سیما و پێكهاته‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێم , چۆن و به‌چ ئاڕاسته‌یه‌ك بێت ؟

وتار/ 06/11/2018 687 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

سیما و پێكهاته‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
چۆن و به‌چ ئاڕاسته‌یه‌ك بێت ؟


نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس


•    كابینه‌ی‌ داهاتووی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێته‌ نۆهه‌م كابینه‌،ئه‌م كابینه‌یه‌ له‌دوای‌ لێكترازان و دڕدۆنگیه‌كی‌ زۆر و گه‌وره‌ی‌ نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان دێته‌ ئاراوه‌،له‌هه‌رومه‌جێكی‌ سه‌ختی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌منیشدا له‌دایك ده‌بێت،حكومه‌تێك كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ زۆری‌ لێده‌كرێت،حكومه‌تێك هه‌موان له‌ ژێره‌وه‌ حه‌زده‌كه‌ن تیایدا به‌ژداربن و به‌ئاشكراش لێره‌و وله‌وێ‌ ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.حكومه‌تێك له‌كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ لێكترازاو و دوور له‌سازانی‌ نیشتیمانی‌ دێته‌ دونیاوه‌،حكومه‌تێك ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر ناجێگیری‌ سیاسی‌ و قه‌یرانی‌ 5 ساڵه‌ی‌ توندی‌ دارایی‌ و ئابوری‌ و شڵه‌ژاوی‌ نێو بازاڕه‌كانی‌ نه‌وتی‌ دونیا و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی‌ نرخی‌ نه‌وت كه‌هه‌موان هه‌موو خه‌ونه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیوه‌ بۆ به‌رزبونه‌وه‌ و ڕزگاربوون له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ سه‌خته‌،حكومه‌تێك ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر گێژاوی‌ سیاسی‌ نێوان ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كان به‌تایبه‌تیش ئه‌مریكا و ئێران كه‌ گومانی‌ تێدا نیه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ ئاینده‌ش پڕیشكی‌ ئه‌و ململانێ‌ و گه‌مارۆ و جه‌نگه‌یان به‌رده‌كه‌وێت كه‌م تازۆر.حكومه‌تێك  ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر شڵه‌ژاوی‌ ئاشتی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ نێوان چین و توێژ و شار و ناوچه‌كانی‌ كوردستاندا،حكومه‌تێك كه‌ ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و كابینه‌ی‌ پێنجه‌می‌ حكومه‌تی‌ عێراقیدا له‌ به‌غداد و به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ كابینه‌كانی‌ تری‌ به‌غداد و هه‌ولێر ده‌بنه‌ میراتگری‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی‌ 15 ساڵی‌ ڕابووردوو.
•    جا حكومه‌ت و كابینه‌ی‌ نوێی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌م سات و كاته‌ هه‌ستیار و ناسك و پڕ مه‌ترسیداره‌دا بێته‌ له‌دایكبوون،ئه‌دی‌ چی‌ لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ؟ ده‌توانێت چی‌ كارێك و خزمه‌تێك پێشكه‌ش بكات؟ چۆن حكومه‌تێك بێت؟ حكومه‌تی‌ دڵڕازیكردنی‌ هه‌موان و پێكه‌وه‌یی‌ بێت ؟ یان حكومه‌تی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و بوژانه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ و سه‌قامگیری‌ سیاسی‌ و پارێزه‌ری‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ بێت؟ چ جۆره‌ حكومه‌تێك ده‌توانێت له‌ ئاست خه‌ون و ویسته‌كانی‌ جه‌ماوه‌ردا بێت؟
•    به‌دڵنیایی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و ئه‌منی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ و عێراق و ناوچه‌كه‌ش به‌گشتی‌ له‌ دۆخێكی‌ ناجێگیر و شڵه‌ژاودایه‌،و ئه‌گه‌ر و گریمانه‌ی‌ زۆر خراپیشی‌ لێده‌كرێت بۆ هه‌موان به‌تایبه‌تی‌ به‌هۆی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ جه‌نگی‌ سوریا و مه‌ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ داعش له‌ عێراق و ململانێ‌ تونده‌كانی‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران و توندكردنه‌وه‌ی‌ گه‌مارۆ ئابوریه‌كان به‌سه‌ر ئێراندا و زۆری‌ تریش.بۆیه‌  ئه‌و حكومه‌ته‌ زۆرینه‌ بێت یان كه‌مینه‌ ،بنكه‌ فراوان بێت یان دووقۆڵی‌ بێت ،ئه‌وا وه‌كو سالاَنی‌ ڕابووردوو ناتوانرێت كاری‌ گه‌وره‌ی‌ لێچاوه‌ڕوان بكرێت،چونكه‌ له‌سایه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو ئاڵنگاری‌ و مه‌ترسیانه‌دا ده‌كرێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بكات كه‌ كابینه‌كانی‌ تر كردویانه‌،به‌لاَم ئه‌مه‌ش مانای‌ وانیه‌ كه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ بێئومێد ببین و ڕه‌شبین بین و تونێڵه‌كه‌ له‌سه‌رخۆمان دابخه‌ین،به‌ڵكو كابینه‌ی‌ داهاتو ده‌توانێت گه‌لێك كاری‌ گه‌وره‌ بكات بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێت خزمه‌تی‌ گه‌وره‌ و به‌رچاو پێشكه‌ش بكات،وه‌ك :
1.هه‌وڵبدات داهات و خه‌رجیه‌كانی‌ به‌باشی‌ كۆنتڕڵ بكات و بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ی‌ حكومه‌ت.
2.سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌ هه‌ڵه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ ڕابووردوو ڕاستبكاته‌وه‌و به‌شه‌فافانه‌ بیبات به‌ڕێوه‌.
3.بگه‌ڕێت به‌دوای‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ تر بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.
4.یاسا سه‌روه‌ر بكات و ڕێگه‌ به‌هیچ جۆره‌ زیاده‌ڕه‌ویه‌ك نه‌درێت بۆ سه‌ر موڵك و ماڵی‌ گشتی‌ و حكومه‌ت و شكۆ و هێزی‌ حكومه‌ت پیشان هه‌موان بداته‌وه‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌.
5.هه‌ڵمه‌تێكی‌ جدی‌ دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ به‌رپا بكات له‌سه‌ر هه‌موو ئاست و ئۆرگان و ناوچه‌كاندا.
6.ڕێز له‌یاسا و ڕێساكانی‌ په‌ڕله‌مانی‌ ئاینده‌ بگرێت .
7.په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد گه‌رموگوڕتر بكاته‌وه‌ و سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقیدا چاره‌سه‌ر بكه‌ن وه‌ك كێشه‌ی‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و پشكی‌ هه‌رێم له‌بودجه‌ی‌ عێراق و سنور و ده‌سه‌لاَته‌كانی‌ هه‌ردوولا و مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ و ..هتد.
8.په‌یوه‌ندیه‌كی‌ دۆستانه‌ش له‌گه‌ڵ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌كانیش دروست بكات به‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كوردستان.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانێت زۆر كاری‌ گه‌وره‌ و خزمه‌ت پێشكه‌ش بكات به‌هه‌موان ،گه‌رچی‌ نرخی‌ نه‌وتیش  به‌رز نه‌بێته‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا،كه‌ به‌داخه‌وه‌ بۆته‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.
حكومه‌تی‌ ئاینده‌ش ده‌بێت له‌ڕووی‌ پێكهاته‌كه‌شیه‌وه‌ حكومه‌تێكی‌ ڕه‌شیق و كه‌م و پوخت و توندتۆڵ بێت و ژماره‌ی‌ وه‌زاره‌ت و ده‌زگا و فه‌رمانگه‌كانی‌ كه‌م بكاته‌وه‌ و چاوێكیش بخشێنێته‌وه‌ به‌ یاسای‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌كاندا و به‌یاسا ڕێكیان بخاته‌وه‌و هاوسه‌نگیه‌گ ڕابگرێت له‌نێوان چینه‌كانی‌ خوراوو پله‌ بالاَكاندا.
حكومه‌تێك بێت دوور له‌ پشكپشكێنه‌ی‌ حیزبایتی‌ و دوور له‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌ فراوان،چونكه‌ به‌ كرداره‌كی‌ و له‌ كابینه‌كانی‌ ڕابووردوودا و به‌تایبه‌تیش كابینه‌ی‌ هه‌شتدا  شكستی‌ حكومه‌تی‌ بنكه‌ فراوانمان بینی‌ كه‌ ته‌نها بۆ دڵڕازیكردنی‌ هه‌موان بوو،به‌لاَم نه‌توانرا كاری‌ گه‌وره‌ و سه‌ركه‌وتنیش به‌ده‌ستبێنێت،بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ حكومه‌تێك بێت كه‌ له‌ لایه‌نی‌ سه‌ركه‌وتوو و خاوه‌ن نفوز و هێز و خاك بێت و بتوانێت ئامانج و دروشمه‌كانی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌دیبێنێت،حكومه‌تێك بێت كه‌ بتوانێت خزمه‌ت به‌هه‌موان بكات به‌بێ‌ جیاوازی‌ دوور له‌گه‌نده‌ڵی‌ و دزینی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ میله‌ت و هه‌وڵی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ و پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانی‌ زیاتری‌ ولاَت بدات.حكومه‌تێك بێت به‌مانای‌ وشه‌ و ده‌سه‌لاَتداریش بێت ولاواز و بێده‌سه‌لاَت نه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كاندا.
حكومه‌تێك بێت نیوه‌ حكومه‌ت و نیوه‌ ئۆپۆزسۆن نه‌بێت.بۆیه‌ ناكرێت تاسه‌ر به‌ناو و به‌بیانوی‌ ناسكی‌ ئه‌زموون و دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ هه‌رێم دڵی‌ هه‌موان ڕازیبكرێت،بۆیه‌ هه‌میشه‌ و له‌دونیاشدا وابوه‌ ته‌نها ئه‌و حكومه‌تانه‌ سه‌ركه‌وتون كه‌ ته‌با و گونجاو و نزیك بون له‌یه‌كه‌وه‌ و توانیویانه‌ به‌ته‌نها یان دووقۆڵی‌ حكومه‌ت پێكبێنن،باشترین نمونه‌ش حكومه‌تی‌ ((ئاكه‌په‌یه‌ كه‌ بۆماوه‌ی‌ 15 ساڵه‌ له‌ مێژووی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیادا حكومه‌تێكی‌ سه‌ركه‌وتوی‌ پێكهێناوه‌ دوور له‌ حكومه‌تی‌ ئیئتیلافی‌))،ڕاسته‌ ناكرێت كۆپی‌ حكومه‌تی‌ توركیا بكه‌ین به‌لاَم له‌دونیای‌ پێشكه‌وتوو ودیموكراسیشدا هه‌ر ئه‌و جۆره‌ حكومه‌تانه‌ سه‌ركه‌وتووبن. بۆیه‌ بۆ ته‌ندرستی‌ و ساغڵه‌می‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانیه‌كه‌شمان گه‌ره‌كه‌  كه‌ هێزی‌ ده‌سه‌لاَتدار و هێزی‌ ئۆپۆزسیۆنیش هه‌بێت،چونكه‌ ده‌ركه‌وت ئه‌و هێزانه‌ كه‌ به‌ وه‌زیرێك یان دووان و سیانیش به‌شداربوون نه‌یانتوانیوه‌ كه‌ گۆڕانكاری‌ و خزمه‌تی‌ گه‌وره‌ پێشكه‌ش بكه‌ن،له‌لایه‌ك به‌هۆی‌ نه‌توانین و بێ‌ ئه‌زمونی‌ خۆیان وتۆخكردنه‌وه‌ی‌ حیزبایه‌تی‌ و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ به‌هۆی‌ ڕێگه‌گرتن و نه‌هێشتن و به‌ربه‌ست دروستكردنی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كانه‌وه‌ بوه‌.
•    بۆیه‌ به‌دڵنیایی‌ حكومه‌تێك ده‌بێته‌ دڵخواز و جێگه‌ی‌ ویستی‌ جه‌ماوه‌ری‌ میله‌ته‌كه‌مان كه‌ بتوانێت:
1.    مووچه‌ مانگانه‌ی‌ مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌ران بێ‌ پاشكه‌وت و له‌كاتی‌ خۆیدا دابین بكات.
2.    ئاوه‌دانی‌ و هه‌لی‌ كار و خزمه‌تی‌ زیاتر پێشكه‌ش بكات.
3.    ئاشتی‌ و ئارامی‌ كوردستان بپارێزێت و دابینی‌ بكات.
4.    دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌نانه‌وه‌ی‌ كێشه‌ و ململانێ‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد و ده‌رودراوسَی‌ و زلهێزه‌كاندا.
5.    كوردستانێكی‌ ئارام و به‌هێز و یه‌كگرتوش بێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ هه‌موان له‌سایه‌یدا بحه‌وێنه‌وه‌ و ببوژێنه‌وه‌.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌كرێت حكومه‌ت و كابینه‌ی‌ نۆیه‌م سه‌ركه‌وتوو بێت و هه‌موان له‌ سالاَنی‌ ئاینده‌تردا هیوای‌ بۆ بخوازین و كابینه‌كانی‌ داهاتووتریش له‌سه‌ر ڕچه‌ و ڕێباز و كار و كرده‌وه‌ و پلانی‌ ئه‌و  درێژه‌ به‌كاروانی‌ خزمه‌تكردن و ئاوه‌دانی‌ و گه‌شه‌ و ئارامی‌ ولاَت بده‌ن،ئه‌مه‌ش به‌ كه‌سانی‌ لێهاتوو و شیاو و نوێخواز و به‌هێز و بیرتیژ و ئاینده‌ بینیه‌كی‌ فراوان ده‌كرێت نه‌ك به‌ كه‌سانی‌ كۆنه‌پارێز و دووباره‌ بۆوه‌ و عه‌قڵ دۆگما و بیر ته‌سكی‌ حیزبایه‌تی‌ و ناوچه‌گه‌رێتی‌ و ..هتد.

[email protected]

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌