2018 ساڵێكی گەرمی ململانێ و سارد و نەهاتی ئاشتی و ئارامی

وتار/ 28/12/2018 732 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس


ساڵی 2018ساڵێكی گەرمی ململانێ و ساڵێكی سارد و نەهاتی ئاشتی و ئارامی
=====================
 نەوزادی موهەندیس
[email protected]
•     مایەی نیگەرانیمانە وەك نەتەوەی كورد كە كەمترین ساڵ لەمێژووماندا جێگەی ئاوات و خەوبینینەوەیە وجێگەی ئاخ و حەسرەت بۆ هەڵكێشانە و بەچەنجەی دەستەكان دەژمێردرێن،لەبەرامبەریشدا مێژووە ڕەش و پڕ كوێرەوەری و كارەسات و ڕووداو و شكست و ناسۆرەكان هێندە زۆرن كە لە ژمارە نایەن، مایەی بەدبەختیە كە كورد هیچ دەیە ساڵێكی پڕ لە ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بەخۆوە نەبینیوە ،بەڵكو هەموانی بە شەڕ و جەنگ و كاولكاری و كوشتن و بڕین و برسێتی و ناسۆرەوە چەشتوە.گەر لەگەڵ دوژمنكانیشدا نەبوبێت ئەوا لەنێو ماڵی خۆی كورداندا دەستیان داوەتە خۆخۆری و خۆكوژی و ڕووخاندنی ئەو بنمیچە لەرزۆكەی كە هەشیانبوە.
•     ساڵە ناخۆشەكان زۆرن و ناسۆرەكان قوڵن و كارەساتەكان پڕ قەتماغە وبرینەكان تەڕوبڕن و تائێستاش خوێنیان لێدەچۆڕێت و هەموانیش تەنها سەیركەرن و هەریەكەش لە هەوڵی ڕزگاركردنی كەوڵ و بەرژەوەندی و سەر سەلامەتی خۆیاندان نەك نەتەوە و نیشتیمان.هەموو ساڵێك كە تێپەڕدەبێت و خۆری تەمەنی بەرەو ئاوابوون دەچێت ،هەموان سەدان بەردی بەدواداهەڵدەدەین و بەدەنگی بەرز و بەبێزراوی ماڵئاوایی لێدەكەین و پێی دەڵێین خودایە هیچ كات وەك ئەمساڵمان بەسەر نەیەنیتەوە و ئۆغرت خێر نەبێت،و لەكۆتایی چركەكانیشدا ئاوات دەخوازین كەساڵی ئایندەمان گەشتر و خۆشتر و ئارامتر و پڕ دەسكەوت تربێت،بەڵام هەمدیسان وەك ساڵانی پێشخۆی نمایشی شانۆگەریە پڕ تراجیدیایەكەی كورد هەر بەردەوام دەبێت و ئیدی كورد و مێژوو و ئاواتەكانی لە بازنەیەكی بۆشی نائومێدیدا دەسوڕێنەوەو بەردەوامیان دەبێت و هەموانیش لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بڕستمان لێدەبڕێت و گۆدۆش هەر دەرناكەوێت.
•     ساڵی 2018ش لەئێساتادا لە سەرەمەرگی تەمەنیدایە وكەمتر لە 100 كاتژمێری ماوە و هێواش هێواش بەرەو كۆتایی و خۆر ئاوابوونی خۆی دەچێت،ئەمساڵەش وەك هەموان و زۆر لەساڵەكانی تری پێش خۆی دەچێت و پڕاوپڕ بوو لە ململانێی گەرمی حیزبایەتی و كارەسات و ناسۆر و برسێتی و نائۆمێدی ،ئەوەتا :
•     ساڵی 2018 ساڵی تۆخكردنەوەی ململانێ‌ ناڕەوا حیزبیەكان و كاڵبونەوەی برایەتی و تەبایی نێوانیان بوو.
•     ساڵی هەڵبژاردنە پڕ ساختەكاری و فرت و فێڵەكان بوو.
•     ساڵی دڕدۆنگی و لێكترازانی ڕیزەكانی گەلەكەمان و پارت و سەركردە سیاسیەكان بوو.
•     ساڵی درێژە پێدەری قەیرانی دارایی و برسێتی و بێكاری و تاوانەكان بوو.
•     ساڵی شكستی حكومەتی هەرێم بوو لە چارەسەرنەكردنی گرفتی مووچە و بودجە و پاشەكەوتە ناڕەوا سەپێنراوەكان بوو.
•     ساڵی سووربوون بوو لەسەر هەڵە و كەموكوڕی لە سیاسەت و ئیدارە و ئابوری و ...هتد.و ساڵی چێنەكردنی چاكسازی و ڕێفۆرمەكان بوو.
•     ساڵی پاشەكشەی زیاتری كورد بوو لە سەر ئاستی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە ناوخۆ و لە عێراق و لەناوچەكەشدا لەسەر ئاستی هەر چوار بەشەكەی كوردستان.
•     ساڵی بەردەوامبوون بوو لە تیرۆ و تۆقاندن.
•     ساڵی دورینەوەی گیانی چەندین كەسایەتی نەتەوەیی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و سیاسی و هونەرمەند و چیرۆكنوسی گەلەكەمان بوو.
بۆیە ئەم ساڵی 2018 یەش چۆتە ڕیزی ئەو دەیان و سەدان ساڵەی مێژووی كوردەوە كە هیچ كات خواست و ئاواتی بۆ ناخوازین و ناڵێین خۆزگەمان بەساڵی 2018. بۆیە ڕەنگە ئەم ساڵی 2018یەش بەهۆی ڕەشی و شوومی و پڕ لەكارەسات و نسكۆكانیەوە ساڵی ئایندەی 2019شمان لێ‌ تاڵ و پڕ لەناسۆر بكات و چرۆی ئومێد و ئاواتەكانمان ڕەش و تار وتاریك بكات،بەهۆی لەلایەك یەكنەبوون و یەكڕیز نەبونی نێوماڵی كورد و كێشە و گرفت و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان و هەڵوێستیان لەبەرامبەر مەسەلەی كورد لە كوردستانی گەورەدا و پاشەكشەكردنیان لە پشتیوانی كورد و لەبەڵَێنە فریودەرەكانیان بۆ كورد و لەبیرچونەوەی هەموو قوربانی و گیانفیداییەكانی كورد دژ بە داعش و تیرۆریستان لە باشور و ڕۆژئاوای كوردستان و هەوڵدانی زلهێزە دونیایی و ناوچەییەكانیش بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندی و بەرژەوەندیەكانیان و لەبیركردنی كورد و چارەنوسەكەی و سپاردنی بەقەدەرێكی نادیاری تر و دووبارەكردنەوەی كارەسات و مێژوە پڕ لەناسۆرەكانی ڕابووردووی.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌