێزه‌ نه‌گه‌نه‌ ئه‌نجام زه‌حمه‌ته‌ پارتی له‌گه‌ڵا ئه‌و هێزانه‌ی ئاماده‌ییان تێدایه‌ بگاته‌ ئه‌نجام, هه‌تا ئه‌گه‌ر په‌نجه‌شی نه‌رم بێت بۆ داواكاریه‌كانیان، چۆنكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی له‌سه‌ره‌, له‌هه‌مان كاتدا هیچ هێزێك نایه‌وێ به‌شداری حكومه‌تێك بكات له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان باڵاده‌ست نه‌بێت. به‌دیلی ئه‌مه‌ چاوه‌ڕوانی كردنی پارتی‌و یه‌كیتیه‌ هه‌تا ده‌گه‌نه‌ رێكه‌وتن به‌ دڵنیایی ئه‌وكات ئه‌وان جارێكی تر به‌ به‌رژوه‌ندی رێكه‌وتنی تازه‌ حكومه‌ت به‌رێوه‌ ده‌به‌ن، حكومه‌تی دابه‌شكاری, راسته‌ په‌نجا به‌ په‌نجا تێپه‌ڕی به‌س خۆ خه‌ڵكی كوردستان‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانی تر گرفتیان له‌گه‌ڵا په‌نجا به‌ په‌نجا نه‌بوو وه‌كو ژماره‌ با ئه‌م جاره‌ دوو ژماره‌ی تر بێت بۆ ئه‌و دابه‌ش كاریه‌, له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دابه‌ش كاری له‌ ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌ت بۆ دوو هێز كه‌ جیاوازن له‌گه‌ڵا هێزه‌كانی دیكه‌ به‌وه‌ی نفوزی جیاواز‌و ئابووری‌و هێزی سه‌ربازی‌و ئه‌منی جیاوازیان هه‌یه‌، دوو ئێداره‌یی له‌ ناوه‌ڕۆك‌و یه‌ك هه‌رێمی له‌ رووخساردا تۆختر ده‌كاته‌وه‌، له‌و كاته‌دا ئه‌سته‌مه‌ له‌گه‌ڵا واقیعێكی له‌و جۆره‌ به‌شداری كردن بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی كاریگه‌ری هه‌بێت!!
له‌و بڕوایه‌دام هێزه‌ سیاسییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان (كه‌ ده‌رگای گفتوگۆیان كردۆته‌وه‌ بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت) به‌شداری كابینه‌یه‌ك بكه‌ن ئه‌جیندای كاركردنی ئه‌وان‌و شوێن په‌نجه‌یان ون بێت, له‌به‌رانبه‌ر ده‌نگده‌رانی خۆیان شه‌رمه‌زار ببن، ئه‌وه‌ی له‌ رابردوو وتویانه‌ وا به‌ئاسانی سازشی له‌سه‌ر بكه‌ن.
بۆیه‌ پێم وایه‌ گفتۆگۆكان درێژه‌ ده‌كێشێ، پارتی په‌له‌ی نیه‌ چۆنكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا هی خۆیه‌تی‌و په‌رله‌مانیش خاوه‌نی ئه‌م كابینه‌یه‌ نیه‌‌و ده‌نگی نه‌داوه‌تی هه‌تا به‌ر نه‌شته‌ری غه‌یبه‌ته‌كانی بكه‌وێ. كابینه‌ی تازه‌ش هی خۆیه‌تی، به‌ڵای كه‌مه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی له‌مه‌ی دادێ زیاد نه‌كات نابێ كه‌م بكات، ئه‌مه‌ حه‌زی هه‌موو حیزبێكی ده‌سه‌ڵاتداره‌، له‌به‌رانبه‌ردا یه‌كێتی پێ وایه‌ ئه‌گه‌ر له‌م كابینه‌یه‌ به‌ڵای كه‌مه‌وه‌ نابێ ده‌سه‌ڵاتی له‌ كه‌می بدات، ئه‌گه‌رنا په‌له‌ی له‌ چیه‌ زوو حكومه‌ت ته‌شكیل بكرێ.
گفتوگۆی پارتی له‌و حاله‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵا هێزه‌كانی دیكه‌، ته‌نیا بۆ به‌رچاوڕوونی خۆیه‌تی بۆ دوای رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵا یه‌كێتی، ئه‌م سووده‌ ده‌گونجێت بۆ ئه‌و هێزانه‌ش راست بێت ده‌چنه‌ گفتوگۆوه‌ له‌گه‌ڵا پارتی.
ئه‌مڕۆ پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ی له‌پاڵا یه‌كتر هه‌یانه‌ له‌گه‌ڵا هێزه‌كانی دیكه‌ نیانه‌، ناشیان بێت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵا هێزه‌كانی دیكه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت بێ رێكه‌وتنی پێشتری له‌گه‌ڵا یه‌كێتی زۆر ئه‌سته‌م بێت، ده‌بێ چاره‌نووسی به‌شداری كردن دوای رێكه‌وتنی پارتی‌و یه‌كێتی چی لێ به‌سه‌ر بێ؟! ئه‌م پرسیاره‌ لێده‌گه‌ڕێم بۆ زیهنی خوێنه‌ر وڵامی بداته‌وه‌..

نوێترین نوسینەکانی كامه‌ران بابان زاده‌

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌